|
وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم بڕی
167 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە بۆ کردنەوەی 142خولی هاوینە بۆ کردنەوەی دەورە بۆ
مناڵان تا فێری قورعان خوێندن و دەرسی دینی بن، ئەمە لە کاتێکدایە کە کەمی ژمارەی
قوتابخانە وای کردووە کە مناڵان لە زۆر شوێن ڕۆژانە بە سێ وەجبە دەوام بکەن، یان لە
زۆر شوێن قوتابیان لە کەلاوەدان و کورس و مێزی دانیشتنیان نییە. لەگەڵ دەیان
پێداویستی تر بۆ مامۆستایان و مناڵان. بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر ئەم بریارەو هۆکارەکانی
و کاریگەریە سلبیەکانی" ئۆکتۆبەر" چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ شێرزاد فاتیح بەڕێوەبەری
گشتی سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵان.
گفتۆگۆ لەگەل شێرزاد فاتیح بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری
بەرگری لەمافەکانی منداڵان
سەبارەت بە کردنەوەی خولەکانی ئەوقاف لە لایەن
وەزارەتی ئەوقافەوە

ئۆکتۆبەر: بەپێی چەند هەواڵێک وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 167
ملیۆن دیناری بۆ کردنەوەی 142 خول بۆ خوێندنی قورئان بۆ منداڵان تەرخان کردووە،
پاساویش بۆ پێداویستی کردنەوەی ئەم خولانە، بۆ نەهێشتنی دیاردەی منداڵانی سەرشەقام
و کۆڵانەکانە!!، تۆ هێنانی بڕیاریکی ئاوا چۆن تەماشا دەکەیت؟
شێرزاد فاتح: سەرەتا سوپاس بۆ ڕەخساندنی ئەم فرسەتە بۆ ئەوەی سەبارەت بەم کێشیەیە
ڕاوبۆچوونی خۆمان بدەین.
چەند زانیارییەکی کورت سەبارەت بە وەزارەتی ئەوقاف" وەزارەتی ئەوقاف ئیمکاناتێکی
ماڵی زۆری لەبەردەستدایە، بۆ نموونە لە ساڵی 2007 دا 870 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە
لە وەرگرتنی کرێی خانوو، شوقە، زەویوزاری کشتوکاڵی وباڵەخانەی بازرگانی لە هەرسێ
پارێزگاکەی کوردستان، زیاتر لە 4000 مزگەوت و 80 کەنیسەو 13000 کارمەندی هەیە، کە
دەبوو ئەم ئیمکاناتە بۆ خزمەتی منداڵان، چارەسەری نەخۆشیەکانیان و بەرکەوتووانی
کیمیای و ..هتد. وە لەگشتدا بۆ دابینکردنی یاریگاو خولی فێربوونی زمان، کۆمپیوتەر،
هونەر بە هەموو جۆرەکان و شێوەکانیەوە، کردنەوەی جێگەی سەرحاڵی و بەسەربردنی کاتی
بە سود بۆ منداڵان و خەرج بکرایە، نەک لە دژی بەرژەوەندییەکانی منداڵان خەرج بکرێت".
بەبڕوای من کردنەوەی خول بۆ ئەزبەرکردنی قورئان و هەرخولێکی تری ئاینی"جا هەر
ئاینێک بێت" بۆ منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ، پێشلکارییەکە لە دژی مافەکانی منداڵان
ئەنجام دەدرێت. دیارە ساڵی پاریش دووبارە لە کاتی پشوی هاویندا وەزارەتی ئەوقافی
حکومەتی هەرێم دەستی بۆ هەمان کار برد، وە لەم بارەوەو سەبارەت بە تارمایی و
ئاسەوارە خراپەکانی ئاین بەگشتی و بە تایبەتیش خولەکانی ئەوقاف و کاریگەریان لەسەر
مێشکی ساوای منداڵان، من چەندین بابەتم نووسی، ئەوکات مشت و مڕی زۆری نایەوە لە
میدیاکاندا.
بەبڕوای من پێش ئەوەی مرۆڤ بچێتە سەر هەر باس و لێکۆڵینەوەیەک لەم بارەوە، دەبێ
ئیشارەت بەوە بکەین کە ئەمە نیشاندەری دەست و پێسپیلکەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و
بێبەرنامەییانە لەبەرامبەر منداڵان و چارەسەری کێشەکانیاندا. ئەگەر چاوێک لە
کۆمەڵگای کوردستان بکەین سەرباری بوونی ئیمکاناتێکی ماددی زۆر کە قۆرغ کراوە
لەبەردەستی بەرپرسانی هەردووحیزبی دەسەڵاتداردا ، نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ منداڵان،
دابین نەکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی تر،
بەشێکن لەو کارانە کە پێویست دەکات زۆر فەوری چارەسەر بکرێن. بەڵام دیارە بوونی
ڕێژەیەکی بەرزی گەندەڵی ئاشکرا لە نێو دام و دەزگاکانی دەسەڵاتدا، بێخەمی و
بێدەربەستی دەسەڵاتداران لە ئاست وەڵامدانەوە بەو کێشانە هەموو ئەمانە باڵی بەسەر
دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کێشاوە. بۆیە بە بڕوای من مەسەلەکە زۆر ڕۆشنە،
حکومەتی هەرێم بەرنامەیان بۆ پەرەوەدەیەکی تەندروست و پێشکەوتنخواز بۆ منداڵان نییە،
حکومەتی هەرێم"تۆپێکی یاری کردنی نییە بیدات بە دەستی منداڵانەوە، بۆیە دەیەوێ
ڕەوانەی حوجرەو خولەکانی ئەوقافیان بکات " ئەگەر نا من نازانم ئەزبەرکردنی قورئان
دەبێ چ سودێک بە منداڵان بگەیەنێت! جگە لە ڕاکێشانی منداڵان بۆ نێو ئاین و
دوورخستنەوەیان لە دنیای منداڵی خۆیان و پەلکێشکردنیان بۆ نێو دنیایەکی نامۆ بە
حەزو ئارەزووەکانیان، وچەند مەسەلەی تر کە من پێم وایە هیچ پەیوەندی بە منداڵەوە
نییەو کاری ئارەزوومەندانەی گەورەکانە، جگە لەمە، لەم خولانەی ئەوقافدا من هیچ
سودێک نابینم بۆ منداڵان.
ئۆکتۆبەر: لە پاڵ وەرزارەتی پەروەردەداء لەناو بانگەشەی حکومەتدا سەبارەت بە
سیستەمی خوێندنی شارستانی، وەزارەتی ئەوقاف بریار بۆ کردنەوەی دەوەری خوێندنی قوعان
دەردەکات، تۆ ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
شێرزاد فاتح: بە بڕوای من کێشەکە لەوێدایە کە خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وە
بەتایبەتیش هەردوو وەزارەتی پەروەردەو ڕۆشنبیری کە یەکەمیان ئەرکی بڵاوکردنەوەی
ڕۆشنبیریەکی مرۆیی و پێشکەوتنخوزای سەردەم و وەزارەتی پەروەردەش، پەرەوەردەکردنی
منداڵان بە پێی بەرنامەیەکی پێشکەوتوو کە وەڵامدەرەوەی خواست و ئارەزووەکانی
منداڵان لە ئاست لەئەمڕۆی جیهانی پێشکەوتوودا بێت، دانانی پرۆگرامەکانی خوێندنی و
دابین کردنی پێداویستی منداڵان و قوتابخانەکانی لە ئەستۆدایە. ئەم دوو وەزارەتە بە
بڕوای من وە بەتایبەتیش وەزارەتی پەروەردە لە ئاستی جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکەو ئەو
بەرنامەیەدا نەبووەو نییە، بەو شێوەیە کە پێویستە ببێت. وە لە هەمان کاتدا هەر
مەسەلەی پەرەوەردەو فێرکردن پەیوەندی بە مامۆستایانی ئاینی و حوجرەو ئەوقافەوە نییە،
جگە لە وەزارەتی پەرەوەردە نابێت هیچ دام و دەزگایەکی تر وە بەتایبەتی ئاینی کاری
بەسەر پەروەردەی منداڵانەوە هەبێت. کاتێک خولێک بۆ منداڵان دەکرێتەوە، جا سەبارەت
بە هەرشتێک بێت کەئەوان پێیان وایە سودی بۆ منداڵان هەیە و کاتی بەتاڵی پێبەسەر
دەبەن، دەبێت ئەم بەرنامەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی پرۆگرامی پەروەردەو ستروکتورو
پرنسیپەکانی فێرکردن دا نەبێت. بگرە هەتا ئەگەر ئەو دەزگایە بەڕەسمی لە لایەن
دەوڵەتەوە ڕێگە پێدراو بێت یان بەشێک بێت لە دەوڵەت. دیارە ئەمە لە کاتێکدایە کە
دەسەڵات لەبەرامبەر ژیانی کۆمەڵگادا خۆی بە بەرپرس بزانێ!!
من لێرەدا ووتەیەکی Jan Björklund وەزیری پەروەردەی سوید دێنمەوە، کە لە
چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕۆژی 15 نۆڤمبری 2007 ڕایگەیاند: مامۆستایان لە
قوتابخانەکاندا، هەتا بگرە لە خوێندنگا ئاینییەکان و غەیرە حکومیەکان و
Friskolor"خوێندنگای ئازاد"یشدا بۆیان نییە بڵێن خوا گەردونی دروست کردووە. ئەم
ووتەیەی جان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئاین مەسەلەیەکی تایبەتی گەورەکانەو پەیوەندی
بە منداڵانەوە نییە، وە نابێت منداڵان فێری شتی نا زانستی و خورافە بکرێن.
ئۆکتۆبەر: هەندێک کەس پێیان وایە ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ئەوقاف هەوڵێکی حکومەت
خۆیەتی بۆ کوتکردنەوەی دەستی هێزە ئیسلامیەکان، لەسەر کۆمەڵگاو منداڵان،
لەوبارەیەوە تۆ چی دەڵێیت ؟
شێرزاد فاتح: لەماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو حکومەتی
هەرێم لەبەرامبەر حیزبە ئیسلامییەکاندا ئەوەبووە کە بە خاتری ڕاگرتنی تەوازنی
هێزیان لە دژی یەکترو، بە خاتری ڕازیکردنی دۆستی دێرنیان"جمهوری ئیسلامی ئێران"
هەتا پێیان کرابێت لەسەروەت و سامانی کوردستان بە لێشاو پارەیان کردووە بە قوڕگی
ئەم رەوت و هێزانەوە. هەر ئەمەش وای کردووە کە ئەمانە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و
بمێنەوە، و دژایەتی هەموو جوانیەکانی کۆمەڵگاو لایەنە پێشکەوتخوازو ئینسانیەکانی
بکەن،بە تایبەتیش دژایەتی و شەڕی ئازادی مافەکانی و مناڵان و ژنان. ئەمە ئیتر بۆ
سیاسەتی ئەو دووحیزبە خۆیان دەگەڕیتەوە بۆ مامەڵەی نادروستیان لەم بارەوە.
من پێم دروستە ئەمەی وەزارەتی ئەوقاف دەیکات هەوڵێکی حکومەت بێت، بەڵام بە بڕوای من
هەوڵێکی ناعیلاجی و شکست خواردووە، دەنا کورد ووتەنی"سوچ لە قەباحەت خراپتر" ئینجا
خودی دەسەڵات دێت بە یاسا ئەم کارە دەکات. دەرسێک کە زیانبارە بۆ منداڵان، مێشک
داشۆردنە، گۆشەگیرکردن و دوورخستنەوەی منداڵانە لە دنیای ئاڵاو واڵای ڕازاوەیان،
دەرسێک منداڵان لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە فێری گەورەسالاری، کۆنەپەرستی و وەستانەوە
بە دژی مافەکانی ژنان دەکات، منداڵانێکی توندوتیژ ...هتد بەرهەم دێنێت. کاتێک کە
ئەم بەرنامەیە بەڕێوە دەچێت لە دژی منداڵان، من جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینم لەوەی کە
کێ ئیجرای ئەم بەرنامەیە دەکات. کێشەکە لە بوونی خودی ئەم پرۆسەیەدایە. ئاشکرایە کە
ئەمەش دووبارە لاوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەوەستانی لە ئاست چارەسەری
کێشەکانی منداڵاندا دەردەخات.
ئۆکتۆبەر: لەم بارەیەوە دەڵێی چی کە دەووترێت "دین دەبێت وەکو زانست بخوێنرێت، و
ئەمە لە وڵاتانی ئەورپایش هەیە"؟
شێرزاد فاتح: مرۆڤ لە ژیاندا پێویستی بە شارەزابوون لە دەوروبەر، مێژوو، هەموو
ئاینەکان بە گشتی، ڕووداوەکان و هۆکارەکانی هەیە. لەوێوە کە، ئاین هەیە، کاریگەری
زۆریشی لەسەر مرۆڤەکان هەیەو کاتێکیش ئاین تێکەڵ بەسیاسەت کراوەو بە شێوەیەکی سیاسی
مامەڵەی لەتەک دەکرێت و بەکاردەهێنرێت، کێشەوگرفتی زۆرو نەهامەتی و هەزارەها
قوربانی لێکەوتۆتەوە، وە نەگبەتی بێشوماری بەسەر کۆمەڵگای بەشەریدا هێناوە. لە
هەمانکاتدا ملیۆنەها ئینسان هەن کە ئاین دەپەرستن و بڕوایان پێی هەیە، بەبڕوای من
مرۆڤ ناتوانێت لەم لۆژیکە لابدات، هەربۆیە لەم بارەوە خوێندنی ئاینەکان تەنها و
تەنها بۆ زانیاری شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەمە ناکاتە خوێندنی تەورات و ئینجیل و
قوئان...هتد. لێرەدا پێمخۆشە ئەوەش بڵێم کە ئەوەندەی من ئاگادار بم،
خوێندنی"زانیاری ئاینی" یانی بۆ ئەوەی کە مرۆڤ بزانێ ئاین چییەو بڕٍێک زانیاری
لەسەری هەبێت، لە زۆرێک لە ووڵاتانی غەرب و ئەوروپادا هەیە و دەخوێنرێت. بەڵام یەک
ئاین نا بەڵکو هەموو ئاینەکان بەگشتی و شیکردنەوەیەکی سادە لەسەر ئاینەکان هەیە.
بۆیە لەم بارەوە و ئەم جۆرە لە خوێندن من بە ئاسایی دەبینم، بەڵام نەک ئەو ئاینەی
کە لە ووڵاتانی عێراق و ئێران و سعودیەو ...هتد بە گشتی ووڵاتانی خۆرهەڵات وبەشێک
لە ووڵاتانی ئاسیا، دەخوێندرێت کە مرۆڤی گۆشەگیر، پیاوسالارو کۆنەپەرست و بگرە
تیرۆریست پەروەردە دەکات.
بەڵام ئەگەر تۆ مەبەستت ئەوەیە کە ئاین وەک زانست بخوێندرێت، ئەوا ئاین هیچ
زانستێکی تێدا نییە تا مرۆڤ پێویستی بە خوێندنەوەی هەبێت.
|