Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 سۆشیالیزم وچەپی ئایدیۆلۆژی گەرا!

سۆشیالیزم وچەپی ئایدیۆلۆژی گەرا!

نووسینی: سەردار عەبدوڵا

لە سەرو بەندی هاتنە کایەوەی ڕیفراندۆم دا چەپێک کە خۆی لە ژێر پەردەی تاریکدا شاردبووە لە بەرانبەر کۆمۆیزمی کرێکاریدا ڕووی خۆی دەرخست وکەوتە لۆمە وتانەدان لە دەخالەتی چالاکوان وحیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم ریفراندۆمەدا، گوایا دەستیان شتوە لە سۆشیالیزم وبوونەتە ناسیۆنالیزم ولەوەش خراپتر بوونەتە پاشکۆی پارتی و بارزانی. ئەگەر سەرنجێک لە نوسین وکۆمێنتەکانی ئەم چەپە بدەی زۆربەیان بە زمانێک کە پڕیەتی لە وشەی ئینگلیزی وە بە زمانێکی زۆر قورس وشک وئاڵۆز دەنووسن وترش خوێ ی ئەکەن بەسەر بۆچونەکانیان کە دەکرا خۆیان لەوە بپارێزن و بە زمانێک بنوسن زۆربەی خەڵک لێی تێ گەیشتبا ئەم کارەیان بۆیە نەکرد چونکە لایان وایە بەم شێوەیە دەتوانن بیسەلمێنن زیاتر لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم گەیشتوون. زۆرێک لەم چەپە پێ ی وایە کۆمۆنیستەکان کاریان بەسەر مەسەلەی میللیەوە نیە وئەوە کاری بورژوازیە لە پێناو بازاڕو سەرمایەگوزاریدا دەیەوێ دەوڵەتی سەربەخۆی قەومی دروست بکات واتە ڕێک وەک ئەو سەردەمە پێناسەی بۆرژوازی دەکەن کە تازە قۆناخی فیوداڵی تەواو بووە لە ئەوروپا وەک ئەو سەردمەیە کە ‌‌هێشتا سەردەمی مانیفاکۆتەرەیە وبۆرژوازی قەومی پێویستی بە بازاڕە بۆ ساخ کردنەوەی کاڵاکانی. ئەم لێکدانەوە ووشک و مردووە هیچ پەیوەندیەکی بە مارکسیزمە نیە چونکە هەلومەرجی ئەمڕۆی سەرمایەداری هەلومەرجی قۆناخی ئیمپریالیستیە کە دوا قۆناخی سەرمایەداریە. پێکهێنانی دەوڵەت تەنها لە پێناو بازاردا نیە بەڵکو دەکرێ دەوڵەت دروست کردن بۆ خۆشتر کردن وئازاد بوونی خەڵکێک بێت کە گەورە ترین کێشەی تووش هاتبێ بە هۆی بێ دەوڵەتیەوە. خۆ ئەگەر بە پێ ی پێناسەی ئەم چەپە بێت بۆ دەوڵەت ئەوا نەدەبوو مارکس باسی دەوڵەتی پرۆلیتاریاشی کردبا. من باوەڕی تەواوم هەیە کە دەوڵەت خۆی دەزگایە کە بۆ سەرکوتکردن چینیک لە چینیکی تر هەر دەبێت بپوکێتەوە، بەڵام خۆ ئینسان هەر کێشەی چینایەتی نیە زۆر کێشەی تریشی هەیە کە سەرمایەداری بۆی دروست کردووە وەک کێشەی پەنابەرو راسیزم و ڕەگەزی وکێشەی ژن وپیاو، کێشەی لاوان ومنداڵان و کێشەی میللی …هتد دەبێت ڕێگات پێ بێت بۆ چارەسەری ئەم کێشانەش کە لە دەوڵەتدا چارەسەر دەکرێن. بەهۆی دەخاڵەتی کۆمۆنیستەکان و تەرحکردنی ڕێگا چارەکانیان لەم مەیدانانەدا جگە لەوەی کێشەکان بە رادەیەک چارەسەر دەبن هەر لە ناو کۆمەڵگای سەرماریەداریدا لە هەمان کاتدا دەبنە هۆی بە ‌هێزکردنی ئەو میکانیزمەی کە بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی پێویستە واتە ڕێکخستنی چینی کرێکار وتوێژە بەشخوراوەکان لە حیزب وڕێكخراوەی خۆیاندا کە بەبێ ئەمەش سۆشیالیزم دەبێتە مەحاڵ. چەپێک کە ئەمە نابێنیت ئیتر ناکرێ بووترێ ئاشنایە بە مارکسیزم، ئەمانە تەنها سۆشیالیزم دەبینن پێ یان وایە هەموو شتێکی تر زیادەیە وپەیوەندی بە مارکسەوە نیە. یەکێ لەو بەڵگانەی پیشانی دەدات کە ئەمانە دوورن لە مارکسەوە ئەوەیە هەر باس لەوە دەکەن تەنها دەبێت خەباتی چینایەتی بکرێ ئیتر ناڵێن چۆن و بە چ شێوەیەک؟ ئاخر مارکس بەم شێویە باسی خەباتی چینایەتی نەکردووە ئەو باسی لە حیزب کردووە وباسی لە ڕێکخستن کردووە کە ئەم چەپە هەر باسی ناکا، یەکێ تر ئەوەیە کە نازانن کە مارکس ئەڵێت: پرۆلیتاریا لە شۆڕشەکەیدا هەر خۆی ڕزگار ناکا بەڵکو تەواوی کۆمەڵگا ڕزگار دەکا. دەخالەتی کۆمۆنیستەکان لە شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم ئەم شۆرشەوە دەست پی دەکات کە یەکێ لەو بەربەستانە کێشەی میللیە کە کێشەی ئەم کۆمەڵگەیەیە. ئەم چەپە بە بازدان بە سەر ئەم بەربەستانەدا دەڕواو وبە خەیاڵی خۆی سۆشیالیزم دائەمەزرێنێ ئەمە جگە لەوەی تەنها لە خەودا ڕاستە وهیچی تر لەو اقعدا پووچ و بێ مانایە. بە هەموو ئەم دەلیلانە ئەم چەپەی کە خۆی بە چەپی نوێ یاچەپی ترۆتسکیزم ئەناسێنێ ناتوانێ لە چەپێکی ئایدۆلۆژی گەرا زیاتر بێت، باسەکانیان لە چوارچێوەی کتێبەکان دەرناچێت وناتوانن واقعیەت وهەلومەرجی مێژووی وکۆمەڵگە جیاجیاکان بناسن وە ئەم ڕەخنەو وتانە ولۆمەیان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە بازنەیەکی داخراوادا هەر دەسوڕێتەوە نایەتە دەرەوە بە هیچ کوێ ناگات وجگەلە چەنەبازی ( سفسطة)ناتوانی ناوێکی تری لێ بنێی .

١٠/٨/٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٠ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *