Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراو زامنی موچە و خزمەتگوزاریەکانە! …

خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراو زامنی موچە و خزمەتگوزاریەکانە! …

عەبدوڵا مەحمود

ساڵی ٢٠٢٠ تەنها هەشت موچە دابەشی سەر موچەخۆران کراوە، لەو هەشت موچەیەش سێ موچەی هی ساڵی ٢٠١٩ بووە، واتە لە ساڵی رابردودا تەنها پێنج مانگ موچە دابەشی سەر موچەخۆرانی هەرێم کراوە، لەو پێنج موچەیەش کەدابەش کراوە چەند مانگێکی بە لێبڕینەوە بووە.

ئێستا کە چوینەتە ناو ساڵی ٢٠٢١ وە، هیچ ئاسۆیەک بۆ پێدانی موچەی مانگەکانی ئەمساڵ دیار نییە و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمیش، هیچ نەخشەو پلانێکی دیاریکراو و ڕۆشنی بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران نییەو چاوەڕوانی بەدیهاتنی ئەو ئەمماو ئەگەرانەیە، کە هیچ بنەمایەکی نییەو ناتوانێت وەڵامدەرەوەی کیشەی موچەخۆران بێت. ئەگەر بەغدا پارەی نارد، ئەگەر داهاتەکانی کۆکرانەوە، ئەگەر یاسای بودجەی ٢٠٢١ بە ویستی هەرێم تێپەڕێت، ئەگەر نرخی نەوت زۆر بەرزبێتەوە… ئەم ئەمما و ئەگەرانە، ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەم ساڵیشدا رۆڵی چاوەڕوانی و بێدەبەستی دەگیڕێت و خاوەنی هیچ نەخشەیەک نییە.

بێ باکی دەسەڵات بەرامبەر بە موچەی فەرمانبەران، کە نەک داخوازی، بەڵکو مافێکی بی ئەولاو لاو بێ مەرج و هاوکات مافی بەشێکی کەم لە ماندوبوون و حاسڵی کارو زەحمەتیانە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تاڵانچێتی دەسەڵاتەوە هەیە.

نوخبە “ئیلیت” ی سیاسی دەسەڵات و دەوروبەریان، کە ژیانێکی شاهانە و فیرعەونانەیان لەڕێگای دەست بەسەراگرتنی داهات و بازار و بەتاڵانبردنی دەسترەنجی چینی کریکارو بێبەشاندا، بۆخۆیان خوڵقاندووە، ناتوانن لە دۆخی سەخت و ژیان و گوزەرانی ملیۆنی خەڵکی کوردستان تێبگەن. بەکردەوەش نیشانیان داوە، بەرنامەو نەخشەی وەڵامدانەوە بەسەرەتاییترین داخوازی و خزمەتگوازرییەکانیان نییە.

لەدواین دیداری شاندی هەرێم لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دا لەگەڵ شاندەکانی بەغدا، وەفدی هەرێم بەڵێنی رادەستکردنی ٢٥٠ هەزاو بەرمیلی رۆژنەی بە سۆمۆ و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکانی بە بەغدا داوە تا لە بەرامبەردا، بەغدا موچەو شایستە داراییەکانی تر بداتە دەسەڵاتی هەرێم، کەچی تا ئێستا دەسەڵاتی هەرێم پابەند بەو بەڵینەی نەبووەو تاکە لیترێک نەوتی رادەستی سۆمۆ نەکردووە، هەروەها نیوەی داهاتی خاڵ و دەروازە سنورییەکانی هەرێمیش زۆتر لە مەتەڵ دەچێت، چونکە کەس نازانێت داهاتی خاڵە سنورییەکان لەناو ئەو هەموو دزی و تاڵانچێتیە عەنتەریەی بەرپرسەکانی حزبدا، چەندە و چۆنە؟ وە چۆن دەکرێت حکومەتێکی دیکۆر و کارتۆنی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی بەرپرسە حزبیەکانی زۆنەکان بکات، کەخۆی موچەخۆر و گوێرایەڵی حزب و بنەماڵەکانە.  

لە ئێستادا کە پرۆژەی پێشنیاری بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لە ئارادایەو بڕیارە پەرلەمانی عیراق پەسەندی بکات، دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، چاوەڕوانی ئەوەیە، ئەم پرۆژە یاسایە وەکو خۆی تێپەڕیت، چونکە پرۆژە یاسا پێشنیاریەکە پشکی بودجەی هەرێمی بە زیادەیەکی بەرچاوەوە بە پێوەری ژمارەی دانیشتوانی باقی شارەکانی تر، تەنانەت بە بەرواود بەبەغدای پایتەخت و موسڵی وێرانکراویش، زۆرترە…*

 

دیارە دانانی ئەم بودجەیە وەکو پشکی هەرێم، لە بنەرەتدا سیاسیەو هێزو لایەنە سیاسییە عێراقیەکان لە هەلومەرجی ئێستادا و بەپێی هاوسەنگی هێز و ناسەقامگیرییەک کە هێشتا عێراق پیایدا گوزەر دەکات، دەیانەوێت ئیمتیاز بدەن بەهێز و لایەنە دەسەڵات بەدەستەکانی هەرێم. بەگرتنەبەری ئەم سیاسەتەش لەلایەکەوە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لەمامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەخەنە پشتی خۆیان و لەلایەکی تریشەوە خەڵکی کوردستانی توڕە لەدەسەڵاتی سیاسی هەرێم خاترجەم دەکەنەوە کە لە ململانێی هەرێم و بەغدادا، بەغدا سازشی کردووەو ئەوە هەرێمە مل بە ڕێکەوتنامەکان و دەستور!! نادات.

دیارە گومان دەکرێت کە ئەم پرۆژە یاسا بودجە پیشنیارییە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەو جۆرەی پێشنیار کراوە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، هاوکاتیش گومان دەکرێت دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان رادەستی بەغدا بکات.

هێزو لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە پەرلەمانی عێراقدا، هەمان ئەو ڕوانین و بۆچونەیان نییە، کە لەدەرەوەی پەرلەماندا هەیانە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کەئەو لایەنە سیاسیانە بەشدارن لە دارشتنی پرۆژە پیشنیارییەکی مەوازنەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دا، بەڵام لەناو پەرلەماندا لە ڕیگای مامەڵەی یاسایی!! و دەستور!!ی، ڕیگە نادەن پشکی بودجەی هەرێم لە پشکی بوجەی شارێکی نزیک نۆ ملیۆنی وەکو پایتەختی عێراق زیاتر بیت.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێمیش، بەجیا لەوەی هەمیشە پێداگری لەسەر پابەند بوون بەدەستور و ریکەوتنامەکان لەگەڵ بەغدا دەکەن، بەڵام ئەو راستیە سادەیە تێدەگەن، کە ئەگەر ئیستا مل بۆ رادەستکردنی نەوت بۆ سۆمۆ و رادەستکردنی نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان بە بەغدا بکەن، ئەوە برگەیەکی ترە لە کورتکردنەوەی دەسەڵات و قەڵەمرەوی سیاسییان و رۆڵ و ئەو سەربەخۆییە سیاسیەی تا ئێستا بویانەو بۆیان چۆتە سەر بەرەو لاوازی زۆرتر دەبرێت و هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم مەترسیەش لەسەر دەسەڵاتیان درک دەکەن، بۆیە ئەستەمە بە کردەوە مل بە ویستەکانی بەغدا بدەن، بەتایبەتیش کە تا ئێستا لەلانی کەمی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بەهرەمەندن… بەڵام بێ گومان ئەم پێگەیەی ئێستایان وەکو خۆی نامێنێتەوەو رۆژ بەرۆژ رەوتی داکشان و داکوژان دەپێوێ.

ئەوەی لەم نێوەدا رۆشنە، هەرێم و بەغدا بەهەر ڕێکەوتن یان سازشێک بگەن و ئەم برگەیەش وەکو ساڵانی رابردوو بە ململانێی و کیبەرکێی، درێژەی دەبێت و لەوەش زیاتر ئاسۆیەک بۆ باشتر بوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی نییە. ئەمەش تورەیی و نەفرەتی جەماوەری ملیۆنی بێبەشی کورردستان لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەباتە سەر. تەنها ڕیگایەک کە بتوانێت هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بێبەشان بەتایبەتیش موچەخۆران، کەمێک باشتر بکات، لە مەیدان دابوون و بەردەوامی دانە بە خەبات و تیکۆشانی بەنەخشەو رێکخراو، کۆبونەیەوەیە لەدەوری ئاسۆی سۆشیالیستی و راماڵینی دەسەڵاتی مافیایی بۆرژازی کوردە.  

  • خشتەی یەک… پرۆژەی قانوونی مەوازەنەی ساڵی ٢٠٢١

About hkkk

Check Also

٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان گرنگی و کورتەیەکی مێژوویی …

نوری بەشیر: ٨ی مارس چ رۆژێکە؟   ٨ی مارس رۆژی هاتنەمەیدانی نێونەتەوەیی ژنان و پیاوانی کرێکار …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *