Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 له‌ 9هه‌مین ساڵیادی تیرۆری هاورێیان شاپورو قابیلی خۆشه‌ویستدا!

له‌ 9هه‌مین ساڵیادی تیرۆری هاورێیان شاپورو قابیلی خۆشه‌ویستدا!

شاپورو قابیل خۆیان له‌سه‌ر ترۆپكه‌ی ڕابه‌ری جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ هاویشته‌ ئامێزی حزب

عبدالله‌ مه‌حمود
abdulla.mahmud@gmail.com

 

9 ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له‌به‌رواری 18/4/1998دا هه‌ردوو ڕوخسارو سیمای خۆشه‌ویستی بێبه‌شان، ئاواره‌كان و بێخانه‌ولانه‌كان، كریكاران، حزبی بێبه‌شان و ناڕازیان، شاپورعبدالقادر وقابیل عادل، له‌شاری هه‌ولێردا، له‌پیلانێكی ترسنۆكانه‌دا به‌ده‌ستی باندێكی ئیسلامی ئه‌نیشك له‌خوێن هه‌ڵكێشراوی ئیسلامیه‌كان، تیرۆركران.
شاپور وقابیل جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌ندامانی ڕابه‌ری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق بوون، هاوكات ڕابه‌ری ئاواره‌كان و بێخانه‌ولانه‌كان، ڕابه‌ری ئاكسیۆنه‌كانه‌ ئایارییه‌كان و بۆنه‌ كرێكاری و ڕادیكاڵ و جه‌ماوه‌ریه‌كان، بوون.
له‌كاتێكدا ئه‌م دوو سیماو ڕوخساره‌ نه‌سره‌وتووه‌ی ئاواره‌كان وبێخانه‌ولانه‌ و بۆنه‌و مه‌راسیمه‌كرێكاری و جه‌ماوه‌ریه‌كان، كه‌وتنه‌ به‌رده‌م پیلانی تیرۆرستان و تیرۆركران، كه‌ خه‌ریكی ئاماده‌كاری بۆ ئاكسیۆنی ئایار بوون، خه‌ریكی ئه‌وه‌بوون كه‌ كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌م لێچو له‌ئاكسیۆنی ئایاردا، ڕێكبه‌خه‌ن و ڕابه‌ری بكه‌ن، داخوازیه‌كانیان بخه‌نه‌روو، توانای یه‌كگرتوانه‌و ڕێكخراویان نیشانبده‌ن، هاوچاره‌نوسی و هاوپشتی جیهانی كرێكاران له‌ ڕۆژی كرێكاراندا، بخه‌نه‌ سه‌رشانۆی واقعی.
هه‌ر ئه‌وساڵه‌ له‌ مه‌راسیمی 8 مارسدا، له‌كاتێكدا به‌هه‌زاران كه‌س له‌ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز له‌ هۆڵی میدیای شاری هه‌ولێر كۆببونه‌وه‌ بۆ ڕێزگرتن له‌ ڕۆژی جیهانی ژنان و ڕاگه‌یاندنی په‌یامی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانی خوازانه‌ی ژنان به‌ڕووی ئاپارتایدی جنسی و هه‌ڵاواردن و بێمافیه‌كانی ژناندا، دیسانه‌وه‌ باندیكی ئیسلامی، ئیسلامیه‌كان كه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماسه‌ره‌كیه‌كانی بوونیان و فه‌لسه‌فه‌ی هاتنه‌مه‌یدانیان دژی ژن بوون و كوشتارو ئیغتیسابی ژنان و خواست و مافه‌كانیانه‌، هه‌وڵیاندا ڕۆژی ژنان و مه‌راسیمه‌كه‌ بشێوێنن و په‌یامی دژی هه‌شتی مارس و یه‌كسانیخوازی، به‌چه‌ك و گولله‌بارانكردن به‌رپێبگرن و ڕابه‌رانی قه‌سابی بكه‌ن، هه‌رئه‌وكاته‌ له‌لایه‌ن هاورێیان شاپورو قابیل و ژماره‌یه‌ك له‌هاورێیانی تری حزب و هه‌ڵسوراوانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان، په‌لبه‌ستكران و پیلانی چه‌په‌ڵیان پوچه‌ڵكرایه‌وه‌و وه‌ده‌رنران، ئه‌مه‌ش مۆرێكی شكست بوو له‌ڕۆژی ژناندا درا له‌ته‌وێڵی دژی ژن بوونی ئیسلامیه‌كان.
به‌دوای ئه‌م ڕوداوه‌دا ئیسلامیه‌كان شێتگیربوون و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون تۆڵه‌ی ئه‌م شكسته‌یان و له‌وه‌ش واوه‌تر تۆڵه‌ی هێنانه‌ مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان و خواسته‌ ئینسانیه‌كانیان له‌ بزوتنه‌وه‌و حزبێك بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ڕابه‌رانی وه‌كو شاپور قابیل له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی بوون.
بۆیه‌زۆریك له‌مه‌لاكانی سه‌ر به‌بانده‌ ئیسلامیه‌كانی شاری هه‌ولێر، به‌دوای مه‌راسیمی 8 مارسی هه‌ولێرو مه‌راسمه‌كانی تری كوردستان و ڕه‌وتێكی ڕووله‌گه‌شه‌ی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازانه‌ی ژنان و بۆ گۆڕینی یاسای باری كه‌سێتی و یاساكانی تری دژی ژن، كه‌ كۆمه‌ڵگای داگرتبوو، كه‌وتنه‌ فتوا به‌خشینه‌وه‌ و هه‌لڕشتنی ژه‌هرای ئیسلامی بۆ كوشتاری كۆمۆنیسته‌كان و ڕابه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازانه‌ی ژنان، بۆئه‌وه‌ی به‌ربگرن به‌و ڕه‌وته‌ ئینسانیه‌ی ئاڵای سوككردن و نه‌هێشتنی سته‌مكیشی و نابه‌رابه‌ری ژنانی به‌رز ڕاگرتبوو.
هاوكات نابێ بیرمان بچێت، ئه‌و حزبه‌ی شاپورو قابیل و  دوو ڕابه‌ری پێشره‌و به‌رچاوڕۆشن و خۆشبینی بوون، له‌سه‌راسه‌ری كوردستان ببوه‌ حزبێكی خۆشه‌ویست و ڕۆژ به‌ڕۆژ پانتایی هه‌ڵسورانی به‌رینتر ده‌بۆوه‌، ڕۆژبه‌ڕۆژ خه‌ڵكی كرێكارو زه‌حمه‌تكێش زیاتر له‌ده‌وری سیاسه‌ت و ڕێگاچاره‌كانی، له‌ده‌وری خواست و ڕێنوینه‌یه‌كانی، له‌ده‌وری رابه‌ران و ڕێكخراوه‌ حزبیه‌كان و له‌ده‌وری ئه‌و ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ی حزب پشت وپه‌نای بێدرێغیان بوو، كۆده‌بونه‌وه‌و خۆیان ڕێكده‌خست. ئه‌مه‌ نه‌ك مایه‌ی شێتگیربوونی ئیسلامیه‌كان، به‌ڵكه‌ مایه‌ی هه‌راسان بوون و نیگه‌رانبوونی ئه‌حزابی حاكمی كوردستانیش بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردبووه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی به‌جیا له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌وانه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌پێی ی مه‌نتیقی په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی و عاده‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یان ناچاركرابوون و ناچاربوون بچنه‌ پشتی ڕه‌وت و تاقمه‌ ئیسلامیه‌كان، به‌ڵام ڕه‌وتی ڕووله‌گه‌شه‌ی ئه‌و حزبه‌ی شاپور قابیل و ….