|
حسێن
ساڵح
(وه‌ستا حسێنی بیناسازی) |
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ڕۆژی 27-7-2006 كرێكارانی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی سه‌رچنار
مانگرتنیان بۆ كرێ‌و خواسته‌كانیان ڕاگه‌یاند. سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانی
كار ڕاگیرا. وه‌ڵامی ئیداره‌ی كارگا سازدانی سوپایه‌ك بوو به ڕووی
ده‌نگهه‌ڵبڕینی كرێكاراندا بۆ خواسته‌كانیان. تاوانی ئه‌م كرێكارانه به
ته‌نها ئه‌وه بوو كه داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كرد. ئه‌وان ڕۆژانه
چیمه‌نتۆیه‌كی زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنن كه به‌رهه‌می
ماندوێتیانه كه‌چی داواكردنی به‌شێكی زۆر كه‌می ئه‌و داهاته به ناڕه‌وا
ده‌زانرێ‌و شوێنی كاریان لێ ده‌كرێته جه‌بهه‌یه‌كی گه‌وره. به بێ ئه‌وه‌ی جگه
له مانگرتن هیچ چه‌كێكی تریان پێ بێت گولله وه‌ك تاوه ته‌رزه به‌سه‌ریاندا
ده‌بارێنن، تا سه‌ره‌نجام 13 كرێكاریان لێ بریندار ده‌كرێت.
ئه‌و ڕۆژه شار ماته‌می دایگرتبوو. له به‌رامبه‌ر كاری وا دڕندانه‌دا نه‌فره‌تی
خه‌ڵك ده‌باری به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و یاسایه‌ك كه له‌م وڵاته‌دا هه‌یه. كرێكاران‌و
هاوچاره‌نووسه‌كانیان ئه‌و ڕۆژه هه‌ستیان ده‌كرد هێرشێكی گه‌وره كراوه‌ته سه‌ر
هه‌موویان كه هیچی كه‌متر نییه له كاره‌ساتی كرێكارانی شیكاگۆ. بۆیه گه‌وره‌یی
كاره‌ساته‌كه وای له ده‌سه‌ڵات‌و خاوه‌ن ئیداره‌ی كۆمپانیا كرد كه نه‌یانده‌زانی
چۆن پاساوی بۆ بهێننه‌وه‌و له ملی خۆیانی بكه‌نه‌وه‌و به ته‌نها بیكه‌نه ملی
ئه‌و تفه‌نگچیانه‌ی كه ته‌قه‌یان كردبوو. كه دیاره ئه‌وه سیاسه‌تی هه‌میشه‌یی
سه‌رمایه‌داریه‌دارانه بۆ پینه‌و په‌ڕۆكردن‌و شاردنه‌وه‌ی كار‌و ڕووی دزێویان،
دوای كاره‌ساته‌كان.
ئاشكرایه ئه‌وه‌ی كه له كارگای چیمه‌نتۆ ڕووی دا هێنده كارێكی قێزه‌ون بوو كه
ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه سه‌ركوتی ڕه‌ش‌و خوێناوی به‌عسدا به‌سه‌ر
مانگرتنه‌كانی كرێكارانی كوردستان نه‌هاتووه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ده‌نگی ئه‌م
كرێكارانه له ڕێگای كرێكارانی هۆشیاره‌وه گه‌یشت به گوێی دنیا‌و پشتیوانی لێ
كرا. چ گوشاری ناوخۆ‌و چ له ژێر گوشاری ڕێكخراوه كرێكارییه‌كانی دنیا‌و ڕێكخراوه
جیهانیه‌كانی وه‌ك ئه‌منیستی ئه‌نته‌رناشناڵ سه‌ره‌نجام ڕێگا به كۆبوونه‌وه‌ی
كرێكاران درا‌و گوێ بۆ قسه‌كانیان ڕاگیرا. ده‌بووایه ئه‌مه بكرایه‌ته فرسه‌ت بۆ
پێكهێنانی ڕێكخراوێكی به‌هێزی كرێكاریی به‌ڵام به داخه‌وه ڕابه‌رانی ئه‌و شوێنه
نه‌یانتووانی ئه‌مه بكه‌ن. مه‌سه‌له‌یه‌كی بایه‌خداری تر ئه‌وه‌یه كه ده‌بووا
هه‌موو ساڵێك یادی ئه‌و كاره‌ساته بكرایه‌ته‌وه‌و تیایدا كۆڕ‌وكۆبوونه‌وه
ئه‌نجامبدرایه‌و به‌یاننامه ده‌ربكرایه. ئێمه له بڵاوكراوه‌ی هاوپشتیی
كرێكاریی ئه‌گه‌رچی له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای كارداین نه‌مانتوانی به پێی
گه‌وره‌یی ڕووداوه‌كه باس‌و بابه‌ت بڵاوبكه‌ینه‌وه به‌ڵام هه‌وڵماندا دوای دوو
ساڵ یادی ئه‌و كاره‌ساته بكه‌ینه‌وه‌و بیری ده‌سه‌ڵات‌و سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگای
بهێنینه‌وه كه هه‌رگیز كاره‌ساتی وا بۆ بیرچوونه‌وه ناشێ‌و ده‌بێ له مێژوودا
تۆمار بكرێت.
بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی پێویستی به خۆوشیاریه‌كی زیاتر هه‌یه بۆ به‌رگرتن به
كوێره‌وه‌ریه‌كانی ژێر سایه‌ی ئه‌م نیزامه‌و ده‌بێ هێزی خۆی ڕێكخراو بكات. با له
یادی ئه‌م كاره‌ساته‌دا ئێمه‌ی كرێكاران ده‌ست بخه‌ینه ناو ده‌ستی یه‌كتر‌و پشتی
یه‌كتر به‌رنه‌ده‌ین‌و ڕێكخراو‌و یه‌كگرتوو بین.
سه‌رنووسه‌ری هاوپشتیی كرێكاریی
wastahusain@yahoo.com
|