گفتوگۆی هاوڵاتی له‌گه‌ڵ خه‌سره‌و سایه‌

 

هاولاتى: له‌ماوه‌ی رابردوودا"تا هه‌نوکه‌ش" لێدوانه‌کانی تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به‌ له‌ سێداره‌دانی سوڵتان هاشم جێگه‌ی مشتومڕێکی سیاسی و یاسایی یه‌.

-       چۆن ده‌ڕوانیته‌ هه‌ڵوێستی تاڵه‌بانی

-       ئایا هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆن وه‌ک تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی پێده‌کات، به‌سه‌ تا سوڵتان هاشم له‌سێداره‌دان قوتاری بێت؟

 خسرەو سایە: دیارە یەکێک لەمەرامەکانى تاڵەبانى لەمشتومڕە سیاسى ویاساییەکانیدا بۆداکۆىکردن لە تاوانبارێکى وەک سوڵتان هاشم، هێشتنەوە و داڵدەدانى ئەوە. بەلام ئەم کارە جێگاى سەیروسەمەرە نییە چونکە نمونەى ئەم هەوڵە لەڕابردوودا زۆرە کەتاڵەبانى پێبناسرێتەوە. ئەوەى کەتا ئێستاش جەماوەرى کوردستان لەدۆخى بێخەبەرى و نەبوونى زانیاریدا ڕاگیراون، بەرامبەر بەچارەنووسى شێخ جەعفەر و دەیان موستەشار و پیاوانى ترى ڕژیمى بەعس بەسە بۆ ڕاستى ئەم دەربڕینە. بەلام ئەوەى کەجێگاى تێڕامانە، ئەوەیە کەبۆچى دواى تەواوبوونى ڕژێمى بەعس و کەیسى دادگایى سەرانى پێشووى ئەم ڕژێمە، کەچى هێشتا سوڵتان هاشمێک کە هیچ ڕۆڵێکى لەسەر چارەنوسى خەڵکى کوردستان نەماوە دەکرێتەباس و زەینیەتى خەڵکى پێ لە قاودەدرێت!.

بێگومان ئەوە ئاشکرایە کەتاڵەبانى لەسەر پەتى سیاسەتەکانى ئەمریکا ڕاوەستاوە و هەرچیەک پێویست کات بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى ئەمریکا لەعێراقدا، درێخى ناکات. ئەمریکاش لەگەڵ شکست و ناکامییەکى سیاسى و عەسکەرى لەعێراقدا بەرەوڕووە. هەستانەوەى ئەم وەزعەیەتانە باسى ڕاکێشانەوەى هێزە نەیارەکانى لەژێر ناوى"ئاشتەوایى نیشتمانى"دا، کەڕەوتى سووننەگەرا و ناسیونالیزمى عەرەبى و پاشماوەکانى بەعسى لەدەور خڕبوونەتەوە، هێناوەتە پێشەوە. ئەمە ئیتر سیاسەتێکە کەئەمریکا بۆ وەلامدانەوە بە شکست و ناکامیانى خۆى دەستى بۆبردووە و گوایە لەم ڕێگایەوە بەرەى تەوافق و هێزە سوونییەکان و ئەو تاقمە چەکدارانەى کە لەژێر چەترى"مقاوەمەى ئیحتلال"دا شەڕى ئەمریکا دەکەن ڕێگاى سیاسى هەڵدەبژێرن و بەهاتنەوەیان بۆناو"پرۆسەى سیاسى" فاکتۆرێکى بڕیاردەر دێتە ئاراوە بۆ حکومەتەکەى مالیکى تا لەقەیرانى ناجێگیرى سیاسى ئێستا خۆى قوتار بکا وبارى نائەمنى بنەبڕبکرێت!.

بەلام ئەوەى کەلەمبارەوە دەستى تاڵەبانى ئاوەلا کردووە، بۆ داکۆکى کردن لەسوڵتان هاشم وباقى سەرانى ترى ڕژێمى بەعس، پاڵدانەوەى هەوڵەکانییەتى بەپەشیمان بوونەوەیەک کەلەم دواییانەدا لەبەرامبەر یاساى"ڕیشەکێشکردنى بەعس"گیراوەتەبەر وخودى پارلمانتارەکانى سەربە یەکێتى وپارتى لەئەنجومەنى عێراقدا دەنگیان بۆداوە. ئامانجیش لەم هەولانەى تاڵەبانى بۆئەوەیە تا دیاریەک پێشکەش بکات بە نەیاران و دڵنیایان بکاتەوە لەهاتنەوەیان بۆنێو"پرۆسەى سیاسى" و پەرلمان ودەسەلات لەعێراقدا. ئاشکراشە ئەم سیاسەت و هەولانە کە مەعلوم نییە شانسى سەرکەوتنى تاچەندە، بەلام ئەمە سیاسەتێکە کەبکوژانى خەڵکى کوردستان دەکرێتە کارتێک بۆ وەلام دانەوە بەمەرامەکانى ئەمریکا.

هەرلێرەدا نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کەلەم کەیسەدا مشت و مڕەکانى تاڵەبانى بۆئەوە نییە کە گوایە ئەو وەک کەسایەتییەک کەدژایەتى لەگەڵ پەیڕەوى کردن لەیاسایى لەسێدارەداندا هەیە. بەواتایەکى تر نابێ لەم لێدوان و موناقەشانەدا وا وەربگیرێت کەئەوە تاڵەبانییە خوازیارى هەڵگرتنى یاساى سزاى لەسێدارەدان و بەرێوەبردنیەتى. بۆچوونێکى ئاوا بەقەد سەرەدەرزىیەک ڕاستى تێدا نییە، چونکە ئەوە دەسەلاتەکەى تاڵەباینیە کە تەقە لەخۆپیشاندەران دەکات کاتێک کە داواى ڕەواى خۆیان بەڕووى دەسەلاتدا دەکەن، ئەوە دەسەلاتەکەى ئەوە کەدەیەوێت بەیاساى رۆژنامەگەرى دەنگ وڕەخنەى ڕۆژنامەنوسان لەزیندان بنێ، ئەوە دەستوورى پێشنیارى ئەوە کە ژنان و مافەکانى بەحوکم و شەریعەتى ئیسلام دەسپێرێ، ئەوە ئەوە کەدەرگاى زیندانەکان و دادگاکانى خستۆتەسەرپشت لەبەردەم هەر رۆژنامە نوس و کەسایەتى یەکى ئازادیخواز گەربێەویت پەردە لەسەر گەندەڵى و ناعەدالەتیەک هەڵداتەوە..

قوتاربوونى سوڵتان هەشم لەهەرمشتومڕێکى سیاسی ویاسایدا، لەسزاى لەسێدارەدان، خەڵکى کورستان هیچ زەرەرێک ناکەن، بەڵکو لەسێدارەدانى ئەو ئەو چوارچێوە سیاسى ویاسایىیە پێکدێنێ کەئەم سزا نەگریسە بەسەر سەرى خەڵکەوە بهێڵێتەوە و ڕێگا خۆشکات بۆدەسەلاتدارانى کوردستان تابتوانن ئەم سزا نەگریس و دژى ئینسانییە لەدەستور و یاساکانى کوردستاندا بچەسپێنن و هەرکاتێک بیانەوێت بەبەهانەى دەرچوون لە"فەرهەنگ و موقەدەساتى نەتەوەیى" و "سنورەکانى ئەمنەیەتى نەتەوەیى کورد"، دەیان ئینسانى ئازادیخواز بکێشنە بەردەم پەتى سێدارەوە.

بەبڕواى من ڕۆڵى سولتان هاشم و پاشماوەکانى حکومەتى بەعس لەسەر ژیانى خەڵکى کوردستان تەواوبووە و جێگاى نییە کە زەینى خەڵکى کوردستان لەدەورەى ئەم کەیسانە خەریک بکرێ، بەتایبەتى کەهەرئێستا دەیان وسەدان کێشەو گرفتى سیاسى و کۆمەلایەتى ویاسایى یەخەى بەخەڵکى کوردستان گرتووە و تالاوی خستۆتە ژیانیانەوە. هاوکاتیش ئەمەوێت ئاماژەبەوە بدەم کەئەوە حاڵەتێکى زۆر ناشازە وەختێک دەزگاکانى ڕاگەیاندنى کوردى خەریکى باسن لەسەر" قووتاربوونى سوڵتان هاشم" و ئەمە دەکەنە مەسەلەیەک بۆخەڵکى کوردستان، بەلام لەولاشەوە ئەو هەڵوێستە ناخەنە ژێر پرسیارەوە کاتێک نوینەران و پەرلمانتارە کوردەکان، لەئەنجومەنى عێراقدا دەنگدەدەن بەبڕیارى پەشیمابوونەوە لەجێبەجێ کردنى"یاساى ڕیشەکێشکردنى بەعس"!!.

ئەرکى دڵسۆزانە ئەوەیە بۆ هەر دەزگایەکى ڕاگەیاندن، لەپێشیانەوە راگەیاندنە ئەهلیەکان، کەلەبازنەى ئەم "قوتاربوون ونەبوونەى" سوڵتان هاشم بێنەدەرێ وچاو ببڕنە بزوتنەوەیەک کەڕووى لەهەڵگرتنى بنەڕەتى یاساى لەسێدارەدانە، تا کۆمەڵگاو سیستەمێکى سیاسى لەکوردستان دابمەزرێت کەبەدوورە لەسزاى لەسێدارەدان و هەرجۆرە توندوتیژىیەک..

تێبینى: ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ هاولاتى دا ئەنجامدا، بەهۆى ئەوەى کەهەموى بلاونەکراوەتەوەو بەشى لێدەرهێنراوە، بەپێویستم زانى هەموو گفتوگۆکە بلاوبکرێتەوە بەشێوەیەکى سەربەخۆ.