تیادا ڕابه‌ری بوون، وای كردبوو كه‌ یه‌كێتی و پارتی له‌هه‌رچی زیاتر ده‌ستی ئیسلامیه‌كان ئاواڵه‌ بكه‌ن و كۆمه‌كی مادی بێسنورو مه‌عنه‌ویان بكه‌ن و ئیمتیازیان له‌ ئیداره‌اتی خۆیاندا پیبده‌ن و بێده‌نگه‌ هه‌ڵبژێرن له‌به‌رامبه‌ر پیلان و كاروكرده‌وه‌ دژه‌ ئینسانیه‌كانی ئیسلامیه‌كاند، هاوكات ده‌ست ئاوه‌ڵاكرابوون بۆ ڕاگرتنیان له‌به‌رامبه‌ر حزبی ئێمه‌ وه‌ ڕه‌وتی ئازادیخوازی و مته‌مه‌دینی كوردستاندا، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای كردبووه‌ كه‌ ئیسلامیه‌كان و مه‌لاكانی سه‌ربه‌وان و بانده‌ ئینسان كوژه‌كانیان به‌ به‌رچاوی یه‌كێتی و پارتیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بكه‌ن، فتوا ببه‌خشنه‌وه‌، ده‌ست بۆته‌قاندنه‌وه‌ی ساڵۆنه‌كانی ژنان و دوكانه‌كانی مه‌یفرۆشی، سوتاندنی كتێبخانه‌كان، و تێزاب ڕشتن به‌قاچی ژنان و تاده‌گات به‌ تیرۆری  ئازادیخوازان و نوسه‌ران و چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان، ببه‌ن.
شاپورو قابیل له‌هه‌لومه‌رجێكی ئاوادا و له‌ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێرو به‌ڕۆژی ڕوناك، له‌كاتێكدا كه‌خه‌ریكی سه‌ردانی یه‌كێتی بێكاران و ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تان بوون به‌مه‌به‌ستی پێشوازی له‌یه‌كی ئایار، له‌لایه‌ن باندێكی تیرۆرستی ئیسلامیه‌وه‌ تیرۆركران.
تیرۆركردنی ئه‌م دوو هاورییه‌ چه‌نده‌ كارێكی ترسنۆكانه‌بوو، چه‌نده‌ ته‌عبیر بوو له‌ درنده‌یی ئیسلامیه‌كان و مه‌لا كۆنه‌په‌رسته‌كانیان، هێنده‌ی ئه‌وه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ بوو له‌ ئێمه‌ وه‌كو حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق و له‌وه‌ش واوه‌تر خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ بوو له‌ خه‌ڵكی ئاواره‌و بێخانه‌و لانه‌ كه‌وت.  ئه‌گه‌ر ئێمه‌ دوو كادری به‌رجه‌سته‌و به‌رچاورۆشن و لێبڕاوی رابه‌رییمان له‌ده‌ستدا، ئاواره‌كان و خه‌ڵكی بێخانه‌و لانه‌و ده‌ستفرۆشه‌كان و ئاكسیۆنه‌ ئایاری و جه‌ماروه‌ریه‌كان، دوو ڕابه‌ری جێمتمانه‌و جێكه‌وتووی خۆیان له‌ده‌ستداو به‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و خه‌ڵكی بێخانه‌و لانه‌، له‌ده‌ورونه‌خشی ئه‌وان بێبه‌شكران پاشه‌كشه‌ی پێكرا.
شاپور قابیل به‌رله‌وه‌ی دوورابه‌ری حزبی بن، دوو ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بوون، ڕابه‌ری بێخانه‌و لانه‌و بێبه‌شان، ڕابه‌ری خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئاواره‌كان و ده‌ستفرۆشان، ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی دژی شه‌ڕی ناوخۆیی، ڕابه‌ری بۆنه‌ كرێكاری و ڕادیكاڵه‌كان بوون. به‌پێچه‌وانه‌ی زوربه‌ی ڕابه‌رانی ئه‌حزابه‌وه‌، كه‌حزب پرۆژه‌یه‌كه‌ شه‌خسیه‌ت ئه‌دات به‌ڕابه‌رانی خۆی، گه‌وره‌یان ئه‌كات، نه‌خشه‌ی ناساندن و پێگه‌یاندنیان داده‌نێت، شاپورو قابیل به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خۆیان له‌سه‌ر ترۆپكه‌ی ڕابه‌ری جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ هاویشته‌ ئامێزی حزب و به‌په‌یوه‌ست بوونیشان به‌حزبه‌وه‌ حزبیان گه‌وره‌و به‌شه‌خسیه‌ت كرد، ئاواره‌كان و خه‌ڵكی بێخانه‌و لانه‌ش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ زۆر زوو له‌ده‌وری حزب و سیاسه‌ته‌كانی كۆبونه‌وه‌. ئه‌و ڕۆژه‌م وه‌كو ئێستا له‌بیره‌ كاتێك شاپورو قابیل له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌  له‌كاتی هه‌ڵسورانیان بۆ ئایاری 95 ده‌سگیركران، ئاپۆره‌ی كۆبونه‌وه‌ی ژنانی ئاواره‌ له‌به‌رده‌م ئاسایشی هه‌ولێردا، چۆكی به‌رپرسانی ئاسایشی شكاندو ناچاربوون ئازادیان بكه‌ن. نه‌خشی شاپور له‌ ڕابه‌ریكردنی خه‌ڵكی نه‌دارو بێبه‌ش و نوێنه‌رایه‌تی كردنیان هێنده‌ به‌رجه‌سته‌و به‌رچاو بوو له‌ ساڵی 95 دا پاریزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت “شاپور له‌ شارێكدا نابێ دوو محافز هه‌بێت،یان ده‌بێ من محافز بم یان تۆ” ئه‌مه‌ قسه‌ی خودی محافزی هه‌ولێربوو كه‌ له‌ناوئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ریدا به‌شاپوری ووت.
هاوكات قایمقایمی دیانه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌نه‌خشی ئه‌ودا به‌هه‌مان شێوه‌ی پاریزگاری هه‌ولیر به‌ شاپور ده‌ڵێت” دیانه‌ یه‌ك قایمقایمی پێویسته‌، نابێ دوانی هه‌بێت، یان ئه‌بێ من بم یان تۆ…”   شاپورو قابیل 9 ساڵ به‌رله‌ئێستا، به‌فتوای مه‌لاكۆنه‌په‌رسته‌كانی وه‌كو مه‌لا به‌شیری تاوانبار و به‌ده‌ستی ئینسان كوژه‌كانی ئیسلامیه‌كان، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا تیرۆركران و ئێمه‌یان وه‌كو حزب و خه‌ڵكی بێبه‌ش و ناڕازی كوردستانیشیان، جێهێشت و په‌یامی ئینسانی و خه‌باتكارانه‌ی خۆیان به‌ ئێمه‌ هه‌موومان سپارد. ئێمه‌ له‌كاتێكدا یادی خه‌رمانه‌یه‌ك له‌ بیره‌وری و تیكۆشانی خه‌باتكارانه‌ی ئه‌وان به‌ درێژه‌دان به‌ڕێگای پڕ سه‌روه‌ری ئه‌وان درێژه‌ پێئه‌ده‌ین، ده‌ڵێین هاوڕێیان ڕێگاتان به‌رده‌وامه‌، شكۆمه‌ندی بۆ ئینسانیه‌ته‌، ئێمه‌ ڕێبواری كاروانێكین ئێوه‌ زوو جێتان هێشتین، به‌ڵام ئایدیاو ڕێبازتان پیروزیه‌كانی دنیان و ئێمه‌ش وه‌فادارین پێیان.

10-4-2007

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …