Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 “شوکریەی مەلا وسو” سیمای ژنێکی خۆشەویست وکۆمۆنیستی ناوچەی پشدەر لەسەرخۆ جێیهێشتین

“شوکریەی مەلا وسو” سیمای ژنێکی خۆشەویست وکۆمۆنیستی ناوچەی پشدەر لەسەرخۆ جێیهێشتین

زوربەی کات لەخانەوادە کرێکاریی وزەحمەتکێشەکاندا، ژنان وپیاوانی ڕابەر و یاخی لەم دنیا نایەکسان و نابەرابەرە سەردەردێنن. ئەوەش یاسایەکی سروشتی کۆمەڵایەتی وسیاسیە کەئینسانەکان بۆبەدەستهێنانی ئەوەی نیانە خەبات بکه‌ن و قوربانی بۆ بده‌ن.

خەبات و تێکۆشان لەکوردستانی عێراق لەبەرامبەر ڕژێمی بەعسی سەرمایە، لەبەرامبەر زوڵم وستەمی چینایەتی و میللی دا هەزاران شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و  کۆمۆنیستی هێنایه‌ مه‌یدان و بەرەنگار بوونەوەیان بەشێوەی ڕێکخراو وناڕێکخراو له‌کۆمه‌ڵگادا ده‌بینرا. “شوکریەی مام وسو” ناسراوبە ( تانیا یوسف) یەکێک بوو لەو ژنە کۆمۆنیست و یەکسانخوازانەی کەلەناوچەی پشدەر شانبەشانی ژنان وپیاوانی قەڵادزێ بەشێوەی جۆراوجۆر خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی لەبەرامبەر به‌زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی رژێمی بۆرژوا ناسیونالیستی به‌عس  چالاکانه‌ ئه‌نجامدا و جێگای دیار بوو.

تانیا کەلەدایکبووی ئەوشارەبوو، لەساڵی ١٩٦٥ دا لەباوەشی خێزانێکی کەم دەرامەت وزەحمەتکێشی قەڵادزێ چاو دەکاتەوە بەم دنیا پڕ ناعەدالەت ونایەکسانە. هەرزوو بێ باوک دەبێت، لەگەڵ براو خوشکێکی لەژێر چەتری نەنک و دایکیدا، غوربەت بەژیانی کولەمەرگی باڵا دەکات و لەگەڵ ماندووبوونی کار، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان لەگەڵ خێزانەکەی دەستو پەنجە ماندووەکانی سفت دەکا.

بۆیە وانەکانی ماندووبوون و بێبەشی لەخۆشگوزەرانی ژیان، تانیا فێر دەکات چۆن خەڵکی کەمدەرامەت و بێبەش و زوڵم لێکراوی هاوچینی خۆی خۆشبوێت و لەپێناو ئەو جەماوەرە مەحرومەدا چۆن تێبکۆشێت بۆ کۆتایی هێنان بەم نایەکسانیە. هەربۆیە وه‌ک ژنێکی کۆمۆنیست و چالاک خه‌باتو هه‌ڵسوڕانی خۆی درێژه‌ پێده‌دات و ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لەخۆپیشاندانی ٢٤/٤/١٩٨٢ی قەڵادزێ بۆ ئازادکردنی گیراوەکان و ناشتنی تەرمی خوشکە سنەوبەر ودایکە ئامینە لەڕێوڕەسمێکی شایستەی جەماوەریدا.

بەڵام دوای ئەوەی دەرکی چینایەتی سیاسی  زیاتر دەبێت  له‌ژێر کاریگه‌ریه‌کانی مارکسیزمی شۆڕشگێڕدا و نزیک که‌وتنه‌وه‌ له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، لەگەڵ ئازاد حسێنی هاوسەری و هەندێک لەئەندامانی خێزانەکەی لەڕێکخراوی( ڕەوتی کۆمۆنیست) نزیک دەبنەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لەڕاپەڕینی ١٩٩١ ڕۆڵێكی چالاکی دەبێت لەناو ڕەوتی کۆمۆنیست بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ڕاپەڕین و دامەزراندنی شوراکان لەناو ئۆردوگا زۆرەملێکانی کەدوای تێکدانی قەڵادزێ دروستکرابوون لەناوچەی باینجانی نزیک شاری سلێمانی. لەگەڵ دەسپێکردنی کاری سیاسی عەلەنی دوای ڕاپەڕین  و دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە هاوینی ١٩٩٣، تانیا یەکێک دەبێ لەئەندامەکانی ئەو حزبە و بەعەلەنی دەستدەکات بەکاری سیاسی و دەورونەخشی بەرچاوی دەبێ لەبزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و کرێکاران وزەحمەتکێشان لەوشارە و لەناوچەی پشدەر بەگشتی.

ساڵی ١٩٩٤تانیا لەگەڵ هاوسەر ودوو کچەکەی کلارا وسۆما ڕوو لەهەندەران دەکەن ولەشاری تۆرنتۆی کەنەدا جێگیردەبێ. بەڵام لەکاروخەباتی بۆ یەکسانی ومافی ژنان بەشێوەیەکی چالاکانه‌ لەکەنەدا لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق درێژە پێدەدات، ولەکۆنفرانسی دووەمی ڕێکخراوی کەنەدا لەساڵی ١٩٩٩ هەڵدەبژێردرێت بە ئەندام کۆمیتەی کەنەدا ولەهەموو کار وچالاکی وهەڵسوڕانی ئەو حزبە تا ڕۆژی نەخۆش بوونی بەردەوام دەبێت.

بەڵام نەخۆشی بۆ ماوەیەکی زۆر لەهێز وتوانای دەخات، تا دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ بەئارامی ولەسەرخۆ وبەبێدەنگی ماڵ ئاوایی لەخانەوادە وهاوڕێ ودۆستان وئەم دنیا نابەرابەرە دەکات.

جێگای هاوڕێ تانیا لەهەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وعێراق دیارە وپڕکردنەوەی بەبەردەوامی خەباتی هاوڕێیانی ده‌وێ.

ئێمە لەڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هاوڕێ ئازاد حسێنی هاوسەری و کلارا وسۆمای کچی و تەواوی خانەوادە و هاوڕێیان و ئازیزانی هاوڕێ تانیا دەکەین و لەکەنارتان دەبین بۆسووککردنی ئەو خەمە گەورەیە.

بەرزو بەڕێزبێت خەبات وتێکۆشانی هاوڕێ تانیا وسەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای سۆسیالیزم…

بەردەوام بێت تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر…

ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان.

١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦

About hkkk

Check Also

بەیاننامەی ڕێكخستنی هه‌ولێر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان سەبارەت: …

سەرچاوە و هۆکاری تاوانەکان هاوڵاتی نییە حکومەت و دەسەڵاتدارانە!  ڕووداوەکانی دوو سێ مانگی ڕابردووی ناوشاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *