|
خه‌سره‌و سایه
Saya.xasraw@yahoo.co.uk |
بڕیاربوو له‌م مانگه‌دا "كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی" له‌شاری هه‌ولێر
به‌ئاماده‌بوونی حزب ولایه‌نه كوردیه‌كان له‌كوردستانی سوریا و توركیا و
ئێران و به‌به‌شداری مه‌سعود به‌رزانی و تاڵه‌بانی ونوێنه‌رانێك
له‌ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌م كۆنگره‌یه كه‌پێشتر له‌سه‌رپێشنیاری
"حزبی كۆمه‌ڵگای دیموكراتی كورد" له‌توركیا، هاتوته ڕوو ڕاسته‌وخۆ
له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیا و سوریا و ئێرانه‌وه پێشوازی گه‌رمی
لێكراوه و له‌ولاشه‌وه ئوچ ئالان سه‌رۆكی په‌كه‌كا ڕه‌زامه‌ندی خۆی
بۆبه‌ستنی كۆنگره‌كه ڕاگه‌یاندووه. به‌پێ‌ی هه‌واڵه‌كان واباسكراوه
كه ئامانج له‌م كۆبوونه‌وه‌یه پێداچوونه‌وه بێت به‌مه‌سه‌له‌ی كورد
له‌هه‌مووبه‌شه‌كانی كوردستاندا و هه‌وڵدانێك بخاته‌ڕێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی
ڕێگاچاره‌یه‌ك كه‌زیاتر ڕووی له‌ئاشتبوونه‌وه‌ی ئه‌حزابی ناسیونالیستی
كورده له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وله‌تانه‌دا كه چالاكی له‌دژده‌كه‌ن. به‌لام
ئه‌وه‌ی كه‌به‌ته‌مومژی ماوه‌ته‌وه چه‌ككردنی په‌كه‌كا ودۆزینه‌وه‌ی
ڕێگایه‌ك بۆ ئاشته‌وایی نێوان ده‌وله‌تی توركیا و په‌كه‌كا. ئه‌مه
له‌كاتێكدایه كه‌مه‌سه‌له‌ی چه‌كدانانی په‌كه‌كا خۆبه‌خۆ بۆته خاڵی
مه‌ركه‌زی ئه‌م كۆنگره‌یه. هه‌ربۆیه عه‌بدوولا گول له‌زمانی
ڕۆژنامه‌ی"ئاكشه‌م"ی توركیه‌وه خۆشحاڵی خوی بۆكۆنگره‌یه‌كی له‌م
بابه‌ته ئاشكراكردووه. له‌لایه‌كی‌تریشه‌وه ماڵپه‌ڕی ئاینده ئه‌و
هه‌واڵه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا پشتیوانی
مه‌رجداری هه‌یه بۆكۆنفرانسه‌كه، به‌تایبه‌تی كه‌له‌به‌رنامه‌ی دابێت
مه‌سه‌له‌ی چه‌كدانانی په‌كه‌كا وه‌ك خاڵێكی میحوه‌ری كۆنفرانسه‌كه
باسبكریت و ببێته بابه‌تێك بۆ سه‌ودا و مامه‌مه‌ڵه له‌سه‌ركردن. هاوكات
ماڵپه‌ڕی "چاو‌دێر" كه‌زمان حاڵی مه‌لا به‌ختیار و ڕێبازی تاڵه‌بانی‌یه
به‌رله‌ماوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی له‌زمانی ئه‌حمه‌د دنیزه‌وه ئاشكراكردووه
كه‌سه‌فه‌ری عه‌بدوولا گول بۆ كوردستان بۆ هه‌مان ئامانجی نابوودكردنی
په‌كه‌كایه، به‌هاوكاری یه‌كێتی وپارتی.
بێگومان له‌م په‌یوه‌نده‌شدا هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی سوریا و ئێران كۆنگره‌یه‌كی ئاوا
به‌هه‌نگاوێك له‌ڕاستای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیاندا ده‌بینن، وله‌پێناو
ئیستقراری ئه‌منی سنوره‌كانیان ئاماده‌ن بۆ پێشوازی كردنی كۆنگره‌یه‌كی له‌م
شێوه‌یه.
له‌كه‌نار هه‌موو ئه‌مانه‌وه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا كه‌بنكه‌یه‌كی موخابه‌راتی
"سی ئای ئه‌ی" به‌نهێنی له‌كوردستانی عێراقدا جێگیركردووه، چالاكانه
له‌كاردایه بۆ شوێن پێهه‌ڵگرتنی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كا و حزبه كوردیه‌یه‌كان و
له‌م ڕاستایه‌شدا وه‌ك نێوبژیوانێك له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتداری
كوردستان كۆبۆته‌وه و له‌لایه‌كی‌تریشه‌وه سه‌ردانی قه‌ندیلی كردووه وچاویان
به‌ڕابه‌رانی په‌كه‌كا كه‌وتووه بۆ ووتوویژكردن له‌سه‌ر چونیه‌تی چه‌كدانانی
په‌كه‌كا و جێبه‌جی كردنی مه‌رجه‌كانی ئه‌م حزبه له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی
توركیادا.
به‌لام ناوه‌ڕۆكی سیاسی ئه‌م كۆنگره‌یه ڕووی له‌چییه و به‌رهه‌می كام
هه‌لومه‌رجه؟
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌تائێستا له‌زمانی ڕێكخه‌ران وبه‌شدارانی ئه‌م
كۆنگره‌یه‌وه راگه‌یاندراوه، ئامانجی ئه‌م كۆنگره‌یه پیلانگێریه له‌دژی
په‌كه‌كا و هه‌وڵدانه بۆچه‌ككردن و گه‌مارۆدانی له‌ناوچه‌كه‌دا. كه‌دیاره ئه‌م
ئامانجه‌ش به‌شێكه له‌به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتداری كوردستان و
ئه‌مریكا، بۆ ڕازی كردنی ده‌وڵه‌تی توركیا. ئه‌وه‌ی له‌م به‌رنامه هاوبه‌شه‌دا
جێگا بۆته‌وه، ئه‌وه‌یه كه په‌كه‌كا چه‌ك دابنێ و له‌به‌رامبه‌ردا ئازادكردنی
ئۆچ ئالان و هه‌ندێك ئیمتیازات به‌ناوی مافه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی كورد
له‌كوردستانی توركیا وه‌ربگرێ.
به‌لام له‌كه‌نار ئه‌م ئامانجانه‌وه یه‌كێتی وپارتی كه‌به‌زۆری له‌ووجودی
هێزی چه‌كداری په‌كه‌كا له‌ناوچه‌كه‌دا نیگه‌رانن و وه‌ك هۆكارێك بۆ نائارامی
سنوره‌كانی و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه بازرگانی و دیبلۆماسی‌یه‌كانی خۆی
له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا و ئێران‌دا ده‌بینی، به‌په‌رۆشه‌وه‌یه كه‌ئه‌م برینه
له‌چه‌سته‌ی ده‌سه‌لاتی هه‌ڵكه‌نی. له‌لایه‌كی‌تریشه‌وه په‌كه‌كا وه‌ك هێزێكی
ناسیونالیستی جه‌نگاوه‌ر له‌ناوچه‌كه‌دا، كه‌سواری شه‌پۆلی بێزاری ومه‌زاجی
خه‌ڵكی كوردستان بووه، كه‌ڕۆژانه به‌هۆی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه زه‌جر
ده‌كێشێ، به‌پێویست فشار وفه‌زایه‌ك بۆ ناكامبوونه‌وه و چوونه ژێر پرسیاره‌وه‌ی
ناسیونالیزمی كورد له‌كوردستانی عیراق پێكدێنێ، كه‌تادێت ڕیسوایی و
ته‌ریكبوونه‌وه له‌نێوخه‌ڵكدا ده‌چنێته‌وه. هه‌ربۆیه پیلانگێران له‌دژی
په‌كه‌كا وشكاندن و وه‌ده‌رنانی له‌ناوچه‌كه‌دا كۆمه‌ك ده‌كات به‌جێگاوڕێگای
یه‌كێتی وپارتی و ده‌سه‌لاته‌كه‌یان ،و ئه‌وان وه‌ك ته‌رفێكی بێ حه‌ریف
وبه‌دیل له‌بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیدا ڕاستده‌كاته‌وه.
به‌لام بارودۆخێك كه‌ئه‌م كۆنگره‌یه و ئه‌م پیلانه‌ی مومكین كردووه، له‌پێشه‌وه
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاڵوگۆرله‌سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌دا. به‌تایبه‌تی
به‌دوای شكستی بۆش له‌عێراق و هاتنه سه‌ركاری ئۆباما، سیاسه‌تی شه‌رو جه‌نگ
خوازی له‌دژی نه‌یاره‌كانی ئه‌مریكا گۆردراوه به سیاسه‌تی دانوسان و
ئاشته‌وایی. ئه‌مریكا له‌سه‌رده‌می بۆشدا كه په‌كه‌كا و پژاكی وه‌ك كارتێك بۆ
شه‌ڕكردن له‌دژی جمهوری ئیسلامی ئێران به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، هاوكات ژێر به‌ژێر
له‌هه‌وڵی كۆمه‌ك كردن‌دا بوو پێ‌یان. ئیستا به‌هاتنی ئۆباما و سیاسه‌تی دانوسان
له‌گه‌ڵ ئێران هاوكێشه‌كه‌ی به‌ره‌و گۆڕان بردووه و ڕۆڵی په‌كه‌كا له‌سیاسه‌تی
ئه‌مریكادا گه‌یشتووه به‌و شوینه‌ی كه ئاشته‌وایی په‌كه‌كا له‌گه‌ڵ توركیادا
كارتێك بێت بۆ نیشاندانی نیه‌تی ئاشتبوونه‌وه و ڕیكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وله‌تانی
ناوچكه‌دا وله‌پێشیانه‌وه ئیران وسوریا. له‌لایه‌كی‌تریشه‌وه هه‌وڵی ئه‌مریكا بۆ
چه‌ك كردنی په‌كه‌كا و كردنی به‌پارتێك كه‌له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی
توركیادا هه‌ڵسوكه‌ت بكات، ئه‌و به‌هایه‌شی ده‌بێت كه‌یه‌كێك له‌به‌ربه‌سته‌كانی
به‌رده‌م ڕۆچوونی توركیا بۆ نێو ئه‌وروپای یه‌كگرتوو هه‌ڵگرێ و
له‌كه‌نارئه‌مه‌شه‌وه ئارامی سه‌رسنوره‌كان بۆ توركیا به‌ڕه‌خسێنێ. كه‌دیاره
هه‌موو ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی ئه‌مریكا به‌بێ ڕۆڵگێرانی یه‌كێتی وپارتی بێئه‌نجام
ده‌مێنێته‌وه. لێره‌دایه كه‌ڕۆڵی پیلانگێری برا له‌دژی برا خۆی
به‌رجه‌سته‌ده‌كاته‌وه. پیلانگێڕییه‌ك كه‌له‌سه‌ر حسابی چاره‌نوسی په‌كه‌كا و
مه‌سه‌له‌ی كورد له‌كوردستانی توركیا گیراوه‌ته‌به‌ر.
ئه‌حزابی ناسیونالیستی كورد ، له‌وانه‌ش یه‌كیتی و پارتی، كه‌له‌ساڵی 90 وه
له‌پاڵ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكادا ڕاوه‌ستان، بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆیان و
ڕاگرتنی ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵیان به‌سه‌رخه‌ڵكه‌وه ئاماده‌ن هه‌رجۆره
خزمه‌تگوزاریه‌ك پێشكه‌ش به‌ئه‌مریكا وده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه بكه‌ن، ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ش بێت له‌گه‌ڵ هه‌رجۆره پره‌نسیپێكی ئیسنانی وكۆمه‌لایه‌تی
باودا. به‌لام به‌شكستی ئه‌مریكا، جێگا‌و ڕێگای ئه‌م حزبانه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت
وده‌ورانێكی چاوه‌ڕوانی وبێئومیدیدا به‌ڕه‌و ڕووكردۆته‌وه. تێپه‌ڕین له‌م
حاله‌ته وهه‌وڵدان بۆكردنه‌وه‌ی ده‌رگای ده‌وره‌یه‌كی ڕه‌ونه‌قداری سیاسی،
پێویستی شاندادان ئه‌م حزبانه‌ی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌تانی
ناوچه‌كه دا كردۆته یه‌ك ئیستراتیژی سیاسی. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌وڵددان بۆ
ڕازیكردنی ده‌وڵه‌تانێكی وه‌ك توركیا و ئێران كه‌به‌رده‌وام له‌ودیو
سنوره‌كانه‌وه مه‌ترسی ده‌گوازنه‌وه، خۆی مه‌سه‌له‌یه‌كه كه‌یه‌كێتی وپارتی
به‌په‌رۆشه‌وه بۆی ده‌ڕوانن.
له‌م چوارچیوه‌یه‌شدا كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ولێر، نیشانه‌یه‌ك له سات
وسه‌ودای خێرای ئه‌م حزبانه به‌مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه ده‌خاته‌ڕوو. كه‌دیاره
جگه‌له له‌پیلانێكی ئاشكرا له‌سه‌ر حسابی پایماڵكردنی خودی ماف و
ئازادیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان وسته‌مێك كه‌له‌سه‌ریانه شتیكَی ترنییه. به‌لام
ئه‌وه‌ی كه‌له‌مه‌جرای ئه‌م كۆنگره‌یه‌و ئه‌م مامه‌له‌یه‌ی یه‌كێتی وپارتیدا
ده‌خوێندرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه‌ناسیونالیزمی كورد و حزبه‌كانی كه‌تاسالانێك
به‌فریودانی لاوانی كوردستان به‌ناوی كوردبوون وبرایه‌تی‌یه‌وه ده‌خسته نێو
جه‌نگێكه‌وه كه‌ناوی "ڕزگاری نیشتمان له‌ده‌ستی بیگانه وداگیركه‌ران"یان
لێنابوو، ئێستا پوچ ده‌رهاتووه. ئیستا ئیتر بانگه‌وازی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه
وحزبه‌كانی بۆ دوژمانایه‌تی كردنی "بێگانه" ته‌نها درۆیه‌كه بۆ گه‌یشتنی
بۆرژوازی كورد به‌ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵی خۆی. كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌هه‌ق
پیلانگێرانێكی بێ ئابڕووی ناسیونالیزمی كورده له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان و
مه‌سه‌له ڕه‌واكه‌یان.