هاولاتى:
چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕۆژنامەى ئاسۆ هەواڵێکى
بلاوکردەوە کەحزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى بەڕەسمى
بارەگا لەسلیمانى دەکاتەوە و هاوکاتیش ئاماژە
بەسەرچاوەیەک دەکات کەئیحتمالى ئەوەیە حکومەتى
هەریم قەرەبۆى ئەو زەرەرو زیانانە بکاتەوە کە
بەهۆى لێدانى یەکیتى نیشتمانییەوە لەساڵى
2000دا لەحزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى کەوتووە،
ئێوە چ خویندنەوەیەکتان بۆ ئەم هەواڵە هەیە؟
خەسرەو سایە:
بەرلەهەرشتێک بلاوبوونەوەى هەواڵەکەى ڕۆژنامەى ئاسۆ کەئیوە ئاماژەى پێدەکەن،
دانپێدانانێکى ئاشکرایە بەهیرشێکى نابەرابەر بۆسەر حزبى ئیمە و داخشتنى بارەگاکانى،
کەلەلایەن یەکیتى نیشتمانى کوردستانەوە لەسالى 2000دا پەیرەوى لیکراوە، بەتایبەتى
کەئەم ڕۆژنامەیە کەسایەتییەکى وەک بەرهەم ساڵح لەپشت سەریوە ڕاوەستاوە. هاوکات
هەواڵەکە بەبێ ئەوەى ئەوسەرچاوەیەى حکومەتى هەرێم ئاشکراکات کەفرسەتى کردنەوەى
بارەگاى حزب و قەرەبۆ کردنەوەى زیانەکانى کردۆتە ئیحتمالیک، خۆى گومان دەخاتە
سەرئەوەى کەیەکیتى نیشتمانى بەجدیەتەوە بییەوێت ئەم کێشە هەڵواسراوەى هەردوولا
بەکردەوە چارەسەرکات. ئەمە لەکاتیکدایە کەپەیوەندى نێوان ئەحزاب لەچارەسەرکردنى
هەرکێشەیەکدا کارێکى ڕاستەوخۆیەو ئەوەش سوننەتى باو و شارستانیانەیە کەهەردوولاى
کێشەکان بەڕەسمى ولەڕێگاى دانوسانى ڕاستەوخۆى سەرکردایەتىیانەوە بچێتە پێشەوە.
بەداخەوە هەواڵەکەى ڕۆژنامەى ئاسۆ نە سەرچاوەکەى ئاشکرایە و نە پیشتر هەنگاوێکى
بەکردەوەى لەنیوان هەردوولاوەى لەپشتەوە بووە.
هاولاتى:
کەوایە پێتان
وانییە ئەم هەواڵەى ڕۆژنامەى ئاسۆ پەیوەندى بەهەڵبژاردنەکانەوە هەبێت و لەچوارچێوەى
دەستبردنى حکومەتى هەرێم و یەکیتى بۆچاکسازى هاتبێتەکایەوە؟
خەسرەوسایە:
ئەشى ئەو هەواڵەى ڕۆژنامەى ئاسۆ پەیوەندى بە هەڵبژاردنەکانەوە هەبى. ئەوەشى کە
حکومەت ویەکیتى کەتۆتەتە خۆى پەیوەندى بەنارەزایەتى خەلک و کیشمەکیشى
لایەنەکانەوەهەیە وهیچ شتیکیش لەوە سروشتیی تر نییە کەهەر حکومەت و هەر حزبێک
بۆڕاکیشانى مەزاجى خەڵک و کۆکردنەوەى دەنگەکان کارى لەم چەشنە بکات. بەلام من پێم
وایە خەڵکى باش لەوە تێگەیشتوون کەبۆچى ئەمکارانە لەئێستادا دەکرێ.
هاولاتى:
کەوایە پێتان وانییە یەکێتى بیەوێت ئێوە بخاتە بەرامبەر نەوشیروانەوە و داواتان
لێبکات بۆ شکاندنى لیستەکەى لەسەر کوژرانى هاوڕێکانتان تا بیدەن بەدادگا وشتى
لەمجۆرە؟
خەسرەوسایە:
یەکیتى هەرنیازێکى هەبێت ئەوە بەخۆى دەگەڕێتەوە. بەلام لاى ئێمە ئەوە ڕۆشنە کەلێدان
لەحزبى کۆمۆنیستى کرێکارى سیاسەتێکى یەکێتى نیشتمانى بووە و بەڵگەى ئەمەش
لەبەردەستدایە. هاوکات ئەوەش دەزانین کەئەوانە کێن بەکردەوە ئەم سیاسەتەیان
بەکوشتنى هاوڕێیانى ئێمە گەیاندووە، کەدیارە نەوشیروان مستەفا بەرپرسیاریتى عەمەلى
ئەم کارەى لەئەستۆیە ووەک مەلەفێکیش ئەم قەزیەیە لەبەردەستماندایە بۆکاتى گونجاو
لەسەرى دەچین.
هاولاتى:
باشە ئێوە
بەکردەوە دەتانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ و پەیوەندى خۆتان لەگەڵ یەکێتى
نیشتمانیدا وەک باقى حزبەکانىتر ئاسایى بکەنەوە؟
خەسرەوسایە:
ئێمە پێمان باشە کەپەیوەندى نێوان حزبەکانى کوردستان بەشێوەى سیاسى و شارستانیانەو
مەدەنیانە دابمەزرێ وبچێتە پێشەوە و تەنانەت کیشەى نێوان لایەنەکان بەشیوەى سیاسى
وبەدور لەپەلامارى چەکدارى و خوێنڕێژى و کوشتن مامەڵەى لەگەڵ بکرێ وهەموولایەکیش
خۆبەستبن بەوەوە کەچارەسەرى کیشەى نێوانیان بەدیالۆک ودانوسان وبەدورلەپەنابردن بۆ
زەبروزەنگ ببەنەپێشەوە. بۆئاگاداریتان ئێمە لە20 مانگى 11ى سالى 2005دا
ولەمەوقعیەتى بەرپرسیاریتى کۆمەلایەتیمانەوە و بۆ دورخستنەوەى فەزاى موتەشەنج و
نائارامى سیاسى لەسەر ژیانى خەڵکى کوردستان، کاتى خۆى هاورى ریبوار ئەحمەد
بەنامەیەک، کەبەئاشکرا بلاوکراوەتەوە کۆتایى هێنانى فەزاى بارگرژى یەک لایەنەمان
لەگەڵ یەکیتى نیشتمانیدا ڕاگەیاندووە و تائێستاش ئەو نامەیە لەسەر مێزى سەرکردایەتى
یەکێتى نیشتمانى ماوە. ئەوان گەربیانەوێت بەشێوەى سیاسى و راستەوخۆ ئەو کێشەیە
لەگەڵ حزبى ئێمە چارەسەر بکەن ئەوا دەرگاى دانوسان و دیالۆگى ڕاستەوخۆى هەردوولا
لەلایەن ئیمە هێشتا کراوەیە و کەنالەکانى پەیوەندگرتنیش بەرابەران و ئۆرگانە
رابەریەەکانى حزبى ئیمەوە بۆ هەموو لایەک زانراو وئاشکرایە.
هاولاتى:
بەدواى هەواڵەکەى ڕۆژنامەى ئاسۆدا نزیکەى 2 هەفتە تێپەڕدەبێت. ئایا لەم ماوەیەدا
هیچ هەنگاوێکى بەکردەوە لەنێوان ئێوەو یەکیتى نیشتمانیدا نراوە؟
خەسرەو سایە:
هەنگاوێک کەلەدواى هەواڵەکەوە لەنێوان هەردوولاماندا نرابێت ئەوەیە کەئەوان
پەیامێکیان بۆ بەستنى دیدارى هەردوولاى بە بەڕێزیکدا بۆ ئێمە ناردووە و ئێمەش
بەهەمان کەناڵدا پەیامى خۆمان بۆ بەستنى دیدارێک کەئەوان داوایانکردووە بەڕێ
کردۆتەوە و لەمەش زیتر تائیستا هیچ هەنگاوێکىتر نەنراوە. دیارە لەڕۆژانى داهاتوودا
شتەکان ڕۆشن تر دەبنەوە وئیمەش تائەو جێگەیەى بەپێویستى بزانین لەتەرەفى خۆمانەوە
ڕاى گشتى لێئاگادار دەکەینەوە.