Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بزوتنەوەی کۆتاییهێان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و سیناریۆ سیاسی و عەمەلیەکان …
خەسرەو سایە

بزوتنەوەی کۆتاییهێان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و سیناریۆ سیاسی و عەمەلیەکان …

خەسرەو سایە؛ ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری حزب

گفتوگۆی ژمارە یەکی ئۆکتۆبەر  لە ١٠ی دیسەمبەردا ٢٠٢٠ دەرچووە

پرسیار(١): هاورێ خەسرەو ئێستا خواستی کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی حزبەکانی بۆرژوازی کورد، بۆتە خواستێکی گشتیی خەڵکی کوردستان، واتە لەوە دەرچووە کە تەنها دروشمی لایەنێك یان حزبێکی سیاسی یان چەند حزبی سیاسی بێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانیش وەکو حزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردو حکومەتی هەرێم، دروشمی کۆتاییهێنانی ئەم دەسەڵاتەی بەرزکردۆتەوە. ئایا ئەمە تەنها دروشمێکە یان بەرنامەیەکی سیاسی و هەنگاوی عەمەلی بەدوای خۆیدا دەهێنێ!؟

خەسرەو سایە: وەلانانی دەسەڵاتی ئێستای کوردستان، بەوجۆرەی کە بۆتە خواستی زۆرینەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش، هەر بەوجۆرەش نیشانەیەکە لەسەرهەڵدان و قوڵبوونەوەی قەیرانی حکومەتی بۆرژوازی کورد. بەم پێیەش ئەم دروشمە دەورەیەکی هەستیار لەخەباتی چینایەتی نێوان کرێکاران و

زەحمەتکێشان وچینی دەسەلاتدار و حزبەکانی بەئاڕاستەی ئاڵوگۆڕی سیاسی وکۆمەڵایەتی نمایشدەکات.  بەرادەیەک کەئەم خواستە و ئەم دروشمە بۆتە دەرچەیەک کەنەک هەر خەبات بۆ دەرکێشانی کۆمەڵگەی کوردستان لەو گێژاوە سیاسیە ولەو قەیرانە ئابوریەی کە تێیکەوتووە، لێوەی تێپەڕدەبێت، بەڵکو هەرجۆرە گۆرانکاری و بوژانەوەیەکی کۆمەڵایەتی وهەر ئاستێک لەباشبونی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەدەستهێنانی داخوازیە بنچینەییەکانیان بە جێبەجێبوونی ئەم خواستەو ئەم دروشمەوە گرێی خواردووە. لەم ڕوانگەیەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، مەسەلەی وەلانان و کۆتاییهێنان بە دەسەلاتدارێتی ئەحزابی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردی لەڕیگای هێنانەمەیدانی جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێرانەی جەماوەریەوە کردۆتە دروشمی سەرەکیی خەباتی ئەم دەورەیەی خۆی. بەدیاریکراویش حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، نزیکخستنەوەی چینی کرێکار لەدەسەڵات و بەکردەوە دەرهێنانی بەرنامەی سۆشیالیستی خۆی، لەدۆخی ئیستادا، بەوە دەزانێت کە بەڕێگایەکی شۆڕشگێرانە سەرتاپای دەسەڵاتی ئێستا کۆتایی پێبهێنێ.. بەلام هەر دروشمێکی سیاسی بۆ هەرحزبێک، واتایەکی عەمەلی هەیەو ناتوانرێت لەئاستی پڕوپاگەندەکردندا بمێنیتەوە. لەم ڕوانگەیەوە دروشمی وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا، بۆ حزبی ئێمە یەک ئیستراتژی سیاسی وعەمەلی خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە. ئیستراتیژیەک کەچۆن لەقۆناغی ئیستاوە، واتە لەقۆناغی هێنانەمەیدانی جەماوەر و شکڵگرتنی قودرەتی جەماوەری لەخوارەوە، لەکارگەو گەرەک و ناوەندەکانی کارو ژیاندا، تا یەکلاکردنەوەی دەسەڵات و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسی و ئیداری وقانونی و.. کە بۆرژوازی کورد پایەکانی دەسەڵاتی خۆی لەسەر دامەزرانداوە، ئینجا شوێنگرتنەوەی بەدەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکانداو لێرەشەوە بردنی کۆمەڵگە بەئاقارێکدا کە پێداویستیەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی وسۆشیالسیتی چینی کرێکار فەراهەم بکات …هەموو ئەمانە زنجیرە قۆناغێکی پێکەوەگرێدراو و وەزائیفی دەورەیی لەبەردەم حزبدا دادەنێ کەدەبێ هوشیارانە لەئەستۆیان بگرێت و بیانباتە پێشەوەو هەنگاوبەهەنگاو ڕابەریی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار، لە ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەدا زامن بکات.. لەیەک ڕستەدا ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەتان کورت بکەمەوە، ئەوەیە کە مەسەلەی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ئێستا نەک هەر یەکێک لەدروشمە سەرەکیەکانی حزب پێکدێنێت، بەڵکو ناوەڕۆکی خەباتی سیاسی و هەڵسوڕانە عەمەلیەکانی ئەم دەورەیەی حزب دیاری دەکات..

پرسیار(٢): بە بروای ئێوە سیناریۆی سیاسی-عەمەلی دڵخواز چییە کەبتوانێت بەکەمترین قوربانی دەسەڵاتی ئێستا یەکلابکاتەوە؟ ئەمە لەکاتێکدا کەدەسەڵات لە کوردستان، دەسەڵاتێکی حزبی و میلیشایی و دابەش بووە بەسەر دوو زۆن و ناوچەی نفوزو دەسەڵاتدا، پێداویستیەکانی ئامادەییەکان بۆ ئەم سیناریۆیە چییە؟

خەسرەو سایە: بەبڕوای من سیناریۆی دڵخواز بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا، سازدانی ڕاپەڕینێکی شاری، سەراسەری جەماوەریە کەسەرتاپای ئەم سیستەم ودەسەڵاتەی ئێستا لەبوعدێکی فراوان و سەراسەریدا، لەماوەیەکی کورت و خێرا و بەکەمترین قوربانیدان، هەڵتەکێنێ و ڕێگابکاتەوە بۆ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێرانە. ڕاپەڕینێک کە لەڕێگای هێنانەمەیدانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشی شارەکان  و لەدرێژەی پەرەدان و لێکهەڵپێکانی ناڕەزایەتیەکانی ئیستاوە دەست پێبکات و لەڕەوتی خۆیدا خواستی جەماوەر بۆ وەلانانی دەسەڵات، بگۆڕێت بەجوڵانەوەیەکی بەکردەوەی سەرنگونخوازی، بەجۆرێک کە ئەم خەباتەو ئەم جوڵانەوە جەماوەریە بتوانێت هەنگاو بەهەنگاو هاوسەنگیی هێز لەئاستی سەراسەریدا بەئاقاری وەلانانی دەسەڵات بگوڕێت و ئامادەیی بۆ زەربەی کۆتایی، واتە پاکردنەوەی دەسەڵات، بەدەستبهێنێت. بەڵام ئەمە تەنها یەک سیناریۆیە و بێگومان میکانیزمە کۆمەڵایەتیەکان، قابیلیەتەکانی چینی دەسەڵاتدارو جەماوەری ناڕازی، دابەشبونی دەسەڵات و سروشتی حکومەتی ئەحزاب، ڕۆشنبینی ڕابەران و ئاستی ڕیکخراوبوون و گەلێک فاکتۆری تر بەپێویست سیناریۆگەلێکی مومکین لەڕەوتی سەرهەڵدان و چوونەپێشەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا، وەک ئەوەی جوڵانەوەی بەکردەوەی سەرنگونیخوازی بێت، دێنێتە کایەوە. بۆیە نابێت سیناریۆی ڕاپەڕینی سەراسەری بەسیاسەتی چاوەروانی بگۆڕدرێ وئیتر هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمدا دانەنرێت و کار لەسەر سیناریۆ مومکینەکانی تر نەکرێت. بەبڕوای من سروشتی دەسەڵاتی ئێستا وەک ئەوەی حاکمیەتی ناوچەیی ئەحزابی چەکدارە، ئەگەری ئەوە زۆرە کە سیناریۆی دڵخواز، بەشێوەیەکی شەپۆل، سەرەتا لەناوچەیەکەوە، واتە لەشارێک وەیا شارۆچکەیەوە دەستپێبکات و دواتر بەرەو شۆێنەکانی تر پەرەبسێنی وتەنانەت لەڕووی زەمەنیەوە کاتی زیاتر لەوەی چاوەروان دەکرێت بخایەنێت، تا لەئاستی سەراسەریدا هەموو دەسەڵات وەلابنێ. گرنگ ئەوەیە ڕێگایەکی واقعی و دوور لەیاریکردن بەڕاپەڕینەوە بخرێتە بەردەم خەباتی جەماوەری بۆ وەلانانی دەسەڵات.

سەبارەت بە پێداویستیەکانی ڕاپەرینیش، جگەلەوەی کەدەبێ قسەوباسی تەفسیلی زۆرتر لەم بارەوە بکرێ، بەڵام سیناریۆکان هەرچیەک بن چەند فاکتۆری سەرەکی بڕیاردەرە لەسەر چارەنوسی هەر ڕاپەڕینێکی سەرکەوتوی شۆڕشگێرانە، کە بەقازانجی خەلکی کرێکارو زەحمەتکێش تەواوبێت. کەمن لێرەدا بەکورتی ئاماژە بەهەندێکیان دەدەم:

یەکەم: ئاسۆیەکی شۆڕشگێرانە، کەمانایەکی عەمەلی و ستراتیژی بەخەباتی چینایەتی کارگەرو زەحمەتکێش لەدڵی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا و خەبات بۆ سازدانی ڕاپەڕین ببەخشێت و ڕێچکەی تاکتیکەکان و هەنگاوە عەمەلیەکانی ئێستا بەرەو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادو خۆشگوزەران و سیستەمێکی حکومڕانی ببەستێت کە دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی جەماوەری ڕێکخراو لەشوراکاندا زامن بکات، مەرجی ئەم کارە ناکام خستنەوەو لەکارخستنی ڕەوتی چاکسازی و باڵابردنی زهنیەت و ڕوحیەتی دەستبردن بۆ شۆڕشی چینایەتی دەخوازێ.

دووەم: ڕابەریەکی شۆڕشگێرانە کە ڕێنمایی و ڕێنیشاندەری خەباتی سیاسی و جەماوەری بێت و بتوانێ هەنگاو بەهەنگاو مەلزومات و پێداویستی سەرکەوتن ئامادە بکات و بزوتنەوەکە بەرەوپێشەوە بەرێت.

سێهەم: تەحەزوب و ڕیکخراوبوون و یەکگرتوویی جەماوەری لەخوارەوە لەئاستی سەراسەریدا، بەجۆرێک کەئیرادەی سۆڕشگێڕانەی جەماوەر بەرەو بەڕێوەبردن و کۆنترۆلکردنی بوارەکانی ژیانی ئابوری و ئەمنی و خزمەتگوزاری… بەرێت و مەشروعیەت لەدەسەلات وەربگرێتەوە..

بەگشتی هەموو ئەم خاڵانە بەمانای بەدیلێکی سیاسی و شۆڕشگێرانەیە، کە لەڕوانگەی ئێمەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە.. بەبروای من بەبێ ئەم بەدیلە و ئەو فاکتۆرانەی باسمانکرد هەرجۆرە هاتنەمەیدانێکی جەماوەر قابیلی ئەوەیە بەلاڕێدا ببرێ و لەلایەن باڵێکی تری بۆرژوازی و ناسیۆنالیزمەوە کۆنترۆڵ بکرێ و خەبات و تێکۆشانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و ئومێدو خواستەکانیان بۆ ڕزگاربوون لەدۆخی ناهەمواری ئێستا، بکاتەوە قوربانی و بەفیڕۆبچێت.     

پرسیار(٣): حزب کاتێك باس لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەم حزبانە دەکات کە لەسەریانەوە تا پەنجەی پێیان چەکدارن، بێگومان  ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی ئەوان دەبێتەوە ڕەنگە هەر لە سەرەتاوە هەموو پرۆژەکەی حزب بەشکست بکێشن و بگرە کەشوهەوایەکی نالەبار بۆ خودی هەڵسوڕانی حزبیش دروست بکەن. چۆن مامەڵەی ئەم ئەگەرە دەکەن، کە ئەگەرێکی واقعیە؟

خەسرەوسایە: بەڵی .. ڕاپەڕین لەکوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەحزابێکدا بەرەوڕووە کە سەرتاپایان چەکدارە و ئەمەش یەکێکە لەقابیلیەتەکانی چینی دەسەڵاتدار، بەڵام ڕاپەڕین خۆی یەک هونەرو یەک جەنگە، هونەرە بەمانای ئەوەی کەچۆن ڕابەری سیاسی و عەمەلی خەباتی جەماوەری، ئەم قابیلیەتە لە دەسەڵات وەربگرێ و ناکامی بکاتەوە. جەنگە بەمانای ئەوەی کەچۆن هێزی دوژمن لەتوپەت بکرێت و توانای ئینسجام و دەستکردنەوەی پەک بخرێت، وە لەبەرامبەریشدا چۆن قابیلیەتی چەکدارانەی جەماوەر بەرزبکرێتەوە و بەفراوانی چەکداربکرێن. هەردوو ئەم بارەش گرێدراوە بە دەستبردن بۆ ئەو تاکتیکانەی کە لەلایەك توانای سەرکوت و پەلاماردانی دەسەڵات پەکدەخات و لەلایەکی تریشەوە ڕێگابگرێت بەموجازەفەو یاریکردن بەڕاپەڕینەوە. بەواتایەکی تر ئەگەر بە دەقیقی بلێم بابەتەکە لە دووئاستدا مەترەحە:

یەکەم: پەیوەندی بە چۆنیەتی هێنانەمەیدانی جەماوەرو خستنەڕووی ئەو خواستانەوەیە کە لەلایەن ڕابەرانی بزوتنەوەکەوە دەخرێنە پێشپای جوڵانەوەکە، بۆ نمونە، بەردەبارانکردن، سوتاندنی بارەگای حزبەکان، دەستبردنی پێشوەخت بۆچەك، قەتیسکردنی ناڕەزایەتیەکان بەتەنها لە ناوەندی شارەکاندا.. هەموو ئەمانە ئەتوانن بەهانە بدەنە دەست دەسەڵات کە بەخێرایی و هەر لەسەرەتاوە دەستبەرێت بۆسەرکوت. تەنانەت هەڵبڕینی خواستی ناواقعی کەهێشتا لەگەڵ توانای جووڵانەوەکەدا نیە دیسانەوە بزووتنەوەکە ڕووبەرووی سەرکوتی دەسەڵات دەکاتەوە. لەمبارەوە جوڵانەوەی ١٧ ی شوبات نمونەیەکی ڕۆشنە کەچۆن لەڕووی هاتنەمەیدانی خەڵک و خواستەکانەوە بەهانەی دا بە دەسەڵات و دەستی بۆ سەرکوت برد. بەپێچەوانەوە هێنانەمەیدانی جەماوەر لەئاستی گەرەك و کارگەو ناوەندەکانی شارو زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتیەکان.. لەدەوری خواستی سادە و کۆنکرێت.. بردنەپێشەوەی ئەم خەباتە بەرەو کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی ناوەندەکان و ئینجا دەستبردن بۆ مانگرتنی گشتی و سەراسەری.. ئەتوانێت توانای سەرکوتگەری دەسەڵات بەڕادەیەکی باش پەکخات.

دووەم: هیچ ڕاپەڕینێک لەمێژوودا بەبێ لەتوپەتکردنی هێزی سوپا و چەکداری دەسەڵات بەسەرکەوتن نەگەیشتووە. ئەمەش لەگرەوی دەستبردن بۆ ئەو تاکتیکانەدایە کە بەشێک لەهێزەکانی دەسەڵات بەرەرو لای جەماوەر ڕادەکێشێت و ناکۆکی دەخاتە نێوان هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتەوە. نابێ ئەوەمان لەبیربچێت لەکوردستان بەشێکی زۆری هێزی چەکداری حزبەکان پێشمەرگەن، ئەم هێزە جگەلەوەی ڕۆڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشانن، هەروەها لەسایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیدا هیزێکە دژی زۆرداری و دەسەڵاتی دەرەکی دروست بووە و ڕێزو مەقبولیەتەکەی لێرەوە بۆ پەیدابووە، بۆیە سادە نییە بەگشتی بکەوێتە بەرامبەر خەڵک و دەستبەرێ بۆ کوشتاری خەڵکی ناڕازی کە لەدژی هەژاری و بێکاری و نەبوونی و بێدەرەتانی هاتۆتەمەیدان و کەم تازۆر ئەوانیش تێیدا هاوبەشن.. بەبروای من کارکردن بەم ئاڕاستانەدا .. بەپلەیەکی زۆر ئەو توانایە لە چینی دەسەڵاتدار دەسێنێ کە بەویستی خۆی بتوانێت خەباتی جەماوەری بەسادەیی سەرکوت بکات.       

About hkkk

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٤ ..

دەورەی تازە ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ٢٠٢١/١/٢٥ کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٤ی ئۆکتۆبەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *