شه‌ماڵ علی
ئێستا ئیتر که‌م که‌س ماوه به‌م قه‌یرانه ئابووریه سه‌رتاپاگیره‌ی سه‌رمایه‌داری له دنیادا بڵێت قه‌یرانی دراو. ئه‌گه‌ر چی فۆرمی ده‌رکه‌وتنی ئه‌م قه‌یرانه له سه‌ره‌تاوه به ته‌نگ‌و چه‌ڵه‌مه‌ی نه‌دانه‌وه‌ی قه‌رزی بانکه‌کان ده‌ستی پێکردو له‌م نێوه‌دا سه‌ره‌نجام پاش چه‌ند مانگ له خولخواردنی ئه‌م ته‌نگژه‌یه به ئیفلاسی هه‌ندێک بانکی گه‌وره کۆتایی هات، به‌ڵام زۆر خێرا بنکی ئه‌م قه‌یرانه‌و که‌سادێکی ئابووری سه‌رتاپاگیر له دنیادا ده‌رکه‌وت‌و ئێستا که‌م که‌س هه‌یه نکوڵی له‌م ڕاستیه بکات.
قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری په‌یوه‌ندی به هیچ سیاسه‌تێکی نادروست‌و سه‌قه‌تی حکومه‌ته‌کانه‌وه نییه‌و لۆمه‌کردنی میکانیزمه‌کانی بازاڕی ئازادی سه‌رمایه‌داری به‌ته‌نها‌و ئاماژه کردن به هه‌ڕه‌مه‌کی بوونی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری وه‌ک سه‌رچاوه‌ی قه‌یران پووچ‌و بێ ناوه‌رۆکه، له‌وه‌ش خراپتر سه‌رزه‌نشتکردن‌و ئاماژه‌کردن به چاوچنۆکی سه‌رمایه‌داران‌و بێ ده‌ربه‌ستییان له به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی ئابووری کۆمه‌ڵگه‌دا، باسێکه واعیزه دینیه‌کان بیکه‌ن باشتره‌و کاری زانست‌و ڕه‌خنه‌ی زانستی نییه. سه‌رمایه‌داری وه‌ک سیسته‌مێکی ئابووری که له‌سه‌ر بنه‌مای جیاکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌رانی ڕاسته‌وخۆ له هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان‌و بێبه‌شکردنیان له به‌رهه‌می ده‌ستڕه‌نجی خۆیان دامه‌زراوه، که له‌سه‌ر بنه‌مای به کاڵا کردنی هێزی کار‌و به کرێ گرتنی هێزی کار دامه‌زراوه، قه‌یران به‌شێکی جیانه‌کراوه‌و له چاره‌نه‌هاتوویه‌تی. له‌وه‌تی ئه‌م شێوازه له به‌رهه‌مهێنان‌و ئه‌م سیسته‌مه ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه هاتۆته بوون، قه‌یران له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نیدا هاتۆته دنیاوه‌و گه‌وره بووه. هه‌ر قه‌یرانێکی سه‌رمایه‌داری له‌وانه‌ی پێش خۆی گه‌وره‌تر‌و ڕوخێنه‌ر تره.
مارکس بنه‌ماکانی ئه‌م دیارده‌یه‌ی سه‌رمایه‌داری ئاشکرا کرد‌و له ڕێگای لێکدانه‌وه‌کانی خۆیه‌وه ئه‌وه‌ی به‌یانکرد که قه‌یران خه‌سڵه‌تێکی خودیی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریه‌و له بناغه‌ییترین ئاستدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناکۆکی له نێوان گه‌شه‌ی فراوانی هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان‌و سنوورداری په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری، له نێوان خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بوونی به‌ره‌هه‌مهێنان‌و خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی بوونی خاوه‌ندارێتی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، له نێوان گه‌شه‌ی بێسنووری هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان‌و ته‌کنۆلۆژیای نوێ‌و ئه‌و سنوورانه‌ی که قازانجخوازی سه‌رمایه‌و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه بۆ ئه‌م گه‌شه‌یه‌ی داده‌نێت.
ئه‌م ڕۆژانه چاوه‌کان دووباره به شوێن ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی مارکسدا ده‌گه‌ڕێن. کاتێک واده‌و به‌ڵێنه‌کانی سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازاد هه‌مووی به پووچ ده‌رچوو، کاتێک ئاشکرا بوو که ئه‌وه‌ی نیولیبرالیسته‌کان له بڕوابوون به‌وه‌ی بازاڕی سه‌رمایه‌داری خۆی خۆی ڕێکده‌خاته‌وه‌و پێویست ناکات هیچ ڕیسایه‌ک بۆ بازاڕ دابنرێت‌و هیچ ده‌خاڵه‌تێک له میکانیزمه‌کانیدا بکرێت، بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد پووچ‌و بێ فه‌ڕه، کاتێک سه‌رمه‌ستیی به قازانجی به‌لێشاوی چه‌ند ساڵی ڕابردوو له بازاڕه‌کانی سه‌همی کۆمپانیاکان‌و بازاڕه‌کانی دراو، جێگای خۆی دا به سه‌رلێشیواوی له له‌ده‌ستدانی ده‌یان تریلیۆن دۆلار له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌دا. دووباره چاودێران‌و زانایانی ئابووری‌و ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات‌و ئیلیتی کۆمه‌ڵگا خه‌ریکن باسی دروستی پێشبینیه‌کانی مارکس‌و ڕاست‌وڕه‌وابوونی لێکدانه‌وه‌کانی ده‌که‌ن‌و به شوێن مارکسی ئابووری ناس‌و زانا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆ گرفته‌کانیان په‌یدا بکه‌ن.
ئه‌گه‌رچی کۆتایی هاتنی هه‌ڵه‌وه‌ڕیه‌کانی سه‌رمایه‌داری به‌رامبه‌ر سۆشیالیزم‌و مارکس‌و پروپاگه‌نده‌ی بێ بناغه‌یان بۆ سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازاد گوشاری ڕابردوو له‌سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی‌و ئازادیخوازی چینی کرێکار که‌م ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ناتوانێت له خۆیدا سه‌رکه‌وتنێک بێت بۆ چینی کرێکار‌و جووڵانه‌وه‌ی سۆشیالیستی ئه‌م چینه. ئه‌م هه‌ل‌ومه‌رجه کرێکاران بۆ کاری گه‌وره‌و به‌خۆکه‌وتن بانگه‌واز ده‌کات. ئه‌گه‌ر کرێکاران ڕیزه‌کانی خۆیان مه‌حکه‌م‌و یه‌کگرتوو نه‌که‌ن سه‌ره‌نجام بار‌و ئه‌نجامه ترسناکه‌کانی ئه‌م قه‌یرانه له‌سه‌ری خودی کرێکاران‌و نه‌دارانی کۆمه‌ڵگادا ده‌شکێته‌وه.
قه‌یرانه‌کان بۆ کرێکاران هه‌ژاری‌و برسێتی‌و جه‌نگ‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جووڵانه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌کان‌و سه‌رکوت‌و خوێنڕێژیان پێیه. بۆ به‌رگرتن به‌مانه چینی کرێکار‌و ڕابه‌ران‌و پێشڕه‌وانی ده‌بێت خۆیان بۆ ڕووبه‌ڕوو وه‌ستانی ئه‌م مه‌ترسیانه ئاماده بکه‌ن. ئه‌مڕۆ ڕۆژی قۆڵ لێهه‌ڵماڵینی زیاتر‌و په‌له‌کردنه له یه‌کخستنی ڕیزه‌کان‌و پێکهێنانی ڕێکخراوه‌ی کرێکاریی سه‌ربه‌خۆ‌و پێنانه مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی بۆ خواست‌و ئامانجه‌کانی چینی کرێکاره. ڕۆژی په‌رده‌هه‌ڵماڵین له ڕووی ئایدۆلۆژیا ژه‌هراویه‌کانی بۆرجوازی‌و خه‌بات بۆ دوورخستنه‌وه‌ی کرێکارانه له ناسیۆنالیزم‌و خورافات‌و هه‌ر بیر‌وباوه‌ڕێک که ڕیزه‌کانیان پارچه پارچه ده‌کات‌و خامۆش‌و ده‌سته‌مۆیان ده‌کات.
گه‌ڕانه‌وه بۆ مارکس له لایه‌ن به‌شێک له چینی سه‌رمایه‌دار، گه‌ڕانه‌وه بۆ مارکسی ڕاسته‌قینه نییه، به‌ڵکو بۆ مارکسێکی شێوێندراوه که گوایه ڕه‌خنه‌ی له سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازاد هه‌بووه‌و له جێگای ئه‌و بانگه‌شه‌ی ته‌ده‌خولی ده‌وڵه‌تی له ئابووریدا کردووه‌و سه‌رمایه‌داریه‌کی ده‌وڵه‌تی ویستووه. بۆ چینی کرێکار ئه‌و مارکسه‌ی ده‌بێت بۆی بگه‌ڕێینه‌وه مارکسی ئابووری زان‌و توێژه‌ره‌وه‌و لێکده‌ره‌وه نییه، به‌ڵکو مارکسی ڕه‌خنه‌گر‌و شۆڕشگێڕه که چینی کرێکاری بۆ خه‌باتی یه‌کگرتوو ڕێکخراو له پێناوی گۆڕین‌و هه‌ڵوه‌شانی خودی سیسته‌می کاری به‌کرێی سه‌رمایه‌داری -جا چ بازاڕی ئازاد بێت یان شێوازی تر- بانگه‌واز کردووه.
2008-11-01
