Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بارودۆخی حکومەتی هەرێم و پێگەی لە ئاستی ناوچەکەدا …
عوسمانی حاجی مارف

بارودۆخی حکومەتی هەرێم و پێگەی لە ئاستی ناوچەکەدا …

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف سەبارەت بە :
بارودۆخی حکومەتی هەرێم و پێگەی لە ئاستی ناوچەکەدا
ئۆکتۆبەر: حکومەتی ناوەندی ماوەیەکە باس لە کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنوریەکان دەکات و کازمی (٥) مانگ لەمەوبەر ڕایگەیاند بەمنزیکانە ئەوکارە دەکەن. ئێستاش باسی بەکار‌هێنانی هێز دەکرێ بۆ ئەو مەبەستە. ئایا لەئەگەری رێكنەکەوتنی هەرێم و بەغدا ئەگەری ئەوە هەیە حکومەتی ناوەندی بەهێز ئەو دەروازانە کۆنترۆڵ بکات؟ ئەگەر ئەمکارە بکرێ پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم بەکوێ دەگات؟
عوسمانی حاجی مارف: حەڤدە ساڵە بەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، دەورانێکی سەخت و نالەبار لە شەڕو ململانێی نێوان هێزە میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی و تائیفی و حزبەکانی کوردایەتیدا، سیناریۆیەکی تا بڵێ‌ی لێڵ و تاریک و ئاڵۆزیان بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقدا سەپاندوە، بەتایبەتی دەورانی هێرشەکان و داگیرکاری داعش کە تائێستا پاشماوەی کارەساتەکانی کارگەریان ماوە. لەمیانەی کێشمەکێش و پەیوەندی نێوان حیزبەکانی کوردایەتی لە کوردستان و حیزبە میلیشیا دەسەڵاتدارەکان لە ناوەندا چەندین گەمەی سیاسی و ڕێکەوتن و پرۆتۆکۆڵیان بۆ بەرژەوەندی یەکتر پێکەوە بەسەربردووە، کە تەنها بەشێک بووە لە شەراکەتیان بۆ جەردەیی و دزی و تاڵانی، لە هەمان کاتدا چەندین پیلانگێڕی و یاریکردن لە پێناو گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکانیان ئەنجامداوە، لە دابەشکردنی بودجەوە تا بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوتەوە.
٣٠سی ساڵە دانیشتوانی عێراق و کوردستان نالەبارترین و سەختترین هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەسەردەبەن، بەردەوام دەرگیری پەیوەندی ناڕێک و هاوسەنگی نالەباری نێوان ئەو هێزە میلیشیایانە بوون، کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوون نفوزی سیاسی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی و ناوچەی دەسەڵاتیاندا زیاترو بەرفراوانتر بکەن، هەر لەم بارەیەوە لەتەواوی حەڤدە ساڵی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی عێراقدا چەندەها گەمەی سیاسی و یاریکردن بەچارەنوسی خەڵک و پیلانگیری، ڕەوتێکی بەردەوامی هێزە میلیشیاکانی کوردایەتی و عروبەو ئیسلامی سیاسی و شیعە بووە، هەمیشە هەلومەرجی سیاسی عێراقیان بەرەو نائەمنی و مەترسی زیاتر بردوە، بارگرژی و ئەگەری شەڕی نێوانیان مایەی دڵەڕاوکێی تەواوی ژیانی دانیشتوان بووە.
لەتەواوی ئەو حەڤدە ساڵەدا پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نەک هیچ کات سەقامگیری و ئارامی بەخۆوە نەدیوە، بەڵکو هەمیشە نەگونجاوترین و خراپترین وێنایان لە پەیوەندی و دەسەڵاتی سیاسی نیشانداوین، لە ئێستاشدا پاش قەیرانێکی تەواو قوڵی ئابوری لە دۆخی عێراق و کوردستاندا، هەروەها دەوری هێزە میلیشیاکانی شیعەی عێراق کە لەناو حکومەتدا لە ئاستێکی دیاریکراودا بەخۆیاندا هاتونەتەوە، ئەویش لە پێکهێنانی حەشدی شەعبی و ڕێکخستنەوەی “هێزی سەربازی نیشتمانی”، لەهەمانکاتدا جۆرێک لە پتەوکردنی پەیوەندیان لەگەڵ تورکیاو ئێراندا، لە هەوڵی ئەوەدان لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا بەتایبەتی پارتی و بارزانیدا، ئاڵوگۆڕێک لە پەیوەندیەکان و لە ئاستێکی تردا دروستکاتەوە، تا بەجۆرێک ملکەچ وپاشکۆیان بکات بە ئایندەو نەخشەی سیاسی و بەرژەوەندیەکانی هێزە شیعەکانی ناو حکومەتی عێراقەوە، کە هێنانەناوەوەی کێشە لە سەر کۆنترۆڵکردنەوەی سنورەکان بەشێکە لە بارگرژی ئەو بارودۆخەی کە دیارنیە ئاکامەکەی لە بەرژەوەندی کام لایەندا دەبێت.
ئەوەی ڕاستی بێت ئەم ئاڵوگۆڕە واقعیەتێکە کەلە ئێستادا بەرەوڕووی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عێراق دەبێتەوە، بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان بەرەو کوێ دەڕوات، ناتوانرێت ئەوە پێشبینی بکرێت کە ئەم کێشەو ململانێیە لە بەرژەوەندی کام لایەن یەکلایی دەبێتەوە، چونکە هەر هەوڵێک کە لە حکومەتی عێراق و هێزێکی وەک شیعەوە هەنگاوی بۆ دەنرێت لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا، لەکاتێکدایە هێزە شێعەکان بۆ خۆیان چەند لایەنن و ناوەندێکی یەکگرتوویان نیەو یەک دەست نین بۆیە ناتوانن بەرامبەرکێیان لە بەرامبەر پارتی و حکومەتی عێراقدا یەکلایی کەنەوەو کۆنترۆڵی تەواوی عێراق و کوردستان بکەن. لە هەمان کاتدا ئایندەی سیاسی ناوچەکەش تەنها چارەنوسی عێراق و کوردستان نیە، بەڵکو تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ و دەخاڵەتی وڵاتانی زلهێزی دنیایە کە تا ئێستا لە ناوچەکەدا نەتوانراوە نەخشەو سیاسەتێکی ڕۆشن بۆ ئارام بونەوەو چارەنوسی ناوچەکەو عێراق دیاری بکرێت، هەرچەندە دۆخی ناوچەکە پێویستی بە ئاڵوگۆرێکە، بەڵام کێشەکان و دەوری هێزەکان لەناو ئەو قەیران و کێشانەداو هاوسەنگی هێزەکان ئەوە نیشان نادات کە جێگیری سیاسی بەم زوانە بۆ ناوچەکەو عێراق دەتوانرێت فەراهەم بهێنرێت و ‌هیچ لایەن و هێزێک ئیماکانی ئەوەی نیە تەواوی عێراق کۆنترۆل بکات و تا بتوانێت یەک ناوەند پێک بهێنێت.
هەروەها هیچ ئاسۆیەک دیارنیە لە سەقامگیری سیاسی بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان، هەر بەومانایەش یەکلاییکردنەوەی کێشەی حکومەتی عێراق لەسەر سنورەکان و کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان کارێک نیە سادەو ئاسان تێپەڕێت، چونکە چەندین هۆکارو دەخالەتی وڵاتان و ناکۆکی و بەرژەوەندی جیاوازو ئاستی هاوسەنگی هێز دەور دەبینێت، بارگرژی و کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم بەردەوامی دەبێت، کە تەواوی گفتوگۆو سەوداومامەڵەو دانیشتنەکانیان ئەوەمان نیشان ئەدەن.
ئۆکتۆبەر: پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیاو حکومەتی ناوەندی عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە. چەندمانگ لەمەوبەر ڕێکەوتنی تایبەت بە شەنگال لەنێوانیاندا ئەنجامدرا. ئێستاش قسە لەسەر ئەوەیە کە خاڵێکی سنوری ڕاستەوخۆ لەنێوان تورکیا و عێراقدا لە ناوچەی… بکرێتەوە. بەوکارە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل زیانێکی ئابوری گەورەی بەردەکەوێ و بەوجۆرەش ئابوری هەرێم تووشی قەیرانێکی گەورە دەبێت. ئەمەش فشارێکی سیاسی مەترسیدار لەسەر حکومەتی هەرێم و بەتایبەتی پارتی دادەنێت. ئایا ئەمە هەنگاوێك نیەو بەو ئاڕاستەیەدا کە حکومەتی هەرێم تەسلیمی بەغدا بێت و کۆتایی بەو هەلومەرجەی ئێستا بهێنرێت کە هەرێمی کوردستان هەیەتی؟
عوسمانی حاجی مارف: وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ناتوانین پێشبینیەکی ڕۆشن و وورد لەسەر هەنگاوو نەخشەکانی ئەو لایەنە سیاسیانە دیاری بکەین، هەروەها لەسەر ئەوەی چ ئەگەرێک ئیمکانی ڕوودانی هەیە تا ئاکامێکی دیاریکراو بدەین بەدەستەوە، چونکە تائێستا چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی عێراق بۆخۆی ناوەندێکی سەقامگیرو جێگیر نیە، هەروەها بەردەوام دەرگیرە لەناو گێژاوو ململانێی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراق خۆیدا، بەجیا لەوەی کە دەرگیرە لەناو قەیرانێکی قوڵی ئابوریدا، هەروەها ناڕەزایەتی و خرۆشانە جەماوەریەکانی شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق کێشەیەکی تری گەورەی ئەو حکومەتەیە، هەر بۆیە ناکرێت ئایندەی حکومەتی هەرێم تەنها ببەسترێتەوە بە نەخشەو سیاسەت و فشارێک کە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دەربارەی سنورەکان هەوڵئەدات پیادەی بکات، بەڵکو کێشەکان واوەترن لەوەی تەنها لە چۆنیەتی پەیوەندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لێکبدرێتەوە، چونکە خودی ئەو پەیوەندیە لەژێر کارکردی هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەو ململانێ و دەخالەتی وڵاتانی زلهێزی دنیاو وڵاتانی ناوچەکەدایە، کە خودی هێزە سیاسیە میلیشیاکانی عێراق وکوردستان بە حکومەتەکانیانەوە دەرگیرن لە ناو ناجێگیری و گێژاوێکی سیاسی وەهادا کە ئایندەی ناوچەکەو عێراق دیار نیە لە نێوان کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا چۆن یەکلایی دەبێتەوە، بۆیە ناتوانرێ بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کە چارەنوسی حکومەتی هەرێم یان بەرزانی لە پەیوەند بە ئەگەری ئاڵوگۆڕێک کە لە شەنگالدا دەکرێت، یا پەیوەندی ئێستای عێراق و تورکیا، حکومەتی عێراق لە ئێستادا ناتوانێ گشت جومگەی بازرگانی و ئابوری و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان وەرگرێتەوە، مەگەر پشتیوانی و نەخشەیەک کە وڵاتێکی وەک ئەمریکا یان ڕوسیا بیسەپێنێ بەسەر ناوچەکەدا، بۆ ئەمەش هیچ ئاماژەیەک نیشان نەدراوە، لەهەمانکاتدا لاوازبونی دەسەڵاتی پارتی و بارزانی یا حکومەتی هەرێم یەکلایەنە نیە تا هەوڵ و نەخشەکانی حکومەتی عێراق کۆتایی پێبێت، بەڵکۆ بەرژەوەندی و هۆکاری سیاسی تر کە لەناوچەکەدا و لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەو هێزەکاندا دەگوزەرێت، بەردەوام بەرزی و نزمی و ئاڵوگۆر لە هاوسەنگی هێز پێکدەهێنێت، تورکیاش ناتوانێ لەناو ئەو گێژاوی سیاسیەی کەلە عێراق و ناوچەکەدا دەگوزەرێت دەستبەرداری بارزانی و پارتی ببێت و تەواو تەسلیم بە عێراقێک ببێت کە ئێران دەورو دەخالەتێکی هەمەلایەنەی تێدا هەیە،وە لە ڕەوتی ڕوداوەکاندا ئەگەری گەمەی سیاسی نێوان هێزەکان و وڵاتەکان هەمەلایەنەو فراوانە، هەروەها گەرەنتی نیە کە لایەنێک بتوانێ بە کۆتا بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کاتەوە.
ئۆکتۆبەر: هەلومەرجی کوردستان و پێگەی هێزە بۆرژواییە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە کوردەکان بەجۆرێکە کە لە هاوسەنگیەکی خراپ بەهرەمەندن بە بەراورد بە دەورەی پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧. ئاڕاستەی سیاسی عێراق بەرەو ئەوە دەچێت کە حکومەتی ناوەندی کۆنترۆڵی کوردستان بکاتەوە. لەئەگەری روودانی دۆخێکی ئاوادا پرسی کورد لە عێراق چی بەسەردێت. خەڵك چی بکەن تا ئەم دۆخە ڕوونەدات؟
عوسمانی حاجی مارف: لەو کاتەوەی کە کوردستان کرایە زۆنێک لەژێر پارێزگاری نەتەوە یەکگرتوەکاندا، بوو بە ناوچەیەک کە سەرگەردان و چارەنوسێکی هەڵواسراوو ئایندەیەکی نادیار بەسەریدا سەپێنرا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا حیزبەکانی کوردایەتی بوونە بەشێکی سەرەکی بۆ بەرگریکردن لەو سەرگەردانی و چارەنوسە نادیارەدا. وە لەهەمان کاتدا نانیان لێ دەخواردو دەستکەوتی پڕ قازانجیان بووە، وە بە هۆی ئەو هەلومەرجەوە دەوریان بوو لە قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان و خوڵقاندنی دۆخێکی تەواو گەندەڵی لەبواری سیاسی و ئابوریدا، وە دەورێکی زۆر چڕو کاریگەریان بوو لەسەر گۆشەگیرکردن و بێچارەکردن و بێئیرادەکردنی خەڵک کە نەتوانن دەوریان هەبێت لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و دەخالەتیان لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
بۆ ئەم هەلومەرجە نادیارو نالەبارەی کوردستان، لە یەکەم ساتەوە پێویست بوو بە گەڕانەوە بۆ ئیرادەو دەورو دەنگی خەڵک، بۆ چارەسەری مەسەلەو کێشەکانی کوردستان، بەڵام حیزبەکانی کوردایەتی نەک ئەو کارەیان نەکرد، بەڵکو تەواوی خەڵکی کوردستانیان کردە بارمتە بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆیان، وە دەوری جدیان هەبوو لە بێئیرادەکردن و شکاندنی شکۆی خەڵکدا.
٣٠سی ساڵ بەم شێوەیە لە ناجێگیری سیاسی و دیارنەبونی ئایندەو چارەنوسی کوردستان، حزبەکانی کوردایەتی دەسەڵاتی سیاسیان بە ئەوپەری جەردەیی و تاڵانکاری و کەڵەکە کردنی زۆرترین سەرمایە بەڕێوەبردووە،وە ڕۆڵی بنەڕەتیان بوو لە یاریکردن بە چارەنوسی کوردستان و هێشتنەوەی لە سەرگەردانیدا، هەروەها دەوریان بو لە پاشکۆبون و گەڕانەوە بۆ حکومەتی بەغداو ناوەند، هەر لەو چوارچێوەیەدا چارەنوسی خەڵکی کوردستانیان خستەژێر ڕەحمەتی ئایندەو چارەنوسێکی پر گێژاوی سیاسی عیراق، ئاڵوگۆڕەکان لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەو عێراق لە پەیوەند بە هاوسەنگی هێزە سیاسیەکان بوەتە قەدەرێک کە مایەی کارەسات و بارگرژی و قەیران بەدوای قەیراندایە.
وادیار نیە حکومەتی عێراق لەو توانایەدا بێت کە نەک کوردستان بخاتەوە ژێر کۆنترڵی ناوەند، بەڵکو توانای ئەوەی نیە عێراقێکی پارچە پارچەکراوی ژێردەسەڵاتی هیزە میلیشیا تائیفیەکان یەکخاتەوە.
بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ڕێگایەکی دروست کە خەڵکی کوردوستان لەم میحنەت و گێژاوە سیاسیە دەرکات، گەڕانەوەیە بۆ دەورو ئیرادەی ڕەهای خەڵک لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیدا، لەدوای سی ساڵ لەم هەموو بەزم و هەراو بێنەو بەرەیەی کە حیزبەکانی کوردایەتی خوڵقاندویانە، تەنها هاتنە مەیدان و بەهێز بوونی دەورو ئیرادەو ناڕەزایەتی ڕێکخراوی خەڵکە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سیاسی حیزبەکانی کوردایەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵک و دابڕانی تەواوی کوردستان لە پەیوەند بە ئایندەیەکەوە کە دەسەڵاتی سیاسی ئیسلامی و شیعەو عروبە لە عێراقدا هەنگاوی بۆدەنێت.

About hkkk

Check Also

ئاکامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی پەتای کۆڕۆنا بۆسەر ژنان …

مریەم عبدوالرحمن …  ساڵی ٢٠٢٠ بەگشتی ساڵێکی سەخت بوو بۆ مرۆڤایەتی. چۆنیەتی ژیانی ناوماڵ و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *