Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بەهرۆز بوچانی لە زیندان دەبێتە خاوەنی باشترین خەڵاتی ئەدەبی ئوستورالی…!…

بەهرۆز بوچانی لە زیندان دەبێتە خاوەنی باشترین خەڵاتی ئەدەبی ئوستورالی…!…

بەهرۆز بوچانی؛ بە نووسینی ڕۆمانی “جگە لە چیا، هیچ هاوڕێیەک نییە”

لە زیندان دەبێتە خاوەنی باشترین خەڵاتی ئەدەبی ئوستورالی…!

ئامادەکردنی/ ئاراس ڕەشید

نووسەری کوردی ئێرانی بەهرۆز بوچانی؛ بە نووسینی ڕۆمانی “جگە لە چیا، هیچ هاوڕێیەک نییە” لە زیندان و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وەتس ئاپ، دەبێتە خاوەنی باشترین خەڵاتی ئەدەبی ئوستورالی…!

بڕی نرخی خەڵاتی ڤیکتۆریای ئەدەبی ١٠٠ هەزار دۆلاری ئوستورالییە. بوچانی تاوەکو ئێستاش لە دورگەی مانۆس ی سەربە لبابوا غینیای تازەیە و ڕێگەی پێنەدراوە بچێتە ناو ئوستورالیا. ئەو زیندانە کە جێگەی گفتوگۆی زۆر بوو، لەبەرئەوە ساڵی ٢٠١٧ داخرا و بەهرۆز و سەدان زیندانی دیکەشی لەگەڵ گواسترانەوە شوێنێکیتر.

بەسەرهاتەکە:

دوای ئەوەی بەهرۆز لە ترسی گرتنی و زیندانیکردنی وڵاتی خۆی کە ئێرانە ڕادەکات، بەبیریدا نایەت کە دەنێردرێتە ناوەندی دەستبەسەراگرتن لە دورگەیەکی نادیار، و بەوهۆی نەبوونی کاغەز و مەدرەکی دروست بۆ داواکاری پەنابەری ٥ ساڵ زیندان دەکرێت. سەرەڕای بیستنی دەنگی ئەو لە زوربەی جیهان، بەهۆی بڵاوکراوە جیهانیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.بەهرۆز لەگەڵ دەیان پەنابەر بەهۆی بەلەمەوە بەرەو ئوستورالیا بەڕێکەوتن، کاتێک بەلەمەکەیان توشی پاسەوانی دەریایی ئوستورالی دەبێت، دەستبەسەر دەکرێن و بەرەو دورگەی کریسماس و دواییش بۆ مانۆس کە دەکەوێت بابوا غینیای تازە.

شایانی باسە پاسەوانی دەریایی ئوستورالی کاتێک پەنابەران دەسگیر دەکەن دەیانبەنە شوێنێک بە ناوی(کەمپ یان ناوەندی لێکۆڵینەوە لە داواکاری پەنابەرێتی) لە دورگەی مانۆس و کریسماس، و زۆربەی جاریش دیپۆرتیاندەکەنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوون.

زیندانێکی ترسناک!

بەهرۆز لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بڵاوکراوەیەکی هیومان ڕایتس دەڵێ” ناوەندی لێکۆڵینەوە لە داواکاری پەنابەرێتی کە سەدان زیندانی تێدایە، بریتیە لە زیندانێکی ترسناک و خۆکوشی زۆری لێدەکەوێتەوە لەگەڵ ئەشکەنجەدان). لاپەڕەکانی تویتەر و ف.ب ی بەهرۆز پڕیەتی لەو وێنانەی کە ئەو هەلومەرجە نالەبارەی پەنابەرانی زیندانی تێدا خستۆتە ڕوو.

بەهرۆز ئێستاش بەردەوامە لە تۆمارکردنی ئەو زیادەڕۆییانەی دەسەڵاتداران بەرامبەر زیندانیان دەکرێت و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، ئەمەش بۆتە هۆکار بۆ گواستنەوەی بەهرۆز لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و تەریکخستنەوەی لە هاوڕێ زیندانەکان و لەژووری تەنیا تەریکخراوەتەوە. چونکە ئابڕووی کارە قێزەونەکانیان دەکات، وەک بەهرۆز چەندان جار لە چاوپێکەوتنەکانیدا باسی دەکات.

داهێنان…!

زیندان بۆ تەنیا ساتێکیش ورەی بوچانی لە نووسین نەهێناوەتە خوارێ، بەڵکو چالاکتر بووە و لەسەر هەلومەرجی ناو زیندان، ئازارەکانیان و دەردەسەریەکانی نووسیوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لەو زانیاریانەی ناو ئەو ناوەندە ئاگادار کردۆتەوە. هەروەها لەو کارەی کە لەئێران دەستیپێکردوە نەوەستاوە کە لەسەر “بەردەوامی لە داواکاری کوردان بووە لە مافی ڕۆشنبیری و سیاسی لە وڵات”.

هەربۆیە بەهرۆز بەردەوام بووە لە نووسین، بۆ دوورکەوتنەوە لە دڕاندنی کاغەزەکانی کە تێیدا نووسیوە، بەهرۆز پەنای بردۆتە بەر تەلەفۆنە دەستیەکەی و ڕۆمانەکەی (جگە لە چیا، هیچ هاوەڵێک نییە) لەماوەی ئەو ٥ ساڵەدا بۆ نووسین.

بۆچانی دەڵێ “هەموو جارێک نامەیەکم دەنووسی و بۆ هاوڕێیەکم دەنارد لە دەرەوەی زیندان، بۆئەوەی لە دۆسیەیەکی تایبەتدا بیپارێزێت دوور لە دڕاندنی کاغەزەکانم.”.

ئەو نامانە ٥ ساڵ درێژەیان کێشاوە، بەبێ ماندووبوون و نامۆبوون. بەپێی ئەوەی لە لاپەڕەی خۆی نووسیویەتی” بۆ ماوەی دوور و درێژ کاری لەسەرکردووە، هەندێکجار گەیشتۆتە ١٦ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا”

ئەو کتێبەی دەنگ و سەدایەکی گەورەی دایەوە لە ئاستی جیهانی، ژمارەیەکی زۆری لێ فرۆشرا لە کردنەوەی فرۆشتنی کتابەکەی لە ئوستورالیا و لەسەر ماڵپەڕەکانی ئەنتەرنێت. بووە جێگای سەرنجی زۆرێک لە نووسەران و ڕۆمان نووسان لە دنیا. هەروەها I Book ئەو کتێبەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی لەسەر واڵەکەی بخوێندرێتەوە.

گەشتی پڕ لەمەترسی…

بەهرۆز لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٣ەیە، پەنابەرێکی کوردی شاری ئیلامی ئێرانە، کە شارێکی سنووریە لەگەڵ کوردستانی عێراق (شارێکی کوردستانی ئێرانە)*. لە زانکۆی تربیا مدارس بەشی زانستە سیاسییەکانی خوێندووە لە تاران. لەسەرەتادا کاری ڕۆژنامەوانی کردوە لە ڕۆژنامەیەکی ناوخۆ، کە گرنگی بە کاروباری خوێندکاران داوە. پاشان لەچەند گۆڤار و ڕۆژنامەی دیکەی ئێرانی کاری کردووە.دوای ئەوەی بوو بەسەرنووسەری گۆڤاری”واریا” کە بەکوردی دەردەچێت و گرنگی بە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی دەدات. لەوکاتەوە سەرنجی بەرپرسانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی کەوتە سەر. بەتایبەت ئەو ڕۆژنامەیە دەمەتەقێ و گفتوگۆی لەسەر شێوەزاری زمانی کوردی ناوچەی ئیلام، و ترسی لەناوچوونی ئەو کەلتور وزمانەی دەدا لە ناو نەوەی تازە لەو ناوچەیە.

ساڵی ٢٠١٣ بەهۆکاری ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی دەستگیرکردنی لەلایەن ئێرانەوە بەهرۆز ئێران، بەجێدێڵێت. ئەوەش چونکە نووسینەکانی دژ بە دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران بوو. هەروەها داوای مافی کەلتور و سکۆلاریزمی دەکرد، بەڵام کۆتاییەکەی جێگیربوونی بوو لەو زیندانە دابڕێنراوە لە ئوستورالیا. ئەو شوێنەی وایدەزانی کە “ئازاد دەبێت تێدا بنووسێت”.

ترس:

بوچانی لەپشت دیوارە بەرزەکانەوە دەیگووت”تەندروستی زوربەی کات خراپە و دەروونی جێگیرنییە، لەنێوان هەستکردن بەبێهێزی و ڕەشبینی و خەمۆکی هاتووچۆی دەکرد”. هەروەها دەڵێ” دەتوانم هەست بە هەستی دەروونی خۆم بکەم، کاتێک دەکەومە ناو خەمۆکیەکی تووند، بەجۆرێک لە ژێر دەسەڵاتی خۆم نامێنێت، لەبەرامبەر خۆمدا دەستەوەستان و بێهێز دەبم”. بوچانی لەوکاتانەی کە سەرقاڵە هەستی باشترە، و ئامانجێکی بۆخۆی داناوە تائەو کاتە دوورودرێژە بێکۆتاییەی زیندانی لێ بڕوات.

کاری ماندووکەر

سەرەڕای بوونی لەزینداندا، بەڵام لەگەڵ جیهانی دەرەوەی نەپچڕابوو لە ڕێگەی وەتس ئاپ ولاپەڕەی تۆڕە کۆمەلایەتیەکانی دیکەوە، چونکە ئەنتەرنێت هەبوو. هەڵدەستا بەپەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی ئوستورالی کە سۆزدار بوون لەگەڵی، هەروەها ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ و قەڵەمی نێودەوڵەتی.

سەرەرای ئەو ڕۆمانەی کە دەنگی دایەوە لە دنیا، نووسینی شیعر و پەخشان و کورتە چیرۆکی بۆ ڕاگەیاندنی کوردی لەبیر نەکردبوو. هەروەها نامە و وتار و نامەی فەرمی بۆ وەزیر و سەرۆک وەزیران نووسیوە، بەڵام بەدەگمەن وەڵامی وەرگرتۆتەوە. لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت” پێشو و و ئێستاش هەر ڕۆژنامەوانم، سەرەڕای بوونم لەم شوێنە، ئەوە کار و ئەرکمە.”

گیرانی

ساڵی ٢٠١١ لەلایەن ڕژێمی ئێران دەگیرێت و سوپای پاسداران لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن. دوای مانگێک، ئازاد دەکرێت، دوای ئەوەی پاکانەی پێ پڕدەکەنەوە کە جارێکیتر نەگەڕێتەوە سەر نووسینە (شۆڕشگێڕیەکانی) کە پەیوەندی بە مافەکانی کوردانەوە هەبوو، بەڵام کاری هاوڕێ ڕۆژنامەوانەکانی کە بۆیان دەنارد پێداچوونەوەی بۆدەکردن بەڕێگەی ئیمەڵ و بەشێوەیەکی نهینی، بەڵام دەسەڵاتداران ١١ لە هاوڕێکانی دوای ٢ساڵ دەسگیر دەکەن، ئەوەش دوای فراوانبوونەوەی چالاکیەکانی و کارکردی لەسەر خەڵک و نزیکبوونەوەی زیاتری لەخەڵک. ئەوەش بەپێی یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ هیومان رایتس ۆچ.

لەوکاتانەدا بوچانی بەشێوەیەکی نهێنی لەگەڵ دەزگایەک لەتاران کاری دەکرد، لەژێر ناوی” هەواڵنێرانی ئێرانی”. هەواڵی ئەو پۆڕتاڵە خێرا بڵاوبۆوە، و دەسەڵات پێی زانی، بۆیە جگە لە خۆحەشاردان و بیرکردنەوە لە ڕاکردن بۆ دەرەوەی وڵات، هەڵبژاردەی تری نەبوو.

بۆ گاردیان دەڵێ “دوای ئەوەی دوایین هەواڵم لەو پۆڕتاڵە بڵاوبۆوە”، بڕیارمدا بچم بۆ ئیلام بۆ دیدەنی دایکم، دەمزانی کە ئامانجی داهاتوو منم، دڵنیا نەبووم، بۆیە لەوێ نەمامەوە و بەڵێنمدا بچم بۆ تاران بۆ خۆشاردنەوە لەماڵی هاوەڵێکم”.

هەروەها “ئەو هاوەڵانەی کە ئازادکرابوون، ئامۆژگاریان کردم کە دەستبەجێ وڵات بەجێبێڵم، چونکە دەسەڵاتداران بەدوامەوەن و من بە نەخشە داڕێژ و جێبەجێکەری ئەو گۆڤارە دەزانن”. بۆیە بەرەو ئوستورالیا بەڕێکەوت” وایدەزانی کە نیعمەتی ئازادی لەوێیە!”

لە ئایاری ٢٠١٣دا بوچانی ئێرانی بەجێدێێت و لە تەموز دەگاتە دورگەی کریسماس، دوای گەشتێکی پڕ لەمەترسی. ٢٧ی ئابی هەمان ساڵ، دەگوازرێتەوە دورگەی مانوس و تاوەکو ئێستاش لەوێیە” بەبێ هیوای نزیک بۆ ئازادکردنی، بەدەر لەوەی ئەگەر بیگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆی ژیانی لەژێر هەڕەشدا دەبێت”

بەهرۆز بوچانی ڕەتیکردۆتەوە کە داوای مافی پەنابەری بکات لە دەسەڵاتدارانی بابوا غینیای تازە و گوتی” بە ئیرادەی خۆم نەهاتوومەتە ئەم وڵاتە، بەزۆر هێنراومەتە ئێرە و ئەوەش قبوڵ ناکەم.”

ئەوەش باش دەزانێت کە ژیانی لە مەترسیدا دەبێت لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران و گرتن و ئەشکەنجەدان کەمترین شتە کە ڕووبەڕووی بێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە زۆر خۆپیشاندان کراوە بۆ داخستنی ئەو ناوەندەی دەست بەسەراگرتنە لە دورگەی مانۆس. ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێ سنوور داوای پاراستنی گیان و دانی جێگیر بوونی دەکەن، چونکە ” دڵنیان لەوەی کە ژیان و ئازادی لە مەترسیەکی گەورەدا دەبێ، لەکاتی ناردنەوەی بۆ ئێران

“بوچانی لەبەرامبەر وەرگرتنی خەڵاتی ڕێکخراوی قەڵەمی نێودەوڵەتی بەدانی ئەندامەتی فەخری دەڵێ” هەستێکم لا دروست بوو، وەک منداڵ کاتێک دیاریەکی پێدەدرێت لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا.”

سەرچاوە/ http://www.bbc.com/arabic/middleeast-45175514

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٥ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *