Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 لابردنی پاشەکەوتی موچە…خێر و سەدەقە نییە!…

لابردنی پاشەکەوتی موچە…خێر و سەدەقە نییە!…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود …

بەرواری ٨ ی ئەم مانگە بریاری لابردنی پاشەکەوتی موچە درا… واتە بڕیاری دەستهەڵگرتن لە تاوانکارییەک درا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە سێ ساڵ و چەند مانگ خەڵکی کوردستان بێبەش لە بەشێک لەبەری رەنجی یاسایی خۆیان کران و موچەکەیان لێ قرتێنرا. لە ئاکامی ئەم سیاسەتی سگ هەڵگوشین و توندکردنەوەی کەمەری زوربەی زۆری جەماوەری کرێکارو موچەخۆراندا، ئاستی هەژاری بەرینتر بۆوە، بێکاری فراونتر. هاوکات رێژەی تاوان و پشێوی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی خێزان بەرەو هەڵکشانێکی ترسانک چوون… خزمەتگوزارییەکان ئاسەوارێکی کەمیان لێ مایەوە… گرتنە بەری ئەم سیاسەت و لەراستیدا تاوانە، پەیوەندی بەوەوە نەبوو کە داهات بەشی موچەی تەواوی کرێکاران و فەرمانبەران نەبوو، بەشی خزمەتگوازرییەکان پارە نەبوو، بەڵكو بەهۆی دەست بەسەراگرتنی داهاتی کوردستانەوە لەلایەن دوو حزبی میلیشیاییەوە، بەتایبەتیش پاوانکردنی داهاتی و نەوت و کێڵگە نەوتیەکان، و داهاتی خاڵە سنورییەکان و ناوخۆ و…  ئەو دۆخە دروست بوو. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کاتێک بەشێک لە داهاتی خودی کوردستان دەدەن بە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و فەرمانبەران، کە ئەو داهاتەیان بەچەند قات لەلایەن بەغداوە بەدەست بگات. بەپێی لێدوان و شارەزایانی بواری ئابووری خودی حزبەکانی بۆرژوازی کورد داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و داهاتی تری ناوخۆی وەکو باج و گومرگ و … بە ئاسانی بەشی موچەی کریکاران و کارمەندان و موچەخۆرانی دەکرد، بەڵام برسیکرنی خەڵکی کوردستان و بڕینی موچەی کریکاران و کارمەندانیان کردە کارتێک بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغدا. کردیانە دەستمایەی مامەڵەیەکی ناجوامێرانە لەگەڵ خەڵکی کوردستان…

دیارە بەغداش لەو مامەڵەیدا، توانی بەشێکی زۆر لە ویستە سیاسیەکانی خۆی، دابسەپێنێتە سەر حزبەکانی بۆرژاوازی کورد، لەوانە ناچارکردنیان بە بادانەوە بەرەو رووی بەغدا و فیدرالیزمی قەومی، خستنە ژێر کۆنترۆڵی خاڵە سنورریەکان، فرۆکەخانەکان، فەرمیکردنی ئەمری واقعی ١٦ ئۆکتۆبەر بە کەمێک ئاڵوگۆرەوە… هەموو ئەمانە لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان، ئەنجامدا…

ئێستا کە بۆرژوازی کورد و عەرەب لەسەر بەشی داهات و بودجە، بە ڕیکەوتن گەیشتن، بریاری… لابردنی پاشەکەوتی موچە دراوە،  دیوی دەرەوەو ڕوکەشی سازانێکی گەورەترە، سازانێک کە لە بنچینەدا سیاسییە. لایەنی سەرەکی و بنچینەیی ڕیکەوتننامەکە ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتی لەبەرامبەر بەغداو بە رێکەوتن لەسەر بودجە، هەرزان فرۆش کرا، و بەتەواوەتی ئیرادەی سیاسی و بریاری سیاسی پەیوەندیدار بە کیشەی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسییەکەیان، رادەستی بڕیاری ناوەند کرد، لەبەرامبەر ملدانی بەغدا بە پرسی بودجە. دیارە چ بریاری بەغدا بۆ ناردنی بودجە بۆ کوردستان و چ لابردنی پاشەکەوتی موچە، خێر و سەدەقەی دەسەڵاتی ناوەندو حزبەکانی دەسەڵات بەدەستی کوردستان نییە، ماف و خزمەتگوزاریی و موچەی  کرێکاران و کارمەندان و خەڵکی عێراق و کوردستان، زۆر لەوە زیاترە و دەبێ بەخەبات و تێکۆشانێکی رێکخراو و ئامانجدارانە لە گەروییان دەربهینرێت…

ئەگەر لەم مامەڵە سیاسییەدا، ریکەوتن لەسەر پرسی بوجە بۆ خەڵکی کریکارو کارمەندو موچەخۆرانی کوردستان دەبێتە هۆی وەرگرتنەوەی موچەی زەوتکراو و مافی خۆیان. ئەوا لەلایەکەوە خەڵکێک کە موچەخۆری حكومەت نەبوو، یان بێکار بووە، هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێت، هەروەها موچەی پلە باڵاکان و وەزیرو گزیرەکان، ئەندام پەرلەمانەکان و خانەنشینەکانیان، راوێژکارە زۆرو زەوەندەکان… تاد، لەم گێرانەوەی موچەیەدا، سودمەندی یەکەم دەبن و حزبەکانی دەسەڵاتیش، بواری درێژەدان بە دزی و تاڵانیەکی فراونتریان بۆ دەرەخسێت…

زوبەی زۆری حزبەکانی بۆرژوازی کورد بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوە دەستکەوتە!! و ئەم دەستکەوتەش! بەرهەمی ماندوبوون و خەم خۆری ئەوان بووە کە پاشەکەوتی موچە لابراوە. وەچاوەروانی ئەوەن خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر بە کارە جوامێرانەیاندا!!، ستایشیان بکەن… چ دوو روویەک و درۆیەکی ئاشکرایە، چ بێ شەرمیەکە… دەسەڵات هیچی نەکردووە، دەستکەوتێکیش لە گۆڕی نییە، دەسەڵات لە مامەڵەیەکی لەگەڵ بەغدادا، بریاری گێرانەوەی موچەی بێ پاشەکەوتی داوە… ئەمەش هیچ دەستکەوتێکی تیا نییە، نە مووچە زیاد کراوە، نە سەعات کار کەم کراوەتەوە، نە دەرماڵە و بیمەیەک بڕیاری لێدراوە، بەڵکو دزییەی کەم وێنەو داهێنانێکی شەرماوەری بزوتنەوەی کوردایەتی، ئالوگۆڕی بەسەدا هاتووە، بێ ئەوەی هیچ قەرەبووکردنەوەیەکی ئەو چەند ساڵە، لە داسەپاندنی برسێتی کەم وێنەو ئیرادە وردکردن، بکرێنەوە.

حزبەکانی دەسەڵات پاشەکەوتی موچەیان داسەپاند، زوربەی حزبەکانی ئۆپۆزیسێۆن لەو حکومەت و دەسەڵاتەدا بەشدار بوون کە پاشەکەوتی موچەی تیا داسەپێنرا… هیچ کام لەو حزبانە لە ململانێیان لەگەڵ یەکتری پرسی لابردنی پاشەکەوتی موچەیان نەکردە مەرجیێک، کە پەیوەندی بەزوربەی زۆری خەڵکی کوردستانەوە هەبوو. ڕۆژێک کۆبونەوەی پەرلەمانیان بایکۆت نەکرد، لەسەر پاشەکەوتی موچە. هەرەشەی بایکۆتی بەشداری سیاسیان لە پرۆسەی سیاسیدا نەکرد، لەسەر دەستبەسەراگرتنی مافی کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆران. بەڵام دەرکردنی چەند وەزیرێک، داخستنی دەرگای پەرلەمانێکی زیادە، تا دەگاتە شەر لەسەر بودجە و دەستکەوتی حزبی… مەیدانێکی گرنگی ململانێیان بوو… ئەو راستیانە ئەوە نیشان دەدات کە حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، درۆدەکەن کە دەڵێن بۆ لابردنی پاشەکەوتی موچە ماندووبوون و هەوڵیان بۆداوە… خەڵکی کوردستان و لە پێشیانەوە کریکاران و کارمەندان، پێویستە ئەو ئەو درۆ ئاشکرایەیان لە قاو بدەن و ریسوای بکەن..

سیاسەتی پاشەکەوتی موچە، لەگەڵ ئەوەدا هەمیشە لایەنێکی سەرەکی نارەزایەتی و تورەیی جەماوەری بووە و گوشار بووە لە دژی دەسەڵات، بەڵام لابردنی پاشەکەوتی موچە بەرهەمی ئەو نارەزایەتیە نەبوو، وە دەسەڵاتیش لەبەرامبەر بەخواستی جەماوەری بۆ لابردنی پاشەکەوتی موچە، گوێی خۆی خەواندو بێ باکانە درێژەی بەو سیاسەتە دژە ئینسانیەدا… ئەوەی کە سیاسەتی پاشەوکەوتی موچەی لابردووە، لەچوارچیوەی مامەڵەیەکی هەمەلایەندا لەگەڵ بەغدا و لەپەیوەند بە بودجەدا، چۆتە پێشەوە.

دیارە لابردنی پاشەکەوتی موچە و تا ڕادەیەک کەمەری ماندو و چەماوەی کرێکاران و جەماوەری بێبەش راست دەکاتەوە، ئاڵوگۆڕێک لە ژیان و گوزەرانیادا  پێک دەهێنێ، ئاستی چاوەروانیەکانیان بەرەو سەر دەبات، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆکارێک بۆ بەرەوپیش بردنی خەباتی چینایەتی. لەپێش هەمووشیانەوە بۆ زیادکردنی موچەو وەستانەوە بەرووی گرانکردنی بازارو کاڵا شمەکانیدا کە پێشبینی دەکرێت، لەلایەن بازرگان و سەرمایەدارەکانەوە، کە زوربەیان وابەستەی حزب و بنەماڵەکانن، بەرەوسەر ببرێن، واتە دوای لابردنی پاشەکەوتی موچە بەشێکی بە داسەپاندنی گرانییەوە لە جەماوەری کرێکارو بێبەش وەردەگرنەوە…

کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کوردستان، پێویستە ئامادەی خونساکردنەوەی سیاسەتی داهاتووی دەسەڵات و بۆرژوازی کورد ببن، بۆ ئەو مەبەستەش رێکخراوبوون و یەکگرتوو بوون، کۆبونەوە لەدەوری خواستە سەرەکیەکانیان، کارێکی لە پێشینەی هەر ئێستایەو دەبێ بۆی ئامادەبن.

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *