تاهیرحەسەن
tahirhassan1@yahoo.com
14ساڵ و دوو ڕۆژ لەمەوبەر پارتی دیموکراتی
کوردستان بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزی سەربازی لەگەڵ
یەکێتیدا بە قازانجی خۆی ، پەنای بردە بەر ڕژێمی بەعس
و بەپشتیوانی هێزی حەرەس جمهوری ڕژێم هێرشیان کردە سەر
شاری هەولێر و ناوچەکانی دەووروبەری و داگیریان کرد.
لەم هێرشە هاوبەشەی پارتی وڕژێمی بەعسدا سەدان هەزار
کەس جارێکی تر ئاوارەی چیاو دۆڵەکان بوونەوە. سەدان
کەس لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی کە ئەوکات بارەگاکانیان
لەشاری هەولێر بوو ، لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکران و
دواتر ئیعدام کران. کارەسات ئەوەیە ئەم مێژووە جێگای
شانازی پارتیە .
ڕەنگە ئەم ساتە وەختە گونجاوترین کات بێت کە ئینسان
بیەوێ وەڵامێک بەو جانجاڵە ئیعلامیە زەبەلاحە بداتەوە
کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی (قانعی فەرد)ەوە
لە ژمارە 134 ی گۆڤاری (لڤین) دا، پانتایی ڕۆژنامەکان
و ماڵپەڕەکانی داگیرکردووە. قانعی فەرد بەردێکی گرتە
بتی کەعبەی بۆرژوازی کورد و ووتی ( قازی محمد کۆماری
مهابادی دروستکردووەو مەلا مستەفا هاتووە لێی تێک
بدات). دەستبەجێ دوای ئەم کفرە گەورەیەی قانعی فەرد
نەک هەر خوێنی حەڵاڵ کرا ، بەڵکو خوێنی سەرنووسەرو
ستافی گۆڤارەکەش کرایە کاسەوەوحەڵاڵ کرا !. مەکتەبی
سیاسی پارتی ، پەرلەمانی کوردستان ، مەکتەبی سیاسی
یەکێتی ، جەلال تاڵەبانی ، مەحموود عوسمان و وەزارەتی
ئەوقاف و مەلای مزگەوتەکان و حزب وڕێکخراوە کارتۆنی
وقەڵەمە معاشخۆرەکانی دەسەڵات ، ناشیرینترین و
بێڕێزترین ووشەیان لەدژی قانعی فەرد و کاربەدەستانی
گۆڤاری لڤین خستۆتە سەر کاغەز. جاسوس وبەکرێگیراو ،
داردەستی دەرەکی وگومانلێکراو ، کەم عەقڵ وهەرزەکار،
ئیتیلاعاتی ئێران و تا تیرۆری شەخسیەت و هەڕەشەی
کوشتنی کاربەدەستانی گۆڤاری لڤین... ئەو پێناسە
ناشیرینانەن کە تائێستاشی لەگەڵدا بێت خراونەتە دوای
نووسەر. کە هەریەکێک لەو ئیتیهاماتانە لەهەر ووڵاتێکی
غەربیدا بێت و توانای سەلماندنیانت نەبێت ، خاوەنەکەی
دەکێشرێتە دادگاو مەحوکم دەکرێت. من نازانم کەسێک خۆی
ماڵی لە تۆڕی لۆکس بێت ، چۆن دەتوانێت فوو بکات بە
چرای خەڵکی تردا.؟!
بەڵام
ئەمە بۆ دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد شتێکی تازە
نیە. ئەوە ڕەنگە هەزار هەمینجار بێت ، کەسێک یان حزبێک
، یان ڕێکخراوێک ، یان بڵاوکراوەو ئۆرگان و نیهادێک بە
پێچەوانەی نیاز و قازانجی دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە
شتێکیان ووتبێت ، یان کردبێت (سەربەخۆ لەوەی لەسەر هەق
بووبن یان نا) ، بێ سێو دوو بە دەستی بێگانەو تابووری
پێنجەم و دەستی دەرەکی وگومانلێکراو ناوزەدیان کردووە
، تا ڕێگا بدۆزنەوە بۆ دەمکووت کردنی . هەر کەسێک
هەڕەشەکانی (گروپی گەنجان بۆ داکۆکیکردن لە سەروەری و
پیرۆزی نەتەوەیی) بخوێنێتەوە ، کە لەبڵاوکراوەی ڕەسمی
پارتی یەوە (خەبات) بڵاوکرایەوە ، دەتوانێ بێ هیچ
شکوگومانێک بڵێ کە (سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە
حەمە) هەر ئەم گروپەی پاراستن تیرۆری کردن .
ئەوەی کە قانعی فەرد لە گێڕانەوەی مێژوودا ڕاست دەکات
یان نا ، ئەوەی کە ناوبراو بەئەمەکەوە مێژووی
بزووتنەوەی کوردایەتی دەنووسێتەوەو بەڵگەی یەکلاکەرەوە
دەخاتە بەردەست یان نا ، بەلای منەوە بایەخێکی ئەوتۆی
نیە. چونکە ئەگەر کەسێک ویژدانی بەبەرژەوەندیەک
نەفرۆشتبێ و پێش لەشکری پارتی بۆ سووپای تورکیا لە
هێرشیدا بۆ سەرپەکەکە بهێنێتەوە بیرو ، هێنانی سووپای
حەرەس جمهوری لە 31 ی ئابی 1996 دا بۆ سەر یەکێتی
لەبیر نەچووبێتەوە ، تێگەیشتن لەوەی کە قانعی فەرد
ڕاست دەکات یان نا کارێکی سەخت نیە .
بەڵام ئەمە بۆ من هێشتا جەوهەری مەسەلەکە نیە . (مەلا
مستەفا) بە (قازی محمد) ی ووتووە ترسنۆکە یان
قارەمانە ، هیچ بایەخێکی نیە بەقەدەر ئەوەی ئەو
هاتوهاوارو جەنجاڵی و هەڕەشەی تیرۆرو کوشتن و فتوادان
و بەرائەت پڕکردنەوە کە لەکەنار ئەم مەسەلەیەدا هاتۆتە
ئاراوە . ئەمەیان ئیتر مەسەلەی ئازادی بەیان
وبیرکردنەوەیە ، مەسەلەی ئازادی ڕۆژنامەگەریە. کە
دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەیەوێ بەقازانجی خۆی بەرتەسکی
بکاتەوە.
ڕۆح و داینەمۆی مێژووی کۆمەڵگەی ئینسانی، کێشمەکێشو
ململانێی چینایەتی چینە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەیە بۆ
ئایندەیەکی باشتر، کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک
کۆمەڵگەیەکی چینایەتی بەدەر نیە لەم پێوەدانگە
کۆمەڵایەتیە. شۆڕشەکان ، یاخی بوونەکان ، کودەتاکان ،
هەستانە جەماوەریە ملیۆنیەکان، جەنگە جیهانی و
ناوچەییەکان، خۆپیشاندان و مانگرتنە جەماوەریەکان،
بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگەی ئینسانی تەنیا لە دوو توێی
ئەو کێشمەکێشە چینایەتیە بەردەوام و بۆ یەک لەحزە
نەوەستاوەدا قابیلی لێکدانەوەو تێگەیشتنێکی درووستە.
تاکی ئینسانەکان لەنێو ئەم کێشمە کێشە چینایەتیەدا زۆر
جار جێگۆڕکێ دەکەن ، بەڵام کەس ناتوانێ لەگەڵ خۆیدا
چینەکەشی بەرێت .
هەر یەک لەم دوو چینە (سەرمایەدار و کرێکاران وبەرەی
دەستەنگ وزەحمەتکێش) ی کۆمەڵگە ، مێژووی خۆیان هەیە،
ڕابەری خۆیان هەیە، ئەحزابی خۆیان هەیە، سووننەت و
فەرهەنگی خۆیان هەیە، تیۆرو جیهانبینی خۆیان کە دروست
گوزراشت لە بەرژەوەندی چینایەتیان و تێڕوانینیان بۆ
ئینسان دەکات هەیە. تا کۆمەڵگە چینایەتی بێت کەس
ناتوانێت هەردووکیان پێکەوە تێکەڵ بکات. مێژووی هیچ
کۆمەڵگەیەک تێکەڵاوێک نیە لە مێژووی هەردوو ئەم
بەرەیە. دەستەواژەی نەتەوە، میللەت، گەل، پووچترین
چەمکن کە بۆرژوازی بۆ شاردنەوەی کێشمەکێش و قڵشتی
چینایەتی لەنێو دانیشتوانی هەر ووڵاتێکدا دایهێناوە.
دیکتاتۆریەتی بێ پەردەو دژی ئینسانی کتومت ئەو
دەسەڵاتەیە کە بەزۆر مێژووی بزووتنەوەکەی خۆی، سەمبولی
حزبەکەی خۆی، بەرنامەو جیهانبینیەکەی خۆی بسەپێنێ
بەسەر کۆمەڵگەداو لەژێر ناوی بەهای پیرۆزی گەلو
نەتەوەدا دەم ودەستی خەڵک ببەستێ .
پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد
تێدەکۆشن کە مێژووی بزووتنەوەو حزبەکەی خۆیان بکەن بە
مێژووی کۆمەڵگەی کوردستان، تێدەکۆشن ڕابەرو سەمبولی
حزب و بزووتنەوەکەی خۆیان بکەن بە سەمبول و ڕابەری
کۆمەڵگەو وەک بت لەنێو دڵ و ماڵو ئەندێشەی هەر کەسێکدا
بیچەقێنن و دەست لێدانایان، کڕنووش نەبردن بۆیان،
ڕەخنەگرتن لێیان بکەنە قورسترین خەتای مێژوویی هەر
کەسو لایەن وبڵاوکراوەو هەر تاکێکی کۆمەڵگە !. ئەم
هەوڵە پێشتر سەدام حسێن دای و سەرنەکەوت، جمهوری
ئیسلامی زیاتر لە سی ساڵە دەیەوێ خومەینی بکات
بەسەمبولی کۆمەڵگەی ئێران و تا ئێستا ئاکامێکی نەبووە،
هیتلەرو ستالینیش کەم هەوڵی بێهوودەیان نەدا. چ
خەتایەکی گەورەیە مێژووی جمهوری ئیسلامی ئێران بە
باڵای کۆمەڵگەی ئێران بنووسیت، لەکاتێکدا خەڵکی سی
ساڵە تێدەکۆشن ڕۆژێک زووتر ئەو ڕژێمە بڕوخێنن .
مەلامستەفا سەمبوولی پارتی و هەموو ئەو کەسانەیە کە
خۆشیان دەوێ و بەسەمبولی خۆیانی دەزانن، بەڵام
سەمبوولی کۆمەڵگەی کوردستان نیە، مەسعود بارزانی
سەرۆکی پارتیە، جا پارتیەکان یان کەسانێک کە خۆشیان
دەوێت دەیکەنە سەمبوولی خۆیان یان نا کەیفی خۆیانە،
بەڵام سەمبوولی کۆمەڵگەو خەڵکی کوردستان نیە. جەلال
تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیە جا یەکێتیەکان یان
کەسانێک کە خۆشیان دەوێت دەیکەنە سەمبوولی خۆیان یان
نا ئازادن. بەڵام سەمبوولی کۆمەڵگەو خەڵکی کوردستان
نیە.
مێژووی هەڵسوڕانی یەکێتی وپارتی دوای ڕاپەڕینی ئازاری
ساڵی 1991 درێژکراوەی هەمان مێژووی پێش ڕاپەڕینە،
بەڵام لە هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازدا.
مێژووی سی چل ساڵی ڕابردووی ئەو حزبە مێژوویەکە بە
دەستی خۆیان وبەئیرادەی خۆیان بۆ خۆیانیان تۆمار
کردووە. بۆیە دەبێ لەپای ڕابوەستن و ئۆباڵی گۆشە بە
گۆشەی بگرنە ئەستۆ.
ئەگەر پەنجا ساڵی تر کوڕەکەی من، یان کچەکەی هەر
کەسێک، باسی مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود
بارزانی ووروژاندو ئەو ڕاستیەی ووت: بەڵگەنامەی ئەوە
لەبەردەستدایە کە لە ڕۆژی31 ی ئابی ساڵی 1996 دا پارتی
دیموکراتی کوردستان بە فەرمانی مەسعود بارزانی سووپای
حەرەس جمهوری ڕژێمی بەعسی هێناوەتە سەر کوردستان و
شاری هەولێرو ناوچەکانی دەروبەری داگیر کردووەو سەدان
ئینسان تیایدا بوونەتە قووربانی و تائێستاش
چارەنووسیان دیار نیە !. ئایا بەڕاستی کوڕەکەی من
سووکایەتی بەخەڵکی کوردستان و بەها پیرۆزەکانی کردووە
؟!.
ئەگەر پەنجا ساڵی تر کەسێک هات و ووتی دوو حزب لە
کوردستان هەبوو ناویان یەکێتی و پارتی بوو، تاڵەبانی
وبارزانی سەرۆکەکانیان بوو. ئەم دوو حزبە لەپێناو
دەسەڵاتدارەتیدا لە کوردستان. جەنگێکی شەش ساڵەیان
هەڵگیرساند وجگە لە وێرانکردنی کۆمەڵگە زیاتر لە دە
هەزار لاوی کوردستانیان بە دەستی یەکتری بە کوشتدا.
ئایا بەڕاستی ئەو کەسە سووکایەتی بە خەڵکی کوردستان
کردووەو مێژووی شێواندووە؟!.
ئەگەر پەنجا ساڵی تر کەسێک هات و ووتی جەلال
تاڵەبانیەک هەبوو سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی بوو،
لەبەرامبەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا کە زیاتر لە
چوار هەزار هاووڵاتی بێ دیفاع تیایدا خنکێنران، تەنیا
بۆ ئەوەی خوانی سیاسەتی لەسەر مێزی ووڵاتان گەرم بێت
ووتی (ئاخ بۆ یەک دوو هەڵەبجەی تر). ئایا بەڕاستی ئەو
کەسە بوختانی بۆ تاڵەبانی دروستکردووە و مێژووی ئەوی
شێواندووە؟!.
ئەگەر پەنجا ساڵی تر کەسێک هات و لاپەڕەکانی مێژووی
پارتی و یەکێتی هەڵدایەوەو ئەو حەقیقەتەی نووسی کە
یەکێتی وپارتی نزیکەی بیست ساڵ لە کوردستاندا
دەسەڵاتیان هەبوو، لەو ماوە درێژەدا چەندین جار فرسەتی
جیابوونەوەی کوردستان وپێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ
بۆخەڵکی کوردستان ڕەخسا، بەڵام بارزانی وتاڵەبانی بە
هێزی چەک خەڵک وکۆمەڵگەیان لە چاوەڕوانی و
سەرگەردانیدا ڕاگرت و سەرئەنجام کوردستانیان لکاندەوە
بە عێراقێکی عەرەبی ئیسلامی تایەفەییەوە ؟!. ئایا
بەڕاستی ئەو کەسە بەها پیرۆزەکانی خەڵکی کوردستانی
ناوەتە ژێر پێ و دەستی بێگانەی لەپشتە ؟!.
پەنجا ساڵی تر نا، ئەگەر هەر ئێستا هاووڵاتیەکی شاری
سنە یان مەریوان ووتی من شاهیدی زیندووم ، کەساڵی 1979
کاتێک لە دوای شۆڕشی بەهمەنی خەڵکی ئێران و ڕووخاندنی
شاە، بەشی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان کەوتنە دەستی
خەڵکی کوردستان و کۆمەڵە وشوراکانی شار پێکهاتن، پارتی
دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی
هاوشان لەگەڵ سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامیدا
هێرشیان کردە سەرشوراکانی شارەکان و کۆمەڵەو دەوریان
گێڕا لە داگیرکردنەوەی کوردستاندا لەلایەن جمهوری
ئیسلامیەوە. ئایا هاوڕێی سنەیی یان مەریوانیمان مێژوو
دەشێوێنێ و بەکرێگیراوی ئیتلاعاتە ؟!.
خەڵکی بڵێ چی مێژووی خۆتان وایە؟!. خەڵکی هێشتا
ئەوەیان لەبیرە کە لەجەنگی ئیعلامی شەڕی ناوخۆی یەکێتی
وپارتیدا ولەڕێگەی کەناڵی تەلەفزیۆنی یەکێتیەوەو بەپێش
چاوی زیاتر لە ملیۆنێک خەڵکەوە، (مەلا مستەفا) کە
ئێستا تاڵەبانی لە پارتی زیاتر شیوەنی بۆ دەکات بە
منداڵ باز ناو زەدتان کرد !. دواتریش ئینجا پارتی
هێرشی ئەخلاقی کردە سەر خێزانی تاڵەبانی!!. بەڕاستی
ئەگەر کەسێکی بڕێک بە ئینسافی پارتی یان یەکێتی بیەوێ
مێژووی ئەو دوو حزبەو سەرکردە دەرەجە یەکەکانیان
بنووسێتەوە، لەگەڵ کێشەی زۆر گەورە بەرەو ڕوو دەبێت.
چونکە ئەگەر بیەوێ شتێک بنووسێت و نەبێتە گاڵتەجاڕی
خەڵک هیچ شتێکی ئینسانی و عەدالەتخوازی و مۆدێرنی تێدا
پەیدا ناکات. ئەو مێژووە سەرتاپا غەرقی تاوان و
کۆنەپەرستی و ئینسانکوژیە .
تەنیا مێژووی 19 ساڵی ڕابردوویان سەیر کەن.
جەنگ وکوشتارو دیل کوشتن وتیرۆری ژنان و تەقە لە
خۆپیشاندەران و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و بواردان بە
قیڕەقیڕی مەلاکان و تاڵانکردنی سەروەتوسامانی کۆمەڵگە
لەلایەن ئەو دوو حزبەوە، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە
یەکێتی وپارتی حزب ونوێنەری مشتێک سەرمایەداری کوردن و
هیچ پەیوەندیەکیان بە قازانج وبەرژەوەندیەکانی خەڵکی
کوردستانەوە نیە، تەنیا مێژووی 19ساڵی ڕابردووی ئەو
دوو حزبە نیشان دەدات کە سەمبول و بەها پیرۆزەکانیان و
بتە داتاشراوەکانیان لە پووچ پووچترن وهیچ
پەیوەندیەکیان بە مێژووی خەباتی هەقخوازانەی خەڵکی
کوردستانەوە نیە.
29 ئابی 2010