Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دنیایی شارستانی دەتوانێت سنورێک بۆ تراژیدیای ئینسانی ڕەوی بەکۆمەڵ لەم دۆزەخە دابنێ!

دنیایی شارستانی دەتوانێت سنورێک بۆ تراژیدیای ئینسانی ڕەوی بەکۆمەڵ لەم دۆزەخە دابنێ!

هەڵومەرجی مەینەتباری جەنگ و کوشتارو نائەمنی، لەپاڵ بێکاری و هەژاری و گرانی و بێمافی هەمەلایەندا، شەپۆلێکی بەرین و نەپساوەی ڕەو و کۆچی بە کۆمەڵی ناچاری بەدوای خۆیدا هێناوە. چەند مانگی ڕابردوو، دنیا بۆتە شانۆی کۆچێکی بە کۆمەڵی خەڵکی وڵاتانی باکوری ئەفریقا، سوریا، عیراق، پاکستان وکۆسۆڤۆ.. چەند وڵاتێکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕوکردنی ناچاری ئەم ئینسانانە لەپێناو ژیانێکی باشتر و ئینسانی تر لە وڵاتانی ئەوروپادا، و بۆ رزگاربوونیان لە دۆزەخەی دەسەڵاتی ناسیونال-ئیسلامی و ئیسلامیە هەوسار پچراوەکانی دەست پەروەردەکراوی ئەمریکاو غەرب کە خۆیان خوڵقاندویانە، لەجیگای ئەوەی جێگای پشوازی بن و مافی پەنابەرێتی فەرمیان پێبدرێت. لە جێگای ئەوەی کەمێک ویژدانی خەوتویان بێداربکاتەوەو چاوی بینینی ئەو دۆخەیان هەبێت کەئەم خەڵکە توشی هاتوون، لەجیاتی ئەوەی کارەساتە دڵتەزین و تراژیدیاکانی جینۆسایدی دەریاکان، ڕایان بچلەکێنیت… بێدەربەستانە نەک هەر دەرگایان بەرووی ئەو شەپۆلی پەنابەرانەدا داخستوە، بەڵکو پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانیان بۆ رێگەلیگرتن و دەستگیرکردن و دیپۆرتکرنەوەیان، گرتۆتە بەر. خەڵکی لەدۆزەخی جەنگ و بیمافی و دەسەڵاتی چنگ بەخوێنی ئیسلام و دەوڵەتە قەومپەرستە دیکتاتۆرەکان رادەکەن. بەناو کێڵگەی ئەلغام وشەپۆلی بێرەحمی دەریاکاندا گوزەر دەکەن. خۆیان ڕادەستی تۆرە مافیایی و قاچاغ چیانی بی ویژدان دەکەن… کەچی دۆزەخێک کە بەهۆی داخستنی سنورەکانو ترس لە پۆلیس و ترسی دەستگیرکردن و گیڕانەوەیان و بێسەرپەنایی و بێ وەڵامیان لەلایەن دەوڵەتەکانی ئەوروپاوە، دۆزەخێکی ترە… چ دنیایەکی سەیرە!! چ سەختیەکە گەڕان بەدوای ژیان و ئەمنیەتدا لە نێوان دوو دۆزەخدا…

لاشەی بێ گیانی مناڵانی کەنار دەریاکان لەپاڵ جەستەی ساردەوەبووی دەیان و ژن و پیاو و گەورەو بچوک، وە بوونیان بە خۆراکی گیانەوەرەکانی دەریا. تا دەگات بە خنکانی دەیان ئینسان لە ناو سەیارە بارهەڵگرە هەوابڕاو هەناسە خنکێنەکان…تاد، بەشیکن لە تراژیدیاو مەگەساتەکانی دنیای ئەمڕۆ. هیچ ویژدانێکی زیندو ناتوانێ بەرگەی بینین و بیستنیان بگرێت… کەچی دەوڵەتانی ئەوروپا و بانگەشەچیانی مافی مرۆڤیان، ویژدانی مردو و چاوی کوێر و گوێچکەی کەڕن، بۆ بینن و گویبیست بوونی هاواری ئۆردویەک ئینسانی ناچار بە راکردن کراو.

ئەم وڵاتانە لە کاتێکدا ئاوا مامەڵە لەگەڵ پەنابەران دەکەن، کە رۆژانە هەزارەها تەن لە چەک و باروت و بۆمب، دەنێرن بۆ رژێمە چنگ بەخوێنەکانی وڵاتانی ئیسلامی و ڕژێمە قەوم پەرستە مەرگ هێنەکان… فەرشی سور بۆ سەرانی چنگ بەخوێنیان دادەخەن… ملیۆنەها دۆلاو و یۆر سەرفی پاراستنی دەسەڵاتی خوێناویان دەکەن، هەموو ئەمە لە پێناو چاوچنۆکی و قازانچ پەرستی خۆیاندا دەکەن، کەچی ئامادەنین ماف بدەن بەو ئینسانانەی وێڵی دوای ژیان و عەدالەت و ئازادین.

ئەم مامەڵەی دەوڵەتانی ئەوروپا لە گەڵ پەنابەران، روویەکی شەرمئاوەر و دوو روویی دنیای ئەمرۆ نیشان دەدات. لە کاتێکدا بانگەشەی مافی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن و مافی ئینسانی پەنابەران لە کردەوەدا، لایان بایی پوشێک بایەخی نییە. ئەمە روویەکی شەرماوەری دنیای ئەمڕۆیە، بەڵام ئەمە هێشتا سیمای هەموو دنیا نییە. رویەکی تری جێگا شانازی ئەمڕۆ، دنیای شارستانی و ئۆردوی بێئەژماری ئینسانیەت و ئینسان دۆستتیە، کە شەرمەزارکردنی هەڵوێستی شەرماوەری دەوڵەت ئەوروپیەکان بە ئەرکی خۆیان دەزانن و بەکردەوە هەلگری ئازار و غەمەکانی ئینسانن. ئەم ئۆردووە لە دنیای شارستانی بۆ بەرگری لە مافی پەنابەران و گوشارهێنان بۆ وڵاتانی خۆیان بۆ وەرگرتنیان و دابینکردنی ژیانی ئەو ئینسانانەی ناچار بەراکردن کراون، هاتوونەتە مەیدان. خۆپێشاندانەکانی دنیای شارستانی بە دروشمی “بەخێربێن پەنابەران” پێشوازیان لە پەنابەران و ریسواکردنی سیاسەتی وڵاتەکانیان و راسیزمی هەوسارپچراویان… تا دەگات بە وەستانەوە بەرامبەر ئەم تراژیدیایانەی کە ڕۆژانە ڕودەدەن وە هاوکارییان لە بەتەنگهاتنی پەنابەران لەپاڵ دەیان کەمپین و گروپی ناڕەزایەتین لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە. نیشانەیەکی گەشی دنیای شارستانیە… ئێمە پێمان وایە ئەم هێزە ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستە تەنها هێزێکە ئەگەر زیاترو ڕێکخراوتر و لە ریزێکی سەربەخۆدا بێتە مەیدان دەتوانێت سنورێک بۆ هەموو کارەساتە مرۆییە دابنێت و ریگە لە روودانیان بگرێت. ئێمە لە ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لامان وایە کە دەبێت وڵاتانی ئەوروپاو یەکیەتی ئەوروپا بخرێتە ژێر گوشارێکی کۆمەڵایەتی فراوانەوە بۆ ئەوەی ناچار بەهەڵگرتنی خێرای ئەم هەنگاوانە بکرێن.

1/ دەبێت وڵاتانی ئەوروپا لە زوترین کات و بەبێ دواکەوتن دەرگاکانی بەڕوی ئەم لێقەوماوانە بکاتەوەو ڕێگاچارەیەکی فەوری بدزێتەوەو بۆ ئەوەی بە پارێزراوترین ڕێگا ڕزگاریان بێت و لە وڵاتەکانی ئەوروپا جێگاو ڕێگای باش و ژیانی ئینسانیان بۆ دابینبکرێت و مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت .

2/ بەرەی ئازادیخوازی دەبێت گوشارەکانی بۆ زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەتەکانی ئەوروپا پەرەپێبدات کە دەست هەلبگرن لە پشتیوانی وڵاتە دیکتاتۆرو کۆنەپەرستەکان و دەسەڵاتە ئیسلامیەکان، دەست هەڵبگرن لە ملهوری و نواندن و جەنگ خوازیان… کە هۆکاری سەرەکی نائارامی و خستنە رێی گۆماوی خوێنە لە زۆربەی ئەم وڵاتەنەدا، بە سەرهەڵدانی داعش و هاوشیوەکانیشیەوە…

رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٣ سێبتەمبەری ٢٠١٥

About hkkk

Check Also

دوو پارتی  سیاسی لە ئەڵمانیاو کەنەدا پشتیوانی خۆیان  بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان دەردەبڕن …

لەدریژەی کەمپەینی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستادا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لەناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و …