Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 لەگەڵ ئێن ئار تی…

لەگەڵ ئێن ئار تی…

نوسینی: عبدوڵا مەحمود

لەم ژمارەیەدا وەڵامی  ئەم پرسیارەی خوارەوە دەدەینەوە، تەوەرەی بەرواری ١٠/٤/٢٠١٧

دوای ١٤ساڵ لەڕوخانی ڕژێمی بەعس کورد چی دەستکەوت؟

وەکو هەموو هەموو بەرنامەو تەوەرەکانی تر، بۆ ئەم تەوەرەیەش ئین ئارتی ژمارەیەک کادری حزبی و ئیسلامی و تەنانەت مەلابەشیری تۆمەتبار بە هاندانی تیرۆری بانگهشتی بەرنامەکەی کردبوو. ئەم نەریتەش لەوەدەچیت نەریت و پرانسیبێکی کاری رۆژنامەگەری ئین ئارتی بێت. بۆیە لەناو دەیان و سەدان کەسی شارەزاو نووسەر و سیاسی بێلایەن و کەسانی پێشکەوتنخواز… مینبەری ئاواڵایە بۆ ئەم جەنابانەی لەدۆخی هەرێم بەرپرسن.

روخاندنی رژێمی بەعس ویست و خواستی خەڵکی عیراق و کوردستان بوو، بەڵام ئەوەی کە حکومەتی بەعس و دەسەڵاتی سەدامی لەکارخست، جەماوەری عێراق و خەڵکی کوردستان نەبوون، بۆیە خێر و دەستکەوت لە روخاندنی بەعسدا، بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق نەبوو، بۆ ئەوانە بوو کە لەگەڵ جۆری روخاندنی بەعس بوون لەرێگای جەنگی کۆنەپەرستانەی کەنداوەوە. ئەوەی هەر لەسەرەتاوە چوو پاڵ سیاسەتی ملهوارنەی جەنگی ئەمریکاو غەرب، حزب و هێزە سیاسیەکانی بۆرژوازی عەرەب کورد ” بە شیعەو سونە، بە قەومی و دینی” بوو. ئەم حزبانە هەر لەسەرەتای جەنگی کەنداوەوە لە ژێر چەتری ئەمریکاو غەرب و لە چوارچێوەی سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکادا، کۆبوونەوەو هەموو ئومێد و خەونێکی گەیشتن بە دەسەڵاتیان، بەستەوە بە سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکاوە. تەنانەت بێگویدانە کەمترن هەستی ئینسانی و جوڵانی  ویژدانیان، بەر لە جەنگەکە چوونە پشت سیاسەتی ئابلۆقەی ئابوری سەر خەڵکی عێراق، کە لەئاکامی ئەم ئابلۆقەیەدا، بەدەیان هەزار ئینسانی نەدار و هەژار و بەتایبەتیش مناڵان بەهۆی کەم خۆراکی و نەبوونی شیرەوە، گیانیان بەخشی، کە لەراستیدا جینوسایدێکی ئاشکرابوو.

ئەم حزب و رێکخراوە سیاسیانەی عێراق و کوردستان، بە قەومی و دینی و بە سونی و شیعی!! مایەی خۆیان لەسەر جەنگی ئەمریکاو غەرب هەڵچنی،  بێگوێدانە ئەوەی ئەم جەنگە چ ئاکامێک بەدوای خۆیدا دێنێ؟ کۆمەڵگا بەرەو چ دۆخێکی مەترسیدا پەلکێش دەکات؟ چەند هەزار ئینسان دەکاتە خۆراکی تەیارەو بۆمب و چەکە مەرگ چینەکان؟ چەند هەزار ئینسان کەم ئەندام دەکات؟ چەند کۆمەڵگا وێران دەکات و بنەمای ئابوری و ژێرخانی ئەم وڵاتە دادەڕوخێنێ؟ چ پاشەکشەیەک بەسەر کۆمەڵگا دەسەپێنێ؟ بەڵی بێگویدانە هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای ئەوەی سەدام حسێن دەروخێت، وێرانبوونی کۆمەڵگاو جەنگ و ئاکامەکانی ئەم جەنگەیان، وەکو خێرو بەرەکەتێکی ئیلاهی وەرگرت. لەو نێوەدا بزوتنەوەی بۆرژوا ناسونالیستی کورد و حزب و بەتایبەت سەرکردەکانی، کە پێشتر پەرتەوازەی وڵاتانی ناوچە و ئاوارەی دنیا ببوون، ئەم جەنگەیان بە دیاری گەورە زانی و کەوتنە پێشوازیکردنی. وێنەکانی بۆشی کوڕیان کرد بە سنگیانەوە، لەبەردەم وەزارەتخانەکان بۆ بۆدیتنی بەرپرسانی پلە نزمی ئەمریکاو غەرب هەڵکورمان. ئەمریکاو غەرب و جەنگی بەرژەوەندخوازی ئەمریکایان وەکو فریشتەی نەجات، وەرگرت و لە پێشوازیدا بوون. لە فرسەتدا بوون، لە قڵشتدا، بەدوای پڕکردنەوەی بۆشایی بوون. خەندەیان بە کوشتاری عەرەب زمانەکان و وێران بوونی ناوەراست و خواروی عێراق دەهات. چ بێ شەرمییەکە لەسەر خوێن و ئێسکی وردکراو و لاشەی کەسانی بێدرەتان و زوڵم دیدەی دەستی بەعسی درندە، جەژنی سەرکەوتنی ئەمریکای تاکە دەوڵەتی بەکارهێنی بۆمبی ئەتۆمی و لە دژی خەڵکی سڤیل لەڤێتام و هێرۆشیما و ناکازاکی، جەژن بگریت و ناوی بنێی سەرکەوتنی هاوپەیمانان بەسەر دیکتاتۆریدا.

بەڵێ جەنگ روویدا، سەدام حسێن و دەسەڵاتی بەعس، کۆتاییان هات. بەڵام سەدان بەچکە سەدام حسێن لە عێراقدا، لە ناو رەوتی شیعەو سونە هاتنە دەرەوە. ئەفغانستانی کۆمپانیایی دروستکردنی زەرقاویی و ئوسامەکان و بەغدادیەکان، گواسترایەوە بۆ عێراق و رۆژانە کادرانی تیرۆریستی داعشی و کردەوەی ئینسانکوژی ئەم تاقمانە بەرهەم دەهێنێ. کۆمەڵگا بەتەواوی وێران بوو، ئاسەوارێک لەبنەماکانی شاری و مەدەنیەت نەما. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و سەرانیان، بوونە ملۆزمی سەر ژیانی خەڵکی کوردستان. سەدام حسێنە کوردەکان هەر ئێستا لە کوردستان، بەسەدانن. ئەگەر وەکو سەدام حسێن دەسەڵات و توانایان ببوایە، زۆر لەسەدام حسێن درندانەتر دەکەوتنە داپلۆسینی سیاسی خەڵکی کوردستان. ئەوەیش لەتوانایان بووە درێغیان نەکردووە. نۆکەرایەتی و پێشلەشکریان بۆ بۆ پاسدارو جەندرمەی تورکی کردووە و ئیستاش ئامادەن بیکەن. لەجەنگی ناوخۆی دەسەڵاتدا بەهەزاران ئینسان و لاوی دڵپرلەهیوای کوردستانیان، کردە دەستمایەی دەسەڵاتیان. بە سەدان لەو لاوە دیلانەیان وەکو بەعس ئەنفال کردو ئێستاش نە چارەنووسیان و نە گڵکۆکانیان دیار نین. کۆنەپەرستیان بە جۆرێک باوەشین و گەرم راگرتووە، بەپێی ئامارە راگەیەنراوەکان… لە ٢٦ ساڵی رابردوودا، نزیکەی ٢٠ هەزار ژن کوژراون یان ناچار بە خۆکوژی کراون… چ جینۆسایدێکی ژن بەڕێوەدەچێت؟ بەدەیان کەسایەتی سیاسی جۆراوجۆر لە ناسیونالیستەوە بۆ دینی، تا دەگاتە چەپ و کۆمۆنیستەکان…تاد، لەلایەن ئەم دوو دەسەڵاتەوە تیرۆر و قەسابی کراون، یان ژینگەیان سازکردووە بۆ تیرۆریان… چ دەسەڵاتی بەعس ئاسایە؟

بەدەیان نووسەر و رۆژنامەنووس تیرۆرکراون و بەدەیان رۆژنامەو گۆڤار کەناڵی میدیایی داخروان. هەر دوێنێ، فەرهاد پیرباڵ کەوتە بەر هێرشی بەڵتەجیەکانی کوردایەتی. چ دەسەڵاتێکی دژە نووسەرو کاری رۆژنامەگەرییە؟

لە یەکەم رۆژی کەوتنی بەعس و لەیەکەمین رۆژی چونە دەرەوەی بەعس لەکوردستان، تاڵانی ممتەلەکاتی دام ودەزگا حکومی و خزمەتگوزارییەکان،دەستی پێکردووە. چ دەسەڵاتێکی دزە، لە تاڵانی و دزیدا بەعسی درندە، بەهەزاران فرسەغ لەچاویاندا لەدواوە بوو؟

هەموو داهاتی کۆمەڵگای کوردستان، لە کێڵگە نەوتیەکانەوە، بۆ هەموو سەرچاوەکانی بازرگانی و هەموو بەڵێندەرایەتیە گرنگەکان، هەموو سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ و دەرەوە، لەدەستی دوو حزبی دەسەڵات بەدەست و بەرپرسان و خانەوادەی دەسرۆشتووی ئەم دوو حزبەدایە. چەند عودەو قوسەی لە کوردستان دروست بوون؟

خزمەتگوزارییەکان، نەک بەرورد ناکرێن بە سەردەمی بەعس، بەڵکو تەواو وێران کراون و ئەوەیش ماوە خەریکن هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتیان دەکەن. هێشتا ئاو کارەبا و دەیان خزمەتگوزاری تر لە ئاستی نەبوونیدان… چ دەسەڵاتێکی دژە خزمەت گوزارییە؟

سیستەمی خوێندن و پەروەردە، رێگاو بانەکان، بەنداوەکان، تا دەگاتە سیمای شارو شارۆچکەکان. لەچاو ویستی خەڵک و بەلەبەرچاوگرتنی دنیای ئەم سەردەمە، وێرانەن. چ دەسەڵاتێکی دژە زانست و زانکو شارییە؟

یاساو رێسا، هێشتا زوبەی یاساو ریساکانی بەعس، ماون و کاریان پێدەکرێت. یاسایفرەژنی لەپەرلەمانی لەئیسلام هەڵکێشراودا دەمەزەردکرایەوە. بەسەدان مزگەوت کە ژمارەیان لە هی سعودیە زیاترە لە سێ پارێزگای هەرێمدا، قوبەکانیان بە ئاسماندا چووە؟ چ دەسەڵاتێکی پشتیوانی کۆنەپەرستی و چەندە دژی سکیولاریزم و دنیای سەردەمییە.

مافی هاوڵاتی… تایفەو عەشیرەتگەری زیندوکراونەتەوە، شانازی بە لەقەب و نازناوی عەشیرەت و هۆزو تایفە و باگراوندی دینی، نەک هەر پایماڵکردنی مافی هاوڵاتیبوونە… بەڵکو ئەمە وای کردووە، کە لە زۆربەی ئەو شارو شارۆچکانەدا، عەرەب زمان و تورک زمان و ئاشوری و کلدان و شەبەک و ئیزیدیی و… وەکو هاوڵاتی ژمارە دوو ئەژمار بکرێن. چ دەسەڵاتێکی دژە هاوڵاتیی و چ بەڵایەکە بۆ غەیری کورد زمانەکان؟ چ تامەزرۆیەکی خێڵ و عەشیرەت و هۆزو تایفەیە؟

ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، دۆزەخییە. کرێی کەم بۆ کرێکاران و کارمەندان، بێکاری فراوان، گرانی بازار، نەدانی موچەو تاڵانی لەژیر ناوی پاشەکەوتی موچەدا… هەلومەرجێکی زۆر دژوار و هەژارییەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، چ دەسەڵاتێکی لاباک و دژە کرێکارو کارمەندە؟

حزبی بوون، حزبی بوون جێگای بەعسی بوونی گرتۆتەوە. ئەگەر کەسێک لە ژێر دەسەڵاتی کوردایەتی پارتی و یەکێتیدا، پارتی یان یەكیتی نەبێت، کارێ پێنادرێت و شانسی دامەزراندنی کەمە. واتە ئەگەر کەسێک پارتی و یەکێتی نەبێت، هاوڵاتی پلە دووە. ئەمەیە بەبەعسیکردن بە زمانی کوردی و لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە. چ دەسەڵاتێکی وەفادار بە نەریتەکانی بەعسە؟

پرس و مەسەلەی کورد، هێشتا پرس و کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە و ئەم مەسەلەیە بە ناسەقامگیری هێڵراوەتەوە. کوردستان بە کردەوە جیا بۆتەوە، بە شێوەی فەرمیش تا ئێستا ناسەربەخۆ و لکێنراوە، هێشتا ئەم دۆخەی هەیە مایەی هەڕەشەیە چ لەلایەن ناوەند و چ لەلایەن رژێمە خوێنخۆرەکانی ناوچەکەوە. لەم دۆخەدا باسی ریفراندۆمیش کە هینراوەتە ئارا، بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بۆ ئامادەکارییە بۆ گەمە و جەنگ و ململانێی دوای کەوتنی سەربازی داعش. ئەم دەسەڵاتە چەندە کۆسپی بەردەم پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم و ئیرادە نواندنی خەڵکی کوردستانە؟

ئەم لیستە تەواو نابێت… ئەمانە دەستکەوتی دوای کەوتنی سەدام حسێنن بۆ خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان. ئەوەی زۆر رۆشنە دەستکەوتی کەوتنی بەعس، بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و سەرانیان، بۆ بازرگانانی سیاسی، بۆنوێنەرانی پارێزەری چینە داراکان، دەستراگەیشتن بوو بە بەهەشتی ژیانی شاهانەی خۆیان و زامنکردنی ژیانی فیرعەونێ بۆ دەیان نەوەی دوای خۆیان. دەستگیرکردن لەدەسەڵات و کۆمپانیا سازی بۆ دروستکردنی سەرۆکەکانی سبەینێ و دزین و تاڵانی داهاتی کوردستان بۆ ژمارەیەکی کەم لەخۆیان و دەست و پێوەندو بنەماڵەکانیان. لە بەرامبەردا کەوتنی بەعس بۆ زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان، بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان، بۆ موچەخۆر و کارمەندان، بۆ ژنان و لاوان و بەساڵاچوان و خانەنشینان. بۆت مایەی دۆزەخ و خەڵک نایشارنەوە کەئەم دەسەڵاتە درندەترە لە بەعس. ئەوەی بەعس بەرامبەر بە ئازادی و نارەزایەتی جەماوەری و نەفرەتی خەڵکی کردی. دەسەلاتی کوردیش سڵی لێنەکردۆتەوە. دیارە ئەگەر دەسەڵاتیان وەکو بەعس  بەهێز  هاوکات یەکدەست بوایە، دەسەڵات تەنها لەدەستی حزبێک بوویە لە کوردستان، مۆسۆلۆنی و سەدام حسێنەکان… لەچاو دەسەڵاتی کوردی باشتر پێناسە دەکران. بەڵی کەوتنی بەعس نیعمەتی خودایی بوو بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و مەرگەسات و تراژیدیا و بێمافی و بێ ئاییندەیی بۆ خەڵکی کوردستان بەدوای خۆیدا هێناوە. واتە ئەوە درۆیە کە دەڵین کورد!! کام کورد مەبەست چینەدارکان و حزبەکانی نوێنەریانن یان کرێکاران و زەحمەتکێشان؟ خۆ ئەم دوو بەشە کەیەکێکیان کەمایەتیەکی زۆر کەم و ئەوانەی تریان زۆربەی هەرزۆری کۆمەڵگان، ئەمانیش کوردن لەبەرامبەر یەکتریدا وەستاون و شەری و ململانێی واقعیش لە نێوان ئەم دوو بەشەی کورد دایە… کە هەردوولایان بەزمانی کوردی قسە دەکەن. سەدام حسێن و بەعس بە جەنگی ئیمپریالیستی روخا، دەبێ دەسەڵاتی کوردی، بەئیرادەو شۆرشی جەماوەری نەدارانی کۆمەڵگا، بەمێژوو بسپیردرێت…

 تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٢ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/٤/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *