Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 سيناریۆیه‌کی تری حزبه‌کانی 5 ناقص1 له‌به‌غداده‌وه‌

سيناریۆیه‌کی تری حزبه‌کانی 5 ناقص1 له‌به‌غداده‌وه‌

نوری به‌شیر:
هه‌واڵه‌کانی ئێستای چوارلایه‌نی حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بێ پارتی و ‌مژده‌ی ئه‌وه‌ی بودجه‌ی کارمه‌ندان و پێشمه‌رگه‌یان دابینکردوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵاو کێشه‌یه‌ک له‌سه‌ری دروستیانکردوه‌، خه‌ریکه‌ به‌ته‌واوی فه‌زای کوردستانی پێداگیرده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌م رێکه‌وتنه‌ و خاڵه‌کانی و به‌ به‌مشه‌خه‌سی ناوی پێشمه‌رگه‌ دێنن و هه‌ده‌فیان چیه‌، لێردا باس ناکه‌ین. به‌ڵکو دێینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان له‌چ هه‌لومه‌رجێکدایه‌و له‌ ژێر چ کارێگه‌ریه‌دایه‌ رۆشنایی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر. ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌م چوار لایه‌نه‌ بۆ به‌غدادو رێکه‌وتنێک که‌کردویانه‌، به‌هه‌مانشیوه‌ی ده‌ورانه‌کانی پێشوو له‌ده‌وره‌یه‌کی دیاریکراوی قه‌یرانێکدایه‌ که‌کوردستان پیا تێده‌په‌ڕێت که‌تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی فراوانی پارتی و قه‌یرانێکه‌ که‌هه‌موو حزبه‌کان هه‌ر پێنج لایان تێیدا که‌وتوونه‌ته‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵک، هه‌ندێکیان وه‌ک پارتی و یه‌کێتی راسته‌وخۆ ده‌کوژن و سه‌رکوت و تاڵان ده‌که‌ن، لایه‌نه‌کانی تری گۆڕان و ئیسلامیه‌کان چه‌واشه‌کارانه‌ له‌هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێت یاری به‌که‌ن. به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستای مامۆستایان، کارمه‌ندان و کرێکاران، خه‌ریکه‌ ده‌وره‌یه‌کی تازه‌ ده‌ست پێده‌کات و له‌به‌رامبه‌ر هه‌موویاندا ده‌وه‌ستێته‌وه، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌یه‌‌ بۆسه‌ر هه‌موو ئه‌و حزبانه‌و به‌تایبه‌ت‌‌ که‌ یه‌کێتی و گۆڕانی به‌زۆری گرتۆته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌دیقه‌ت و له‌ڕوانگه‌نی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌ت ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی‌ ئێستای مامۆستایان وکارمه‌ندانه‌وه‌ سه‌یری نه‌کرێت، وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێستای ئه‌و پێنج ناقص یه‌که‌ی حزبانه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، وه‌ پشتی ئه‌و حه‌ره‌که‌ته‌یان نه‌خوێنرێته‌وه، ئه‌وا‌ سه‌رلێتێکده‌ر ده‌بێت و ‌جارێکی تر بۆ ماوه‌یه‌ک سیاسه‌تی چه‌واشه‌کاریه‌کانی ده‌ورانی پێشووی ئه‌م حزبانه‌ به‌دژی خه‌ڵک کاریگه‌ری خۆی ده‌بێت و خۆی دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌.
حزبه‌کانی حکومه‌تی بنکه‌فراوانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌رێمی کوردستان، که‌زوو شکستیان خوارد له‌به‌رنامه‌و پلانێک که‌باڵی ریفۆرمخواز ده‌یویست، ئه‌و حزبانه‌ به‌قه‌ومی و ئیسلامیه‌وه‌ که‌هه‌موو له‌ده‌وری سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی چینایه‌تی چینی باڵاده‌ستی بۆرژوازی کوردو میلیشیا کۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی خۆی بکاته‌ به‌رنامه‌یه‌ک و به‌ناوی هه‌ندێ چاکسازیه‌وه‌ خۆڵ بکاته‌ چاوی خه‌ڵک و پاشه‌کشه‌ به‌خواست و داواکاری و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک بکات و شه‌قامی ئارام بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ که‌له‌ده‌سه‌ڵاتدایه‌ دابین بکات، سه‌ره‌تا باڵی ریفۆرمخوازی توانی پاشه‌کشه‌ به‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کان بکات و سازش و پاشه‌کشه‌ی به‌ناڕه‌زایه‌تی 17ی شوبات کرد، به‌ڵام نه‌یتوانی حزبه‌کانی هاوشێوه‌ی خۆی که‌ئه‌وان بێ پێچ و په‌نا نوێنه‌راتی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی که‌مایه‌تی سه‌رمایه‌داران و بۆرژوازی ده‌که‌ن، به‌دوی خۆیدا کێش کات و له‌مه‌دا شکستی خواردو پارتی بووه‌ حزبی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵات.
ئه‌وه‌ی به‌رچاوه‌ به‌دوای پاشه‌کشه‌ به‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی 17ی شوبات، جارێکی که‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کان سه‌ریان ده‌رهێنایه‌وه‌و خۆشخه‌یاڵکردن و فریودان و خۆڵکردنه‌چاو و گه‌وجاندنی خه‌ڵک، له‌ئاست ئه‌و هه‌موو تاڵانچێتی و سه‌رکوت و تیرۆری ئازایخوازن و ژنان و برسیکردن و راونان و موچه‌ بڕین و نیوه‌ موچه‌و چاره‌که‌ موچه‌و نه‌دانی موچه‌دا، نه‌یتوانی درێژه‌ به‌به‌رده‌وامی شه‌قامی ئارام بدات و ئه‌وه‌تا له‌دوو ساڵی رابردوودا له‌به‌رامبه‌ر ‌نه‌دانی موچه‌و چاره‌که‌ موچه‌و پاشه‌که‌وتی موچه‌دا، جارێکی تر ناڕه‌زایه‌تیه‌کان بۆ موچه‌ هه‌موو حزبه‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یانی خستۆته‌ به‌رده‌می مه‌ترسی، ئیتر ئه‌مجاره‌ به‌ره‌که‌یان له‌ 5 حزبی حکومه‌تی بنکه‌ فراوانه‌وه‌ به‌ره‌و 5 ناقص 1ی به‌ره‌و به‌غدا رێگای گرتووه‌،‌ بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی ده‌سه‌ڵاتداری بۆرژوازی عه‌ره‌بی، له‌ژیر ناوی سیناریۆیه‌کی تری بوجه‌دا. 
ئه‌مجاره‌ش ئه‌م 5 ناقص 1ه‌‌ی حزبه‌کانی کوردایه‌تی که‌خۆی له‌ گۆڕان، یه‌کێتی، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوودا ده‌بینێته‌وه‌، هیچ نزیکایه‌تی نه‌ به‌موچه‌و نه‌به‌رژه‌وه‌ندی کارمه‌ندان و پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌نزیاکایه‌تی به‌باشبوونی ژیانی خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌ت و چاکسازیه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ئه‌مانه‌ به‌ناوی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ قسه‌ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ به‌غداد ساتوسه‌ودا ده‌که‌ن. ئه‌م حزبانه‌ی کوردایه‌تی 5 ناقص 1 هه‌م خۆیان له‌ده‌سه‌ڵات و شه‌ریکه‌ به‌شی پارتین و ده‌خۆن، هه‌م ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیشدا ناڕه‌زایه‌تی بکه‌ن، هه‌م ده‌سه‌ڵاتدارن و سه‌رکوت ده‌که‌ن، هه‌م خۆیان به‌زوڵملێکراو ده‌زانن و ده‌چنه‌ ناو ریزی ناڕازییانی موچه‌و دواکاریه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌. واته‌ کڵاوه‌کانیان به‌هه‌ردوو دیودا له‌سه‌ر ده‌که‌ن و له‌هه‌ردوو لا خۆیانی پێوه‌ باده‌ده‌ن.‌ 
ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌م حزبانه‌ له‌قه‌ومی و ئیسلامی، له‌ژێر کاریگه‌ری دوو شه‌رایتدا ئه‌م هه‌نگاوه‌یان به‌ره‌و به‌غداد ناوه‌، له‌لایه‌ک به‌رئه‌نجامی قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵاتی پارتیه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌ ئه‌ساسیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانی کوردستانداو هه‌ر یه‌که‌ له‌و چوار حزبه‌ شه‌ریکه‌ به‌شه‌ی پارتی که‌حسابی برا بچوک و شه‌ریکه‌ به‌شی که‌می بۆ کردوون و په‌رله‌مانه‌ بنکه‌ فراوانه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌و له‌کاری خستووه‌و خۆی هه‌موو شت و هه‌مه‌کاره‌یه‌‌، ئه‌م لایه‌نه‌ قه‌ومی و ئیسلامیانه‌ش نیگه‌رانن و ده‌یانه‌وێت پارتی ئاوڕێکی خێری زیاتریان لێبداته‌وه‌ و حسابی شه‌ریکه‌ به‌شێکی باشتریان بۆ بکات. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ژێر کاریگه‌ری ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستای کوردستاندایه‌، که‌ ناڕه‌زایه‌تی ئێستا وه‌ستانه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو حزبه‌کانی کوردایه‌تیدا، وه‌چه‌نده‌ هه‌وڵیاندا ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا که‌له‌زۆنی سه‌وزدایه‌ ‌سه‌رکوت و پاشه‌کشه‌ پێبکه‌ن به‌هه‌ڕه‌شه‌، گوێزانه‌وه‌ی کارمه‌ندان، فڕاندن، گرتن، سوکایه‌تی پێکردن و تۆمه‌ت خستنه‌ پاڵ و تا ده‌گاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن و به‌‌بلۆک سه‌ر پانکردنه‌وه‌ی مامۆستایانی ناڕازی، نه‌یتوانی سه‌رکه‌وتووبێ، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌یانه‌وێ له‌رێگای به‌غداوه‌و له‌رێگایه‌کی تره‌‌وه‌ ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام ‌بده‌ن، له‌لایه‌ک فشار بۆ پارتی بێنن و له‌لایه‌کی که‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی ئێستای خه‌ڵک به‌رنه‌ دواوه‌، ئه‌وه‌ش مژده‌ی بودجه‌یه‌ بۆ کارمه‌ندان و پێشمه‌رگه‌. به‌تایبه‌ت ئه‌م هه‌نگاوه‌یان بۆ رزگارکردنی گۆڕان و یه‌کێتیه‌ له‌ده‌سه‌ت ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک له‌زۆنی سه‌وزدا هه‌یه‌و کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ریان داناوه‌. هه‌روه‌ها له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر رێکه‌وتنی ئه‌مجاره‌ی ئه‌م چوارلایه‌نه‌ له‌به‌غداد، هه‌رچیه‌ک بێت کورت خایه‌نه‌و دوای پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش، به‌ناچار هه‌لومه‌رجێکی نوێ که‌دێته‌ ئاراوه‌و به‌رنامه‌یه‌ک که‌پارتی هه‌یه‌تی هه‌موویان ده‌بێ له‌ده‌وری کۆببنه‌وه‌. 
به‌کورتی، ئه‌مکاره‌ی ئێستای ‌حزبه‌کانی 5 ناقص 1 له‌رووکردنه‌ به‌غداد هیچ نیه‌ جیا له‌کارنامه‌و ئیدامه‌ی سیاسه‌تی ده‌وری پێشویان به‌دژی خه‌ڵک، که‌کێشه‌کانیان جارێک ناوخۆیان و جارێک له‌گه‌ڵ به‌غدا جارێ خۆیان به‌ئاشتی به‌ره‌و به‌غدا ده‌ڕۆن و جارێک له‌نیوان خۆیاندا به‌شه‌ڕ رووده‌که‌نه‌ به‌رده‌م ده‌رگای مالکی و جارێکی که‌ بۆ لای عه‌بادی، ئه‌م کارانه‌یان که‌ده‌وره‌ی پێشوو و ئێستاش پێی هه‌ڵده‌ستن هیچ نزیکایه‌تیه‌کی به‌داواکاری و خواستی خه‌ڵك و ‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکه‌وه‌ نه‌بووه‌و نیه‌، جیا له‌شانۆیه‌ک له‌به‌رامبه‌ر ئه‌زمه‌یه‌کی ناوخۆ له‌سه‌ر پۆست و ئیمکانات که‌هه‌یانه و ترس له‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک.
هه‌ربۆیه‌ زه‌روره‌ که‌خه‌ڵكی کوردستان، کرێکاران، مامۆستایان، کارمه‌ندان، ژنان و لاوان هیچ فریوێک نه‌خۆن و هیچ خۆشخه‌یاڵیه‌کان به‌م حزبانه‌ی ناسیونالیزمی کوردو هیچ پڕۆژه‌یه‌کیان نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر داواکاری و خواسته‌‌کانی خۆیان بۆ موچه‌و ژیانێکی باشتری شیاوی ئینسانی، ریزی یه‌گرتووی خۆیان له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبانه‌ی کوردایه‌تی بپارێزن و به‌رده‌وامبن.
8/12/2016

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …