Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بۆرژوازی لە ڕاشکاوی دا …

بۆرژوازی لە ڕاشکاوی دا …

ابراهیم حسێن

بارزانی کوڕ بە ڕاگەیاندنی ڕاشکاو و بێئەملاو ئەولای بەرنامە و ئەجێندای حوکومەتەکەی سهبارەت بەتایبەتیکردن و فرۆشتنی کەرتی کارەبا و خزمەتگوزاری و سەکتەرە گرنگەکانی ژیان بەکۆمپانیاکان و بازاڕ، زەنگی قۆناغێکی تری جەنگی بێئەمانی خۆی و چینەکەی لە دژی چینی کرێکار و بێبهشانی کۆمەڵگەی لێدا.

بۆرژوا و سەرمایەدارە بەویقارەکانی مەملەکەت، بەچاوی تێر و خەندە لەسەرلێو، بێئەوەی کەمترین و سادەترین خەمێکی نان و ژیان، بێئاوی و بێکارەبایی و بێموچەیی و بێداودەرمانی ناڕەحەتیان بکا، لەپای قسەکانی سەرۆکەکەیان دانیشتن و فەرمانی، گرتنەوەی کارەبا و ڕوناکی و سەپاندنی تاریکیشیان، لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی هیلاکی ژێر دەسەڵاتیان وەرگرت.

لە حەوشەی پەرلەمانەکەیانەوە، کەوکەبەی ئەو بۆرژوا بە ویقارانەی مەملەکەت دواتر بەسواری ئۆتۆمبێلە گرانە ئاخیرمۆدێلەکانیان، بەرە و ماڵە گەرم و ڕوناکەکانیان گەڕانەوە، تادواتر لەشاشەی تەلەفیزیۆنەکانینانەوە، کە ژمارەیان کەم نیە، بکەونە زۆربڵێی بۆ ئەوەی کرێکاران و خەڵکی برسی و نەداری کۆمەڵگە قایل بکەن کە چ کارێکی باشیان کردوە، مافی دەستڕاگەیشتن بە ڕۆشنایی و گەرمی و ساردی کارەبایان، بە تەواوی تەسلیمی دەستی کۆمپانیاکانی خۆیان کردووە .

پەیامێک کە بۆرژوازی بە چینی کرێکار و جەماوەری برسی دای، زۆر ڕوون و ڕاشکاو، پوختەکەی ئە وە بوو کە هیچ شتێک نابێ و ناکرێ لەدەرەوەی دەسەڵاتی سەرمایەو کۆمپانیاکان بێت. ئەگەر خەڵک دەیانەوێ ڕۆشناییان هەبێ، دەبێ ئیجازەی مافی ڕۆشنایی هەبوون و لە ڕۆشنایی دانیشتن و بەکارهێنانی تەلەفیزیۆن و ئەنتەرنێت و ساردی و گەرمی، لەسەرمایە و کۆمپانیاکان بکڕن و ئەوەش مانای ئەوەیە کە لەتوانای کڕینی خۆیان کەهەر ئێستا بەشی ژیانێکی هەرە سادە ناکا بگرنە وە، ئەگەرنا دەبێ لە تاریکیدا بژین.

ئەگەر خەڵک دەیانەوێ، منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە، دەبێ بەهەمان شێوە سەیر بکەن دەتوانن خەرجی خوێندن و دەفتەر و قەڵەم و جانتاو پێدویستیەکانی خوێندن دابین بکەن و خەرجی کرێی فێرکردنی منداڵەکانیان بەو کەمایەتیە سەرمایەدارە و کۆمپانیاکانیان بدەن، ئەگەرنا، ڕۆڵەکانیان دەبێ دەست لەمافی خوێندن بشۆن و ئەگەر پێویستیان بە دکتۆر و نۆڕینگە و داودەرمان هەیە، ئەوا دەبێ مافی بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لەوانە بە کۆمپانیا کان بدەن.

بە کورتی مافی ژیان و گەرمی و ساردی و ڕۆشنایی و سلامەتی و خوێندن و هە مووشتێک دەبێ لە سەرمایەداران بکڕنەوە. مانیفێست و ئەجێندایەک کە ئامانجەکەی پیادەکردنی کۆنەپەرەستیە کی بۆرژوازیه لەوپەڕی خۆیدا، سەپاندنی هەژاری و فەلاکەتێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ماکسیماڵترین شێوەی خۆیدا کە لە خوار ئەوە دا، مافی ژیانێکی سەلامەت و مانەوەیەکی کۆمەڵایەتی شەرافەتمەندانە بۆ مرۆڤ ئیتر دەبێتە خەیاڵ، هەلومەرجێک کە هەواڵێک لە بیمە دەرمانی و تەندروستیەکان و بیمەی بێکاری و مەسکەن و سەرپانایەک و لە هیچ جۆرە سیستەمێکی ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەواڵێک نیە.

تەواوکەر و ڕووی دووەمی ئەم مەهلکەیە کە بارزانی کوڕو سەرجم ئۆردوی بۆرژوازی کۆنەپەرەستی و ئیستیبدادێکی سیاسیە کە تیایدا ئازادی ئیعتراز و مانگرتن، ڕێکخراوبوون، بیروڕای ئازاد و ئازادئەندێشی قەدەغەیە و سیاسە ت و هەوڵو تەقەلای سیاسی له کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە زەوت کراوە، کورتیەکەی دۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەخلاقی هەمەگیری چینی کرێکارو بەشەرییەتی بێبەش به کەمایەتیەکی سەرمایەداری دژی ژیان، دژی ئازادی و دژی هەر پێشڕەویەکی سیاسی کۆمەڵایەتی و ئینسانی.

دنیایەکی وێران و شێوەژیانێکی پەست کەسەرمایەدارانی نەوپای کوردایەتی خەونی پێوە دەبینن، دنیای ئۆردوی سەرمایە و سەرمایەداران کە تیایدا ژیانکردن و ئازادانە ژیان، خۆشبەخت و خۆشگوزەران ژیان و کەڵک وەرگرتنی یەکسان لە داهات و ئیمکاناتی خوڵقاوی دەست و تەقەلای بەکۆمەڵ و تاکی خۆیان، مافێکی سروشتی نیە کە مرۆڤ لەگەڵ هاتنەدنیاوە دەبێ هەیبێت، بەڵکو هەوڵوتەقەلایەکی کوێرانەیە کە هەموو ڕۆژێک دەبێ تکە تکە لەڕێگەی فرۆشتنی هێزو وزەی خۆی بە سەرمایە، هەڕاجی بکات، دەستی لێبشوات تا بەقەولی مارکس لە جێگایەک سەرپەنایەکی هەبێ، لەسەرمێزێک نان بخوا و بخواتەوە.

بارزانی کوڕ لە زمانی سەرجەم بورژوازیەوە، بە ڕاگەیاندنی ڕاشکاوی ئەجێندای خۆی و چینەکەی، مەسەلەکەی بۆ چینی کرێکار و بە شوێن ئەویش دا بۆ سەرجەم ئۆردوی برسیەکان و بێبەشانی کۆمەڵگە سادەکرد و تەنانەت هیچ دەرفەتێکی بۆ خۆشباوەڕی بەوە نەهێشتەوە کە ئەم دەوڵەت و حاکمیەتە، دەوڵەت و حاکمیەتی کەمایەتیەکی سەرمایەداری زۆرگۆیە کە تەنانەت هەمان ئەو ژیانە پەست و خوارشکۆی مرۆڤ و ناقابیلەی سەپاندویانە بە زۆر دەزان، هەمان ئەو مەهلەکەیەی کە ناویان لێناوە ژیان و لەو بازاڕە بێدەروپەیکرەی بازاڕی کاری هەرزان بە زۆر دەزانن و بە نیازن چەندین هەنگاوی تر ئەم وێرانەیەی ژیانە، بەسەرسەری ئینسانیەتی کرێکارو بێبەشی کومەڵگادا وێرانتربکەن.

ئەگەر هێشتا کارەبا و ڕۆشنایی و دەریچەیەک بۆ ژیان هەیە، ئەگەر هێشتا خوێندن و فێربوونێک هەیە، ئەگەر هێشتا کۆمەڵگە تەنانەت لەشێوە هەرە سەرەتاییەکەی خۆیشی دابێت بەپێوە ڕاوەستاوە، بەهیممەتی هەوڵوتەقەلای ئینسانیەتێکی کرێکار و زەحمەتکێشە کە سەرباری هەموو ئیجحاف و دەسترێژیەکی ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارە بۆسەر ژیان و گوزەران و موقەدەرراتی مرۆڤ، هێشتا باوەڕ و ئومێدی بە ئیمکانی خۆشبەختتری ژیان و ئازادانەتر ژیانکردن لە دەست نەداوە. هیچ کۆمەڵگەیەک و بەشەرییەت لەهیچ سەردەمێکدا، بەبێ بەرگریکردن لە خۆ تەسلیمی کۆیلایەتی و سەرشۆڕی و بێمافی نابێت و سەرکەوتنی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەش بەوە گرێی خواردوە کە لە بەرگری کردنی لە خۆی و لەژیان و ئازادی و حۆشبەختیدا، چ پەرچەمێکی هەڵکردوە و چ ڕابەرانێکی هەیە و ڕابەرانی ئەم ڕاوەستان و جەنگانە چ پەرچەم و ئاڵا و ئومێدێک، دەخەنە بەردەستی. ئامادە بوون و نەبوونی کۆمۆنیزم لە م جیدالە هەموو ڕۆژیەدا یەکلا کەرەوەترین فاکتەری شکست و سەرکەوتنی مرۆڤایەتی کرێکار و بێبەشە.

نوسخەو شێوە ژیانێک کە ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارەی کوردایەتی بەبەری ژیانیان بڕیوە لەۈە پەسترو ناقابیل ترە کەلە گەڵ هەڵکردنی شنەبای هەر جوڵانەوەیەکی ئومێدەواری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ کرانەوەی هەر دەرفەتێکی ساسی و کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ بەسەر چینی کرێکار و جەماوەری کارکردوانی مەملەکەت دا، دەپێچرێتەوە و توڕهەڵدەدرێ.

٢٠٢٠-١٠-١٦

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *