Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئیرادەی خۆمان و هاوپشتی ئەنتەرناسیۆنالیستی باشترین پەنایە!

ئیرادەی خۆمان و هاوپشتی ئەنتەرناسیۆنالیستی باشترین پەنایە!

نووسینی: رێبوار ئەحمەد

سەرئەنجام دوای ئەو هەموو گوشارەی لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا بۆ بەرگرتن لە ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان خرانەکار، ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و پێداگری لەسەر جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆکرا. بەڵام بەدوای ئەمەدا دەسەڵاتدارانی ناسیۆنال-شۆفێنست و تائیفەچی هەروەها دەوڵەتانی سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی دەوروبەر و ناوچەکە و جیهان، ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنن کە خەریکن چەقۆکانیان بۆ ملی ئەو خەڵکە تیژدەکەن. خەڵکێک کە تەنها تاوانی ئەوەیە دوای دەیان ساڵ لە ستەم و سەرکوت و کارەسات، بڕیاری لەسەر ئایندەی دڵخوازی خۆی داوە. ئەوەی لەم نێوەدا لە هەموان زیاتر جێگای نەفرەت و شەرمەزارکردنە، هەڵوێستی ریسوای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانە. ئەو ئەنجومەنەی کە ڕیاکارانە لەژێر ناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئاسایشی دنیادا هەر ڕۆژەی لە گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا ئاشوبی جەنگ و میلیتاریزم و کوشتاری بە کۆمەڵ بەرپا دەکات بۆ نائاسایش کردنی دنیا. بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی دژی ئینسانی و دژە مافی مرۆڤ و تەنانەت دژە دیموکراسیەکەی خۆیان، هەوساری هەموو کۆنەپەرستان و ملهوڕانی ناوچەکەی پچڕاند بۆ نیشاندنی کەڵبەی خوێناوی بە خەڵکی کوردستان. دەرگای خستە سەرپشت بۆ تائیفەچیەکانی وەکو عەبادی و مالکی و پەرلەمانی بەغدا و دەوڵەتی ئەردۆگان و ئاخوندەکانی ئێران، تا پێشبڕکێ لەسەر سزادانی خەڵکی کوردستان بکەن. بەڵام ئەگەر ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی ئاسایش تەنها ئەو ڕاستیەی بۆ خەڵکی کوردستان ڕوونکردبێتەوە کە بە پێچەوانەی ئەوەی ساڵەهایە حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان مێشکی خەڵکی کوردستانی پێ دەشۆرنەوە و گوایە دەوڵەتانی زلهێز و کۆنەپەرست و ئەنجومەنی ئاسایشەکەیان دۆستی خەڵکی کوردستان و مافی مرۆڤن، لە ڕاستیدا ئەوان لە پشتی هەموو بەربەریەت و وێرانکاری و کوشتاری مرۆڤایەتیەوەن لەسەراسەری جیهاندا، ئەوکات بە بڕوای من خەڵکی کوردستان نەک زەرەر بەڵکو قازانجێکی گەورەی کردوە. قازانجی ئەوەی کە لەبەرامبەر خۆشباوەڕیەکی گەورە بەرچاویان رۆشندەبێتەوە و بارێکی گران لەسەر شانی خەباتی ئەم خەڵکە لادەبات. ئەمەش هەوێنی خەباتێکی ئازادیخوازانەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئازادیخوازانە.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بەرامبەر تەحەدیەکی گەورە ڕاوەستاون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم. دەسەڵاتدارانی فاشیستی قەومی و ئیسلامی عێراق یەک لە دوای یەک بڕیاری گەمارۆدان و برسیکردن و هەڕەشەکردن لە دژی خەڵکی کوردستان دەردەکەن. تورکیا و ئێرانیش بە هەمان ئاراستە کەوتونەتە خۆ بۆ گرتنەبەر و تاقیکردنەوەی جۆرەها گوشار و هەڕەشەی دژی ئینسانی. ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردیش لەلابەلای لێدوانەکانیاندا دەریدەخەن دیسانەوە تاقە رێگایەک کە بیری لێدەکەنەوە بۆ بەرەنگاری ئەو هەڕەشانە دەست بەدامانی دەوڵەتانی زلهێز و تەقەدانە لە دەرگاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو دەوڵەتانە. ئەم ڕێگایەش بۆ خەڵکی کوردستان ئاشنایە، ئەوانەی ئەم رێگایە دەگرنەبەر، دەبێ گوێی خۆیان بخەنە مشتی ئەو دەوڵەتانەوە و بڵێن ئێمە “ئازاین چەکدارمان بکەن و بەکارمان بهێنن” دروست بەوجۆرەی دۆنالد ترامپ وتی. بێگومان وەکو هەمیشە ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە ئەحزاب و رابەرانی ناسیۆنالیستی کورد چ لە پێناو مەرامەکانی خۆیاندا بێت یان لە ژێر گوشاری دۆستە ملهوڕە ئەمپریالیستەکانیان، لەسەر و ئیرادەی خەڵک و بڕیاری خەڵکەوە، ئەنجامی ریفراندۆم بکەن بە کارتی سات و سەودا. لەم بارەیەوە نابێ ئەوان بە هیچ جۆرێک جێگای باوەڕ و متمانەبن. دەبێ ئەو پەیامە مەحکەمە لە خەڵکی کوردستان وەرگرنەوە کە بە هیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نیە لەسەر و ئیرادەی خەڵکەوە هیچ سات و سەودایەک بە بڕیاری ئەم خەڵکەوە بۆ سەربەخۆیی بکەن.

بێگومان ئەمە مانای ئەوە نیە کە لە بنەڕەتەوە گفتوگۆ بە هەموو جۆرێک ڕەتبکرێتەوە. گفتوگۆ دەکرێت بەشێک بێت لە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، لەم بارەیەوە هەر شەڕ و کوشتار و کارەسات و گوشارێک لەسەر ژیانی خەڵک کە بکرێ بە رێگای سیاسی و گفتوگۆ بەری پێبگیرێ، بە قازانجی هەموو خەڵکە و بەبێ دوودڵی دەبێ هەنگاوی پێویستی بۆ هەڵگیرێت. بەڵام ئەوەی کە دەبێ پێداگری توندی لەسەر بکرێت؛

یەکەم/ هیچ داشکانێک لە بڕیار و خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ جێگای باس نیە و مەشروعیەتی نیە.

دووەم/ هەر جۆرە بەندوبەستێکی ژێربەژێر و پشتی پەردە مەحکومە، هەر گفتوگۆیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم پێویست بێت، دەبێ ئاشکرا و ڕاشکاو و لەلایەن نوێنەرانی خەڵکەوە ئەنجام بدرێت. بەر لەوەی هیچ ئیقدامێکیش بکرێت دەبێ بابەتی گفتوگۆ و هەڵبژاردەکان لە ئاستی گشتیدا رابگەیەنرێن بۆ ڕای گشتی و گفتوگۆی کراوەیان لەسەر بکرێت.

بەڵام بەدەر لەوانە و بەدەر لەو رێگایانەی کە ناسیۆنالیزمی کورد وەکو هەمیشە پەنای بۆ دەبات لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان رووبەڕووی خەڵکی کوردستانیان کردوەتەوە، خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز و ستەمدیدەی کوردستان دەرگایەکی زۆر فراوانتر و کاریگەرتر و سەربەرزانەتر و جێگای متمانەتریان لەبەردەمە. ئەویش خەڵکی ئازادیخواز و بەشەریەتی موتەمەدن و بزووتنەوە کرێکاری و ئازادیخواز و سۆسیالیست و ئینساندۆستەکانی سەرتاپای جیهانە. ئەوان هیچ باجێک لە خەڵکی کوردستان داوا ناکەن چونکە ئەوان لە ئینسانیەت و ئازادیخوازیدا خۆیان بە هاوچارەنوس و هاوخەباتی خەڵکی کوردستان دەزانن. ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە ڕوبکرێتە ئەم جیهانی شارستانیەتە و بانگەواز بکرێن بۆ بەپیرەوە هاتنی خەڵکی کوردستان، ئەم هێزە ئەگەر بجوڵێ دەتوانێ ئەنجومەنی نائاسایش و میلیتاریزمی ئەمریکا و زلهێزەکانی تر و فاشیستەکانی بەغدا و تاران و ئەنکاراش بە چۆکدا بهێنێت. هەر ئەم هێزە بوو کە گەروی بوش و بلێری گرت لەشەڕی ئەمریکا دژی عێراق و هەراسانی کردن. هەر ئەم هێزە هات بە فریای کۆبانیەوە لەو کاتەدا کە هەموو ئەم دەوڵەتانە بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی کەوتنی کۆبانی بوون کە بە چەکی تەقلیدی و سادەوە ٤٠ ڕۆژ بوو بەرامبەر ئەفسانەی داعش وەستابوون. لەو ساتەدا بوو کە خەڵکی ئازادیخوازی جیهان لەمسەر تا ئەوسەری جیهان ڕژانە شەقامەکانەوە بۆ پشتیوانی لەو جەنگی بەرگریە. هەر ئەمەش ڕای گشتی جیهانی کرد بە فشارێکی توند لەسەر ئەو دەوڵەتانەی کە ڕیاکارانە دەهۆڵی جەنگی دژی داعشیان دەکوتا. لە ژێر ئەم گوشارەدا بوو کە ئەو دەوڵەتانەی چاوەڕوانی کەوتنی کۆبانی بوون بۆئەوەی کارەساتێکی دیکەی ئینسانی بەرپابێت و دواتر بیکەن بە دەستمایەی ڕیاکاری مافی مرۆڤ و میلیتاریزمی نیشاندانی عەزەڵات، ناچار بوون سیاسەتی خۆیان بگۆڕن بۆ دزینی سەرکەوتنەکەی خەڵکی کۆبانی. ئەگەر پەیامی خەڵکی کوردستان بگات بە بەشەریەتی ئازادیخواز لە جیهان و لە خودی عێراق و ئێران و تورکیا، دەتوانێ دەستی هەموو ئەو دەوڵەتە کۆنەپەرستانە ببەستێت لە سزادانی ملهوڕانەی خەڵکی کوردستان.

بەڵام خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ ئەمە، وە بۆ ئەوەی ئیرادەیەک لە خۆیان نیشانبدەن کە شایانی پشتیوانی بێت، دەبێ لە پێشدا ئیرادەی بەهێز و ئازادیخوازانەی خۆیان بنوێنن. دەبێ لە ئاستی بەرینی جەماوەریدا هەم لە مەیدانی سیاسی ڕاوەستن، هەم خۆیان چەکدار و ڕێکخراو بکەن بۆ بەرگری لە خۆیان و لە چارەنوس و ئەمنیەتی خۆیان. دەبێ بە ڕیزێکی ڕێکخراو چەکدار خۆمان بۆ ئەگەری پەلاماری میلیشیا دڕندە ئیسلامیەکان و بۆ جەنگی بەرگری ساز و ئامادە بکەین. دروست وەکو ئەوەی کە خەڵکی کۆبانی کردیان. ئەزمونی کۆبانی نیشانیدا کە ئەم کارە نەک هەر کردەنیە بەڵکو جێگا متمانەترین رێگایە. پێویستە نیشانی هەموو جیهانی بدەین کە دەمانەوێ بڕیاری خۆمان بە دەستی خۆمان پیادە بکەین. دەمانەوێ دەوڵەتێکی ئازادیخواز بۆ هەموو هاوڵاتیانی کوردستان بەدەر لە هەرجۆرە شوناسێکی قەومی و دینی و مەزهەبی دامەزرێنین کە بە چاوێکی یەکسان تەماشای هەموو هاوڵاتیان بکات و مافی یەکسانی هەموان بێقەید و شەرت مسۆگەر بکات، دەوڵەتێکی سکولاری غەیرە قەومی. دەبێ نیشانی هەموو جیهانی بدەین لەو ناوچەیەی کە زلهێز و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە کردویانە بە گۆمی خوێن و جۆرەها دار و دەستەی قەومی و مەزهەبیان بەرەڵای گیانی خەڵک کردوە، خەڵکی کوردستان لە دەوری دروشمی (نە قەومی و نە دینی، شوناسی ئینسانی) دەیانەوێ ئیرادەی خۆیان پیادە بکەن و دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازادیخواز دامەزرێنن. لەم بارەیەوە دەبێ ئامادەیی تەواومان هەبێت بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانی ناسیۆنالیزمی کورد کە دەیانەوێ بە دامەزراندنی دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئەقوام و مەزاهیب، ئەزمونی کارەساتبار و شکستخواردوی عێراقی دوای ڕوخانی رژێمی بەعس لە کوردستان دوپات بکەنەوە، بە ناوی (دەوڵەتی جمهوری کوردستانی دیموکراتی پەرلەمانی فیدراڵی مەدەنی)! ئەم جۆرە دەوڵەتە بەهەر ڕپۆش و دەستەواژەیەک بڕازێنرێتەوە، هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەو جمهوریە فیدراڵیە پەرلەمانیە قەومی و ئیسلامی و تائیفیەی عێراقدا کە جەماوەری کرێکار و ئازادیخواز چوادە ساڵە زۆر بە قورسی باجەکەی دەدەن.

پێداگری لەسەر ئەم پەیامە و نیشاندانی ئیرادەی جەماوەری بۆ جێبەجێکردنی و هاوکات ڕووکردن لە بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و ئیرادە و مافەکانیان، نە تەنیا باشترین زەمانەتە بۆ شکاندنی دەستی هەر دەوڵەت و لایەنێک کە لە بیری سزادانی خەڵکی کوردستان و پەلاماری ئیرادەیان بێت، بەڵکو هاوکات دەرگایەکی فراوان بەڕووی جێبەجێکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم، تەنانەت ڕێگا و توانای کێشانە خوارەوەی دەسەڵاتی گەندەڵ و مافیا و ستەمکاری ئەحزابی میلیشیایی ناسۆنالیزمی کوردیش دەخاتە سەرپشت. ئەوکات ئاسۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازادیخواز و پشتبەستو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان بەدەر لە قەومیەت و مەزاهب و ئەدیان ڕوون دەکاتەوە. دەوڵەتێک کە دەوڵەتی هەموو هاوڵاتیان بێت و جگە لە هاوڵاتی و مافی یەکسانی هەموو هاوڵاتیان هیچ شوناسێکی تر بۆ هیچ کەس لەبەرچاو نەگرێت. گومان لەوە نیە کە ئەمە لە پشتیوانیەکی گەورەی بەشەریەتی ئازادیخواز و بزووتنەوە ئینسانی و پێشکەوتوانەکان بەهرەمەند دەبێت کە ئاسۆی سەرکەوتنی بۆ مەیسەر و ڕووناک دەکاتەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *