Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 سه‌باره‌ت به‌ ”هه‌ڵبژاردن”

سه‌باره‌ت به‌ ”هه‌ڵبژاردن”

         سه‌باره‌ت به‌ ”هه‌ڵبژاردن

         بەشی یەکەم و دووەم

جەمال موحسین

سه‌باره‌ت به‌ ”هه‌ڵبژاردن
( ١ )
جه‌مال موحسین
١٥ ی ئه‌پریل، ٢٠١٨

پێش هه‌ر شتێك وشه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان دوو (”) دایه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ مانا گاڵته‌جاڕیه‌كه‌ی دیموكراسی بۆرژوازیش هه‌ڵبژاردن نییه‌.
دیسان حه‌مله‌ی درۆ ده‌ستی پێكرده‌وه‌، درۆ هاوڕێی دزییه‌. هه‌رچی ئه‌و هێزانه‌ی له‌ ”هه‌ڵبژاردن”ی عێراقدا به‌شدارن، به‌ هێزه‌ عێراقی و كوردستانیه‌كانیشه‌وه‌، چه‌ند هێزێكی بۆرژوازین. ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی چینی باڵاده‌ست و كه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵگاوه‌ جوڵه‌ ئه‌كه‌ن. هێزه‌ عێراقیه‌كانی ئێستا كه‌ تێكه‌ڵه‌ی فاشیزمی قه‌ومی و ئیسلامین له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌، بۆ هێشتنه‌وه‌ی كه‌مینه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و زۆرینه‌ی هه‌ژار و برسی له‌كاردان و هه‌ر سه‌رپۆشێكی سیاسیان به‌سه‌ر ڕووه‌وه‌ بێ ئه‌و ناوه‌خنه‌یان ناشارێته‌وه‌. كۆمه‌ڵگای عێراق له‌پاڵ نائه‌منیدا نوقمی هه‌ژاری و برسێتی و بێكاری كه‌مه‌رشكێن و فه‌سادی و له‌شفرۆشی (چی ڕه‌سمی و ئیسلامیه‌كه‌ی و چ مه‌لهاییه‌كه‌ی) و چه‌ندین نه‌خۆشی كوشنده‌ و مه‌رگی سه‌دان هه‌زار مناڵ و…. مه‌رگه‌ساتی تر بۆته‌وه‌ له‌ پێناو ده‌وڵه‌مه‌نتر بوونی سیاسه‌تمه‌دارانی بازرگان و زه‌روئاسا. هه‌ر جۆره‌ چاوه‌ڕوانیه‌ك له‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ژیانی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و زه‌حمه‌تكێش بگۆڕن وه‌ك گه‌ڕانه‌ به‌ دوای ڕوخساری مانگدا له‌ قوڕ و لیتاوا!
تایبه‌تتر له‌سه‌ر كوردستان، ٢٧ ساڵه‌ هه‌رچی هێزی ناسیۆنالیست و ئیسلامی و گۆڕانخواز و لیبراڵ و .. چی و چییه‌ بینرا و تاقیكرانه‌وه‌. كه‌سێكیان نه‌ك قسه‌یان له‌سه‌ر بنبڕكردنی جیاوازی چینایه‌تی و نه‌مانی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌كردووه‌ بگره‌ توندیان كردۆته‌وه‌. قسه‌یان نه‌ما درۆ ده‌رنه‌چێ، به‌ڵێنیان نه‌ما وه‌ك میزه‌ڵدان نه‌ته‌قێ، هیچ كه‌س له‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌و هێزانه‌ بێموچه‌ و بێخانه‌ و بێ نان نه‌بووه‌ و بگره‌ له‌كه‌نار برسێتی و هه‌ژاری جه‌ماوه‌ره‌وه‌ لا مل ئه‌ستورتر بوون. ئه‌مه‌ش به‌و دزیه‌ گه‌وره‌ و یاساییه‌ كراوه‌ كه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دادگا و دادوه‌ر و پۆلیس و زیندان و میدیاكانیان داكۆكیان لێ كردووه‌. دزی گه‌وره‌ به‌ خۆی ناڵێ دز بۆیه‌ هه‌رچی توڕه‌هاته‌كانیشیه‌تی به‌ ”ڕاستی” به‌ جه‌ماوه‌ری برسیكراوی ئه‌فرۆشێ.
هه‌ڵبژاردن” كه‌ هه‌موویان بێ جیاوازی تیای به‌شدارن كه‌مپینێكی فراوانی هۆنینه‌وه‌ی درۆی تازه‌ و فروفیشاڵی باشكردنی ژیانی خه‌ڵكه‌. كێ و كێیان داناوه‌ تا له‌ نێویاندا هه‌ڵیانبژێریت؟ كۆنه‌كانیان ٢٧ ساڵه‌ و تازه‌كانیان چه‌ند ساڵ و چه‌ند مانگێكه‌ یان ئه‌تچه‌وسێننه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ یان ئه‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ چه‌وسێنه‌ره‌كه‌ت و دزی پارووه‌كه‌تدا ئاشتت بكه‌نه‌وه‌. چاوێك ناكه‌یته‌وه‌ تا درۆكانیان ببینی و هه‌ڵته‌نه‌خه‌ڵه‌تێننه‌وه‌؟ باوه‌ڕ بكه‌ به‌وه‌ی خۆدانه‌ ده‌ست ئه‌مانه‌ ناچاری خۆپیشاندانی سه‌رجاده‌ی زیاترت بكاته‌وه‌.

 

سه‌باره‌ت به‌ ’’هه‌ڵبژاردن‘‘
( ٢ )
له‌گه‌ڵ یه‌كتریان نییه‌، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیانه‌!
جه‌مال موحسین
به‌شێك له‌ قسه‌كه‌ر و ڕابه‌رانی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ موعاره‌زه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی ئه‌زانن، له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ گاڵته‌جاڕه‌كه‌یاندا كه‌وتوونه‌ته‌ پروپاگه‌نده‌ له‌ دژی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕیفراندۆمدا به‌شداریان كرد و ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا. تۆخكردنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ گوایه‌ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا هاتووه‌ (له‌ دوای ١٦ ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌) خه‌تای ڕیفراندۆم بووه‌ و داوای دادگایی كردنی ’ڕیفراندۆمچیان‘‘ هه‌م ئه‌و مه‌رامه‌ سیاسییه‌ی تیایه‌ خۆیان له‌ به‌غدا نزیك بكه‌نه‌وه‌ و هه‌میش ئه‌یانه‌وێ له‌ دژایه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندا پشكێكیان به‌ربكه‌وێ. ڕووكه‌شی مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ (كه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێ و ته‌وه‌جوهه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵحیش ئه‌گرێته‌وه‌) ئه‌وانه‌ دژی پارتی و ئه‌و به‌شه‌ له‌ یه‌كێتین كه‌ چوونه‌ پای ڕیفراندۆم. به‌ڵام ئه‌وان لای ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی یه‌كێتی و پارتی پشكی خۆیان پێ نه‌درا و نه‌یانتوانی یه‌كی چاڵه‌ نه‌وتێك، بازگه‌یه‌كی سنوری، چه‌ند خاڵێكی بازرگانی و به‌ كورتی ئامڕازێك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونیان له‌وان ده‌ست بكه‌وێ.
به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه‌ به‌جیا له‌وه‌ی كێ ته‌رحی ڕیفراندۆمی له‌م دواییانه‌دا هێنایه‌وه‌ پێشه‌وه‌ و پیاده‌ی كرد (وه‌ هه‌تا خودی خه‌ڵك چۆن سه‌یری ئه‌و هێزه‌ ئه‌كات)، زۆرینه‌ی خه‌ڵك كه‌ به‌شداربوون ده‌نگیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا. ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ دژی ئه‌وه‌ بوون، ئێستا به‌م بانگه‌شانه‌یان له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا دژی هێزی پیاده‌كه‌ری ڕیفراندۆم ناوه‌ستنه‌وه‌، بگره‌ دژی خودی جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌ستنه‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار هه‌لێكیان ده‌ست كه‌وت تا به‌ ده‌نگی خۆیان بڵێن نایانه‌وێ له‌گه‌ڵ عێراقی عروبی ئیسلامیدا بژین.
سیاسه‌ت بۆ چینی سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتدار، چ به‌ كۆنه‌كانیانه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی دوێنێ له‌گه‌ڵیان بوون و ئه‌مڕۆ نه‌یاریانن و چ به‌ نوێكانیانه‌وه‌، بریتیه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بۆ پاره‌ و سه‌روه‌ت كه‌ڵه‌كه‌كردن. ’’دادگاییكردنی ڕیفراندۆچیان‘‘ هه‌وڵێكی له‌خۆپێشبه‌رانه‌ی ئه‌م هێزانه‌یه‌ كه‌ بۆ كلكه‌سوتێ كردن بۆ عه‌بادی و ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌و ڕێگایه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌. ئه‌وان بۆیه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریانه‌ و وا قسه‌ له‌سه‌ر یه‌ك ئه‌كه‌ن تاكو پێكه‌وه‌ شه‌ریك بن. بۆیه‌ پاساو و تۆمه‌ت و داواكه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیان نییه‌؛ سه‌رئه‌نجام له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیانه‌. هه‌ر یه‌ك به‌ جۆرێك یاری پێ ئه‌كات. ئێستا خۆ نزیك كردنه‌وه‌ له‌ عه‌بادی ئه‌و ڕێگا گڵاوه‌یه‌ كه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتوو و نه‌وه‌ی نوێ و هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح (و جه‌ماعه‌تی ته‌ڤگه‌ریش له‌گه‌ڵیان) گرتوویانه‌ته‌ به‌ر. ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ ده‌نگی هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌ خۆیان دژایه‌تیان ئه‌كه‌ن كۆبكه‌نه‌وه‌ و له‌ دژی بڕیارێكی پێشووی خه‌ڵك خۆی به‌كاریبهێنن تاكو ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگ بهێنن كه‌ لای عه‌بادی سه‌نگی ئه‌وه‌یان هه‌بێ داوای ڕێگای سه‌رمایه‌ كۆكردنه‌وه‌ بكه‌ن. چ ڕسواییه‌كی زه‌مانه‌یه‌؟!

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان و ئه‌وه‌ی پارتی له‌ ٣١ ی ئابدا كردی هیچ جیاوازی نییه‌، هه‌موویان یه‌كن. پارتی به‌عسی هێنایه‌وه‌، ئه‌و باڵه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌ی یه‌كێتیش (به‌ پشتیوانی و پشتگیری ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ناوبراون) عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی هاوشێوه‌ی به‌عسیان هێنایه‌وه‌. بانگه‌شه‌كه‌رانی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنی ئێستاش له‌ دژی ’’ڕیفراندۆمچیان‘‘ دیسان بۆ هێنانه‌وه‌ی زیاتری ڕژێمه عروبیه‌ ئیسلامیه‌كه‌ی به‌غدایه‌ و بۆ لكاندنه‌وه‌ی به‌زۆری كوردستانه‌ به‌و ڕژێمه‌وه‌.
ئایا ئیتر به‌س نییه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ واتان لێ بكات كه‌ له‌ناو ئه‌مانه‌دا نه‌گه‌ڕێن ده‌نگ به‌ كێ بده‌ن، بگره‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر به‌شداری نه‌كه‌ن؟! ئه‌وه‌ گاڵته‌جاڕی خۆیانه‌ و هیچی تر. خۆتیان ته‌سلیم مه‌كه‌!

٢٤ی ئاپریل، ٢٠١٨

 

About hkkk

Check Also

بەیاننامەی ڕێكخستنی هه‌ولێر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان سەبارەت: …

سەرچاوە و هۆکاری تاوانەکان هاوڵاتی نییە حکومەت و دەسەڵاتدارانە!  ڕووداوەکانی دوو سێ مانگی ڕابردووی ناوشاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *