Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 لە سایەى بارزانیدا!
حسێن ساڵح

لە سایەى بارزانیدا!

حسێن ساڵح

ڕۆژنامەى هەولێر وتارێکی بەناونیشانی”بارزانى لەرێکخستنى ماڵى کوردەوە بۆ بەدەست هێنانى پشتگیرى کورد” لەڕۆژنامەی شەرقولئەسەتەوە وەر گرتووە، ولەفەزای ڕقو بێزاریەک کە خەڵکی کوردستان هەیانە بە بەرزانیو کارنامەی چەند سالەی دەسەڵاتدارێتیەکەی، کەوتۆتە مەدحوسەنا. ووتارەکە سەرەتا ئەڵێ:

“لەگەڵ دەست بەکاربوونى بارزانیدا، واتە دواى ڕوخاندنى ڕژێمى بەعس و پرۆسەى ڕزگاریی عێراق، سەرۆک بارزانى توانیویەتى سیاسەتێکى باشى ئابورى هەبێت بۆهەرێم، پێش دەست بەکاربونى، ڕێژەى هەژارى لە%ی٥٠ پێک دەهێنا توانى بیگەنێتە %7، وە ڕێژەى بێکارى نیزیک بووەوە لەسفر، هەروەها ڕوتێکردنى کۆمپانیا زەبەلاحەکانى جیهان، کوردستانى کردوەتە مێرگێکى پر تەنهایى لەناو دەریایەکى پرجەنگ و تیرۆردا”

هەروەها دەڵی: “لەسایەى ئەم سەرۆکەدا کوردستان بۆتە پەناگاى ئاوارەکانى عێراق، بارزانى ژمارەى زانکۆکانى زیادکرد و لە هەموو گوندێک قوتابخانەى کردەوە خوێندن بەخۆرایى، وە شارى نیشتەجێبون و کەرتى تەندروستى و، وەلەبوارى پیشەسازى وگەشتوگوزار و پەیوەندى دەرەوە، بارزانى خۆى پێشمەرگەیە و سیاسەتى نەوت و ئەندیازارى ئاشتىیە لەنێوان   پەکەکە و دەوڵەتى   تورکیا   زۆرشتى تر. هەموو ئەم دەسکەوتانە بۆ کۆمەڵگاى کورستان لەسایەى بارزانیدا بەدەست هاتووە’.

جارێ باواز لەم مێژووە بێنین کەشانازى پێوە دەکەن، دەبێ بپرسین ئەى مێژووى 15ساڵى ڕابودوو کە پڕە لەجەنگ و تاوان و برسیەتى و ماڵ وێرانى دەتانەوێ بیدەن بە ملى کێدا و ئەو مێژووە لەکێ دەشارنەوە، بارزانى سەرۆکى زۆنى زەرد نەبوو لە دووئیدارەییدا؟ چارەنوسى بەشێک لەم کۆمەڵگایەى بەدەستەوە نەبووە؟ هەر لەسایەى بزوتنەوەى کوردایەتیدا کە یەکێتى وپارتى ڕابەرایەتیان دەکرد، هەرلەساڵى 91کەوە خەڵکى کوردستانیان لەپێناوى بەرژەوەندکانیان ڕاکێشایە ناو شەڕى ناوخۆوە نزیک بەچوارساڵى خایاند، خەڵکێکى زۆر تیایا بووە قوربانى، هەتا ئێستا چارەنوسى دیلەکان بێ سەروشوێنە وخانەوادەکانیان لەچاوەروانیدان، هەر لەم ساڵانەدا هەردوو حیزب پێش لەشکریان بۆدەوڵەتانى ناوچەکە کردووە وەکو   ئێران و   تورکیاو   حیزبى بەعس کە بارزانى سوپایى عێراقى هێنایە کوردستان، گەمارۆى ئابوریان   لەسەرشارەکان دانا، هەر ئەو ڕێژە زۆرەى بێکارى وهەژارى ئەگەر هەمووى بارزانى هۆکارەکەى نەبێ ئەوا نیوەى لەو تاوانانە بەر ئەو و حیزبەکەى دەکەوێ. هەربۆیە ئەو مێژووە ڕەش و پڕ تاوانە بەتەوێڵى بارزانى وحیزبەکانى کوردایەتیەوەیە.

ئینجا با باسى مێژووى تازە سەرۆکى هەرێم کەین، دیارە ئەوە ڕاستە کە کوردستان لە دە ساڵى ڕابردوودا، کە کرانەوەیەکى ئابورى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، بازاڕى کارى فروان بووبۆوە، هەزاران کۆمپانیاى بیانى سەرمایەگوزارى دەکرد، وەهەزاران کرێکارى هاتوو لە کوردستان هەبوو، فرسەتى کار بۆ سەدان هەزار کرێکار فەراهەم کرا، کۆمەڵگاى کوردستان بەئاستێک بوژانەوەى بەخۆیەوە دى، تەوەقوعاتى خەڵک و کرێکار و زەحمەتکێش چووەسەر واتە ئەوە ڕاستە ڕێژەى بێکارى و هەژارى کەم بووبۆوە، کوردستان بووە ناوچەیەکى ئارام هەم بۆ ئیستسمار، هەم بۆگەشت و گوزارى، هەر بۆیە بازارێکى باش بووە بۆ ووڵاتانى وەکو تورکیاو ئێران کە سەرمایە گوزارى بکەن. بەڵام ئەم بارودۆخە کە لە کوردستان خوڵقابوو، بەرهەمى حوکمەتى خودى بارزانى نەبوو، بەڵکو بارزانیش نەبوایە هەر دەخوڵقا، بەڵکو ئەمە بەرهەمى کۆتایى جەنگێک بوو کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەناوى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە ڕژێمى بەعسیان ڕوخاند، ئەم جەنگە چۆن لەکاتى خۆیدا ناسیونالیزمى کورد هەل هەلەى بۆدەکێشا، دواتر بۆیان بووە دەسکەوت، مەترسى گەرانەوەى بەعس نەما و جارێکى تر دەسەڵات کەوتەوە باوەشیان، ئەمە لەکاتێکدا نیزامى بەعس نەما و ناسیونالیزمى عەرەب لەوپەرى لاوازیدا بوو وەتوانى بەشداربێ لە پێک هێنانى حوکومەتى عێراقدا.

وە لەلایەکى ترەوە بەرژەوەندییە سیاسى وئابورییەکانى ئەمریکا و دەوڵەتانى زل هێز واى دەخواست کە ناوچەیەکى ئارام بێ و خۆیان پاراستویانە، هەر بۆیە ناوچەیەک بوو هەم بۆئیستیسمار و سەرمایە کە چەندین کۆمپانیاى گەورەى نەوتى لەو بوارەدا کاردەکەن، وەهەم بۆ ساخ کردنەوەى کاڵاکانیان. ئیستا گریمان بەقودرەتى بارزانى ئەو وەزعە خوڵقا، بەڵام ئەم پرۆسەیەی بەکوێ گەیاند؟ ئایا توانى تەنانەت وەک هەر دەسەڵاتێکى ترى بۆرژوازى بنەمایەکى ئابورى دامەزرێنێ کە ئابورى کوردستان بەرەو پێش بەرێ؟ ئایاتوانى لانى کەم پیشەسازى لە کوردستان بەرەو پێش بەرێ و کۆمەڵگاى کوردستان بکاتە کۆمەڵگایەکى بەرهەم هێن؟ ئایا توانى دەسەڵاتى میلیشایى دوو حیزب هەڵوەشێنێ و دام و دەزگاکان سیستەماتیک بکا؟ ئایا توانى دیعایەی هەموو ڕۆژەى دەوڵەتى کوردى بەرەو پێش بەرێ؟ ئایا توانیویەتى سیستەمێ دامەزرێنێ کە هاوڵاتى بوون مانای هەبێ؟ یان لانى کەمى مافەکانى کرێکاران و ژنان و مناڵان دەستەبەر کرابێ؟ ئەمانەو دەیان پسیارى تر.

وەڵامى هەموو ئەمانە نەرێنیە و نەک هیچ کام لەمانە دانەمەزراون نە بەرەو پێش چون بەڵکو ئەوەى هەشبوو لەناو چوو.

بارزانى هەر سەرۆکى هەرێم نەبوو بەڵکو زۆرێ لە جومگەکانى دەسەڵاتى بەدەستى خۆیەوە بووە، وەکو نەوت کە شادەمارى ئابورى کوردستان پێک دێنێ، بەڵام ئەگەر بارزانى حیزبەکەى لەکەشکەلانى فەلەک دایدەنێ و بە فریادڕەسى خەڵکى کوردستانی دەزانێ، ئەوا بەپێچەوانەوە بارزانى خراپترین سیستەمى دامەزراند، کەسیستەمى تاڵان و برۆ بوو نەک ئەوەى خۆیان ناویان نابوو گەندەڵى ئەمە دەسەڵاتی میلیشیایە سەرەڕاى بە تاڵان بردنى بوجە و داهات و باج و زەریبە و گومرگ، هاوکات قۆوڕخى بازاڕیان کرد و زۆربەى کۆمپانیاکان هی حزبە دەسەڵاتدارەکان و شەخسی بارزانی بوو، زۆربەی پرۆژەکان لەدەستى ئەم کۆمپانیایانە بوو، هەربۆیە زۆربەی پڕۆژەکان و خزمەتگوزاریەکانى خەڵکى کوردستان مەیدانێکى تر بوو بۆ تاڵان و برۆى دەسەڵاتداران، پێویستە ئەوە بووەترێت کە خراپترین جۆرى حوکمرانیان لەناوچەکە دروست کرد، کە حوکمرانیەتێکى دژى دیموکراتیک بوون، دیموکراسى و هەڵبژاردنى سندوقەکان درۆیەکى پوچ بوو، بوونى پەرلەمان تەنیا کارتۆنێک بوو، لەماوەى 25ساڵى ڕابوردودا پەرەیان دا بەدەسەڵاتى میلیشیایان دەیان دەزگای میلیشیایى سەرکوت گەریان دروست کرد، سەرکوتى ناڕازەیەتیە کرێکارى و جەماماوەریەکانیان پێ کرد، خەڵکانى چەپ وکۆمۆنیست و ئازادى خوازیان تیرۆرو زیندانى کرد، ڕۆژنامە نوسانى ناڕازى تیرۆرکران، هەر لەژێر سایەى ئەم سیستەمەدا هیچ مانەیەک بۆمافى هاوڵاتیبوون نەمایەوە، سەرەتایترین شت بۆ مرۆڤ کە مافى بەدەست هێنانى هەلى کار و پەیدا کردنى نانى ڕۆژانەیە، لەلایەن ئەم دەسەڵاتدارانەوە بە بارمتە گیرابوو، دەبوایە کرێکاران و فەرمانبەران و هاوڵاتیان لەرێى ئەندام بوونیانەوە ئەم مافە بەدەست بێنن، بیمە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا شیعار و دروشمى ڕاگەیاندنەکانیان بوو، هەر بۆیە بازاڕی کاری کوردستان، گەشەی ئابوری کوردستان سەرزەمینێک بوو بۆ تاڵان و بڕۆی حزبەکانی کوردایەتی، هەرچی یاسا و ڕێسای ئینسانی و سەردەمیانە و هاوچەرخە نابوویانە ژێر پێوە لە پێناوی کەڵەکەی سەرمایە، لە ئاکامی ئەم پڕۆسەیەدا بارزانی و چەندین سەرکردەی تر بوونە گەورە سەرمایەداری جیهانی و ناوچەیی، وە ئەمە وای کرد کە قەڵشتێکی گەورەی چینایەتی دروست بێت واتە ئۆردوویەکی گەورەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، وە لەلایەکی تر چینێکی تری جەردە و تاڵان و بڕۆی بۆرژوازی کە بە زمانی سادەی خەڵکی کوردستان کە پێیان ئەڵێن فیرعەونەکان دروست بوون.

ئێستا دوای دروستبوونی کێشمە کێشی بارزانی لەگەڵ مالیکی و نەهاتنی بودجە و مووچە لە حکومەتی مەرکەزیەوە، ئەم دەسەڵاتە حەکیمەی بارزانی بەرگەی شەش مانگ ئیدارەکردنی خەڵکی کوردستانی نەگرت و وەک تۆڕی لۆکز هەڵدەوەرێ، ئێستا دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک لە ژیان کردنی خەڵکی کوردستان لە سایەی ئەم قەیرانانەدا، مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران بۆتە ١٠٠ ڕۆژ جارێک، سلفەکان و ئەقاری خانوبەرە ووشک بوون، بازاڕی کوردستان داڕما، دەیان کۆمپانیا ئیفلاسیان کرد، سەدان هەزار کرێکار بێکار بوون، هەر بەپێی ئاماری یەکێتی وەبەرهێنان %٨٠ وەبەرهێنان کەمی کردووە، هەژاری بێ وێنە ڕووی لە کوردستان کردوە، دەیان قەیرانی جۆرا و جۆریان بۆ خەڵک دروست کردووە، کۆچى بەلێشاوى خەڵک دەستى پێکردووە، خەڵک لەدەست ژیانى جەهەنەمى کوردستان، خۆیان داوە دەست قەدەرى ژیانى هات و نەهاتى ڕۆژانە تراژیاى دڵتەزێن دەبیستن. ئێستابەپێچەوانەوە فەزاى کوردستان نەک کەنارى ئارام نییە بۆژیان کردنى خەڵکى کوردستان و ئاوارەکان، بەڵکو کۆمەڵگەیەکە بەرەو داروخان و لێک هەڵوەشان دەچێت. دەسەڵاتداران و سەرۆکەکەى هیچ ئاسۆیەکى ڕونیان نییە و خۆیان خولقێنەرى ئەو بارودۆخەن.

هەروەها ئەوەى پێى دەڵێن رێکخستنەوەى ماڵى کوردى لەسایەى سەرۆکدا، ئێستا لە هەموو کات زیاتر ریزى ناسیونالیزمى کورد لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە کەوتۆنەتە بەرامبەر یەکەوە، ئێستا ئەم هێزانە بەشێکیان لەجەمسەرى ئێراندایەو، بەرەکەى تر لە کەشتى تورکیادایە وخەریکن سیاسەتەکانى ئەم دەوڵەتانە دەبەنە پێشەوە، لەئاکامى ئەم سیاسەتەنەدا کۆمەڵگاى کوردستانیان توشى گێژاوى قوڵ کردووە. هەروەها ئەوەى دەڵێن بارزانى ئەندیازارى ئاشتییە، لە ئاشتى نێوان پەکەکە و تورکیا، دیسانەوە پوچە و بێ بنەمایە، بارزانى خۆى لەجەمسەرى ئۆردوگاندایە و لە دژى مافەکانى خەڵکى کوردستانى تورکیادایە ئیترچۆن دەبێتە نوێنەرى سوڵح و ئاشتى.

ئێستا لەسایەى سەرۆکدا کێشمەکێشى نێوان حیزبەکانى کوردایەتى، لەپێناو دەسەڵاتى خۆیاندا لەهەرێمى کوردستان قوڵتر بۆتەوە، پۆستى سەرۆکایەتى کراواتە بیانوى حیزبەکان و خەریکن کۆمەڵگاى کوردستان دەرگیرى جەنگێکى تردەکەن یان لەباشترین حاڵەتدا دەگەرێنەوە بۆدووئیدارەیى، بارزانیش ئامادەنییە دەست بەردارى پۆستەکەى بێ، دەبێ بارزانى ئەوە بزانێ کەخەڵکى کوردستان لەتەواوى حیزبەکانى دەسەڵاتدار توڕە و بێزارن، هەربۆیە نەدەسەڵاتى ئەو حیزبانەیان دەوێ نەدەیانەوێ لەسایەى بارزانى دا بژین.

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …