Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 خه‌ڵك به‌ سه‌د زمان به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردایه‌تی ئه‌ڵێ بڕوا و به‌رۆكی به‌ردا! …

خه‌ڵك به‌ سه‌د زمان به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردایه‌تی ئه‌ڵێ بڕوا و به‌رۆكی به‌ردا! …

جه‌مال موحسین

له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو ڕۆژه‌ی دواییدا و له‌به‌رامبه‌ر نه‌دانی موچه‌ و دابین نه‌بوونی پێداویستیه‌كانی ژیان و خزمه‌تگوزاریه‌كاندا، له‌ شاری سلێمانی شاهیدی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بووین. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ڕێی ئاسایش و هێزه‌ میلیشیاییه‌ تایبه‌ته‌كانیه‌وه‌ كه‌وته‌ په‌لاماردان و ته‌قه‌كردن و ڕشتنی غازی فرمێسكڕێژ دژ به‌ ناڕازیان.

ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری و توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌شی كوردستان ملی ناوه‌ به‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ پێناچێ تاكو بێمافی و برسیكردن و هه‌ژاركردن هه‌بێ دابمركێته‌وه‌ و ژیله‌مۆی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ هه‌رجاره‌ و له‌ شوێنێكه‌وه‌ ئه‌گه‌شێته‌وه‌.

مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی كه‌ له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی بێبه‌ش و برسیكراودا قه‌راری گرتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆخێكی پڕ قه‌یران و كێشه‌ و ده‌رده‌سه‌ری و به‌ڵا سایه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا كێشاوه‌. له‌لایه‌ك قه‌یرانی ئابوری و په‌لكوتانی ده‌سه‌ڵات له‌ ئاسته‌نگی له‌ دانی موچه‌ و دابینكردنی بژێوی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و دابینكردنی پێداویستیه‌كانی له‌ چه‌شنی كاره‌با و ئاو و پێداویستیه‌ ته‌ندروستیه‌كان و خه‌سته‌خانه‌كان و خوێندن و په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری بێكاری … هتد. و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نوقمبوونی كۆمه‌ڵگا له‌ جۆره‌ها نه‌خۆشیدا و جگه‌ له‌ په‌تای كۆرۆنا كه‌ په‌یتا په‌یتا مه‌رگ وه‌ك میوانێكی نه‌گریس ئه‌باته‌ ماڵی زۆربه‌ی هه‌رزۆری خه‌ڵكه‌ هه‌ژار و نه‌داره‌كه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش بچوكترین به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به‌ ته‌ندروستی و ژیانی خه‌ڵك نیشان نادات. مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ندیش هه‌میشه‌ گێرمه‌وكێشه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و سه‌رئه‌نجام به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌دا شكاوه‌ته‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ ژیانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی هاڕیوه‌ و له‌به‌رده‌م ده‌ستاڕی نه‌هامه‌تیه‌كاندا دایناوه‌.

زۆر له‌ مێژه‌ ئه‌م دۆخه‌ خه‌ڵكی كوردستانی توڕه‌ و ناڕازی و پڕ نه‌فره‌ت له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كردووه‌ و هه‌رجاره‌و به‌ شێوازێك ناڕه‌زایه‌تیه‌كان خۆیان نمایش كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا و له‌م هه‌لومه‌رجه‌ تازه‌یه‌دا جارێكی تر ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ قوڵپ ئه‌ده‌ن له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ په‌رله‌مانی عێراق یاسای قه‌رزكردنی به‌بێ ڕازیبوونی سه‌رانی بورژوازی كورد تێپه‌ڕاندووه‌. ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ی نێوان بۆرژوازی كورد و بۆرژوازی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق دیسان خه‌ڵكی خستۆته‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری دان و نه‌دانی موچه‌وه‌وه‌. سه‌رانی ده‌سه‌ڵات و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناكام ماونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی ته‌نانه‌ت موچه‌ به‌وجۆره‌ نیوه‌ناچڵ و كه‌موكوڕیه‌ش بده‌ن. یاخود هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ژێر باری ناڕه‌زایه‌تیدا هی مانگێكیش بده‌ن خۆ مه‌سه‌له‌ی دانی موچه‌ی ته‌واوی مانگه‌كانی ساڵ و موچه‌ نه‌دراوه‌كان له‌ ژێر ناوی پاشه‌كه‌وتدا و مه‌سه‌له‌ی دابین نه‌بوونی پێداویستیه‌كانی تری ژیانی خه‌ڵك هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌م جه‌ماوه‌ری مامۆستا و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر و كرێكاری زیاتر له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بێومێد كردووه‌ و په‌ره‌ی به‌ ناڕازیبوونیان داوه‌، و هه‌میش ڕووی داوای به‌ده‌ستهێنانی موچه‌ و كرێی له‌ ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تی به‌غدا كردووه‌.

ته‌واوی باڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی بۆرژوازی كورد، به‌ ته‌وژمه‌ به‌ ڕواڵه‌ت جیاوازه‌كانی ناو پارتیه‌وه‌، به‌ باڵه‌ جیاجیاكنی ناو یه‌كێتیه‌وه‌، به‌ گۆڕانه‌وه‌، چ به‌و باڵه‌ی له‌ ناو په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تدایه‌ و چ به‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌ و به‌ جۆرێك هێشتا ئه‌یه‌وێ خۆی به‌ توڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا هه‌ڵواسێ، به‌ ئیسلامیه‌كان و نه‌وه‌ی نوێوه‌ هه‌موو ئه‌یانه‌وێ جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌شی كوردستان، مامۆستایان و كارمه‌ندان له‌ گێژاوی دان و نه‌دانی موچه‌ و هاتن و نه‌هاتنی له‌ به‌غداوه‌ گرێ بده‌ن. جیا له‌وه‌ هیچ ڕێگایه‌كی ده‌ربازبوونیان له‌ كێشه‌ و موسیبه‌ته‌كانی سه‌ر كۆمه‌ڵگا پێ نییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ ئه‌م دۆخه‌ گۆمێكی باشی بۆ مه‌له‌كردنی ئه‌وان سازداوه‌. ته‌واوی كایه‌ی سیاسی حزب و لایه‌ن و باڵه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی بۆرژوازی كورد هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ خه‌ڵك له‌ چاوه‌ڕوانیدا ڕابگرن و هاوكاتیش چاوله‌ده‌ستی چینی باڵاده‌ست و پێكهێنه‌ه‌ره‌كانی بكه‌ن.

جه‌ماوه‌ری كرێكار و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا هوشیاریی ده‌رككردنی ئه‌و ڕاستیه‌یان هه‌یه‌ بۆیه‌ هه‌ر بوارێك به‌ ڕوویاندا بكرێته‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی و نه‌فره‌ت و توڕه‌ییان ده‌رئه‌بڕن. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌ ڕاستی مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر دان و نه‌دانی موچه‌ و وابه‌سته‌بوونیه‌تی به‌ حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه یاخود ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌؟! جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌شی كوردستان زۆر له‌ مێژه‌ ده‌ركی ئه‌و ڕاستیه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌ كوردستان كه‌سانێكی كه‌م و چینێكی كه‌مینه‌ له‌ سه‌روه‌ت و ساماندا نوقم بوون یان فڕیونه‌ته‌ ئاسمان و زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگاش داته‌پیونه‌ته‌ بنی بنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و موحتاجی نانی ڕۆژ و سه‌قفێكن خاووخێزانیانی تێدا بپارێزن. له‌وه‌ش واوه‌تر خه‌ڵك ئه‌زمونی ٣٠ ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كوردیان هه‌یه‌ كه‌ دزی و تاڵانی ئه‌كات، له‌ به‌ری ڕه‌نجی خه‌ڵك ئه‌خوات، چینێكی دروست كردووه‌ كه‌ ئه‌توانێ ته‌لبه‌دنی شاره‌كان بكات و بیكاته‌ موڵكی خۆی كه‌چی خه‌ڵك وێڵی دوای بستێك زه‌ویه‌ تێیدا بحه‌وێته‌وه. ‌چینێكی كه‌مینه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سازگارترین هه‌وا و سه‌یران و خۆشی وڵاتانی دنیادا كاته‌كانی به‌سه‌رئه‌بات كه‌چی خه‌ڵك له‌ كوردستان موحتاجی ئۆكسجینه‌ و گه‌ر له‌ ژیاندا بمێنێ ئه‌بێ به‌ هه‌ناسه‌سواری به‌سه‌ری به‌رێت. كێشه‌ی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م قڵشت و جیاوازیه‌ چینایه‌تیه‌یه‌.

هه‌ربۆیه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌مه‌نی خۆی كردووه‌ و ته‌واو بووه‌. تازه‌ هیچ ڕتوشكاریه‌ك ناتوانێ له‌ چاوی خه‌ڵكێكی موحتاجكراودا جوانی بكات. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ ته‌واو بووه‌ ئه‌بێ بڕوات و جێگه‌كه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری و ڕاسته‌وخۆ و سه‌ربه‌خۆی خه‌ڵك بگیرێته‌وه‌. به‌ڵام نه‌ فڕكه‌فڕی به‌رد و نه‌ باره‌گا سوتاندن و نه‌ هیچ یه‌كێك له‌و شتانه‌، هه‌رچه‌ند له‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ده‌وای ده‌ردی خه‌ڵك ناكات. خه‌ڵك پێویسته‌ له‌ شوێنی كار و ژیانیدا یه‌كه‌كانی خۆڕێكخستنی دابمه‌زرێنێ، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بچێته‌ پێشه‌وه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك له‌ هه‌ر فه‌رمانگه‌ و ناوه‌ندێك پێی ئه‌كرێ ده‌ست به‌سه‌ر داهاتدا بگرێ و به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ره‌كانی خۆیدا دابه‌شی بكات. كاتیه‌تی به‌رده‌كانی بناغه‌ی خۆڕێكخراوكردن و یه‌كگرتووبوون دابنێین، ده‌سه‌ڵات له‌ خواره‌وه‌ پیاده‌بكرێ و جێ به‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا_ناسیۆنالیزمی كورد لێژ بكرێ.

٤ی دیسێمبه‌ری ٢٠٢٠

About hkkk

Check Also

نەهرۆی کەسنەزانی و سەرانی یەکێتی نیشتمانی! …

سەردارعەبدوڵا حەمە … لەبۆپێشەوەی ژمارە ٩٠ دا بڵاوکراوەتەوە دەسەڵاتی بۆرژوازی لە کاتی قەیرانەکاندا کە رووبەڕووی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *