Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 سیستەمی شکست خواردو، پەرلەمانی دز

سیستەمی شکست خواردو، پەرلەمانی دز

عەبدوڵا مەحمود

بەدوور دەزانرێت، کەسێکی هوشیار و سەربەخۆ و ئازادیخواز هەبێت، گومانی هەبێت لەوەی کە سیستەمی سیاسی کوردستان، چ وەکو ئەزموونێکی گشتی و چ وەکو حكومەت و دەسەڵات، شکستی خواردووە..

دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان لەبنەرەتدا دەسەڵاتی میلیشیایی حزبی و بنەماڵەییە، هەموو جومگە گرنگ و هەستیارەکانی دەسەڵاتدارێتی و ئەمنی و داهات و سامانی وڵاتیان لەدەستی خۆیان قۆرغ کردووەو بەچەندها شیوەش پارێزبەندی ئەو دەسەڵاتەیان، لەڕیگای هیزی چەکدار و سەرکوت و پاوانکردنی داهات و هاوکات لە رێگای حکومەت و پەرلەمانێکی دیکۆر ئاسای بێ ناوەڕۆک و فریودەرانەوە، پاراستووە.

دزی و تاڵانی و دەست نانە گەروی زوربەی زۆری کۆمەڵگە، و دزینی قوتی هاوڵاتیان بۆتە تایبەتمەندیەکی دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا. لەو چوارچێوەیەشدا دزین و لوشدانی بەشیکی زۆری داهاتی کوردستان بۆ پۆستە سیادییەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران و حکومەت و بەڕیوەبەرە گشتیەکان، تا دەگات پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان، پیویستی بە بەڵگە هێنانەوە نییە…

دوای تەواوبوونی هەر خولێکی پەرلەمان، هەر ئەندام پەرلەمانیک وەکو خەڵات بۆ ئەو خولە ٤٩ ملیۆن دیناری پیدەدرێت و هاوکات بە موچەی ٦ ملیۆنیش خانەنشین دەکرێن. بەجیا لەوەش سەیارەی مۆدێل بەرزی گران بەها، موچە بۆ پاسەوان، خانوو شوققە… سەرفی پارە بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات… لەو ئیمتیازانەن کە هەر ئەندام پەرلەمانێک لێی بەهرەمەند دەکرێت… هەموو ئەمانە لە موچەی مانگانەوە کە نزیکەی ٨ ملیۆن دینارە، تا دەگاتە خەڵاتی ٤٩ ملیۆنی و خانەنشین بوونیش بە ٦ ملیۆنی، لەگەڵ ئیمتیازەکانی کە هەریەکەیان خۆی سەرچاوەیەکی تری کەڵکەی سەرمایەی مفتە، پەرلەمانی کردۆتە کونە پارە و سەرچاوەی بە ملیۆنێر بوون.

ئەو پارە خەیاڵی و ئەو جیاوازییە زەبەلاحە لەموچە بۆ وەزیر وئەندام پەرلەمان لەگەڵ موچەی کرێکاران و کارمەندان، هیچ ناوێکی لێنانرێت، جگە لەدزیەکی ئاشکرا کە پەرلەمان وەکو دەزگایەک و ئەندام پەرلەمانەکانی وەکو پارچەی دزی یاسایی ئەو دەزگایە ئەنجامی دەدەن.

دزینی ئەو داهاتە فراوانە بۆهەر خولێکی پەرلەمان و و بەرگی یاسایی بەبەرداکردنی، دزییەکی ئاشکرای دەزگایەکە کە بریارە رۆڵی یاسادانان، چاودێری و لێپرسینەوە بگێرێت. ئەم دزیی و تاڵانییە ئاشکرا کەم وێنەیە، رووی هەموو دەسەڵاتە مافیایی و دیکتاتۆرییەکانی دنیای سپی کردۆتەوە!!

پەرلەمانی کوردستان، کە بێ بەهاترین و پوچترین دەزگایی بەناو یاساییە، لەهیچ کات و سەردەمێکدا، نەیتوانییوەو ناتوانێت رۆڵێک بگێرێت لەدەرەوەی ئیرادەی حزب و بریاری بنەماڵەی دەسترۆشتوی هەرێمدا… و هەموو ئەندامەکانشی جگە لە کادری قورمیشکراوی حزبی و چاو لە پارەو ئیمتیازی پەرلەمان، عەقڵ و هزی دانان و هێنانی هیچ یاسایەکی شارستانی و ئینسانیان پێ نییە، چاوی بینینی و چاودێری هیچ کردەیەکی لیوان رێژ لە سەرکوت و بێمافی و بێکاری و نەداری و، حزبۆکراتی دەسەڵاتیان نییە، هیچ کاتێک نەتوانا و نە رۆڵی لێپرسینەوەیان لەهیچ بەناو وەزیر و کارێکی بەناو حکومەت نەبووەو نییە… لەو جێگایەش ئەگەر پەرلەمان بیەوێت شکۆی سەرۆک و حزبی دەسەڵات ببەزێنی، دادەخرێت و پەرلەمان خانەنشێن دەکرێت، بەڵام موچەو ئیمتیازاتی ئەندامەکانی بەردەوام دەبێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە نەبوونی پەرلەمان هیچ کێشەیەک دروست ناکات و بوونیشی بۆتە دەردێکی ترو گرفتێک بۆ خەڵکی کوردستان.

پەرلەمان ئەوەندە بێ بەهایە، بۆ ماوەی دووساڵ لەلایەن پارتیەوە داخراو سەرۆکەکەشی ڕیگای چوونە هەولێری لێ یاساغ کرا، بێئەوەی داخران و راگرتنی پەرلەمان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی هەرێم و هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان هەبێت. پەرلەمان  و یاساکانی لەهەر زۆنێکدا، مل کەچی حزبەو هیچ یاسایەک ناتوانێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەگەر حزبی ئەو زۆنە نەیەوێت. وەدەیان یاساش بێ ئەوەی جوڵەیان کردبێت لە سەر رەفەی پەرلەمان ماونەتەوە، هیشتا تۆمەتبارێکی زلی تاڵانچی و تیوەگلاو یان گەندەڵ سفەت و گەندەڵ پیشە، نەتوانراوە بدرێتە دادگاو لێپێچینەوەی لێ بکرێت… هیشتا بازرگانانی سیاسی و نەوت فرۆشی بەداعش دەستی دادگای پێ نەگەیشتووە، بکوژی رۆژنامە نووسان ئازادن، قەسابی رۆژانەی ژنان توشی لێپیچینەوە نەبوون و نابن و ئەگەر دەستبەسەریش بکرێن و بەزووی ئازاد دەکرێن، تا ئیستا بکوژی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەوانەش هی ١٧ شوبات و دواتر… دەستگیر نەکراون. هیچ یاسایەک بەدژی دەسەڵاتی و حزب و بازرگانانی سیاسی و ئابوری و تیرۆری ئابوری کۆمەڵگە، دەرنەچووە و دەرناچیت. پەرلەمان تەنها سیمایەکە بۆ رتوشکردن و شاردنەوەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی لە کوردستاندا. هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی ئەگەر ویژدانیان نەفرۆشتبێت، پارەو ئیمتیازات کوێری نەکردبن، دەزانن پەرلەمان هیچ کارەیە، کەچی بێشەرمانە باسی پیگەی یاسایی و سیاسی و مەعنەوی و پەلەمان دەکەن… لەبەرامبەر بەدەنگی نارەزایەتی لەبەرامبەر بە وەرگرتنی ٤٩ ملیۆنی خەڵات و موچە بەرزو خانەنشینیدا، درۆی ماندووبوون و شەونخونی دەبەخشنەوە، دەڵێن مافی خۆمانە… کەزۆریان بۆ دێت دەڵێن خەتای ئێمە نییە بریاری پەرلەمانە، دەڵێن پێویستمان پێیەتی….تاد. ئەم پاساوانە لەلایەن هەموو لیستەکانەوە دەهێنرێتەوە… ئەوە لە کاتیکدایە کە موچەی زوربەی هەرە زۆری کرێکاران و فەرمانبەران، لە ٥٠٠ هەزار تێناپەڕێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئۆردۆ بێکاران ڕۆژ بەرۆژ بەرینتر دەبێتەوە و موحتاجی سەرەتاییترین پێداویستی ژیاریین، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشمەرگەو کەم ئەندامان و لاوان، لەوپەرێ دۆخی خراپی ژیاندانن… هەروەها خەڵکی موحتاجی سەرەتاییترین پیداویستی تەندروستی و ئاو و کارەباو خزمەتگوزارییەکانە…

ئەم جەنابابەی پەرلەمان و پشتیوانە سیاسییەکانیان، فەزل فرۆشی بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەکەن، کە ماندو و بوون شەونخونیان کێشاوە، چ بێ شەرمیەکە؟ دەکرێت ئەندام پەرلەمانێک کارێکی باشی پەرلەمانمان نیشان بدات، یەک یاسای مۆدێرن و ئینسانی کە خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات، بخاتە ڕوو. چاودێری لێپرسینەوەیەک لە حکومەت و وەزیرەکان!! بخاتە بەرچاو؟ بیگومان پەرلەمان و ئەندامەکانی ئەو پەرلەمانە کە کادری دەرجە لەخواری حزب و گوێرایەڵەکانی بنەماڵە دەستڕۆشتوەکانی ناو بریاری حزبن، نەک لە چوار ساڵی رابردوودا، بەڵکو لە ساڵی ١٩٩٢ وە تا ئێستا ناتوانن یەک هەنگاو یەک دەستکەوت لە بەرژەوەندی خەڵکی بێبەشی کوردستان بخەنە روو، ئەوە لەکاتێکدایە کەیسی دەمەزەردکردنەوەی پیاوسالای  و فرە ژنی، کەیس و یاسای دژە تیرۆر بۆ دەست ئاوەڵابوون بۆ سەرکوت، کەیس و دۆسیەی ئامادەنەبوون بۆ زیادکردنی موچە بۆ ٤٠٠ هەزار دینار، کەیسی دیزەبەدرەخۆنەکردنی تیرۆری رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندانەکانی کوردستان، کەیسی چاو نوقاندن لە بازرگانان لەگەڵ داعش، کەیسی هینانی سوپاسی بەعس بۆ هەولێر و پەلکێشکردنی سوپای پاسداران و باندەکانیان بۆ قوڵایی کوردستان، تا دەگاتە دۆسیەی ١٦ ئۆکتۆبەر… هەموو ئەو پەروەندانەن کە ریسوایی پەرلەمان، نیشان دەدەن… پەرلەمان و ئەندامەکانی زۆر سوکتر و بی بەهاترن لە ئەنجومەنی نیشتیمانی سەردەمی بەعس و ئەندامە قورمێشکراو و بەعسیەکان. ئەم توێژە لە کاراکتەری سیاسی لە کوردستان لە دەسەڵاتدا، لەناو بازنەی حکومەت و پەرلەماندا بێت یان لەدەرەوەی ئەو دوو دیکۆرە موچەخۆرەی حزب بیت، شکستخواردوترین و بێ پرانسیپترین توێژن، کە کۆمەڵگەی کوردستانیان بۆ هاوڵاتیانی کردۆتە دۆزەخ و ژینگەیەکی هەمیشە ئاوسی مەرگەسات. لەبەرامبەریشدا و لەسەر ئەساسی دزینی بەری رەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان، کارمەندان و فەرمانبەران، و دەست بەسەراگرتن و هەرزان فرۆشکردنی داهات و سامانی خەڵکی کوردستان ژیانێکی بەهەشت ئاساو فیرعەون ئاسایان بۆ ئیستاو دەیان دەهەی داهاتووی تر بۆخۆیان و دەوروبەریان زامن کردووە. کەمایەتیەکی زۆرکەمی کۆمەڵگە لە سەرمایەداران و چینی حاکم” کە وەزیر و گزیرەکان، ئەندام پەرلەمانەکان…تاد”  بەشیکن لەو چینە مشەخۆرو سەرمایەدارە، ژیان و گوزەرانی زوربەی زۆری خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتووشیان، کردۆتە قوربانی چاوچنۆکی کەڵەکەی سەرمایە بۆ خۆیان.

ئەو ٤٩ ملیۆن دینارە، لەگەڵ موچەی مانگانەو موچە خانەنشینی، ئەندامانی پەرلەمان لەپاڵ دزیەکانی تر لە پۆستە سیادیەکان. دزییەکی ئاشکرای لێخۆش بوون هەڵنەگرە، تاوانێکی نەبەخشراوە، وە بەشیکی جیانەکراوەیە لە سیستەمی سیاسی دزو مافیایی و تاڵانچیتی، بزوتنەوەی کوردایەتی کە وێنەی لە دنیادا ناوازەیە. خەڵکی کوردستان لە خەباتی خۆیاندا بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە دەبێ کاری خۆیان لەگەڵ ئەو توێژە سوکە تاڵانچییە لە دەسەڵاتدا و لەحکومەت و پەرلەمانە کارتۆنیەکەشیان یەکلایی بکەنەوە سامانیان دەستی بەسەردا بگریت و خۆشیان لێپێچینەوەی یاساییان لەدادگایەکی سەربەخۆی بێلایەن عادلانەدا، لەگەڵ بکرێت. ئەو راستیەش چەند بارە سەلمایەوە، کە درۆی ئەوەی بۆیە دەبینە ئەندام پەرلەمان تا ببینە نوێنەی خەڵک و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان باش بکەن… بەکردەوە بۆتە نیعەت بۆ خۆیان و نەوەکانیان و نەگبەتی و بیمافی و ژیانی مەمرەو مەژی بۆ زوربەی هەرەزۆری بەرهەم هێنەرانی واقعی کۆمەڵگە…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *