Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 سیستەمى دینى بۆترساندنە نەک بۆدادپەروەرى

سیستەمى دینى بۆترساندنە نەک بۆدادپەروەرى

عبدالرحمن رسول

لەناوسەرجەم دەقەکان ویاساکانى ئایین ومەزهەبەکان بەگشتى وئایینى ئیسلامی بەتایبەتى زۆر باسى هەڕەشەوترساندن کراوە, هەربۆیەشە سیستەمە ئیسلامیەکانى وەک ئێران هاوشێوەکانى زۆرینەى یاساکانى ناو دەستوورەکەى هەڕەشەى کوشتن لەمرۆڤەکان دەکات و دەیان ترسێنێت بۆئەوەى مڵکەچى فەرمان ویاساکانى بن ,هەرچەندە بەرپرسان ودەسەڵاتداران لەکاتى جێبەجێکردنى یاساکاندا بانگەشەى دادپەروەرى دەکەن، بەڵام دادپەروەرى بەچى تەنها بەکوشتن ولەسێدارەدان بەدی دێت؟ بێگومان درۆیەکى گەورەیە بۆبەدیهێنانى دادپەروەرى، بەڵکو تەنها دەیانەوێت گەشە بەچەوسانەوەو نابەرابەرى وسەرکوت وتاڵانکارى سەروەت وسامانى کۆمەڵگە بدەن بەناوى چەسپاندنى دادپەروەرییەوە.

ڕاستییەکەى ئەوەیە کەدادپەروەرى بەلەناوبردنى چەوسانەوەو نابەرابەرى وسەرکوت وکوشتن وئاوارەیى وهەژارى وبێکارى ودزى وگەندەڵى بەرپرسانى کۆمەڵگە بەدی دێت نەک دەرکردن وجێبەجێکردنى یاساى لەسێدارەدان ویاساکانى کۆیلەکردنى ژنان ویاساى هاوسەرگیرى کە هانى کچانى نۆساڵە دەدرێت کە هاوسەرگیرى بکەن ولەژێرسیستەمى ئیسلامییشدا ناکرێت ڕێگرى لەئاست جێبەجێکردنیدا دروست بکرێت ئەم یاسا دژ بەمافەکانى مناڵان وژنان لەئێران بەدرێژایی ٣٨ساڵە بانگەشە وپشتیوانى جێبەجێکردنى لێ دەکرێت ولەقۆناغ وسەردەمى ئێستاشدا دەگوازرێتەوە بۆناویاساکانى دەوڵەتى عێراق کە بەپرۆژەى یاساى جعفرى ناسراوە لەئەساسیشدا لەیاساکانى دەوڵەتى ئیسلامیی ئێرانەوە گواستراوەتەوە بۆدەوڵەتى ئیسلامی عێراق .

سەرجەم یاساکان تەنها وەکو هەڕەشەى کوشتن وترساندن بانگەشەى مانەوەیان بۆدەکرێت نەک بۆچەسپاندنى عەدالەت ودادپەروەرى. عەدالەت ودادپەروەرى لەکوێدایە کەمنداڵى نۆساڵانە هاوسەرگیرى پێ بکرێت؟! بەزۆروبەپێى یاسا بێبەش بکرێت لەماف وخۆشییەکان ویارییەکانى مناڵانە، وئەرک وبەرپرسیارێتى ماڵ ومێرد وخێزانى بکەوێتە ئەستۆ، چۆن بەوە دەگوترێت دادپەروەرى وماف پەروەرى؟! ئەم یاسایانە سوکایەتى ودژایەتیکردنى ڕاستەوخۆیى مافەکانى مناڵانە بەئاشکرا.

لەبەرئەوەى تاکەکانى کۆمەڵگەى ئێران وعێراق وشیاریان لەئاستێکدا نییە کەبتوانن خۆیان ڕێکخراو بکەن وبەتێکۆشانى یەکگرتوانەیان سەرجەم کۆمەڵگە بلەرزێنن نەک تەنها ئەویاسایانە، بەڵکو سەرجەم سیستەم ودەسەڵاتى ئیسلامیش لەئێران وعێراق لەڕگەوە هەڵبکێشن هەتاوەکو ووشیاربوونى تاکەکانى کۆمەڵگە  کەهەنگاو بەهەنگاو لەهەڵچووندایە لەدژى چەوسانەوەو سەرکوت ونادادپەروەرى ولەسێدارەدانى گەنجان ولاوان لەچاوەڕوانى ئاڵوگۆڕەکاندا دەبێت. کۆمەڵگەی ئێران وعێراق، بەتایبەتى کۆمەڵگەى ئێران بەگشتى وڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى لەهەڵچوونێکى بەهێزدایە لەقۆناغى ئێستادا لەیەک دەرفەت وهەل وبیانویەک دەگەڕێت بەڕووى سیستەمى چەوسێنەروسەرکوتى کۆمارى سێدارەى ئیسلامیی ئێراندا بچێتەوە بەهاوکارى وپشتیوانى سەرجەم ئازادیخوازو یەکسانیخوازانى ئێرانى لەڕگ وڕیشەوە ئەم سیستەمە دەربهێنن وبگۆڕدرێت بەسیستەمێکى سیکۆلارو ئازاد کەماف وئازادى سەرجەم نەتەوەوئایین وبیروباوەڕە جیاوازەکان دابین بکات.

بەپێى گۆڕانى قۆناغەکانى مێژووی مرۆڤایەتى دەرکردنى یاساو دەستوور بۆمرۆڤەکان بەپێى گەشەى وشیارى مرۆڤەکان گۆڕانى بەسەرداهاتووە بۆداهاتوو وئایندەش گۆڕانى زیاترى بەخۆیەوە دەبینێت لەگەڵ گەشەى وشیارى وگەشەى پەروەردەو فێربوونى بوارەکانى زانست وزانیارى لەسەرجەم بوارەکاندا. ئەو کۆمەڵگەیانەى کەلەلایەن سیستەمى  ئیسلامییەوە بەڕێوەدەچێت بەڕووى جیهانى زانست وزانیارى شارستانیەت وئازادى ڕیفاهیەتدا گۆشەگیرکراون وزنجیرکراون و ڕێگاى هیچ جۆرە ئاڵوگۆڕێک و نوێ بوونەوەیەکیان پێ نادرێت بەسەرکوت وچەوسانەوە تەواوى کۆمەڵگەى ئیسلامییەکان فەرمانڕەواى دەکرێت. ئەوانەى لەناوسیستەمى دەسەڵاتى ئیسلامیدا بەرپرسن بەهەمان جۆرى سەدەکانى ڕابردوو گوزارشت لەفکرو بیروبۆچوونە کۆنەخوازییەکان و دژەمرۆڤایەتییەکان دەکەن، هەروەک جیهانى مرۆڤایەتى هیچ جۆرە گۆرانکاریەکى بەسەردانەهاتبێت، تەنها لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان باکیان لەهیچ جۆرە سوکایەتیەک نییە کەخۆیان بەدەرکردن وجێبەجێکردنى یاسا کۆنەپەرست ودژە مرۆڤایەتیەکانیان پەرە بەدەسەڵات وجۆرى سیستەمیان دەدەن.

ئەگەرچى لەسەردەمى ئێستاى مرۆڤایەتیدا بەهۆى زاڵبون وبەرگریکردن لەسیستەمى جیهانى سەرمایەداریدا زۆربەى ئەو یاسایانەى کەلەوڵاتانى جیهاندا مرۆڤى پێ دەچەوسێتەوەو ئازاردەدرێت ومافە ئینسانییەکانى لێ زەوت دەکرێت، بەڵام لەپێناوى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى لایەنى دەسەڵات وحکومەت وکەمینەى خەڵکى کۆمەڵگەکان کەنەجیب زادەو سەرمایەدارو دەسەڵاتدارەکانن. کەدیارە ئەوانیش کەمینەى کۆمەڵگە پێکدەهێنن .جێبەجێکردنى یاسا کۆنەپەرست وچەوسێنەرەکان درێژەى پێدەدرێت. هەژارى وبێکارى وقەیران وکێشەى جۆراجۆر گەشەى پێدەدرێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوشیارى تاکەکانى کۆمەڵگەکان کەڕازین وشوکرن بەوسەردەمەى ئێستاکە تێیدا دەگوزەرێن هیچ هەنگاوێک نانێن بۆگۆڕانکارى بۆئایندەیەکى باشتر بۆخۆیان.

وشیارى بەماناى باوەڕبوون بەمرۆڤ بوونى خود، باوەڕبوون بەمرۆڤ بوونى خود واتە باوەڕبوون بەمافى ئینسانى مرۆڤەکانى تربەبێ ڕەچاوکردنى جیاوازى ئاینى ونەتەوەیی وڕەگەزەیی وچینایەتى وڕەنگەکان. ئەم تێڕوانینە لەژێرسیستەمى دینى بەگشتى وسیستەمى ئیسلامیی بەتایبەتى مەحاڵە هەرگیز نابێت. سیستەمى دەسەڵاتى داعشى ئیسلامی وکۆمارى ئیسلامیی ئێران یەک جۆر دەسەڵاتن لەناوەرۆکدا، بەڵام لەدیوى دەرەوەدا ئەو داعش سوننە مەزهەبە وئەوى تریان کۆمارى ئیسلامیی ئێران شیعە مەزهەبە. بۆدەوڵەتى ئیسلامی عێراق وهاوشێوەکانیان هەمان چەشن وجۆرە بۆسەرکوت وئیستبداد وچەوسانەوەو کوشتن و لەسێدارەدان کاتێک دەسەڵاتى فەرمانڕەوایان بەهێزبێت.

پەیوەندى خاوەن بڕوانامە بەوشیارییەوە بەمەبەستى دڵسۆزى هەنگاونان بۆگۆرانکارى باشتر بۆڕزگارى کۆمەڵگە لەدەست چەوسانەوەو نابەرابەرى وسەرکوت، زۆرن کە خاوەن شەهادەو بڕوانامەى جۆراوجۆرن بەپلەى باڵا زۆریش ماندوون بۆئەوەى کەبتوانن دارێک لەسەربەردێک دابنێن بۆئەوەى گۆڕانکارى لەسیستەمى دەسەڵاتى چەوسێنەرەکاندا بکرێت، زەهنیەت و وشیارى مرۆڤ پەروەریان زۆربەهێزە زۆریشیان قوربانى داوە ماندووبون، بەڵام بەهۆى ئەوەى بەشێکى زۆرتریان لەڕووى وشیارى مرۆڤایەتیەوە زۆرلاوازن بێ کاریگەرن بۆزەهنیەتی مرۆڤایەتى بوونیان. لەپێناو بەرژەوەندى کەسى وهۆکارى لاوازبوونى ئیرادەى ئینسانیان بێ دەنگ وبێکارن لەئاست جێبەجێکردنى یاسا دژئینسانییەکان لەبەرامبەرمرۆڤەکانى تردا کەبەهەر بیانوێکەوە بێ نیشانەى هەبوونى فکروئایدیاو زەهنێتى بیرکردنەوەى ناخ وناوەرۆکى مرۆڤە شهادەدارو بڕوانامەدارو سیاسەت زان و رۆشنبیرەکانى سەدەى ئێستایى مرۆڤایەتییە کە لەهەرکۆمەڵگە وڵاتێکدا بگوزەرێت وبژیت جیاوازى نییە، تەنها ئەوە نەبێت یاساکانن رێگرى دەکەن لەبەرئەوەى تەنها ڕەچاوى بەرژەوەندییە کەسى یەکانى خودى خۆیان دەکەن، ئەمەش بۆ وڵاتانى شارەستانى وپێشکەوتو سیکۆلار باشتر دەرکەوتووە، بەڵام لەکۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا ئەم بەقسەى بریقەدارو ڕازاندنەوەى وشەکانیان تاکەکانى کۆمەڵگە وشیار دەبنەوە پەردەپۆشدەکرێت وتاکەکانى پێ فرێودەدرێت.

لەکۆمەڵگەى وەک ئێران وعێراق و هاوشێوەکانیان دەستوورو سیستەم ویاساکان بۆنى تەپوتۆزى سەدەکانى ناوەڕاست و سەدەتاریکەکانى لێدێت، ئایینى ئیسلام کراوەتە پەرژینێک بۆپاراستن وهێشتنەوەى دەستوورو سیستەم و یاسا کۆنەپەرست و دژەمرۆڤایەتییەکان هەروەک بەڵایەک دەستى گیرکردووە لەبینەقاقاى کۆمەڵگە بۆئەوەى ڕێگربێت لەگەشەکردنى بەرەو شارەستانییەت وپێشکەوتن و نوێ بونەوەى کۆمەڵگە لەسەرجەم بوارەکاندا.

هەربۆیەشە کەمینەیەک لەمرۆڤەکانى کۆمەڵگە لەو دوو کۆمەڵگەیەدا لەخۆش بەختى وبەختەوەرى وئاسوودەیى و ڕیفاهیەت لەسەرجەم بوارەکاندا دەگوزەرێن. تەنها لەروویی تەندروستى ونەخۆشییەوە سەیر بکەن باشتر ئەوە ڕوون دەبێتەوە ڕاستییەکە، کاتێک سەرۆک وجێگر وەزیرو حکومەت و پەرلەمان و ئەندام پەرلەمان وبەرپرسەکانى تریش کەخاوەن حیزبن وسەرۆکى حیزب وبەرپرسى باڵاى حیزبن کەمترین نەخۆشیان هەبێت بەپەلە بەفرۆکەى تایبەت بۆنەخۆشخانەى تایبەت بۆپێشکەوتووترین دەوڵەتانى ئەوروپاى دەبرێن بۆچارەسەرکردن، بەڵام کوڕوکچە کرێکارو فەرمانبەرو زەحمەتکێش وهەژارێک نەخۆش دەکەوێت دەچێتە نەخۆشخانەیەکى گشتى حکومى دەرمان وپێداویستى تەندروستى بۆدابین ناکرێت پێشى دەڵێن دەوڵەت هەرئەوەندەى توانا هەیە لەبەرئەوەى قەیران وکێشەى ئابوورى هەیە.

لەبوارەکانى ئاو و کارەباش هەربەهەمان جۆرە بەرپرسەکان لەبەهەشت ئاسا کەمەلاکان باسى دەکەن بانگەشەى بۆدەکەن دەژین وخەڵکیش لەگوزەرانێکى زۆر نالەبارو خراپ و پڕ لەدەردو کێشەى جۆراوجۆردا کەبەرپرسەکانى دەسەڵات بەهۆى دەرکردن وجێبەجێ کردنى یاسا کۆنەپەرست وچەوسێنەراکانیانەوە بۆخەڵکى هەژاروزەحمەتکێش وکرێکارو کارمەندى خوڵقاندووە. پێشیان دەڵێن دەوڵەتانى ئەوروپا وئەمریکا کافروبێ دینن نابێت وەک ئەوان بژین وبگوزەرێین لەبەرئەوەى کۆمەڵگەی ئێران وعێراق زۆرینەى ئیسلامە، مەلاکان لەمزگەوتەکان پڕبەگەرویان هاواردەکەن جائیز نییەو حەرامە تەنانەت کەناڵە تەفیزیۆنەکانیشیان بکەیتەوە نەک چوون بۆوڵاتەکانیان. کەچى بەشێکى زۆر لەمەلاکان کەس وکاروکوڕوکچ وخانەوادەو بۆخۆشیان بەکەیفى خۆیان دەگەڕێن لەو وڵاتانەى کە بەکافروبێ دین ناوى دەبەن. پارەى سۆشیال هەڵدەلوشن کەپێیان وایە پارەى  باڕو نادى و دیسکۆو مەلەوانگەى تێکەڵى کۆڕان وکچانە حەرامە کە لەمینبەرەکانى مزگەوتەکانیانەوە دژایەتى سیستەمى سیکۆلارى دەوڵەتانى ئەوروپاى پێ دەکەن.

سیستەم ویاساکانى ئیسلامی لەوجۆرە دەوڵەتانە گرێدراوە بەبانگەشەى جیهادو پارێزگاریکردن لەسیستەمى ئیسلامیی هەروەک خۆیان بانگەشەى بۆدەکەن ویاسا ودەستوورە ئیسلامییەکەى بەزۆر بەسەرخەڵکى کۆمەڵگەدا دەسەپێنن گوایە بەملکەچ بوونى خەڵک بەهەژارى ودەردو کێشەکانیانەوە بەدەرنەچوون لەژێرسایەى ئەم یاسایانە ئەگەرچى لەسەردەمى ئێستاى دونیاییدا ئازاریش دەکێشن، بەڵام بەهۆى هەبوونى سەبرو شوکرانە وڕازی بوونیان بەم جۆرە سیستەم ویاسایانە کەئیسلامییە لەپاش مردنیان دەچنە بەهەشت وخۆشى بەبێ کۆتایی واتە هەتا هەتا لەخۆشى وشادیدا دەبن، بەڵام ئەگەر بەقسەى بەرپرسەکان ومەلاکان نەکەن خەڵک دەچنە جەهەنەم وبەئاگر دەسوتێن. ئەم وتانە جگە لەدرۆ و دەلەسە هیچى ترنییە، تەنها بۆفریودانى خەڵکە وهیچ تر، دەیانەوێت بەدەسەڵاتیان لەسەرزەوى لەجەهەنەم ئاگرى ناعەدالەتى وسەرکوتیان بسووتێنن.

ئەگەر بەرپرسانى ئیسلامی ڕاست دەکەن با لەسەر ئەودونیایە خۆشى و بەختەوەرى وئازادى ودادپەروەرى بۆخەڵک بەدیبهێنن نەک لەسێدارەدان وکوشتن وچەوسانەوەو ئازاردان. ڕاستییەکە ئەوەیە ئەبێت خەڵک خۆیی بیر لەچارەنووسى خۆى بکاتەوە، دەبێ پیلانی ئینسان کوشتنی حکومەتەکان بەناوی دابینکردنی ئەمنیەتی گشتی لە دەستیان دەربهێندرێت و هەمووان بەیەکەوەو یەکگرتوانە بڕوا بەوە بێنن کە تێکرار بوونەوەی قەتڵی نەفسی ودەروونى دەوڵەتی بەناوی سزایەکی پێشگیری تەنیا ڕەوایەت بە ئیعدام ئەدات و نیهادینەی دەکات. ئەم ڕژیمە ئیسلامییانە بۆ بەردەوام بوونی تەمەنی پڕ شەرمەزاری خۆیان پێویستیان بە ماشێنی قەتڵ و کوشتار هەیە بەشمشێرەکانیان هەر بۆیە بەردەوام زیندانەکانیان جمەى دێت وپڕە لەخەڵکى تێکۆشەرى ئازادیخوازو یەکسانیخواز. ئەم مەکینەى دەسەڵاتە دەبێ تێک بشکێندرێت و ڕابگیڕێت لەلایەن خودى خەڵکەوە کەتەنیا بە ڕوخاندنی ئەم ڕژیمەش ئەم مەکینەیە ڕادەوەستێ.

ئەبێت خەڵک چارەنووسى بەدەستى خۆیی بێت، ئەبێت خەڵک بەیەکەوەو بەیەکگرتوویان وەڵامى ئەوپرسیارە بدەنەوە کەچۆن بەدەستى خۆیان  و بەئارەزویی خۆیان چارەنووس ومافەکانیان دیارى بکەن؟ ئەبێت هەنگاو بەهەنگاو خەڵک بە وشیاربوونەوەى خۆیان بۆبەدەستهێنانى ماف وئازادییەکان کارى لەسەربکات. ئەوپرسیارانە لەخۆیی بکات وهەرخۆشی بەدوای وەڵامە دروستەکاندا بگەڕێت. چۆن دەکرێت تەواوى خەڵک بێبەش نەبن لەخۆشى وشادییەکان وئاسوودەیی وئازادى وڕیفاهیەت وشارستانیەت؟ یەک رێگاچارە هەیە ئەویش تەنها بەتێکۆشانى یەکگرتوانەو هاوخەباتى و دڵسۆزانەى خەڵک بۆماف وئازادییەکان وسیستەمێکى سیکۆلارو مەدەنى وئازاد بەدی بهێندرێت.

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ١٧ ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *