Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئێمه‌ی کرێکار ئه‌گه‌ر کارمان نه‌بێت، ماڵمان  وێرانه‌! …

ئێمه‌ی کرێکار ئه‌گه‌ر کارمان نه‌بێت، ماڵمان  وێرانه‌! …

لەدەنگی کرێکارەوە وەرگیراوە:

وه‌ستا قادر.. گوزارشت له‌دۆخی کرێکارانی بیناسازی ده‌کات

سڵاو وەستا قادر.. من په‌یامنێری بڵاوکراوه‌ی “ده‌نگی کرێکار”م ویستم که‌مێک له‌سه‌ر دۆخی کرێکارانی بیناسازی بتان دوێنم .. ئه‌ڵین چی ئاماده‌یتان هه‌یه‌؟

وه‌ستا قادر: به‌خۆشحاڵیه‌وه‌.. فه‌رموو؟

په‌یامنێر: وەرزی هاوینمان به‌ڕێکرد، هەموو دەزانین کاتی وەگەر کەوتنی پڕۆژەکانی ئاوەدانی ونیشتەجێ بوون و گه‌رمه‌ی کاری بیناسازیی بوو.. بەپێی ئەمەش خاوەنکارو پڕۆژەو کۆمپانیاکان ڕوویان لەمەیدانەکانی کارکرد و وه‌ک ده‌ڵێن جموجۆڵی کار چوە سەره‌وه‌. تۆ وەک وەستایەک کە لە بیناسازیدا کار دەکەن تاچەند ئه‌مساڵ کاری بیناسازی جوڵەی تیکەوتووە، به‌تایبه‌تی که‌حکومەت و کۆمپانیاکان باس له‌وه‌ده‌که‌ن که‌کار بوژاوه‌ته‌وه‌ وجوڵه‌ی تێکه‌وتووه‌؟.

وەستا قادر: سڵاو له‌خۆشتان… پێشەکی من وەک وەستایەک دەست خۆشی لە دەنگی کرێکار دەکەم کە دەنگی من و کرێکاران ئەگەیەنێ بە دەسەڵاتداران و کۆمه‌ڵگا.. بە بڕوای من لەم بارودۆخه‌ ئابووریه‌دا که‌ڕووی له‌کوردستان کردووه‌، پێم وانییە ئەوندە کار جوڵابێت که‌ کرێکارانی بیناسازی له ‌دڵه‌راوکێی بێکاری ده‌رکێشابێت. من که‌خۆم وه‌ستای له‌بغم و لە بواری بیناسازیدا کار دەکەم، ئه‌و قسانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و کۆمپانیاکان که‌سه‌باره‌ت به‌ بوژانه‌وه‌ی کار باسی لێوه ‌ده‌که‌ن به‌پڕوپاگه‌نده‌ بۆ حکومه‌ته‌که‌یان ده‌زانم. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر کار جوڵابێ ئەی بۆ من کەله‌ ساڵی ٨٨ ته‌وە کارده‌که‌م به‌قه‌د ئه‌م وه‌رزه‌ دۆخی وا سه‌خت و ناخۆش و پڕ له‌بێکاری وام نەدیوە. مه‌گه‌ر لە سەرەتای ساڵانی ڕاپەریندا که‌دۆخکه‌ به‌یه‌کجاری ناهه‌مواربوو. به‌ته‌ئکیده‌ ده‌مه‌وێ بڵێم کە من به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ کارکردنم هیچ کاتێک به‌قه‌د وه‌رزی ئه‌مساڵ ترسم لە بێکاری نەبوە، وا تەمەنم بۆ ٥٤ ساڵی ئه‌چێ، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌هه‌مو ساڵیکیتر زیاتر بێکاربووم وله‌ چاوه‌روانی کاردا ماومه‌ته‌وه‌.

په‌یامنێر: به‌ڵام وەستا گیان لە چەند وەستایەکی تر پرسیارم کردووە و ئه‌وان ئەڵێن کار جوڵاوە هه‌رچه‌نده‌ دۆخه‌که‌ وەک ساڵانی ٢٠٠٧-و ٢٠٠٨ بۆ سەرەوە نییە، له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ ده‌ڵین چی؟

وه‌ستاقادر: ڕه‌نگه‌ بۆ که‌سانێك وابێت. که‌من ده‌ڵیم دۆخکه‌ سه‌خت و ناخۆشه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌هیچ وه‌ستاو کرێکارێک ناچیته‌ سه‌رکار. خۆتان ده‌زانن که‌له‌خراپترین دۆخی ئابوریدا ژماره‌یه‌ک کرێکار هه‌ر فرسه‌تیان ده‌بێ بۆ کارکردن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌گشتی قسه‌ بکه‌ین ئه‌وه‌ ئه‌مساڵ له‌گه‌رمه‌ی هاویندا، که‌وه‌رزی فرسه‌تی کاری بیناسازیه‌، من بۆخۆم ئاگادارم که‌ خراپترین دۆخمان تێپه‌ڕ کرد وکه‌مترین فرسه‌تی کار له‌به‌رده‌م کرێکاراندا بوو.

په‌یمانێر: که‌وایه‌ وه‌ستا گیان پێمان بڵێ که‌ئایا ئێوه‌ وه‌ک وه‌ستایه‌کی ناسراو که‌هیچ کاتێک بۆ کار ڕوت له‌مه‌یدان نه‌کردووه‌ و هه‌میشه‌ کارتان ده‌ستکه‌وتوه‌، که‌چی بیستومه‌ ئه‌مساڵ زۆر که‌م کارتان ده‌ستکه‌وتوه‌، هۆکاری ئه‌مه‌ چیه‌؟

وەستا قادر: هۆکاری ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت بۆ حکومەت ئەگەڕێتەوە، چونکە هیچ پڕۆژەیەکی وای نەخستۆته‌ به‌رکاره‌وه‌ وئه‌و پڕۆژانه‌ش که‌ کاریان تێدا ده‌کرێ هی ساڵانی ڕابردووه‌، وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن هێشتا قەیرانی دارایی له‌یه‌خه‌یان نه‌بۆته‌وه‌!، ئیتر  من نازانم تا چەند له‌مه‌دا ڕاست ده‌که‌ن . هۆکارێکی تر بۆ که‌م بونه‌وه‌و دابه‌زینی فرسه‌تی کار، نەدانی سلفەی عەقارە بۆ ئەوانەی خانوو دروست ئەکەن، که‌دیاره‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر یه‌خه‌ی حکومه‌ت ده‌گرێته‌وه‌. واته‌ ئه‌گه‌ر خه‌لك سلفه‌ وه‌رنه‌گرێ وپاره‌ی پێنه‌بێت چۆن خانو دروست بکات، که‌ویست بۆ دروست کردنی خانوش نه‌ما فرسه‌تی کاریش که‌م ده‌بێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م کرێکاراندا.

ئه‌وه‌ش بڵیم وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵ زۆر یه‌ک له‌ وه‌ستاکانی کاری بیناسازی به‌هۆی ناسراوبونیانه‌وه‌ له‌لای مقاول وخاوه‌ن کۆمپانیا و پڕۆژه‌کانه‌وه‌ کاریان ده‌ستکه‌وتووه‌. به‌ڵام وه‌ک خۆتان ده‌ڵێن که‌من وه‌ستایه‌کی ناسراوم، که‌چی فرسه‌تی وه‌ده‌ست هێنانی کارم نه‌بوه‌ وه‌یان زۆر که‌م بووه‌ به‌رده‌وام بێکاری ترسێک بووه‌ به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌.. ئه‌مه‌ ڕاستی قسه‌ی من ده‌سه‌لمێنی به‌وه‌ی که‌ئه‌مساڵ دۆخه‌که‌ زۆر خراپ و سه‌خت بووه‌ و وه‌ک پێویست کار تێیدا نه‌جوڵاوه‌.

په‌یامنێر: باشه‌ وەستا گیان ئه‌گه‌ر بپرسم ئەو کێشانەی یەخەی بە کریکاران گرتووە چییەو؟وە کاری کرێکاران لە پرۆژە حوکمیەکاندا چ جیاوازیه‌کی هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیدا؟                                                                                                               وەستا قادر: بە بڕوای من کرێکار بارودۆخی زۆر خراپە بە تایبەتی کرێکارانی بیناسازی، چونکە ئێمه‌ی کرێکار ئەگەر کارمان نەبێت ماڵمان وێرانه‌. که‌واته‌ سه‌ره‌کیترین کێشه‌ که‌یه‌خه‌ به‌کرێکارانی بیناسازی ده‌گرێت بێکاریه‌. خۆتان ئەزانن وابۆ چەند ساڵیک ئەچێ هه‌ر ئەڵێن قەیرانە، به‌ڵام قەیران بۆ کریکارە، بۆ خەڵکی سه‌رمایه‌دارو خاوه‌ن کۆمپانیاکان نییه‌‌، چونکه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌کانیشیان ڕاوه‌ستێت پاره‌ و سه‌رچاوه‌یه‌کی داهاتیان هه‌یه‌ که‌ وه‌ک جاری جاران درێژه‌ به‌هه‌مان ئاستی ژیان وگوزه‌رانیان بده‌ن. ته‌نانه‌ت فەرمانبەران ومامۆستایانیش هه‌روه‌ک کرێکار نین، چونکە ئەوانیش معاشێکیان هه‌یه‌ و به‌نه‌وعێک ژیانیان زامنه‌. به‌ڵام کرێکار نه‌پاره‌ وداهاتی پاشه‌که‌وتی هه‌یه‌ و نه‌موچه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی کاری رۆژانه‌یه‌تی تا پێی بژی. کریکار بەس کاری هەیە و معاشی نییە. خۆشتان ده‌زانن که‌ کوردستان وه‌ک وڵاتانی ئەوروپا نییه‌ که‌ ئەگەر کارت نەبوو، وه‌که‌وتیته‌ ده‌ورانی بێکاریه‌وه‌، پارەی زه‌مانی بێکاریت بده‌نێ تا بتوانیت بژی تا کارێکت ده‌ست دەکه‌وێت. لە کوردستان حکومه‌ت خۆی به‌به‌رپرسیار له‌ژیانی کرێکار نازانێت  و هەر باوەڕیشی به‌وه‌ نییە زه‌مانی بێکاری به‌کرێکاری بێکار بدات.

بۆ وه‌ڵامی به‌شه‌که‌ی تری پرسیارەکەشت کە ئەڵێی جیاوازی کاری ئێمه‌ چییه‌ لەگەڵ کرێکارانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا.. به‌ڵێ  جیاوازی هەیە ئەویش ئەوه‌یە که‌ کرێکارانی که‌رتی تایبه‌تی وکۆمپانیاکان، هه‌رچۆنێک بووه‌ کاریان مه‌زمونتره‌ و وه‌ک ئێمه‌ ناچنه‌ مه‌یدان و هه‌مو ڕۆژێک چاوه‌ڕێ ناکه‌ن. مەبه‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌بڵێم کریکارانی بیناسازیی زۆرتر ڕۆژانه‌کارده‌که‌ن وهه‌رجاره‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ر و خاوه‌ن کارێکدایه‌دا به‌لام کرێکاری که‌رتی تایبه‌ت و کۆمپانیاکان لانیکه‌م گرێبه‌ستی سێ مانگی و ساڵی وزیاتریان هه‌یه‌ وهه‌ر چۆنێک بێت ناچار نین ڕۆژانه‌ بچنه‌ مه‌یدان وچاوه‌ڕێ بن تاکاریان ده‌ست ده‌که‌وێت. به‌ڵام له‌ڕوی ئاستی کرێ وهەق دەسته‌وه‌، فەرقی وای نییە ئەوه‌نده‌‌ی من بزانم.. من کوڕێکم هەیە لەگه‌ڵ کۆمپانیایەکدا کار دەکات وخه‌ریکی ڕاکێشانی خەتی ئەنتەرنێته‌ بۆ ئەو شوێنانەی بۆیان نەچوە، ئه‌و باس له ‌ئاستێکی کرێ ده‌کات که‌زۆر فه‌رقی نییه‌ له‌گه‌ڵ کرێی کرێکاری مه‌یداندا، مه‌گه‌ر شه‌هاده‌و شتی وا جیاوازی دروست بکات.

وەستا قادر ئه‌گه‌ر پسیارێکی ترت لێبکه‌م.. ئەویش ئەوه‌یە که‌ڕۆڵی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی چۆن ده‌بینن؟

وەستا قادر: رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەوه‌ندەی من ئاگاداربم له‌ڕێگای وەستا حوسەین و وه‌ستا مه‌هدی براده‌رانێکی ترەوه‌، به‌ڕاستی کار بۆ کریکاران ئەکەن و دڵسۆزی هاو چینه‌کانتانن. من ده‌بینم نمونه‌ی وه‌ک ئێوه‌ که‌مه‌ که‌به‌خه‌می کرێکارانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام چی لەم حوکمەتەی یەکیتی وپارتی بکه‌ین نه‌هیچ بۆکرێکارن ده‌که‌ن ونه‌ به‌ خەمی ئه‌وانه‌وه‌ن!.

ده‌ی که‌وایه‌ وه‌ستاگیان با ئه‌و پرسیاره‌ شه‌خسیه‌ش بکه‌م که‌تۆ چەند ساڵیک چەکداری یەکیتی بووی ئایا هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتیان بۆ بڕیویه‌تەوه‌؟.

وەستا قادر: نەخێر چونکە من وازم لێیان هیناو.. وچیتر من بڕوام بەم دەسەڵاتە و حزبه‌کانی نەماوە. ئێمەی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش بۆ ئەوە نەچوینەتەوە بەگژ حیزبی بەعسدا، تائه‌م چاره‌نووسه‌ی ئه‌مڕۆمان هه‌بێت، به‌ڵکو ئێمه‌ومانان باوەڕمان وابوو که‌ ڕزگار بوون له‌به‌عس ئەبی ژیانی خه‌ڵک به‌ره‌و باشی به‌رێت وخه‌ڵکیش به‌م هیوایه‌وه‌ ڕوی له‌حزبه‌کان نا، که‌چی دۆخه‌که‌ وا ده‌رنه‌چوو ئه‌وه‌ی کرێکار بوو هه‌ر به‌کرێکار مایه‌وه‌ و تاقمێکیش به‌ناوی شۆڕش و کوردایه‌تیه‌وه‌ خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند کرد..  من بۆیە وازم لێیان هێناوە.

وه‌ک دواین پرسیار وەستا گیان ده‌مه‌وێت بپرسم که‌تا ئێستا دوو ژماره ‌له ‌بڵاوکراوه‌ی “ده‌نگی کرێکار”ده‌رچوه‌ و وێنه‌ی به‌ده‌ستی ئێوه‌ گه‌یشتووه‌، بۆچونتان لەسەری چییە؟

وەستا قادر: بەبڕوای من تاکە بڵاوکراوه‌یە که‌له‌دۆخی ئیستای کوردستاندا ده‌نگی كرێکار به‌ کۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت. به‌ر له‌م بڵاوکراوه‌یه‌ هه‌مو به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌نگ و ڕه‌نگیان هه‌بوو جگه‌له ‌کرێکار. به‌ڵام ئێستا کرێکاران هه‌م ده‌نگی خۆیان هه‌یه‌ وهه‌م ‌دەنگی ناڕه‌زایەتیه‌کانیان ده‌گه‌یه‌نرێت بە کۆمەڵگە، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تایی و سنورداریش بێت. گرنگ سه‌دای کریکارانی ڕاگرتووه‌ هه‌ر بۆیه‌ پێم وایە ده‌نگی کرێکار دەنگی من وهه‌زاران کرێکاری وه‌ک منە.

دەست خۆشیتان لێ ئەکەم بۆ مەندبوونتان…

About hkkk

Check Also

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەشمەینەت ڕەوایە! …

جارێکیتر ناوەندی شاری سلێمانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەخۆوەگرت. جەماوەرێک کە لەتاو هەژاری و بێکاری و بێموچەیی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *