|
شه‌ماڵ علی |
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به شێوه‌یه‌کی دڕندانه په‌لاماری دانیشتوانی غه‌زه ده‌دات‌و تا ئیستا به سه‌دان که‌س بوونه‌ته قوربانی ئه‌م کوشتاره ده‌ستی ئه‌نقه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رست‌و میلیتاریستی ئیسرائیل.
خه‌ڵکی غه‌زه پاش چه‌ندین مانگ له گه‌مارۆیه‌کی نائینسانی‌و بێبه‌شکردنیان له هه‌موو پێداویستیه سه‌ره‌کیه‌کان‌و هه‌ژار‌کردن‌و برسیکردنی بێ وێنه‌یان ئه‌مڕۆ بوونه‌ته نێچیری په‌لامار‌و کوشتارێکی هه‌ڕه‌مه‌کی‌و ده‌سته‌جه‌معی.
ئیسرائیل له‌م په‌لاماره‌ی دواییدا جارێکی تر ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه که پێکهاته‌یه‌کی سیاسی کۆنه‌په‌رست‌و دژه‌ئینسانه‌و له پێناوی درێژه‌دان به داگیرکاری‌و به‌رگری کردن له به‌رژه‌وه‌ندیه کۆنه‌په‌رسته‌کانی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌گه‌زپه‌رست‌و شۆڤێنیست له هیچ تاوانێک سڵناکاته‌وه.
به‌ڵام له‌وه‌ش زیاتر تاوانکاریی ئیسرائیل په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه به ناوچه‌وانی هه‌موو سه‌رمایه‌داری جیهانیه‌وه، له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا که سه‌ره‌ڕای داگیرکاری، کوشتار، ژێرپێنانی ساده‌ترین مافه ئینسانیه‌کانی فه‌له‌ستینیه‌کان بۆ ماوه‌ی زیاتر له 60 ساڵ، هێشتا پشتیوانی له‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌کات‌و پاساوی ”مافی له‌خۆ دیفاع کردن“ی بۆ ده‌هێنێته‌وه
بڕ‌و بیانووه‌کانی ئیسرائیل بۆئه‌م په‌لاماره‌ی دوایی له پووچ پووچترن. ڕۆکێته ته‌نه‌که‌ییه‌کانی حه‌ماس هی ئه‌وه نین ئه‌منیه‌تی ده‌وڵه‌تێک بخه‌نه به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه که تاقانه هێزی ئه‌تۆمی ناوچه‌که‌یه‌و رۆکێته ئه‌تۆمیه عه‌مبارکراوه‌کانی به‌شی ژێره‌ژوورکردنی ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌کات.
ئیسرائیل چ ئێستا‌و چ له سه‌ره‌تای پێکهاتنی حه‌ماسه‌وه هه‌میشه ڕاسته‌وخۆ‌و ناڕاسته‌وخۆ ئاوی کردووه به ئاشی ئه‌م ڕه‌وته تیرۆریست‌و دژی ئینسانه‌داو له پشت قه‌ڵه‌وبوون‌و به‌هێزبوونیه‌وه وه‌ستاوه.
سی ساڵ به‌ر له ئێستا ئیسرائیل خۆی بۆ دوو شه‌ققه‌کردنی ڕیزی فه‌له‌ستنینیه‌کان کۆمه‌کی به‌به‌هێزبوونی حه‌ماس کرد‌و سی ساڵ دوای ئه‌وه‌ش ئه‌وه هه‌ر دڕنده‌یی‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستی‌و شه‌ڕخوازی ئیسرائیله که ده‌ستی حه‌ماسی له مل‌و قوڕگی غه‌ززه‌و خه‌ڵکه‌که‌ی ئاڵاندووه.
به پێچه‌وانه‌ی خه‌مساردی‌و بێده‌ربه‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه، به دژه‌ئاراسته‌ی ئایدۆلۆژیا‌و سیاسه‌تی ناسیۆنالیستانه‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی تۆوی ڕق‌و کینه‌ی قه‌ومی له‌هه‌رچی عه‌ره‌ب‌و عه‌ره‌بزمانه، کرێکارانی پێشڕه‌و‌و هۆشیاری کوردستان خۆیان له په‌نا هاوچینه‌کانیان له غه‌زه‌و فه‌له‌ستین ده‌بینن‌و خۆیان به هاوبه‌شی خه‌م‌و کاره‌ساتێک ده‌زانن که به‌سه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره هه‌ژار‌و نه‌داره‌دا هاتووه.
بۆ کرێکارانی کوردستان، سه‌ره‌ڕای تراجیدیا ئینسانیه‌که، په‌لامارێک که کراوه‌و ده‌کرێته سه‌ر خه‌ڵکی فه‌له‌ستین به گشتی‌و غه‌ززه به تایبه‌تی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر ژیان‌و گوزه‌رانی ئه‌وانیش. که‌س ناتوانێت له‌دنیایه‌ک‌و ناوچه‌یه‌کدا که تیایدا کوشتاری کۆرپه‌و کچۆڵه‌ی چه‌ن ساڵه به کارێکی ئاسایی ده‌زانرێت‌و به بیانووی وه‌ک داکۆکی له خۆکردن پاساو ده‌درێت، دڵ به ئاینده‌و داهاتوویه‌کی گه‌ش خۆش بکات.
په‌لاماری ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌زه په‌لامارێکی نائینسانیه‌و پێویسته ده‌ستبه‌جێ ڕابگیرێت.
31-12-2008
|
|
