زمناکۆ عزیز
zmnaco@yahoo.co.uk
پاش ڕووداوى "ئەیلولى ڕەش" کە لەمانگى ڕابردوودا ئیفلاسى چەندین بانکى دێرین و کاریگەر لەسەر ژیان و گوزەرانى خەڵک، گشت دەوڵەتانى جیهان و بەتایبەت دەوڵەتە زلهێزەکان کەوتنە خۆ، بۆ بەرگرتن بە زیاتر ڕۆچوون بۆ ناو قەیرانى گەورەترو کوشندەتر چەندین کاردانەوەى جۆراو جۆر بەڵام خێراو بەپەلەیان لەخۆ نواند. کە بەگشتى ناوەڕۆکى هەموو ئەو هەڵوێستانە لەیەک ڕێگاچارەدا یەکیاندەگرتەوە، ئەویش ئەوەبوو کە دەوڵەت لەڕێگەى ئەوپارەیەى کە وەک (tax) باج مانگانە لەخەڵکى سەندبوو، بڕیار لەسەر کرینى چەندین سەهم بدات لەوبانکە گەورانەى کە ئیفلاس بوونى خۆیان ڕاگەیاندوە، ئەم ئیقدامەش دروست بەو مانایەبوو کە پارە لەخەڵک بسەنرێت و بکرێتە قوڕگى ئەو بانکانەوە.بەم شێوەیە داروپەردووى ئەو قەیرانە بەسەر کرێکاران و جەماوەرى فراونى خەڵکدا بشکێننەوە.
لەکاتێکدا ئەو بڕى باجە، بەپێى ڕاگەیەنراوو ڕێسا ڕەسمیەکانى دەوڵەتان، پارەیەکە کەبەشێکى تەرخان کراوە بۆ بیمە جۆربەجۆرەکان(بێکارى، تەندروستى، خوێندن..هتد) و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان و پێداویستیە سەرەتاییەکانى خەڵک. ئەم شێوازى دابەشکردنەش بۆ لیبڕاڵترین مۆدێلى سەرمایەدارى لەدنیادا بەشکڵى خۆڕسک بڕیارى لەسەر نەدراوە، بەڵکو بەرهەمى خەباتى چەندین ساڵەى چینى کرێکارو تەواوى کۆمەڵگا بووە، کە توانیویەتى بەسەر سەرمایەدارانى ووڵاتانى خۆیاندا فەرزى بکەن. واتە ئەوە خودى دەسەڵات نەبووە کە بڕیاریداوە بەشێک لە بارگرانى هاوڵاتیان سووک بکات، بەڵکو ئەوە کرێکاران و کۆمەڵگا بووە کە بەخەبات و شکڵوشێوازى خەباتکارانە و بەقیمەتى چەندین قوربانى توانیویانە ئەو مافە سەرەتاییانە بەسەر دەسەڵات و سەرمایەداندا فەرز بکەن. دیارە بەشێکى گەورەش لەو پارەیە( باج، قازانج)، ڕانەگەیەنراوە کە چۆن خەرج ئەکرێت. بەڵام دەوڵەت بۆ چەند پرۆژەیەک بەکارى دێنێت کەدوورونزیک پەیوەندى بە خەڵکء بەرژەوەندییەکانیەوە نیە. کەپشکى شێر لە پارەى کۆکراوەى باج، بۆ دامو دەزگا ئەمنى و سەربازییەکان خەرج دەکرێت و، لەم ڕێگەیەوە کە دەوڵەت توانیویەتى حاکمیەتى خۆى بەسەر کۆمەڵگادا بهێڵیتەوەو درێژەى پێبدات.
جا ئەگەر نەخشە سەرەتاییەکانى دەوڵەتان بۆ وەستانەوەو ڕوبەڕووبونەوەى قەیرانى ئابوورى وڵاتەکانیان، لەڕێگەى دەستبردن بێت بۆ ئەو بڕپارەیەى کە ئیستغلال کردنى داهاتى باجدەرەکانە، ئەوا بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى دەوڵەتان شانى خۆیان لەپەیوەند بە بیمەکان و خزمەتگوزارى و دابین کردنى پێداویستیە سەرەتاییەکانى خەڵک خاڵى ئەکەنەوە، پاساوەکەشیان ئەوەیە کە پارە نیەو هەمووى لەپێناو "ڕزگار کردنتان لە قەیرانى ئابوورى دراوەتە بانکەکان لەجیاتى دانەوەى قەرزى بەشێک لەئێوە!!" سەرەنجام هەلومەرجێک دێتەکایەوە کە پاش ناردنەوەى سەدان هەزار کرێکار بۆ ماڵەوەو پێنەدانى بیمەى بێکارى و نەبوونى پێداویستى سەرەتایى، بارێکى نائاسایى پەیدا ئەبێت کە خەڵک چیتر نەتوانێ درێژە بە مانەوەى فیزیکى خۆى بدات، بۆیە خەڵک بەناچارى دەست بۆ هەر شێوازێک لەخەبات ئەبات کە ژیانى بەرو باشتر بەرێت. بەمەش ئاڵۆزى و پشێوى درێژخایەن لە دنیادا سەرهەڵئەدات.
تائەو جێگایەى کە بەعێراق و کوردستانیش ئەگەڕێتەوە کاریگەرى گەورەى ئەبێت و لەکورت ماوەدا ئاسەوارەکانى ئەو قەیرانە دەرئەکەون، کە دەوڵەتیش دەست ئەبات بۆ چەندین ئیقداماتى تەقەشوفى خێراو چەندین بڕیاریش دەردەکرێت کە کاریگەر دەبێت لەسەر خراپتر کردن و زیاتر شێواندنى هەلومەرجى ژیانى خەڵکء گرانىء برسێتى زیاتروزیاتر پەرەئەسێنێت. ئەمە جگە لەو هۆشدارییەى کە ڕێکخراوە مرۆییەکان داویانەو ئەڵێن مموکنیشە چەندین نەخۆشى کوشندە سەرهەڵبدات کە سەدان هەزار کەس بکاتە قوربانى و گیان لەدەست بدەن.
کاریگەرییەکانى قەیرانەکە لەسەر کوردستان
یەکەم: هۆکارى نەوت
یەکێک لەئاسەوارە سەرەتاییەکانى ئەم قەیرانە هاتنەخوارەوەى نرخى نەوتە بەهۆى داخستنى کارگەکانەوە لەجیهاندا، ئەمە سەربارى ئەوەى کە ڕێکخراوى ئۆپیک سەرەتاى مانگى داهاتوو بەبڕى زیاتر لە دووملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا ناردنى نەوت کەمدەکاتەوە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زیاتر 98% ى بودجەکەى پشت ئەستورە بەداهاتى فرۆشى نەوت. کاتێک کە بەرمیلێک نەوت نرخەکەى سەرو 140$ بوو لەبازارەکانى جیهاندا، پێشبینیەکان بۆ بودجەى حکومەتى عێراقى خۆیان لە 100ملیار دۆلار ئەبینیەوە، بەم شێوەشە بەشە بودجەى کوردستان بە 17 ملیار دۆلار بۆ ساڵى ئایندە پێشبینى کرابوو. بەڵام کاتێک نرخەکەى کە دابەزیوەتە نزمترین ئاستى خۆى کە بەرمیلێک بە( 54$)ە، کەواتە بودجەى دەوڵەت تا ئاستى 35ملیار دۆلار کەم دەبێتەوە. بەشەداهاتى کوردستانیش لەو بودجەیە بەپێى ڕێژەى 17% دیاریدەکرێت، ئەگەر نەفەقاتى سیادى لێدەربکێشرێت ئەوا کەمتر لە 5 ملیار دۆلار ئەمێنێتەوە. کەواتە هەموو شتێک تائاستى کەمتر لەنیو دادەبەزێت، واتە ئەگەر کەسێک مانگانەکەى 1 ملیۆن دینار بوبێت ئێستا دەوڵەت ناتوانێت زیاتر لە 350هەزار دینارى بۆ دابین بکات. ئەوە جگە لەوەى کە کەرتى تایبەت چالاکیەکانى بۆ ئاستى کەمتر لەنیو دائەبەزێت و بەمەش لانى کەم زیاتر لەنیوەى هێزى کار بێکار ئەبێت. ئەمەجگە لەوەى کە ڕێژەى بێکارى بەر لە قەیرانەکە لەعێراقدا بەپێى ڕاگەیەنراوە ڕەسمیەکانى دەوڵەتى مەرکەزى نزیکەى 65%، کە کوردستانیش ڕەنگە بەهۆى کەمى ژمارەى دانیشتوانەکەى و ئارامیەک کە هەبووە لەم ناوچانە ئەم ڕێژەیە ئەوەندە نەبێت، هەرچەندە کاربەدەستانى هەرێم واى نابینن، بەڵام من بڕوام وانیە کە زۆر جیاوازى هەبێت. چونکە: سەرژمێریەک بۆ دیاریکردنى ڕێژەى بێکارى نەکراوە، هاوکات هەبوونى ئەو ژمارە بەرچاوەى کرێکارانى بیانى کراوەتە پاساوێک بۆ ئەوەى کە بڵێن لەکوردستان بێکارى نیە، بەڵام ئەوکارەى کەهەیە تەنها کارى بیناسازییە، کە کاتیەو لەکاتى وەستانى پرۆژەکاندا نەک کرێکارانى بیانى، بەڵکو زۆربەى زۆرى کرێکارانى بیناسازى کوردستان بێکار ئەبن، ماوەیەک بەرلەئێستا لەگەڵ بەرز بوونەوەى نرخى شیش و چیمەنتۆو سووتەمەنى کە بووە هۆکارى وەستانى زۆرێک لەپرۆژەکان، بێکارى بەڕادەیەکى زۆر زیادیکرد. ئێستاش ئەگەر کەمێک جوڵەهەبێت لەسەرى ئەوەوەیە کە عقار ئەدرێت بەقازانجى 2%، بۆیە کەمێک جوڵەى تێئەکەێتەوە. بەڵام ئەمیش کاتیەو حەتمەن یەکێکیتر لەئاسەوارەکانى ئەم قەیرانە لەکوردستان ڕاگرتنى پێدانى ئەو عەقارەیەو جارێکیتر بێکاریەکە سەرهەڵئەداتەوە. هاوکات ئەو کرێکارە بیانیانە ژمارەیەکى زۆریان لەگەلڕ خودى کۆمپانیا بیانەکان هاتوەنەتە کوردستان و لەگەڵ تەواو بوونى عەقدەکەیان و کارى کۆمپانیاکە، کاتى مانەوەى ئەوانیش بەسەر ئەچێت و ئەبێت بڕۆنەوە. بەمەش ڕێژەکە بۆ ئاستێکى بەرزتر زیاد ئەکات. کەواتە بێکارى و کەمى کرێ، یەکێک ئەبن لەئاسەوارەکانى ئەو قەیرانە.
دووهەم: هۆکارى بازرگانى
بەوپێیەى کە عێراق و کوردستان خۆى خاوەنى هیچ جۆرە کاڵایەکى ناوخۆیى نیەو بۆ دابینکردنى تەواوى پێداویستیەکانى ژیانى ڕۆژانە پشتى بەکاڵاى دەرەوەبەستوە. ڕێژەى ئیسترادەکان لە وڵاتانى ئێران و تورکیاوە بۆ عێراق و کوردستان لەسالێکدا زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە (ئەمە بەپێى ئامارەکانى ئەو دەوڵەتانە - کە بەمەرامى سیاسى کەمترین ڕێژە ڕدەگەیەنن - چونکە نەلەعێراق و نەلەکوردستان دەزگایەک نیە ئەو ئامارانە تۆمار بکات)، تازە هەناردەکانى وڵاتانى ترى وەک چین و وڵاتانى ئەوروپاو بەشێک لەدەوڵەتانى عەرەبى و بەتایبەت سوریا ئەگەر زیاتر نەبن ئەوا هەر لەو ئاستەدایە. کەواتە کاتێک ئاستى مانگانەو کرێ بۆ نیوەى خۆى بهێنرێتە خوارەوە، هەموو ئەو هەناردانەش وێڕاى ئەوەى کە بەهەمان ڕێژە کەم دەبنەوە، هاوکات نرخەکەشیان چەندبەرابەر زیاد ئەکات. چونکە ئەوانیش کڕیاریان کەم دەبێتەوەو ناتونن هەمان ڕێژە لە بەرهەم بەهەمان قیمەت بفرۆشنەوە کە تائاستى نیوە کەمى کردوە. ئەمە لەخۆراک و خواردەمەنى و پێداویستیە سەرەتاییەکانەوە وایە، تادەگاتە نرخى کەرەستەو ئامێرو کەلوپەلەکانیتر. ئەگەر کاریگەرییەکانى ئەو قەیرانەش لەسەر ئەو وڵاتانەى کە عێراق و کوردستان لەڕووى ئیسترادەوە پشتى پێبەستوون لەبەرچاوبگیرێت، ئەوا چەند بەرابەر زیاتریش لەوە قورستر بەسەر خەڵکدا ئەشکێتەوە. کەواتە وەستانى پرۆژەکان بەهۆى نەبوونى کەرەستەى پێویست و چوونەسەرەوەى چەنبەرابەرى نرخى خۆراک و کاڵاکان بەهۆى نەبوونى ئیمکانیات بۆ کڕین، یەکێیتر ئەبن لە ئاسەوارەکانى قەیرانەکە.
سێهەم: هۆکارى سیاسى و ئیدارى
عێراق لە پاش ڕمانى ڕژێمى بەعس، وڵاتێکە کە نەیتوانیوە وەڵامى کێشەیەک بداتەوە کە پێدەوترێت دەوڵەت. ئەوەى کەهەبووە ئیدارەیەک بووە کە بەخواستء ویستى ئەمریکا دامەزراوەو هەمیشە ناتوانا بووە لەوەڵامدانەوە بە مەسەلەى ئەمنیەت و ئارامى و دابین کردنى نانى ڕۆژانەى خەڵک، ئەم کێشەیە تائێستاش نەک هەر درێژەى هەیەو نەتوانراوە وەڵام وەربگرێتەوە، بەڵکو هۆکارێکیشە بۆ شکستەکانى ئەمریکا لەعێراق.
ئەمریکا خۆى دەرگیرى قەیرانى ئابوورییەو یەکەمین نابود بوون لەبانکە دێرینەکانى ئەو وڵاتەوە ڕاگەیەنرا، ئەگەر بەتەنیا لەبارەى بودجەى تەرخانکراو بۆ هێزەکانى لەعێراق قسەبکرێت، ئەوا باسکردن ئەبێت لە سەدان ملیار دۆلار. بۆیە ئەمریکا بەناچارى ئەبێت دەست بۆ ئەوە بەرێت کە بەشێک لەدابین کردنى بوجەى پێویست بۆ مانەوەى هێزەکانى خۆى لەعێراق بخاتە ئەستۆى وڵاتانیترەوە، لەم نێوەشدا عێراق ناتوانێ و بۆى نیە لەهیچ لایەک کەمتر دابین بکات. بەمەش چەندین ملیار لە میزانییەى عێراق ئەکەوێتە ئیختیارى هێزەکانى ئەمریکاوە. کەواتە ئەبێت بەو بڕەى کەدەمێنێتەوە کاروبارى سەربازى و ئیدارى و موچەو میزانیەى پارێزگاکان و وەزارەتەکان و هەرێمەکان...هتد، دابین بکات. ئەمەش ئەبێتە یەکێکیتر لەو خاڵانەى کە هێزو لایەنە سیاسیەکانى ناو عێراقى لەیەک ترازاندوە. واتە نە هێزى یەکەم ئامادە ئەبێت کە بەیەکسانى داهاتەکە لەنێوان لایەن و پێکهاتەکانى حکومەتدا دابەش بکات و، نە هێزو لایەنەکانیش بە بەشى خۆیان ڕازى ئەبن. ئەمەش یان ئەبێتە هۆى ئەوەى کە چەند هێزو لایەن لەناو گەمەکە بکەرێنەدەرەوەو بێبەش بکرێن لەداهات، یان خودى ئەو هێزو لایەنەنانە خۆیان بۆ زیاتر کردنى بەشى خۆیان لەداهات، نەخشەو بەرنامەى تازە بخەنە دەستورى کارى خۆیانەوە، کەلەهەردوو بارەکەدا جەنگ بەرپا ئەبێت. ئەم مەسەلەیە ڕەنگە تا کاتێکى درێژتر پێش نەیەت، بەڵام ڕوودانى بەپێى ڕەوتى ڕووداوەکان حەتمیە. بەهەمان شێوەش بۆ کوردستان و هێزو لایەنەکان هەروا ئەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆى هۆکارى ترەوە زەمینەى ئەم جەنگە لەکوردستان خۆشکراوەو دوور نیە کە بەر لە هەر جەنگێکیتر لەعێراق، لەکوردستانەوە جەنگ دەستپێبکات. کەواتە وێڕاى بێکارى و برسێتى و نەبوونى، نائارامیش هۆکارێکیتر ئەبێت کە خەڵک لەئاکامى قەیرانى ماڵى و ئابوورییەوە ڕووبەڕووى ئەبێتەوە.
سەرەنجام چى؟
بەڵام هەموو ئەم پێشبینیانە کاتێک ڕووئەدەن کە خەڵک هاوشێوەى ئێستاى، دەورى تەماشاچى ببینێت. دەسەڵات کاتێک ئەتوانێ قەیران و خەتاکانى خۆى بکاتە تاڵاوو بیکاتە قوڕگى خەڵکداو خۆى دەرباز بکات، کەخەڵک دەخیل نەبێت و لەسەر مافەکانى خۆى نەیەتە وەڵام. تەنانەت هاتنە مەیدانیش بە بێبەرنامەو نەخشەو پلان، هیچى لێ سەوز نابێت و سەرەنجام ڕەنگە ئەو شێوازە نامەسئولانەیە لە دەنگ هەڵبڕین و ئەو جۆرە ووتنى "نا" یە ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزتر کردنى دەسەڵات و پتەوکردنى پایە لەرزۆکەکانى و یەکخستنەوەى ڕیزە پەرتەوازە بووەکەى. بۆیە ڕێکخراو بوون و خۆسازدان لەناو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکانى خەڵکدا، مەرجى بەرگرتنە بەوەى کە جەماوەر تووشى بەڵاى گەورە بێت. سەرکەوتن بۆ ئەوانەیە کە بەئیرادەیەکى بەهێزەوە دێنە مەیدان و ئەبنە پارێزەرى بەرژەوەندییەکانیان، ئەمە بۆ خەڵک ڕاستەو بۆدەسەڵاتیش هەر ڕاستە.
