| زمناکۆ عزیز |
ماوه‌یه‌که ده‌نگۆی دانوسان له نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی تورکیا بڵاوه‌و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنى ده‌ره‌کی و ئه‌وانه‌ی تورکیا به‌تایبه‌ت، زۆر به‌گه‌رمی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌دوێن و لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی تاوتوێ ئه‌که‌ن، ئه‌وه‌یکه که جێگای سه‌رنج و گومانه ئه‌وه‌یه که نه به‌رپرسێکى هه‌رێم و نه هیچ ده‌زگایه‌کى سه‌ر به حکومه‌تى هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه وورته‌یه‌کان لێوه نه‌هاتوه‌و، خه‌ڵکیش نازانن خاڵی سه‌ره‌کی دانوستانه‌که له‌سه‌ر چیه؟ داواکارییه‌کانی هه‌ریه‌ک له‌م دوو لایه‌نه له‌وه‌که‌یتریان کامه‌یه؟ تا چه‌ند ئه‌م دانوسانه به‌رابه‌ره‌وهه‌ریه‌که‌یان خاوه‌ن مافی یه‌کسانن؟ یان تورکیا برا گه‌وره‌و برا بچوکیش وه‌ک هه‌میشه هه‌رێمی کوردستانه؟ قازانجی خه‌ڵکی کوردستان له‌م دانواسانانه‌دا کامه‌یه؟
هه‌رێمی کوردستان به‌و پێیه‌ی که شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی نییه و له هیچ جێگایه‌کى دنیادا وه‌ک ده‌وڵه‌ت به‌ڕه‌سمى نه‌ناسراوه، ئیتر که‌وتنه دوای به‌ندوبه‌ست و خۆش خزمه‌تی و خزمه‌تکاری به ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و دنیا، بووه‌ته یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دبلۆماسیه‌تی سه‌رانی پارتی و یه‌کێتی. ئه‌مه‌ش بۆ وه‌ده‌ستخستنی ئه‌و شه‌رعیه‌ته نیه، به‌ڵکو به‌خاتری مانه‌وه‌ی خۆیان و پاراستنی ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌ته زۆره‌یه که له ڕێی بردن و تاڵان‌کردنی داهاتی کودستانه‌وه به‌ده‌ستیان هێناوه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه که تاچه‌ند پارتی و یه‌کێتی له‌م سات و سه‌ودایه‌یاندا سه‌رکه‌وتوو ئه‌بن؟ زرۆ به‌کورتی ڕۆشنه که سه‌رکه‌وتوو نین. به‌ڵام چۆن؟
ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ فه‌رزکردنی هه‌ژموونی خۆى به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا عێراقی هه‌ڵبژاردووه، به هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بێت له عێراقدا، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش له ئاستی ناوچه‌که‌دا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت. هه‌ر بۆیه تورکیا ئه‌یه‌وێ پاساو بۆ ئه‌م بوونه‌ی خۆی دابتاشێ و له‌م نێوه‌شدا مه‌سه‌له‌ی تورکمان و که‌رکوک و (پ‌ک‌ک)ی کردۆته بیانویه‌ک و فشاره‌کانی بۆ سه‌ر عێراق و کوردستان توند کردۆته‌وه. تورکیا به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که چاوی له کوردستانه، به هه‌مان ئه‌ندازه عێراق و ناوچه‌که‌شی له‌به‌رچاوه، به‌ڵام له ئێستادا کوردستان ده‌روازه‌ی تاکتیکێكه بۆ ستاتیژێکی دوور مه‌ودا. ناوبژیوانی له نێوان سوریا و ئیسرائیل، هه‌وڵه‌کانی بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌کانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه، ده‌خاله‌تی له مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌کانی ئه‌وروپا و جیهان...هتد، به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌م نه‌خشه تازه‌یه‌ی که تورکیا خوازیاره بیگێڕێت. تورکیا له‌سه‌ری خۆ گه‌وره کردن و هه‌ژمونی په‌یداکردنه‌وه ئه‌یه‌وێ دانوسان بکات که‌واته له حاڵه‌تی هێرشدایه. به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێم له هه‌رچی لاکانیه‌وه هه‌یه هێرشی له‌سه‌ره و دانوسانه‌کانی به‌خاتری که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و فشارانه‌یه. هه‌ر ئه‌م جێگه‌وڕێگه‌یه‌ی ئێستای هه‌رێم به‌م واقیعه‌وه که هه‌یه، ڕۆشنه که هه‌موو دانوسانێکی پاشه‌کشه‌و شکستێکی نوێ به‌دوای خۆیدا ئه‌هێنێت. هه‌ر خودی شاردنه‌وه‌ی باسه‌کان و ته‌وه‌ری گفتوگۆکانیان له خه‌ڵک و میدیاکان به‌ڵگه‌ی ئه‌م لاوازی و بووده‌ڵه‌ییه‌ی هه‌رێم نیشان ئه‌دات.
ته‌نها ڕێگا بۆ دورخستنه‌وه‌ی ئاکامه زیانباره‌کانی ئه‌م دانوسانه بێبه‌رنامه و چه‌وتانه‌ی پارتی و یه‌کێتی، فشاربۆهێنانیانه که ڕووی ڕاستی باسه‌کان بۆ میدیاکان و خه‌ڵک ئاشکرا بکه‌ن و ڕێگه نه‌درێت هیچ به‌ندو به‌ستێکی شاراوه له سه‌رو خه‌ڵکییه‌وه ئه‌نجام بده‌ن.
|
|
