Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 دەی لە داخی پارتی ئیسلامی سیاسی بەهێز بکەن!! …

دەی لە داخی پارتی ئیسلامی سیاسی بەهێز بکەن!! …

ڕۆژ عەزیز

ئەمە چ عەقڵ وبیرکردنەوەو سیاسەتێکە ئێوە دەیکەن؟ بەڕاست ئێوە مسقالە زەرەیەک بیر لە ئایندە و دوا رۆژی گەلێک دەکەنەوە کە بەدرێژایی مێژوو گیرۆدەی دەستی ئیسلامی سیاسیە. دەتانەوێت مەلاو ئیسلامی سیاسی بکەنە قارەمان و فریادڕەس کە مزگەوتەکانیان بەجێ هێشتووە کە گوایە باسی فلیمەکەی ئێرانی کردوە کە وەک نارەزایەتی مەلاکان لەدژی ئێران خوتبەکانیان تەرخان کردوە و وەک بەرپەرچدانەوەی فلیمەکە.

 ئاخر پێم بڵێن جیاوازی مەلاو ئیسلامی سیاسی و پارتی چییە؟ ئاخر پێم بڵێن ئەوانەی مزگەوتیان بەجێ هێشت و نوێژیان لە دوای مەلای مزگەوتەوە نەکرد جیاوازیان لەگەڵ ئەوانە چییە کە بەدیار مەلاکەوە مانەوە؟ ئاخر پێم بڵێن داگرتن وبڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیی ئەوانەی مزگەوتیان بەجێهێشت و ئەوانەشی لەمزگەوت مانەوە چییە؟. خۆ ناکرێت پێمان بڵێن ئەوانەی مزگەوتیان بەجێهێشت و نوێژیان لە دوای مەلاوە نەکرد ئازادیخوازن خەریکی راپەرین و شۆرشن .

 ئیسلامی سیاسی بەتوندرەو نا توندرەوەوە جیاوازیان نییە و بگرە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر دژی ئازادی ماف و خواستەکانی خەڵکی زەحمەتکێشن، ئیتر تێناگەم بۆ جەبهەتان گواستەوە بۆ ناو مەلاو ئیسلامی سیاسی، چونکە دژی پارتی هەڵوێستیان وەرگرتووە. ئەم ململانێیانە بەقازانجی ئیسلامی سیاسی پارتیە، ئەوانەشی ئەمبەرو ئەوبەر دەکەن لایەکی ئەم ململانێیانە بەهێز دەکەن جیاوازیان لەگەڵ ئەو دوو بەرەیە نییە، چونکە دوو بەرەی دواکەوتو کۆنەپەرست و سەرکوتگەرن ئەگەر بۆیان بکرێت کۆمەڵگە زیاتر نائارامترو خراپتر دەکەن. دەکرێت بڵێین مەلاو ئیسلامی سیاسی هەر هەمان ئەو ئایدیاو ڕێبازەیان نییە کە داعش و جوندو ئیسلام وئەنسارو ئیسلام هەیان بوو؟ خۆ مێژوویەکی دورو درێژ نییە ماهیەتی ئەم تاقمە خوێن ڕێژو ئینسان کوژانە.

 کەچی ئێوە بەنیازن لەداخی پارتی ئایدیای ئیسلامی سیاسی زیندو بکەنەوە کە لەمێژە لەکوردستان باویان نەماوە، کەچی تازە بەتازە ئێوە بەنیازن لەدژی پارتی جەبهەی ئیسلامی سیاسی بەهێز بکەن بەڵکو پارتی لەناو بەرن. پێم ناڵێن ئەمە چ عەقڵ ومەنتیقێکە کە ئێوە بەنیازن دەستی بۆ بەرن؟ ئاخر دزو تالانی مافیای سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردییە کارێکی کردوە ئێوە پەنا بۆ ئیسلامی سیاسی و مەلای مشەخۆر بەرن لەبەرئەوەی مزگەوتیان بەجێ هێشتووە، چونکە خوتبەکانی مەلاکان دیفاع بووە لە حیزبی و خودی بنەماڵەی بارزانی.

 برۆن لەوانە بپرسن کە لەمزگەوتەکان هاتنەدەر بزانن هەمان ئایدیاو هەمان فکری ئەو مەلاو خەڵکانەیان نییە کە لە ژوورەوە گوێ لەمەلا دەگرن؟ بزانن جیاوازی ئاینیان چییە ؟ تەنها لەبەر ئەوەی مەلای مشەخۆری حیزبین، سەردەمی بەعسیش هەر ئەم جۆرە مەلایانە بوون بەشان و باڵی ڕژێمی بەعسیاندا دەدا قابیلە مەلا بێجگە بۆ مشەخۆریەکەی چی دیکە دەکات؟. بێجگە لە فریودان و بێ ئیرادەکردنی خەڵک مەلا چ کارێکی کردوە؟.ئیسلامی سیاسی تەنانەت بەشێکی زۆر لەموسڵمانان دژی هەموو ئازادیەکی ژنان و خەڵکی پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازن و لەکوردستان دژی سیستەمی سێکۆلاریم و ژنانێکن کە جلوبەرگی مەدەنی لەبەر دەکەن، دژی هاورەگەزبازو هاوجنسبازو ژنانێکن کە بۆ بژیوی ژیانی رۆژانەیان ناچار بەلەشفرۆشی کراون. کەچی هەر ئەم موسڵمانانەن  هەزارو یەک ڕێگا تاقی دەکەنەوە تا بگەنە ئەوروپاو وڵاتانی دیکە کە سیستەمەکەشیان سێکۆلاریزمە، کەچی لە وڵاتی خۆیان دژی سێکۆلاریزم و دژی ئازادی و دژی ژنانن کە جلوبەرگی مەدەنی دەپۆشن.

 لە وڵاتی خۆیان بۆیان بکرێت هاورەگەزبازو هاوجنسبازو ژنانی لەشفرۆش دەکوژن یان سوکایەتیان پێ دەکەن، بەڵام کاتێک دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا تەنها بۆ ئەوەی ئیقامەیان پێ بدەن ناچارن ڕیز لە سیستەم و قانون یاسای سێکۆلاریزم بگرن و سوکایەتیش بە ژنان هاورەگەزبازەکانیشن ناکەن، بەڵام لەوڵاتی خۆیان تا سەرمۆخ دژی ئەمانەن کە لە ئەوروپا هەیە یان خەڵک داوای ئازادی و سیستەمی سێکۆلاریزم دەکات.

ئەوانەی ئەمرۆ لە مزگەوتن یان مزگەوتیان بەجێ هیشتووە هەر هەمان عەقڵیان هەیە ئەگەر دەتوانی بڕۆ پۆستێک لەسەر فەیسبووک بکە ڕەخنە لە ئیسلام و مەزهەب بگرە بزانە ئەوانەی لەناو مزگەوتەکەن یان ئەوانەی چوونە دەرەوە لەمزگەوتەکە هەر هەمان هێرش و پەلامار ناکەنە سەر تۆ؟ ئیتر تێناگەم تۆیەک بەهەموو عەقڵ و بیرکردنەوەت ئەوانەت پێ باش بووە کە کاتێک مەلا خوتبەکانی باسکردن بووە لەسەر فلیمە ئێرانیەکە لەسەر بارزانی چونەتە دەرەوە ئەوانەشی لە مزگەوتەکە ماون بە پارتی و دواکەوتو کۆنەپەرستیان دەزانی کە مەلای پارتی وئەندام ولایەنگری پارتین.

 دوو بەرەی کۆنەپەرستی دواکەوتو ئەمرۆ ململانێیانە هیچ پەیوەندیەکی نییە بەخەڵکەوە، تەنها خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و خەڵک سەرقاڵ کردنە بە شتێکە کە دوورو نزیک ئاشنا نییە بەخواست و داواکاری خەڵکەوە، ئەمە جۆرێکە لەفریودان و بەلاریدابردنی خەڵکە تا خواست و داواکاری بیر بچێتەوە سەرقاڵ بن بەم ململانێیانەوە کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لە مزگەوتەکان نوێژیان لە دوای مەلاوە نەکرد، مزگەوتیان بەجێهێشت، ئەمە نەخشە بۆ داڕێژراو بووە لەلایەن ئیسلامی سیاسی و حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکانی نەیاری پارتی تا بتوانن لەم رێگەیەوە پارتی لاواز بکەن.

 گەرچی زۆربەی حیزبی ئیسلامی سیاسی و حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکانی ئەمرۆ زۆربەیان بوونەتە مشەخۆری پارتی و گوێڕایەڵی پارتی، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی باڵا دەست و سەرکوتگەرو بەهێز لەناوچەکە ڕۆڵ دەبینێت. ئەم هێزانە لەگەڵ پارتیدا ناکۆکی پۆست و بۆ بەشە دزی زیاتر ئەم کارانە دەکەن بۆیە  هەر ئەو ئیسلامیانەی ناو حیزب و بزوتنەوە کۆنەپەرستەکانی وەک گۆڕان و نەوەی نوێ و یەکێتی کۆمەڵ و یەکگرتوون لایەنگرانی  پەکەکەن سیناریۆیان بەڕێ خستووە کە ئەگەر مەلاکان باسی فلیمەکەی ئێرانیان کرد لەسەر بنەماڵە یەکسەر بێنە دەرەوە لەمزگەوت.

 ئەمە ئەو بەرپەرچدانەوەیە کە لەراستیدا ئیسلامی سیاسی و مەلاکان فکری ئەمانە بەهێز دەکات و لەو لاشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەم نێوەدا بەهێزتر دەبێت وەک هێزێکی سەرکوتگەرو میلیشیایی وعەشیرەتی  لەناوچەکە رۆڵی بەهێزتری دەبێت. خەڵکی ئازادیخوازو بەشمەینەتی کوردستان، دەبێت خۆیان لەم دوو بەرەیە بەدوور بگرن و نەفرەت بکەن لەم هێزو لایەنانە کە هیچ بەرژوەندیەکی خەڵکی لەبەرچاو نەگرتووە بێجگە  لەفریودان و بەلاڕێدابردنی خواست و داواکاری خەڵکی زەحمەتکیش و موچەخۆرانی کوردستان.

 موچەخۆران و کرێکاران زەحمەتکێشان  و خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان لەدەوری یەک کۆبنەوە خۆتان ڕێکخراو بکەن ئیرادەی شۆرشگێرانەتان بەهێز بکەن تا کۆتایی بە بنکەو بارگەو دەسەڵاتی ئەم هێزانە لەکوردستان بهێنن بە ئیسلامی سیاسی قەومیشەوە. ئیرادەی لەبن نەهاتوتان و خۆ رێکخراوبوونتان دەتوانێ شۆرش و ڕاپەرین لەدژی ئەم تاقمە مافیای و مشەخۆر و شەریکە دەسەڵاتەکانیان بەسەرکەوتن بگەیەنێت. لەمزگەوتەوە شۆرش راپەرین دروست ناکرێت. مەلاو ئیسلامی سیاسی گەر دەسەڵاتیان هەبێ لەئێستای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی خراپتر دەبێت. خۆتان لەم ململانێ و هێزانە بەدوور بگرن ئەمانە خواست و داواکاری ئێوەیان ناوێ، بگرە خواست و داواکاری ئێوە بەلاڕێدا دەبەن …              

About hkkk

Check Also

وەڵانانی ئەم دەسەڵاتە پێشمەرجی کۆتاییهێنانە بە ستەمکێشی ژنان و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی! …

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانەوە … ٨ ی مارس …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *