Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دەربارەی بارودۆخی سیاسی کوردستان و پرسی مووچەو ئایندەی ناڕەزایەتیەکان! …

دەربارەی بارودۆخی سیاسی کوردستان و پرسی مووچەو ئایندەی ناڕەزایەتیەکان! …

حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب

گفتوگۆی ژمارە یەکی ئۆکتۆبەر لە ١٠ی دیسەمبەردا ٢٠٢٠ دا دەرچووە

ئۆکتۆبەر: هاورێ عوسمان بارودۆخی سیاسی کوردستان لەئیستادا لەهەموو کاتێك لێڵترو ناڕۆشنترە. جێگەوپێگەی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوخوار هاتووە. گرێدانەوەی هەرێم بە دەسەڵاتی ناوەندەوە بەڕادەیەکە کە ئەگەر حکومەتی ناوەند مووچەی کارمەندانی کوردستان نەنێرێ، حکومەتی هەرێم خۆی ناتوانێ مووچەی کارمەندانی خۆی بدات؟ لەکاتێکدا پێشتر حکومەتی هەرێم تاڕادەیەك سەربەخۆییەکی ئابوری و سیاسی هەبوو وە بەوجۆرەی ئێستا نەبەسترابوەوە بە ناوەندەوە.. ئێوە ئەم باردۆخە چۆن لێکدەنەوەو هۆکاری ئەم گۆڕانکاریە بۆچی دەگەڕێننەوە؟

عوسمانی حاجی مارف : پێویستە بۆ بارگرژی ئەم هەلومەرجەی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، بچینەسەر ئەو پێشهات و چاوەڕوانیانەی کە ئەگەری ڕوودانیان هەیە، ئەویش ئەو گۆڕانکاریانەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت پێیداتێپەڕێت، بەتایبەتی دوای نۆ ساڵ لە شێواوی و گێژاوو جەنگێک کە دەرگیری سوریاو ناوچەکە بووە، وە بۆتە مەیدانی ململانێ و جەنگی نێوان ووڵاتە زلهیزەکانی جیهان. ئێستا چاوەڕوان دەکرێت چۆنیەتی دەخالەتی ئێران و تورکیا لەعێراق و دەوری ئەمریکا و روسیا لە ناوچەکە قۆناغێکی تازە بەخۆیەوە ببینێ، کە ناڕۆشنی ئایندەو مەوقعیەتی حزبەکانی کوردایەتی خستۆتە بەردەم قەیرانێکی قوڵترەوە، تائەو ئاستەی کە قابیلی داڕمان و هەرەسێکن کە ئەوسەرەکەیان نادیارە. بۆیە ئەو کێشەیەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند دایە کە بۆ چەندین جار بە ناوی بودجەو مووچەوە زەق دەبێتەوەو دوبارە دەبێتەوە، وە هەوڵدان بۆ ئاکامێکی ئەرێنێ بەئاراستەی چارەسەری ئەو کێشەیە هیچی لێ ڕەچاو ناکرێ، جگە لەوەی کە ڕێکەوتنێکی کاتیە و مانەوە لە دۆخی چاوەڕوانیدا درێژەی دەبێت، چونکە ئەوە ڕاستە کە مەسەلەی بودجەو نەدانی موچە بۆخۆی کێشەیەکە، بەڵام ناکرێ وەک کێشەیەکی سەرەکی  پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند لێکی بدەینەوە. ئەم کێشەیەی نێوان هەرێم و ناوەند کە بۆتە گرێ کوێرەیەک وە ژیان و گوزەرانی خەڵکی تیا بە بارمتە گیراوە، بە جۆرەها هێڵی سیاسی و دەخالەتی ووڵاتان و مەوقعیەتی تەواوی هێزەکان لە عێراق و کوردستاندا گرێ دراوە. لەهەر ئاڵوگۆرێکی سیاسی و ئاستی هاوسەنگی هێزەکان و دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە ئەم کێشمەکێش و بارگرژیەی نێوان هەرێم و ناوەند زەقدەبێتەوە، هەر بۆیە جگە لەوەی بودجەو مووچە کێشەیەکی سەرەکی نیە، بەڵکو دیاردەیەکە تەعبیرە لە ناجێگیری و گێژاوێکی سیاسی کە عێراق و کوردستان و ناوچەکە چەندین ساڵە دەرگیریەتی.

 هەر بۆیە گەر تەنها لە بازنەی بودجەو مووچەدا بسوڕێینەوە ناتوانین ئاکامێکی ڕۆشن لەسەر ئایندەی سیاسی کوردستان بدەین بەدەستەوە، لەهەمانکاتدا ناگەینە ئەو ئاکامەی کە جێگیری لەپەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند بەدەست بهێنین. ئەوەی کە ئایا ئەتوانن مووچە بدەن یان نا، هەرێم نەوت دەنێرێت یان نا، بە مانایەک دەتوانم بڵێم ئەم کێشەیە لەچاو گشتگیری هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەو دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو، ووڵاتانی ناوچەکە وە دەورو مەوقعیەتی هێزە سیاسیەکان، کێشەکان زۆر فراوانتر و بەرینتر خۆیان نیشان ئەدەن، تا ئەوەی بسوڕێنەوە بەدەوری ئەوەی بودجە دەنێرن یان موچە ئەدەن، بە بۆچونی من ئیمکاناتێک لە کەڵەکەی سەرمایە و تاڵانی و جەردەیی و قاچاغچێتی لە نەوت کە خودی  حیزب و هێزە سیاسیەکان زەخیرەیەکی بێشومارو وەهایان لەژێر زەمین و بانکە جیهانیەکاندا خەواندووە، زۆر باش دەتوانن بۆ چەندین ساڵ مووچە دابین بکەن. بە بۆچونی من دەتوانین بڵێین کێشەی تەواوی حیزب و هێزە سیاسیەکان و دەسەڵاتیان لە عێراق و کوردستاندا لە قەیرانێکدایە کاتێک دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزو وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت ناوچەکەو عێراق بخەنە ناو ئاڵوگۆڕێکی تازەو ڕێکخستنەوەیەکی ترەوە، ئاشکرایە مەوقعیەت و ئایندەی حزب و هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و قەومیەکان، لە عێراق و کوردستاندا لەم نێوەدا دەکەونە بەر هەڵبژاردەی ئەو هەلومەرجە سیاسیە تازەیەوە کە ئاشکرا نیە  چارەنوسی خودی ناوچەکەو عێراق و کوردستان و خودی هێزە سیاسیەکان بەرەو کام ئاراستەیە دەبات.

ئۆکتۆبەر: ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان، پێگەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستانیش نالەبارتر کردوەو خەڵک و دەسەڵات بەڕوونی کەوتونەتە بەرامبەر بە یەکتر.. بەشێکی نزیك بە زۆربەی خەڵکی کوردستان نەك هیچ بڕوایەکیان بە حکومەت نەماوە، بەڵکو خوازیاری وەلانان و کۆتایی هاتن بەم دەسەڵاتەن. بەڕای ئێوە ئەم گۆڕانکاریە لە بیرکردنەوەو مەزاجی گشتی خەڵکدا هۆکارەکەی چیە؟

عوسمانی حاجی مارف: هەڵبەتە ئەوە ئاشکرایە لە ئەزمونی بیست و نۆساڵ دەسەڵاتی میلیشیایی و جەردەیی و گەندەڵی و قۆرخ کردنی سەروەت و سامانی کوردستان لەلایەن حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە ئاکامەکەی هەر بێزاری و توڕەیی وناڕەزایەتی جەماوەریە، کە ڕوخانی یەکێتی و پارتی و حیزبە هاوکارەکانیان خواستێکی بەرفراوانی وەهایە دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێبێت. لەلایەک قۆرخکردنی سەروەت و سامان و کەڵەکەکردنی ڕۆژانەی سەرمایەیەکی بیشومار لەلایەن بەرپرسی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، لەلایەکی ترەوە فراوانبونی بێکاری و هەژاری و نەداری و برسیەتی یەخەی زۆرینەی دانیشتوانی عێراق و کوردستانی گرتووە، بۆیە بەهەر شێوەو شێوازێک بێت ئەم توڕەیی و ناڕەزایەتیە وەها تەعبیر لەخۆی دەکات. ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە هیواو ئامانجێکی گەورەی خەڵکە، چونکە بە ئاشکرا دەبینین کە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی لە بەرامبەر کرێکاران و بەشێکی زۆری خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش قڵشتێکی گەورە بەخۆیەوە نیشان ئەدات،هەر بۆیە خەڵکی کوردستان و عێراقیش هیچ ئومێدێکیان بەم دەسەڵاتەو بانگەوازی چاکسازیەکانیان نیەو دەیانەوێت بڕوات و دەسەڵاتیان کۆتایی پێ بێت. هەروەها لە تێڕوانینی زۆرینەی خەڵکدا ئەوە ئاشکراو واقعیە، کە حزبەکانی کوردایەتی ڕاشکاوانە پێشخزمەتی بەرژەوەندی سیاسی ووڵاتانی ئیمپریالی و تورکیا و ئێران، کاری سەرەکی و چارەنوسێکی حەتمی و بەردەوامیانەو لەو سەوداو مامەڵەیەیاندا ئامادەن تەواوی دانیشتوانی کوردستان و عێراق بکەنە قوربانی و ژێرپێی بەرژەوەندی سیاسەتی ئەو ووڵاتەی نۆکەری بۆ دەکەن. بیست و نۆ ساڵە حزبە میلیشیاکانی کوردایەتی چارەنوسی کوردستانیان لە نائارامی و نا جێگیری سیاسی و سەرگەردانیدا ڕاگرتووە، کە قەیران بەداوی قەیران، کارەسات بەدوای کارەسات، ئاوارەیی و سەرگەردانی بەشی زۆرینەی خەڵکی نەدارو هەژارو زەحمەتکێشی کوردستان بووە. جار بەدوای جار هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵک نائارام ترو قەیراناوی و نارۆشن تر بووە، ئێستاش لە لێواری ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەیە، دەخالەتی زلهێزەکان و ووڵاتانی ناوچەکە ئەگەری خولقاندنی قەیرانێکی ترە، ئایندەی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا لە نمونەی هەرەس و داڕمان  زیاتر شتێکی ترمان نیشان نادەن، ئەم دۆخە زیاتر ڕسوایی و بودەڵەیی پارتی و یەکێتی و هاوکارانیانی خستۆتە ڕوو کە بەناوی ئەوەی ناتوانن موچە بدەن و چارەنوسی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢١ دیارنیە، ژیان و گوزەرانی خەڵک تەنها دەبەستنەوە بە ناوەندەوە، ئاستی توڕەیی و ناڕەزایەتی و خواستی ڕووخانی دەسەڵات بەهەر بەهاو شێوازێک هزری بەشێکی زۆری دانیشتوانی داگرتووەو بێزارن و ئەم دەسەڵاتە  بە نەفرەت دەکەن و نایانەوێت.

ئۆکتۆبەر: سەرباری ئەوەی خەڵك خوازیاری کۆتایی هاتنی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمن، بەڵام هێشتا ئاسۆیەك بۆ ئامادەیی خەڵك بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە دیار نیە. بەڕای ئێوە هۆکاری ئەم نائامادەییەی خەڵك چیە؟ دەبێ چی بکرێ بۆئەوەی بەسەر ئەو کەموکوڕیەدا زاڵ ببن؟ خەلك دەبێ چی بکەن؟ دەوری حزبە سیاسیەکان و بەدیاریکراوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەم نێوەدا چیە؟

عوسمانی حاجی مارف: وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا و پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد، هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە لە حاڵەتێکی ناجێگیری و گێژاوێکی سیاسیدایە، کە کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە حاڵەتێکی ناڕۆشن و سەرگەردان و بێسەروبەردا ڕاگرتووە، لەلایەکی تریشەوە چەندین هێزی ملیشیایی ناسیۆنالست و ئیسلامی بەگوێرەی هاوسەنگی هێزیان عێراق و کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە بەچەند ناوچەیەک، بە مانایەک دۆخێکی وەها نەخوازراوو ترسناک و نائەمنیان پێکهێناوە کە کاریگەری لەسەرچۆنیەتی گەشەی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان بە نەرێنی و نائومیدی داناوە، تا ئەو ئاستەی دەبینین، چاوەڕوانی جێگای عەمەلی بونەوەو گەشەی ناڕەزایەتیەکانی گرتۆتەوە، هەڵبەتە ئەم حاڵەتە چاوەڕوانی خەڵک و واقعیەتێکی تاڵ و نەگونجاوەو، زیاتر دەوری هەیە لەسەر گۆشەگیرکردنی سیاسی و جێگاوڕێگای خەڵک لە هاوکێشە سیاسیەکاندا، سەختیەکی زیاتر لە دەورو دەخالەتی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسی و دیاریکردنی چارەنوسی خۆیدا دەنوێنێت، لەهەمانکاتدا ئاشکرایە کە ئەزمونی ناڕەزایەتی و ڕاپەرین و شۆڕشەکانی وەک ئێران و میسرو و تونس، ئاکامی بە نەرێنی گەیاندنی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە بە حاڵەتی جەنگ و بێئومێدی وێرانکاری، لە نمونەی لیبیاو یەمەن و سوریا ئەزمونێکی تاڵ و نەگونجاوو مەترسیداری بە خەڵکی نیشانداوە.

گەر ئێستا زیاتر لە حاڵەتی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بڕوانین، بەجیا لەوەی بێزاری و توڕەییەکی بەرفراوان لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی و هاوکارانیاندا کوردستانی داگرتووە، دەبینین خواستی وەلانانی دەسەڵات ئامانج و هیوایەکی جدی جەماوەری بەرفروانە، بەڵام پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوەی کە خواست هەیە بۆ وەلانانی دەسەڵاتی سیاسی، لەگەڵ ئەوەی ئێستا نائامادەیی بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی سیاسی حاڵەتێکی بەرچاوە ، بەتایبەتی بەهێزو خرۆشانی جەماوەری.

پێویستە بەدوای ڕێگەچارەی عەمەلیەوە بین، لە هەوڵدانمان بۆ هاتنەمەیدانی خرۆشانێکی جەماوەری بە ئامادەیی و ڕێکخراوەیی و یەکڕیزی ڕابەرانی و ئەڵتەرنەتیفی دیاریکراو بۆ دەسەڵات، لەهەمانکاتدا بەرجەستەکردنی دەور و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسی و دیاریکردنی چارەنوسی خۆی  بۆ ئایندەیەکی ڕۆشن و سەقامگیر لە خۆشگوزەرانی و دنیایەکی باشتردا.

حزبی ئێمە، حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان لەم بارودۆخە سیاسیە لێڵ ترو ناڕۆشنەی ئێستادا، پێش هەموو شتێک خۆی بە هاوبەشی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و خواستی وەلانانی دەسەڵاتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی پێناسە دەکات، هەر لەم واقعیەتەوە لەگەڵ هاوکارانماندا لە هەوڵی ئەوەداین دەورمان هەبێت لە هاتنە مەیدانی جەماوەری بە ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ناڕەزایەتیەکان و دابینکردنی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بەدیهینانی سەرکەوتن لەباری سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی بەقازانجی کرێکاران و زەحمەتکێشان.

About hkkk

Check Also

نەهرۆی کەسنەزانی و سەرانی یەکێتی نیشتمانی! …

سەردارعەبدوڵا حەمە … لەبۆپێشەوەی ژمارە ٩٠ دا بڵاوکراوەتەوە دەسەڵاتی بۆرژوازی لە کاتی قەیرانەکاندا کە رووبەڕووی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *