Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 بە نەمانی یاسای لە سێدارەدان سیستەمی ئیسلامیی دەڕوخێ

بە نەمانی یاسای لە سێدارەدان سیستەمی ئیسلامیی دەڕوخێ

نووسینی: عبدالرحمن رەسول

جێبەجێکردنی یاسایی لە سێدارەدان کە یاسایەکی دژە مرۆڤایەتییە بۆ لەناوبردنی دەنگە سیکۆلار و ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانە وئەو یاسا کۆنەپەرست و دواکەوتووە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی دەسەڵاتدارە. لە ئێران ئاخوندەکان دەیانەوێت بەردەوام بن لەگەشەدان بە سەرکوت و نابەرابەری وگەشەدان بە بێکاری و چارەسەر نەکردنی قەیران وکێشەکانی خەڵک ولوشدان و تاڵانکردنی هەرچی سامان و داهاتی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بۆیە هەتا کۆماری ئیسلامیی لە ئێران لە دەسەڵاتدا بمێنێت جێبەجێکردنی یاسای لە سێدارەدان لە ئێران بەردەوامی پێدەدرێت و جێبەجێ دەکرێت. ئەم یاسا کۆنەپەرست و دژە بەشەرییە ئامرازێکی کوشندەیە بۆگێڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ سەردەمی خورافیات ودواکەوتوویی ونەزانی و کۆیلایەتی سەدە تاریک وشمشێر بەدەستەکان. بۆیە ناکرێت و ناگونجێت مرۆڤانێک کە ژیر و وشیاربن ڕازیبن بەوجۆرە یاسا کۆنەپەرست ودژە مرۆڤانە و دڵخۆشبن مرۆڤەکانی تر بە مل پەڕاندن ولە سێدارەدانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەی یان مرۆڤەکانی مرۆڤایەتی. قبوڵکردن و ڕازیبوون و بێدەنگی لە ژێر هەر بیانوێک و ناونیشانێکدا بێت نیشانەی گەمژەیی و دواکەوتوویی ونەزانی مرۆڤەکان دەردەخات، هەر بۆیە ئەرکی مرۆڤە وشیارو پێشکەوتنخوازو سیکۆلار ویەکسانیخوازەکانە تێکۆشانی دڵسۆزانە ئەنجام بدەن و بەهەر جۆرێک ولە ژێر هەر ناونیشانێک بەگونجاوی دەزانن بۆ دژایەتیکردن و نەمان وڕاگرتنی یاسایی لە سێدارەدان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهانی مرۆڤایەتی دا بەگشتی و لە هەنگاوی بەپەلەیان بۆفشارهێنان بۆسەر کاربەدەستانی باڵای کۆماری دژە ئینسانی ئەویش کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە ڕۆژانە بە بەرچاوی مرۆڤایەتی و دەوڵەتانی پێشکەوتوو وسیکۆلار و ڕێکخراوەکانی داکۆکی کاروبەرگری کار لە مافەکانی مرۆڤ گەنجان و لاوانی کورد ونەتەوە جیاجیاکانی ئێران لە سێدارە دەدات… پێوستە مرۆڤایەتی بە ئەرکی خۆیی هەستێت ئەویش بە جۆری کرداری لە سەرجەم بوارەکانی فشار بردن کەم تەرخەم نەبێت وچیتر بێ هەڵوێستی کرداری نەبێت. هاوکاربن بۆلابردنی ئەو دومەڵەی کە ناوی سیستەمی ئیسلامی ئێرانە لەسەر شان وملی گەلانی ئێران. سەرجەم دەوڵەتانی کە خاوەن سیستەمی سیکۆلارو شارستانی و پێشکەوتوون زۆر باش دەزانن کە سزای ئیعدام یان لە سێدارەدان لەژێر سایەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی مێژوویەکی دوور و درێژی بۆخۆی تۆمار کردووە، سیستەمی کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی و حاکمیەتی ئاخوندی توانیویەتی لەماوەی دەسەڵاتداریەتی ئەم ٤٠ساڵ تەمەنەی خۆی ئەم جۆرە سزایە لەسەرئاستی جیهانی مرۆڤایەتیدا لەبەرچاوی دەوڵەتانیک کە پڕوپاگەندەی هەبوون و داکۆکیکردن لە چەسپاندنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤەکان دەکەن و پڕوپاگەندەی دژایەتیکردنی جێبەجێکردنی یاسای دژ مرۆڤایەتی لە سێدارەدان دەکەن، بەڵام لە مەیدانی کرداریدا سەرجەم بڕیارنامە و یاسا نێودەوڵەتیەکان کە تایبەتە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دژایەتیکردنی یاسای لە سێدارەدان فەرامۆش دەکەن، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران توانیوێتی لە جێبەجێکردنی یاسای دژە ئینسانی لە سیدارەداندا بگەیەنێتە لوتکە لەسەر ئاستی جیهانی مرۆڤایەتییدا. کە لە ماوەی تەمەنی دەسەڵات و سیستەمی مەلا ئیسلامییەکاندا لە ئێراندا بە هەزاران کەس لە مرۆڤەکان لەسێدارە بدات. کە زۆر بەداخەوە هیچ لەمپەرێک و ڕێگرێک لەبەردەمی گەشەدان بەو سیستەمە بۆگەن و دژە مرۆڤایەتی یە لە ڕوویی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەوە نەبووە. ھەموو ھۆکارەکانی ئەم کردەوە نائێنسانیەی کۆماری ئاخوندی بۆ پاراستنی دەسەڵات و پایەکانی چەوساندنەوەن لەناوخۆی وڵات، بۆیە کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵێک فاکت و چەمکی جیاواز کاری لە سەر ڕەوابوونی ئەم چەمکە واتە ئیعدام کردووە. دەسەڵاتدارانی ئاخوندی ئێران ھەموو ئامانجییان ئەوەیە کە بە شێوەی سایکۆلۆژیانە ئەم سزا دژە ئینسانی و سەرکوتگەرانەیە بھێنێتە نێو ژیان و کولتوری رۆژانەی خەڵکی ولەناو یاسای وڵاتدا بە تەواوی بیگونجێنێت و لەم رێگەوە بتوانێت فکرو ھزری کۆمەڵگاش بۆ ئامادە کردنی ئەم جۆر تاوان و سزایە بۆ لای خۆی رابکێشێت. ئەبێت ئەوە بزاندرێت سەرجەم دەوڵەتانی شارستانی وسیکۆلار وپێشکەوتنخواز لەگەڵ هەر لە سێدارەدانێکی مرۆڤێک لە ئێران ئەوانیش تاوانبارن لەبەرئەوەی لە پێناوی پاراستن و گەشەدانی بازرگانی و سەرمایە وئابوورییان بە درێژایی ئەو چل ساڵە بێ هەڵوێستی و بێ دەنگیان هەڵبژاردووە بۆیە کاربەدەست وبەرپرسانی ئەم سیستەمە بۆگەن و دژە ئینسانییە لە کۆمەڵگەی ئێران بەردەوام بووە لە دەسەڵات و جێبەجێکردنی یاسای کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی لە سێدارەدان و گەنجان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رۆژانە سەریان پەڕێندراوە. هەربۆیە ئەگەر دەوڵەتانی سیکۆلار و شارستانی وپێشکەوتنخواز دەیانەوێت زیاتر شەرمەزاری خۆیان ومێژوویی مرۆڤایەتی نەبن پێویستە دەست هەڵبگرن لەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستییە کە بە درێژایی چل ساڵی فەرمانڕەوایی ئیسلامییەکان لە ئێران درێژەی پێدەدەن. ئەرکی هەموو مرۆڤایەتی یە کە هەموو لایەک وێڕای هەبوونی هەرجیاوازێک لە بیروڕاو بۆچوون و تێڕوانینەکاندا، بەڵام دەکرێت لە دژی جێبەجێکردنی ڕۆژانەی یاسای دژە ئینسانی لەسێدارەدان ولە سێدارە دانی ڕۆژانەی گەنجان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستی ڕاشکاوانەی هەبێت، لەسەر ئێمەی مرۆڤەکان پێویستە ڕاشکاوانە بەبێ ترس داکۆکی لە مرۆڤ بوونی و ژیانێکی ئازاد بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی بکەین. بە تێکۆشانێکی یەکگرتووانە وچۆک بە ڕەوتی دژە مرۆڤایەتی بوونی سیستەمی ئیسلامیی ئاخوندەکانی ئێران دابدەین. لە هەنگاوەکانی تێکۆشانەکاندا پشتیوانی داواکاری و خواستە ڕەواکانی خەڵکی شاروشارۆچکە ودێهاتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بین. کە لە سەردەمی ئێستادا ڕۆژانە چینە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر شەقام وکوچە وخیابانەکانی شارەکانن بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ دابینکردنی خواست و داواکاری یە ڕەواکانیان. سەرکەوتنى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکانى ئێستاى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەشەکانى ئێرانیش بەندە بە بەهێزکردن و گەشەدان بە تێکۆشانى هاوبەش و یەکگرتوانەى خەڵکى ناڕازى لەناو خۆیی ئێران و دەرەوەى ئێران بۆ ئەوەى هەرچى زووترە ئەو بەڵایەى کە ناوى کۆمارى سێدارەى ئیسلامی ئێرانە لەسەر شانى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانى لابچێت. ئیتر بەسە لەسێدارەدانى گەنجان و لاوان لە ناو زیندانەکانى ئێران، دژایەتىکردنى یاساى لە سێدارەدان ئەرکى پیرۆزى مرۆڤایەتىیە، بێدەنگى لەئاستیدا کە ڕۆژانە گەنجان و لاوان لە سێدارە بدرێن شەرمەزارى و ڕیسوایی یە بۆئەوانەى لەژێر هەربیانوێکەوە بێ دەنگن. بۆیە پێویستە دەنگى نا بۆ لەسێدارەدان لە ئێران هەمووان بە هەبوونى هەرجۆرە بیروباوەڕو نەتەوە وئاینێکى جیاواز کۆبکاتەوە، نەفرەت لە یاسای لەسێدارەدان بکەین. هەر لە قۆناخی ئێستادا بە گوێرەی راگەیاندنی ناوەندی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە ١٠٠ کەس لە چالاکوانانی سیاسی گەنجان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هەڕەشەی لە سێدارەدان دان. ناکرێت ئەم ١٠٠کەسەش هەر وەک تێکۆشەرانی رابردوو بهێڵدرێت لە سێدارە بدرێن. نزیکەی مانگێک لەمەو پێش هەواڵی ئێعدامی سێ چالاکی سیاسی رامین حسێن پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی کۆی کۆمەڵگەی کوردستانی تووشی نیگەرانی کردو خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کورد لەژێر ناوی هەر بۆچوون و بیروباوەڕێک لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هاتە دەنگ و نیگەرانی و پەرۆشی لە جێبەجێکردنی ئەم ئێعدامانەو مووشەک باران بۆ سەر دوو حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بە مانگرتنێکی بەرینی جەماوەری دایەوە. کە ئەمەش نیشانەی یەکگرتوویی و هاوخەباتی لە تێکۆشاندا باشتر دەرخست هەروەها ئاستی بەرزی وشیاری خەڵکی ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و دەرەوەی ئێرانی نیشانی ڕای گشتی دا. پێش لە جێبەجێکردنی حوکمی ئەو سێ چالاکە کوردەی ناویان هات شاهیدی دەیان جۆری کەمپەین و ئاکسیۆن و هەوڵ و چالاکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووین و تەنانەت لە ناوخۆی کوردستانیشدا بەو دۆخە ئەمنییەتییەی زاڵ بووە. هەربۆیە هێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردو گەلانی ئێران بەرەو بەهێزبوون وهەڵچوونی شۆڕشگێڕانەی زیاتر هەنگاودەنێت. لە چەند ڕۆژی لە مەوبەر کە بە پێی ئەوهەواڵ و دیکۆمێنتانەی کە لە ناوخۆی ئێران و لەشارەکانی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە لە١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی ٨ی ئۆکتۆبەر لە زۆربەی شارەکانی ئێران و لە شارەکانی کوردستان و لەوانە لە سنە، سەقز، بانە، کرماشان، مەریوان و بازاڕییان وکاسبکارانی ئەو شارانە بەداخستنی دوکان وبازاڕ مانیان گرتووە ئەم مانگرتنە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرانی سەرسووڕهێنەر لە ئێران کە خۆی دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەو نابەرپرسانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی یە وهاوکات پشتیوانی یە لەمانگرتنی خاوەن لۆڕییەکان کە ئەوە بۆ ماوەی١٦ ڕۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن و لەبار لێدان وگواستنەوەیان خۆیان بواردووە. پێویستە ئەم ناڕەزایەتیانەی ناوخۆیی ئێران باشتر بکرێت بەوەی خەڵکی ناڕازی لە سیستەمی چەوسێنەری ئیسلامی لە سەرجەم شارەکاندا ڕێکخراو بکرێت لەلایەن خودی خەڵکی ناڕازێ وە لەناو کارگەکان و لەناو بارهەڵگرەکان و لە ناو کوچە وخیابانەکانی سەرجەم شارەکاندا لەلایەن کەسانی وشیار بۆ ئەوەی ئاراستەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرژەوەندی و سوودی تەواویی خەڵکی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان وەرچەرخێت. لە قۆناغەکانی داهاتووی تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکدا ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەم و دەسەڵاتدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گۆڕبندرێت و بڕوخێت و لەدواییدا خەڵکی خۆیی بەتێکۆشانی یەکگرتوانەی ئازادیخوازانەی جۆرە سیستەمێک دابمەزرێنێت کەبە جۆرێک بێت ئازادی و بەرابەری بۆ هەموو گەلانی ئێران بەبێ جیاوازی بەدی بهێنێت. .

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٨ کە بەرواری ١٥ی ئۆکتۆبەر بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەشمەینەت ڕەوایە! …

جارێکیتر ناوەندی شاری سلێمانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەخۆوەگرت. جەماوەرێک کە لەتاو هەژاری و بێکاری و بێموچەیی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *