Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بەدیلێک کە مافی رفراندوم وسەربەخۆیی خەلکی کوردستان ناسەلمێنێ ڕەتدەکەینەوە

بەدیلێک کە مافی رفراندوم وسەربەخۆیی خەلکی کوردستان ناسەلمێنێ ڕەتدەکەینەوە

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان:

جارێکی تر ئەمریکا و بەریتانیا هەولیان داوە لەڕێگەی چەند نوێنەرێکیانەوە کە رفراندومی ٢٥ سێپتەمبەر نەکرێ و باس لە بەدیلێکی نهێنی دەکەن کە لەگەل بارزانی خستویانەتەڕوو.مەکگورگ ،نوێنەرەکەی ئەمریکا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەوان نایانەوێ رفراندوم بکرێ و ئەم هەولانەشیان بۆ ڕێگرتن لە خەلکی کوردستانە بۆ بەرپاکردنی رفراندوم و بەدیلەکەیان گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عێراق و چاکسازی فیدرالیزمی قەومی ومەزهەبی شکست خواردووی عێراق.

سەرەتا پێویستە بزانین کە هەلوێستی ئەمریکا و بەریتانیا کە مافی خەلکی کوردستان لە رفراندوم وسەربەخۆییدا ناسەلمێنن نیشانی دەدا کە ئەم بەدیل و بەلێنانەشیان بۆ سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەری کێشەی کورد و پارێزگاری لە بەرژەوەندی خەلکی کوردستان نیە و بە پێچەوانەوە ئەوان درێژەی هەمان سیاسەتی پێشوی ٢٦ سالی ڕابردویان لە عێراقدا دەدەن کە کوردستان وەک کارتی فشار بەکاردێنن.

ئێمە وەک خەلکی کوردستان  رفراندوم و سەربەخۆیی بەمافی ڕەوا و بێ مەرجی خۆمان دەزانین و هەر لایەنێک و هەر بەدیلێک کە بیەوێ دەست لەم مافە هەلگرین ڕەتدەکەینەوە و بە دژایەتی خواست و بەرژەوەندیەکانی خەلکی کوردستانی دەبینینەوە.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دەسەلاتدارانی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە لەم هەولەی ئەمریکا بۆ ڕێگاگرتن لە رفراندوم و سەربەخۆیی و بانگەوازی خەلکی کوردستان دەکا بۆ فشاردانان لەسەر دەسەلاتدارانی هەرێم کە لەپێناو بەلێنی کاتی بەشە فیدرالی بودجە و داهاتی نەوت و دەسەلاتیان خواستی رفراندوم و سەربەخۆیی خەلکی کوردستان نەکەنە قوربانی.

نابێ گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عێراق وەک بەدیلی رفراندوم وسەربەخۆیی بەهیچ شیوەیەک قبول بکرێ، لەبەرئەوەی رفراندوم مافی خەلکی کوردستانە بۆ بریاردان لەسەر جیابونەوە لەعێراق و ئەم مافە لەلایەن دەولەتی عێراقەوە دژایەتی دەکرێ و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عەبادی بەبڕیاری ڕەسمی ڕایانگەیاندوە. کردنی گفتوگۆ  لەگەل حکومەتی عێراق بەبەدیلی رفراندوم تەنیا مانای دەست هەلگرتن لەمافی رفراندوم و سەربەخۆییە و فرسەتدانە بە دەولەتی عێراق تاکو بەشیوەی حکومەتەکانی پێشوی پاشایەتی و عەسکەری و بەعس و مالکی و عەبادی هەمان کارەساتی کوشتار و ژێردەستەیی بەسەر خەلکی کوردستندا دەسەپێننەوە و ڕێکەوتن و ئەنجامی گفتوگۆکان پێشێل دەکەن .

خەلکی کوردستان  کە سەدەیەکە گیرۆدەی کێشەی ستەمی قەومی و بێ دەوڵەتی و گیرۆدەی فیدرالیزمێکی شکست خواردوە لە عێراقدا، ئەگەر لەم فرسەتەی ئێستادا دەست هەڵگرێت لەم خواستەی خۆی بۆسەربەخۆیی و رفراندۆم ئەوە بێگومان لە دژی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی. هەربۆیە سەرەڕای سەختی ئاستەنگیە نێو دەوڵەتی و ناوچەییەکان دەبێ ڕێگاچارەیەکی سیاسی و پشتیوانیەکی نێونەتەوەیی بۆ داوا ڕەواکەمان پەیدا بکەین و لەسەروو ئەوانەشەوە باوەڕبون بە هیزی خۆمان، هێزی جەماوەری کوردستان پەیدابکەین.

پێویستە  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم  پێداگریەی خەڵکی کوردستان لەخواستی رفراندوم و سەربەخۆیی و ئەم چاوەڕوانیەی لەخۆی ببینێ تاکو بزانێ کە ئەم خەڵکە ناتوانن چیتر بەدیار خۆشباوەڕی و فریودان و کردنیان بەکارتی فشارەوە دابنیشن . بەڵکو پێویستە دەزگا نێودەوڵەتیەکان بزانن کە خەڵکی کوردستان وەک خەڵکی فەلەستین ، تەیموری ڕۆژهەڵات ، باشوری سودان ، کۆسۆڤۆ ، بیابانی ڕۆژئاوا و چەندین شوێنی تر دەیانەوێ ماف و مەسەلەکەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕەسمی بناسرێ و مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەر کێشەکەیان بکرێ و کاری جدی بکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و فشارنهێنرێ بۆ ئەمریکاش کە ئەم مافە بسەلمێنێ.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕایدەگەیەنێ کە لە ئێستادا ڕێگای عەمەلی و خێرا بۆ بەدەستیهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و سەلماندنی مافی خەڵکی کوردستان لە رفراندۆم و سەربەخۆییدا بەرپاکردنی رفراندوم و کردنە ئەمری واقیعی سەربەخۆییە نەک چاوەڕوانی گۆڕانی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا و وڵاتانی ناوچەکە .دەبێ وەک خەڵکی کوردستان خۆمان رفراندۆم بکەین تا وەک ئەمری واقیع دانمان پێدابنرێ و لێرەوە فشاربهێنین کە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان بۆ بەڕەسمی بناسرێ لەلای نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

١٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧

About hkkk

Check Also

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەشمەینەت ڕەوایە! …

جارێکیتر ناوەندی شاری سلێمانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەخۆوەگرت. جەماوەرێک کە لەتاو هەژاری و بێکاری و بێموچەیی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *