Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ئەگەر خەڵك بیەوێ جورێکی تر مێژوو دروست بکات! …

ئەگەر خەڵك بیەوێ جورێکی تر مێژوو دروست بکات! …

٢١-٩-٢٠١٩

کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیادا هیچ کاتێك ئارامی و جێگیری سیاسی بەخۆوە نابینێ، چ جای ئەوەی لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە پێشڕەوی بکات!
بانگەشەی حکومەتی یەکگرتوو، یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەرژەوەندی باڵای هاوبەشی خەڵکی کوردستان، سەروەریی یاسا، ئارامی و ئاسایش و مافەکانی هاوڵاتی لەژێرسایەی دەسەڵاتی میلیشیادا بێجگە لە چەواشەکاریەکی سیاسی لەلایەن حزبە چەکدارە دەسەڵات بەدەستەکانەوە لەلایەك و بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی لەلایەن ئەوحزبانەی دیکەی ناو خێزانی بۆرژوازی لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا لەلایەکی دیکەوە، هیچ مانایەکی نیە و هەمووی قسەی پووچە.

یەکێتی وپارتی وەکو دوو هێزی چەکدارو میلیشیایی، لەسەر بنەمای ئەو هێزە چەکدارەی هەیانە و بەهۆی ئەوانەوە تونیویانەو دەتوانن دەسەڵاتی سیاسی کوردستان لە دەستی خۆیاندا قۆرخ بکەن. بۆئەوان مانەوەی هێزی چەکداری حزبی، مانای مانەوەی خۆیانە.. نەمانی هێزی چەکداری حزبی، مانای کۆتایی ئەوانە.. ئەو دوو حزبە ناتوانن وەکو حزبی سیاسی ڕەفتاربکەن و ململانێی سیاسی بکەن و کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات بکەن. دەستبەرداری دەسەڵات بن و دەسەڵات بگرنە دەست! بۆیە بەهیچ جۆرێك دەستبەرداری هێزی چەکداری خۆیان نابن.

ئەو هێزە میلیشیاییەشی هەیانە، کۆمەڵێك سەرکردەو کەسایەتی سەربازی و سیاسی دروست کردوە، کە ئەوانیش لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ناوخۆیی حزبەکەیان و لەزۆنی دەسەڵاتی حزبەکەیاندا، هەر یەکەیان فەرمانڕەوایەکی ڕاستەقینەی پشتی هەموو ڕووداوەکان و هەموو دەسەڵاتەکانە.. حکومەت و دەزگا حکومیەکان تەنها شکڵی یاسایی و بۆ جوانکردنی دەسەڵاتی ئەو میلیشیایانەو سەرکردەکانیانە و هیچی تر.
میلیشیا بەپشت بەستن بەهێزە سەربازیەکەی بەشی خۆی لە تاڵانوبڕۆی داهاتی خەڵك و دەسەڵاتدارێتی و حکومەتداریدا مسۆگەر دەکات. بۆیە هەرکاتێك لاسەنگیەك لەو دابەشکاریەدا ڕووبدات، ئەوان لولەی چەکەکان بەرامبەر بە یەکتر بەرزدەکەنەوە، تا هێز نیشانی یەکتری بدەن و سەرەنجام جەولەیەکی دیکە لە دانیشتن بۆ دابەشکردنەوەی تاڵانیەکە دەست پێبکەنەوە.

یەکێتی و پارتی، لەسەر بەشیان لە حکومەتی هەرێمدا، لەسەر بەشیان لە دەسەڵاتدارێتی شاری کەرکوك و ناوچەکانی ناوبراو بە جێناکۆکدا، لەسەر بەشیان لە حکومەتی ناوەندیدا، ململانێیانە! هەمیشە و بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵی ئەوەیانداوە پاشقوڵ لەیەکتر بگرن و هەرکاتێکیش سەرنەکەوتبن لە پاشقولگرتنەکەدا، لولەی تفەنگیان پیشانی یەکترداوە… روداوەکەی رێگاگرتن لە مەحمود سەنگاوی بۆ چوونە ناو هەولێر و دواتر تەقەکردن لە بارەگای لقی چواری پارتی لە سلێمانی و پاشانیش تەقەکردن لە کۆمیتەکانی یەکێتی لە هەولێر، بەکردەوە دەرهێنانی ئەو سیاسەتەیە! واتە پیشاندانی لولەی چەکە بەیەکتر! ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە هیچ کات ناتوانن بەبێ دەسەڵاتی دوو ناوچەیی و دوو زۆنی حوکمی کوردستان بکەن. لەسەرەوە دەتوانن بۆ ڕازیکردنی ووڵاتان و دەوڵەتانی ئەوروپاو ئەمریکاو حکومەتی ناوەندی و چەواشەکردنی خەڵک جۆرێك وا نیشان بدەن کە حکومەتێکی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە دنیای واقعیدا سنوری نێوان ئەم دوو حکومەتە محەلیە دێگەڵەو گۆمەسپانەو… ئێستاش خاڵەکانی پشکنینی یەکێتی و پارتی لەسەر ئەم خەتە سنوریە ماوەتەوە.

بەڵام ئەم دووکەڵە هەموو دەمێك دەچێتە چاوی خەڵکی کوردستانەوە. ئەوان مەیلی تەقەدەکەن، بەڵام خەڵك ترسی لە تێکچوونی بارودۆخەکە هەیە. دەزانێ ئەگەر شەڕ ڕووبدات چ کارەساتێك دەخوڵقێ! بێجگە لە کوژرانی سەدان گەنجی رۆڵەی خێزانە هەژارو زەحمەتکێشەکان کە بەناچاری بونەتە چەکداری ئەم دوو حزبە، دەزانن کە ژیان و ئارامی و کارو کەسابەتیان تێکدەچێ.. دەزانن کە ڕەنگە دەرگا بۆ هاتنەناوەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە و زیاتر خۆشکردنی ئاگرەکە دەکرێتەوە و ئایندەیان تاریکتر ببێت. خەڵکی کوردستان ئەزمونی تاڵی لەوبارەوە هەیە.

کاتی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان چاوەڕێ نەکات ئەم حزبانە ئارامی و ئاسایشیان بۆ دابین بکەن، ژیان و ئایندەیەکی ڕووناك بۆ خۆیان و مناڵەکانیان و نەوەکانیان دابین بکەن. خۆشگوزەرانی و خۆشبەختیان بۆ دەستبەربکەن. ئازادی و مافی هاوڵاتی و شکۆمەندییان بۆ فەراهەم بکەن و بیپارێزن. چاوەڕێی ئەوە نەکەن حکومەتێکی یەکگرتووی جێگیر و خاوەن دامەزراوەیان بۆ دروست بکەن، ئەوانە هەمووی خۆشباوەڕی کوشندەن. دەبێ بزانن کە دابینکردنی هەموو ئەوانە بەندە بە نەمانی دەسەڵاتی میلیشیاو حزبی چەکدارەوە. ئەو ئەرکەش بە جەماوەری فراوانی خەڵکی هوشیار و رێکخراو دەکرێ کە خۆی لەهەرجۆرە خۆشباوەڕیەکی سیاسی بەو دوو حزبەو بە سەرجەم حزبەکانی خێزانی بۆرژوازی دابڕیبێت! هوشیارانە خۆی ئامادە بکات کە دەسەڵاتی سیاسی لەوانە وەربگرێتەوەو دەسەڵاتی جەماوەری لە خوارەوە دروست بکات. دەسەڵاتێك کە لەلایەن خەڵک خۆیانەوەو بەشێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ پێکیان بهێنن و هەرساتەش لەبەردەم لێپرسینەوەدا بن. دەسەڵاتی شوراکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە کۆتایی بە دابەشبوونی کوردستان بە دوو ناوچەی دەسەڵات دەهێنێ و ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان سەربەخۆ لە رەگەزو زمان و نەتەوەو مەزهەب و دینیان، دەستەبەرو دابین دەکات. خەڵك تەنها ئەم بژاردەیەی لەبەردەستایە ئەگەر بیەوێ جورێکی دیکە مێژوو دروست بکات!

About hkkk

Check Also

بەیاننامەی ڕێكخستنی هه‌ولێر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان سەبارەت: …

سەرچاوە و هۆکاری تاوانەکان هاوڵاتی نییە حکومەت و دەسەڵاتدارانە!  ڕووداوەکانی دوو سێ مانگی ڕابردووی ناوشاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *