فرەژنى وئاستەنگى نێو پەرلمانى کوردستان، نیشانەى کام واقعیەتە؟

 

ماڵه‌وه 

خەسرەو سایە لەوەڵام بەپرسیارێکى ئۆکتۆبەردا

ئۆکتۆبەر: یاساى بارى کەسێتى لەناو پەرلەمان هەرایەکى زۆرى لێکەوتوەتەوە، تائێستا تەنها توانیویانە بڕگەى فرەژنى پەسەند بکەن و باقیەکەیترى هێشتا مشتومڕى لەسەرە، بەبڕواى ئێوە جیاوازییەکان و مشتومرێک کەهەیە لەناو پەرلەماندا لەسەر چیە؟ ئایا ئەم مشتءمڕەى ناو پەرلەمان ئەکرێت بەجەدەلى نێوان ئیسلامى و عەلمانى ناو ببەین؟ تکایە بەوردى لەمبارەیەوە بۆ خوێنەرانى ئۆکتۆبەر بدوێ؟

خەسرەو سایە: هێشتا ماوەیەکى زۆر بەسەر پەسەندکردنى فرەژنى لەیاساى بارى کەسێتیدا، تێپەڕنەبووە و پەرلمان وحکومەت وفراکسیۆنەکانى نیوخۆى ڕووبەڕووى ئاستەنگێک بوونەتەوە. نیشانەکانى ئەم ئاستەنگییە لەبێئەنجام مانەوەى کۆبوونەوەى ڕۆژى 5/11 پەرلمان و بنبەستێک کەلەدەنگدان بەبەندەکانى یاساکەدا هاتەکایەوە، دەست پێدەکا و پاشان هاتنەڕووى هەواڵى بارگرژى وناڕازى بوونى نێوان ئەندام پەرلمان وفراکسیۆنە جیاجیاکان بۆسەر لاپەڕەى ڕۆژنامەکان درێژەى کێشاو ئێستاش هەواڵەکان تەئکید لەوەدەکەنەوە کەنێچیرڤان بارزانى لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ پیاوانى ئاینى کەلیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەى یاساى بارى کەسێتى پێکبهێندرێت بەرلەهەوالەکردنى بۆبەردەم سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان وئەمەش لەلایەن بەشێک لەئەندام پەرلمانەکاوە بەدەخاڵەتکردن لەکاروبارى پەرلماندا ناوزەدکرا. لەلایەکى تریشەوە لیژنەى "فیقهى یاسایى" داواى ئیمزا نەکردنى یاساى بارى کەسێتى لەپەرلمان کردووە، بەدەلیلى ئەوەى کە لەم یاسایەدا یاساکانى شەرع ڕەچاونەکراوە.  هەموو ئەم هەوالانە ئەوە دەسەلمێنن کەئاستەنگى وناکۆکیەکى توند لەنێوان ئەندامانى پەرلمان وفراکسیۆنە پێکهینەراکانى لەلایەک و لەنێوان حکومەت وپەرلمان لەلایەکىترەوە لەئارادایە. ڕواڵەتى ئەم ناکۆکیە واخۆى نیشان دەدات، کەئەگەرچى فرەژنى لەیاساى بارى کەسێتیدا پەسەندکراوە، بەلام هێشتا مشتومڕو هێنان و بردن لەسەر خودى ئەم یاسایە لەنێوان ئیسلامىیەکان وئەوانىتردا درێژەى هەیەو هەرئەمەشە سایەى خۆى بەسەر موناقەشەو شیوازى بڕانەوەى بەندەکانى ترى یاساى بارى کەسێتىدا کێشاوە و ئاستەنگیکى دژوارى هێناوەتە کایەوە، کەپێناچێت پرۆسەى پەسەندکردنى یاساى بارى کەسێتى بەسانایى بباتە پێشەوە. لەسەریکەوە لایەنەکانى ئەم ئاستیەنگیە، ئیسلامیەکانن کە ناڕازین لەیاساکە چونکە هێشتا شەریعەتى ئیسلامى وەک خۆى پەیڕەوى لێنەکراوە وخوازیارى زیارترى ئیسلامیزەکردنى یاساى بارى کەسیتین. لەسەریکىتریشەوە "ناسیونالیستە لیبرالەکان" ڕاوەستاون، کە بەنیگەرانییەوە لەپەسەندکردنى فرەژنى لەیاساى بارى کەسێتیدا دەڕوانن و بۆ هەستانەوەى مەوقعى دواڕویان لەدەنگادنەکانى پیشووتردا، مەسەلەى ژنان ومافەکانى ئەوانیان بەدەستەوەگرتووە.  بەلام هەڵەیە لەم ئاستەنگیەیەدا کێشمەکێشى لایەنەکان بەناکۆکى و ململانێى نێوان علمانیەت و ئیسلام وەربگیرێت. بەواتایەکى تر هەڵەیە گەرپێمان وابێت ئەوە لایەنیکە کە دەیەوێت یاساى بارى کەسێتى ئیسلامى بکاتەوە بەپێى شەرع و لایەنیکىتر گوایە دژى شەرع ویاسا ئیسلامییەکانە. بەتایبەتى کەئەم ئاستەنگە ڕیشەکەى لەواقعیاتێکى کۆمەلایەتىدایەو لەنێو هۆڵى پەرلمان و کۆبوونەوەکانیەوە سەرچاوە ناگرێت. باکەمێک زیاتر لەم ڕاستیە وردبینەوە: سەرەتا لەجەمسەى ئیسلامیەکانى نێو ئەم ئاستەنگە بڕوانین، کارکردى ئەم جەمسەرە بەدرێژایى چەند ساڵى شەریک بوونیان لەپەرلمان و حکومەتى هاوبەشى یەکێتى وپارتیدا، هەمیشە لەهەوڵى ئیسلامیزەکردنى کۆمەڵگاو داسەپاندنى یاساو شەریعەتى ئیسلامیدا بوون. ئەمانە لەدەرەوەى پەرلمان و لەکۆمەڵگادا، بەدرێژایى چەندساڵى ڕابردوو تێکۆشاون بۆسڕینەوەى ڕووخسارى مەدەنى و سکولاریستى ژیانى خەڵک و ویستویانە ئیسلام لەڕێگاى ترس و بلاوکردنەوەى خورافەوە بکەنە بەشێک لەژیانى کۆمەلگا، هەوڵەکانى ئەمانە بۆ جیاکردنەوەى کوڕان وکچان لەقوتابخانەکان وجێخستنى ئیسلام لەبووارى پەروەردەو فێرکردندا، تا دژایەتى کردنى بزوتنەوەى ژنان ومافەکانیان، بانگەشە کردن لەمینبەرى مزکەوتەکانەوە لەدژى خەلکى مەدەنى وئازادیخواز، تا هەڕەشە لەنوسەران وڕۆشنبیرانى عەلمانى، تا پەرەدان بەفەرهەنگى دواکەوتوانەى ئیسلامى وسەرەنجامیش هەوڵیان بۆئەوەى کە شەریعەت بکەنە بناغەى دەستورو یاساى ولات.. هەموو ئەمانە نیشان ئەدەن کە ئیسلامییەکانى نێو پەرلمان بەسەرو قاچەوە لەدژى مەدەنیەتى کۆمەڵگان. چەسپاندنى فرەژنى لەیاساى بارى کەسێتیدا لەڕیزى ئەم هەولانەیە کەلەڕێگاى دەنگدانى نێو پەرلمانەوە بەدەستکەوتێک بۆخۆیان دەبینن.

بەلام لەجەمسەرى ناسیونال لیبرال و نیوداشتە علمانیەکانى نێو پەرلماندا کێشەو ئاستەنگەکە جیاوازیەکى بەم لایەنە بەخشیوە، بەتایبەتى کەئەمانە هەرگیز خوازیارى جیابوونەوەى دین وئیسلام وشەریعەتەکەى نەبوون لەدەسەلات و بووارەکانى پەروەردەو فێرکردن، بگرە بەردەوام ویستویانە ببنە پردى ئاشتەوایى و نزیک کردنەوەى ئیسلام لەدەسەلات و یاساکان. لەمەش زیاتر ئەم جەمسەرە ئارەزوومەندانە ئیسلامیەکانیان لەدەسەلاتدا شەریک کردووە و ئیمکاناتى زۆرو بۆدجەى کافیان خستۆتە بەردەست و زۆرجاریش پاساویان بۆ کارکردە سەلبیەکانى ئیسلامى سیاسى هێناوەتەوە. لەمانەش زیاتر ئەم جەمسەرە بەردەوام مەسەلەى ژنان ومافەکانیان کردۆتە وەرەقەیەکى سیاسى بۆسازش ورێکەوتن لەگەڵ ئیسلامیەکاندا و گەلێ جاریش بەهانەى ئەوەیان هێناوەتەوە کەکوردستان کۆمەڵگایەکى ئاینییەو ژنانى کوردستان نابێت لاسایى ڕۆژئاوا بکەنەوە. هەقیقەتى چەند ساڵى هەڵسوورانى ناسیونال نیوداشتە سکولارەکانى نیو فراکسیۆنى سەوزو زەردى پەرلمانى کوردستان وحزبەکانیان، بەڵگەى ئەوەن کەئەمانە لایەنگرى ڕاستەوخۆى ماف وئازادییەکانى ژنانى کوردستان نەبوون ونین. ئەوەشى ئێستا لەسەرى کەوتونەتە تەنگژەوە ئەوەنییە کەناڕازى بن بەفرەژنى، بەلکو ئەم ئاستەنگ و تەنگژەیە بەرهەمى شکست و دۆرانێکە کەلەپەرلەمانەوە ڕووبەڕوویان بۆتەوە. بۆیە نابێ لەم ئاستەنگەى پەرلماندا ئەو ئەنجامە بگرین کە گوایە مەسەلەى فرەژنى لەنێو پەرلماندا بەرهەمى کێشەو ململانآى نێوان علمانى وئیسلامیەکانە. حوکمێکى ئاوا هەقدانێکە بەفراکسیۆنەکانى سەوزو زەرد و حزبەکانى یەکیتى وپارتى. ئەمەلە کاتێکدایە کەکارنامەى هەرئەم حزبانە بووە لەچەندساڵى ڕابردووى دەسەلاتیاندا ژنانى کوردستانیان بەرەو ڕووى ئۆقیانوسێک لەتاوان وکوشتن و بێمافى وسەرکوت کردۆتەوە.  بەلام لەمبارەوە نابێت ئەوە لەبیربکەین کەئاستنگەکانى ئێستاى نێو پەرلمان وحکومەت لەسەر مەسەلەى فرەژنى خۆى ڕەنگدانەوەى فشارێکى کۆمەلایەتییە کەلەلایەن بزوتنەوەى یەکسانى خۆاز و خەڵکى ئازادى خوازى کوردستانەوە بەڕووى دەسەلاتدا هەڵکشاوە.

بێگومان ئەوە خەڵکى ئازادیخوازى کوردستان و ژنان و ڕێکخراوەکانیانە کە فرەژنى قەبوڵ ناکەن وبەبڕیارێکى قیزەون ودژى ئیسانى لەقاوى دەدەن. ئەوە ئەم هیزەیە کەنایەوێت کۆیلەیەتى ژنان ڕەسمیەت وەربگرێ و ڕازى نییە ئیهانەو بێحورمەتى بەهەویەتى ئینسانى بکرێ. ئەمە ئەوهێزەیە کەخوازیارى جیایى دینە لەدەوڵەت. لەمەش زیاتر خەباتى چەندساڵەى بزوتنەوەى ژنان لەدواى ڕاپەڕینەوە کەبەخواستى گۆرینى یاساکانى بارى کەسێتیەوە هاتۆتەمەیدان وداواى جێگیرکردنى یاسایەکى مەدەنى وپێشڕەو و ئینسانى خستۆتە بەردەم دەسەلاتداران و لەم پێناوەشدا هەزارن چالاکى وهەڵوێستى دەربڕیوە، بەپێویست وەک قوتبێکى ڕادیکال وئینسانى لەکۆمەڵگادا بەوجودهێناوە. فشارەکانى ئەم قوتبەو بزوتنەوەکەى هەمیشە دەسەلات وپەرلەمانى خستۆتە بەردەم ئاستەنگییەوە. کەوایە ئاستنگیەک کەئێستا یەخەى بەپەرلمان وحکومەت گرتووە بەرئەنجامى فشارى ئەم بزەوتنەوە کۆمەلایەتیەیە ونەهیچىتر. بەدیاریکراویش بەرزبوونەوەى دەنگى بزوتنەوەى یەکسانى خوازى ژنان بەکۆکردنەوەى ئیمزا و بەنوسین و دەرکەوتن لەدەزگاکانى ڕاگەیاندندا، تا کۆبوونەوە و ناردنى نامەى ناڕەزایەتى لەدژى فرەژنى، خۆى گۆشەیەک لەحەرەکەتى ئەم ئەم بزوتنەوەیەو فشارەکانى دەخاتەڕوو. بەمجۆرەش دەکرآ بڵێین کەئاستەنگى ئێستاى پەرلمان بەرهەمى ئەم واقعیەتە کۆمەلایەتییە. ئەوانەشى کەلەنێو پەرلماندا بەڕواڵەت دژایەتى ئیسلامیەکان دەکەن تەنها وتەنها ئاکامى شکستێکە کەلەدەنگدان بەفرەژنیدا تۆشى هاتون وئێستاش دەیانەوێت لەڕێگاى سورابوون بەسەر شەپۆلى ناڕەزایەتى و هەوڵەکانى بزوتنەوەى یەکسانى خۆازى کۆمەلگادا بارى کەوتووى خۆیان هەڵسێننەوە. لەیەک ووتەدا شەڕى ئەمانە لەدژى ئیسلامىیەکان بۆ داکۆکیکردن نییە لەعەلمانیەت بەڵکو پۆشینى بەرگى عەلمانیەتە بەخاترى پەسیجدانى کۆمەڵگا تا لەکۆبوونەوەکانى ترى پەرلماندا تواناى هەستانەوە بەدەستبێننەوە وبالانسى سیاسى خۆیان ڕابگرن. بەلام ئەوەى کەدەبێ لەم مەسەلەیەدا بەهەند وەربگیرێ ئەوەیە کە نابێت هیچ کەسێک بەبانگەشى ئەمانە خۆشخەیاڵ بێت. نابێت ڕێکخراوەکانى ژنان وخەڵکى ئازادیخواز بۆ هەڵوەشانەوەى فرەژنى ئومیدى خۆیان بەم باڵەى نیو پەرلمانەوە گرێ بدەنەوە، بەڵکو دەبێ لەنێو کۆمەڵگاوە بزوتنەوەى مەزنى خۆیان بکەنە سەنگەرى نەک هەر هەڵوەشاندنەوەى فرەژنى بگرە بۆجێخستنى ئەلتەرناتیڤێکى یاسایى کە ماف و حورمەتى ئینسانى ژن بەڕەسمى بناسێنێ و بیکاتە بناغەى ڕێکخستنى کۆمەڵگاى کوردستان.