Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 تیرۆریی سەردەشت عوسمان، تیرۆریی دەنگی ئازادو دەنگیی ناڕازییە! …

تیرۆریی سەردەشت عوسمان، تیرۆریی دەنگی ئازادو دەنگیی ناڕازییە! …

تاهیر عیسا

دەساڵ لەمەوبەرو هاوکات و هێشتا لەم سەروبەندەدا گەنجێکی تازە لەهەڕەتیی لاوێتیی دڵشکاویی تاسەر ئێسقان یاخیی لەنابەرابەریەکانیی کۆمەڵگاکەی، لەدڵەڕاوکەی هات ونەهاتیی جەلادەکانیدایەو سەرباریی ئەوەی باش دەزانێت دەسەڵاتدارانی جینایەتکاریی شارو وڵاتەکەی بەرگەی تەنانەت خامەیەکی ئازادو هۆشێکیی وشیارو خاوەن خەون وخولیاو فەنتازیا، ناگرن، بەڵام ئەو هێشتاش دەیەوێت گرەو لەسەر گەورەترین سەرمایەی خۆی بکات و بە ئازادیخوازانی کوردستان و جیهانی بسەلمێنێت، کە کوردستان لەسایەی دەسەڵاتێکی مافیایی لەمجۆرەدا چخەڕابات و چوێرانەیەکی تڕاژیدیا ئامێزەو بە ئاشکرا داوا لە بکوژەکانی ئەکات کە مەرگێکی شایستە بە ژیانەکەی پێ ببەخشن و لەنووسینێکیدا ،ئەڵێ:- (دوعا دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت. بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن گەنجەکانی ئەم وڵاتە چ ھۆلیسۆسێکن و مردن سادەترین ھەڵبژاردنیانە، بۆئەوەی تێبگەن کە ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داھاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم) بەخەندەوە بۆ هەمیشە لەباوەشیی خێزانە ئازیزەکەیدا ماڵئاوایی دەکات و بەرەو پیریی مەرگێکیی پڕلە حەسرەت و مەخابن ئامێز هەنگاو هڵدەگرێت و بۆ هەتا هەتایێ، لەخۆشەویستیی پوورە سێوێ و مام عوسمان و ئازیزانیی دیکەی بێبەشی دەکەن!

گەنجێکی دڵپڕ لەهیوای  بیست ودوو بەهاریی،  بەخەندەوە دوای کۆڵێک ڕەنج و ماندوو بوونی شانزەساڵیی خوێندن و شەونخوونیی و شانزە ساڵیی شەوانیی ساردو سڕیی زستان و شەوانیی بێ نەوتیی و وبێ زۆپاو بێ کارەبایی ولە ژێر ڕۆشنایی فانۆس وچراڕەشکەدا، شانزەساڵیی سەدان وهەزاران بای ساردوگەرم، نەبوونیی ومەینەتیی، شانزەساڵیی هەڵچنینی دەیان و سەدان کۆشکی خەیاڵیی لەناو خەیاڵدانیی خوێندکارێکیی بێنازیی کووچەو کۆڵانە قوڕاویەکانیی حاشیەی شارەکەیدا، بیست ودوو ساڵیی زەحمەت و مەینەت وڕەنجکێشیی  پوورەسێوێ و مام عوسمان لەپەروەردەو گەورەکردنیی ڕۆڵەکەیاندا، دوای ئەم هەموو زەمەنە لەچاوڕوانیی بەدیار ڕۆڵەی جگەر گۆشەکەیانەوە دوای ئەو هەموو دوعاو نزایەی هەموو  ڕۆژێکی پێنج نوێژەی سەربەرماڵەکەیان، لەبریی ئاهێک و هەناسەهەڵکێشانێکی بەختەوەریانەی دوای تەخەڕوج ودامەزراندنیی، لەدواساتەکانی تەمەنیاندا بەر لەگەیشتن بەمەرام ومرادیی ڕۆڵەکەیان، بۆ یەکجاریی دڵی گەورەیان وەکۆست وناسۆرخستن و بۆهەتایا دڵگۆشەو جگەرگۆشەکەیان لەژیان سڕینەوە.

سەردەشت، عوسمان، ئەولاوە دڵپڕ لەهیوایەی، لەنووسینە قووڵ و پڕ لە ڕەخنە ئامێزو پڕلەواتاو مانابەخشە ئازدیخوازیەکانیی دیارە، بەو تەمەنە کەمەوە، چسەرمایەیەکی گەورەی ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی کۆمەڵگای کوردستان، تیرۆرکراوە!

تیرۆریی سەردەشت، بەر لەوەی تیرۆریی کەسێک و ڕۆژنامەوان و قەڵەم بەدەستێک بێت، تیرۆریی هەر کەسێکە لەکۆمەڵگای کوردستاندا، کە سەردەشت ئاسا لە دۆخیی خراپیی ئابووریی خۆی و خێزان و کەس وکارو کۆمەڵگاکەی ناڕازییە!

ئاخر سەردەشت لەنامەی، من عاشقی کچەکەی بارزانییم، بەڕۆشنیی ئەم ناڕەزایەتییە هەمەگیرە، لەدۆخیی خۆی وخێزانیدا، کە لەدۆخیی باوکیی وەک پێشمەرگەی ئەیلوول و پشتگوێخرانی خزمەتەکەی بەدەلیلی ئەوەی کە پارتیی نییەو دۆخیی  براکەی کە خوێندنیی تەواو کرووەو بێ ئیشەو دەیەوێت بەقاچاخ بڕوات بۆ هاندەران و دایکی کە نەخۆشیی شەکرەو دڵ و زەختی هەیەو پارەی نەشتەرگەریی دەرەوەی وڵاتیی نییە …..بەڕۆشنی بەرچاودەکەوێت!

دیارە مەبەستیی ئەم نامەیەش هەر بەتەنیا ناڕەزایەتیی لەدۆخیی خێزانیی خۆی نییە، بەڵکو ئەو دەیەوێت لە ڕێگای ئەونامەیەوە بەبیرێکی قووڵ وداڕشتنێکی فەنتازیی تەوسئاسای پڕ لە واتاو مەبەستەوە، ڕەخنە لەدەسەڵاتێکی سەرووی خەڵکی بگرێت، کە قڵشتێکی گەورەی چینایەتیانەیان لەنێوان خۆیان و چین و توێژیی مەحڕوومی خوارەوەدا دروست کردووە، کە بۆ هەر هۆشێکی وشیاریی وەک سەردەشت ئاسا، مایەی قبووڵ کردن نییە.

بنەماڵەی بارزانیی، ئەگەرچیی سەرەتا لەژێر فشاریی ناڕەزایەتیی بەرفراوانیی خەڵکی کوردستانداو هاوکات وهاشانیی ناڕەزایەتیی خەڵکیش  بزووتنەوەی گۆڕان لەو سەردەمەدا وەک هێزێکی پۆپۆلیست دەیەویست لەڕێگای سەردەشت عوسمانەوە مانۆریی سیاسیی خۆی تێدا بباتە پێش و دواتریش لەدوای جەڤدەی شوباتیی ۲۰۱۱ داو تەواویی ئەوانەش کەلەو ڕۆژەدا و لەڕۆژانی دواتریشدا گیانیی خۆیان بەخشیی کرانە دەستمایەی بردنە پێشیی مەرامە سیاسیەکانیان وتەنانەت بەگێرەشێونیش پێناسەدەکران، لەسەر مێزەکانیی کەین و بەینیی ژێر بەژێر لەگەڵ دەسەڵاتدا بۆیەکجاریی لەبیرکران،

حاشاییان لەتیرۆرکردنەکەی دەکردو هەر لەژێر ئەو فشارەدا ناچار بە پێکهێنانیی لوجنەو لوجنەکاریی بۆ تەحقیقات وبەدواداچووندا کران، دواتریش دادگای بارزانی و بنەماڵەو حیزبەکەیان جارێکی دیکە بەداتاشینی تۆمەتیی هەڵبەستراوو ناڕەوا، سەردەشتیان تیرۆر کردەوەو  زیاتر ڕووی دزێوویی بنەماڵەو حیزب ودادگاو ڕێساو یاساکانیشیان ، لەبەرچاویی سەردەشت دۆست و ئازادیخوازە ناڕازییە سەردەشت ئاساکان، باشترو ڕۆشنتر ئاشکراکرد!

بەڵام دوای ئەوەی پلانیی گڵاویان لەڕەوتیی لوجنەکاریدا سەری نەگرت و ئەو تیرۆرستەی بۆ تیرۆریی سەردەشتیان داتاشیی بوو، بەرلەتیرۆرکرانی سەردەشت لەسەر کاریی تیرۆریستی گیرابوو، دەستیی گڵاوی لوجنەو دادگا ڕیسواو ڕەزیلەکەشیان ئاشکرابوو!

لەدوای ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات و بەلاڕێدابردنیی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانیی ئەو سەردەمەو سواربوونیی بزووتنەوەی گۆڕانی سەرشەپۆلەکەو چوارساڵ شەقامیی ئارامیی نەوشێروان مستەفاو بێ ئومێد بوونی خەڵکی کوردستان لە بردنە پێشیی ناڕەزایەتیەکان وکۆچی بەلێشاویی گەنجان ڕووەو هاندەران، دۆخێکی خراپیی بەقازانجی دەسەڵات وبزووتنەوە ناڕازییەکان و بەتایبەتیش سەردەشت عوسمان پێک هێناو وای لێهات لەو هەل و مەرجەدا پارتیی وبارزانچییەکان لە لێدوانی ژێر بەژێریی لێرەو لەوێدا، دان بەتیرۆریی سەردەشت عوسماندا بنێن!

ئەمەش لەلایەک ترسێکیان لەشەقام نەمابوو، لەلایەکی تریش بۆ ئەوەی تیرۆریی سەردەشت، هەروا بۆ دەسەڵاتێکی تۆقێنەریی ئازادیکوژ، بێ مەبەست وبێ ئامانجێکی ناڕوون وناڕۆشن بەهەڵواسراویی نەمێنێتەوەو بەفیڕۆنەچێت و لەکارەگڵاوەکەیان بەرهەمێک بچننەوەو پەیامێکی ئاگرینیش بێت بۆ هەر کەسێکی دیکە، کە سەردەشت ئاسا و بەڕۆحیی سەردەشتیانە ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە دژە ئازادیی و دژە ئینسانییە دەبێتەوە.

لەکۆتاییدا هەرکەسێک کە کەم تازۆرێک ماهیەتیی ئەم دەسەڵات و حیزب و بنەماڵە مرۆڤکوژانەی ناسیبێت، کە دەستیان سوورە بەخوێنیی  دەیان وسەدان کەسایەتیی ئازادیخوازو چە پ وکۆمۆنیست وقەڵەم بەدەست، هەر لە نەزیر عومەرو ڕێناسیی سەردەمی بەرەی کوردستانییەوە هەتا محەمەدی حەلاق و هاوڕێکانیی و شاپوورو قابیل وسۆرانی مامەحەمەو عەبدول سەتار شەریف و کاوە گەرمیانیی و ویداد حوسێن و شوکریی ئامێدیی ودەیان وسەدانی تر … کە تاوانیان تەنیاو تەنیا  ڕەخنە لەناعەدالەتیی و نایەکسانیەکانی ناو کۆمەڵگاو دەسەڵات وحیزبە دژە ئازادیی و دژە ئینسانیەکانیان بووە، لێگەڕێ بەسەریاندا تێپەڕبێت و چاوپۆشیی لەڕابردووە پڕلە جینایەتەکانیان بکات ، بەبێ شک وەک مرۆڤێکی خاوەن هۆش و ویژدان، دەکەوێتە ژێر پرسیاریی مێژووەوە!

03.05.2020

 

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *