عامر سابیر
قسەی تەواوی بەشداربووانی ئەم گاڵتەجاڕییە، بریتییە لەخۆ بەراوردکردن بەیەکتر و هەڵدانەوەی تاوان و تاڵانی یەکتر، کە هەر یەکەیان بە وردو درشتەوە خاوەنی مێژوویەکی ڕەش و لیستێکی دوورو درێژی هەیە لە دڕندەیی و تاڵانچێتی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان.
قسەی هیچ کام لە بەشدارانی ئەم گاڵتەجاڕییە، لەسەر ئەو مەسەلانە نییە کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانەوە هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ڕێژەی ڕاستەقینەی بەشداران لە دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق کە لە 12/05/2018 بەرپاکرا، تەنها 19.32٪ی دانیشتوان بەشداربوون.
ئێستاش لە کوردستاندا ئەم دز و بێدەربەست و ئینسانکوژانەی کوردایەتی و ئیسلامی، کە لەسەر بورکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان وەستاون، دەنگی ناڕەزایەتی و ئاپۆرەی بایکۆت لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
بەداخەوە کە هیشتا هەندێ لە خەڵکی زەحمەتکێش و هەندێ لە کرێکارانی ساویلکە و بێ مووچە، باوەڕیان وایە کە پێویستە بەشداری ئەم گاڵتە جاڕییە بکرێ بەومەرجەی کە دەنگ بە پارتی و یەکێتی نەدرێ. بەڵام لە ڕاستیدا بەشداریکردن بە هەر شێوازێک و چوون بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان، بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئێستادایە و ئامانجی سەرەکی ئەوان بەدیئەهێنێ.
ئەو بۆچوونە زۆر نادروستە کە پێی وایە لە ڕێگەی گاڵتەجاڕی لەم جۆرەوە دەسەڵاتی میلیشیایی و ملهوڕانەی پارتی و یەکێتی کەم ئەبێتەوە. ئەم بۆچوونە بەرهەمی ناهوشیاری و خۆشخەیاڵی و ساویلکەیییە و هیچی لێ سەوز نابێت.
بۆیە پێویستە لە ڕۆژی یەکشەمە 30/09/2018 دا بایکۆتی ئەم گاڵتە جاڕییە بکەین و بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبین و وەک ناڕازایەتییەکی بەرجەستە تر پێویستە ئەو ڕۆژە لە ماڵەوە بین و نەیەینە دەرەوە.
پێویستە ئەم بایکۆتە بکەینە یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاکانی خەبات و هەوڵمان بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ملهوڕ و چاوچنۆکی بۆرژوازی لە کوردستان.
27/09/2018