Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ماركسیزم له‌ دیدی  به‌شێك له‌ ڕۆشنبیرانه‌وه‌!…

ماركسیزم له‌ دیدی  به‌شێك له‌ ڕۆشنبیرانه‌وه‌!…

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌…

به‌شێك له‌ ڕۆشنبیران ده‌یانه‌وێ وا نیشانی خوێنه‌رانیان بده‌ن كه‌ ماركسیزم و ئیسلام دووڕووی پاره‌یه‌كن، هیچ جیاوازیان نییه‌ له‌ باره‌ی توندڕه‌وی و سه‌ركوت وزه‌بروزه‌نگدا! یا ده‌ڵێن هه‌ردووكیان دوو ئایدیۆلۆژیان و وه‌ك یه‌ك كاریگه‌ری خراپیان هه‌یه‌! لێره‌وه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ لایه‌ك به‌ خۆیان بڵێن بێ دین ومولحید، وه‌ له‌لاكه‌ی تریشه‌وه‌ بڵین ئێمه‌ ماركسیسیت نین ودژی ماركسیزمین. ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نییه‌ ئه‌وان ئازادن چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام گرنگ سه‌لماندنی ڕاو بۆچونه‌كانیانه‌ نه‌ك ته‌نها ڕازاندنه‌وه‌ی بۆچونه‌كانیان به‌ وته‌ی بریسكه‌دارو به‌كارهێنانی وشه‌ی بیانی  و ناو و كه‌سانی بیانی. لێره‌دا‌ ئه‌و پرسیاره‌ هه‌یه‌، ئایا ئه‌وان ‌ پشتیان به‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌سڵیه‌كان به‌ستوه‌ له‌م باره‌وه‌؟ ئایا كه‌مێك خۆیان ماندووكردووه‌ تا بزانن لانی كه‌م به‌رنامه‌كانی وه‌ك مانێڤستی حیزبی كۆمۆنیست (ماركس_ ئه‌نگلس) وه‌ {یه‌ك دونیای باشتر)ی كۆمۆنیزمی كرێكاری چی ده‌ڵین؟ بێ گومان نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ و سه‌رچاوه‌كان بكه‌نه‌ پێوه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یان نه‌ده‌بوو له‌سه‌ر ماركسیزم، كه‌سی مه‌نتیقی به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ ناكات له‌گه‌ڵ تێڕوانینی نه‌یاره‌كانی خۆی كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئه‌سڵیه‌كانیان وبه‌رنامه‌كانیان بۆ ناسینی ڕه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، نه‌ك  بێت ده‌سه‌ڵاته‌كان یا حیزبه‌كان یا ‌ گروپه‌كان یا كه‌سه‌كان به‌ نموونه‌ بێنێته‌وه‌  بۆ ده‌ربڕینی ڕاووبۆچوونه‌كانی. پێمان ده‌ڵێن ئه‌ ی ئه‌وه نییه‌ ستالین وماوتسی تۆنگ و پۆلپۆته‌كان قه‌تل عامی خه‌ڵكیان كرد ئیتر جیاوازی چییه‌ له‌گه‌ڵ قه‌تل و عامه‌كانی داعش والقاعیده‌ وده‌وڵه‌ ئیسلامیه‌كانی تر كه‌ له‌ مێژوودا ئه‌نجامیان داوه. نمونه‌ی وه‌ك ستالین وماوتسی تۆنگ وچین وكۆریای باكور پۆلپۆت و ئه‌وحیزب وگروپ وتاقمانه‌ی سه‌ر به‌مانه‌ن هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ به‌رنامه‌ی ماركسه‌وه‌ نه‌ماوه‌ وهاوڕێبازی ئه‌و نین، ئه‌مانه‌ سه‌ر به‌ به‌شێكی بورژوازین كه‌ سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیه‌ و به‌ ناوی سۆشیالیزم وكۆمۆنیزم ودیكتاتۆری پرۆلیتاریاوه‌ حوكم ده‌كه‌ن و هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ ماركسیزم وبه‌رنامەكه‌یه‌وه‌ نه‌ماوه.‌ هۆی ئه‌م گۆڕانه‌ش  ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری روسیا بۆرژوازی له‌ جیهاندا به‌ چه‌ندین شێوه‌ ویستی ئه‌م شۆڕشه‌ له‌ ناوببات. به‌ هێرش وپه‌لاماری سه‌ربازی نه‌یتوانی به‌ڵام به‌ سیاسه‌ت و پیلان گێڕی توانی و سه‌ركەوتو بوو، بورژوازی توانی ستالین له‌ كۆمۆنیسته‌وه‌ بكاته‌ ناسیونالیست به‌رگریكاری بۆرژوازی روسی هه‌ر بۆیه‌ ستالین و سۆڤیه‌ت بووه‌ قه‌ڵایه‌كی تری بۆرژوازی جیهانی وهه‌موو ئه‌جێنداكانی بورژوازیان  برده‌ پێشه‌وه‌، وه‌ هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌ بورژوا كۆنه‌په‌رسته‌كان سزای ئیعدام وكوشتنی مرۆڤیان خسته‌ به‌رنامه‌ی خۆیانه‌وه‌ كه‌ دوور بوو له‌ به‌رنامه‌ی كۆمۆنیستی ماركس….ناتوانین لۆژیك له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌دا  بدۆزیته‌وه‌ ده‌بێ بپرسین ئایا ئه‌و نمونانه‌ی ئێوه‌ باسیان ده‌كه‌ن  هاتوون به‌رنامه‌ی ماركسیزمیان جێ به‌جێ كردووه‌، یاخود به‌رنامه‌یه‌كی تر؟! بێ گومان ‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ت وحیزب وگروپ وكه‌سانه‌  به‌رنامه‌یه‌كی غه‌یره‌ ماركسیستیان  پیاده‌ كردووه ئیتر ناهه‌قی ده‌كه‌ن ماركسزمی پێ ناوزه‌د ده‌كه‌ن. ته‌نها كۆمۆنه‌ی پاریس و روسیای پاش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر تا ساڵی١٩٢٤له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ماركسیستی بوون.

گرنگه‌  ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ هه‌روه‌ك چۆن كۆمۆنیسته‌كان به‌ لاڕێدا ده‌چن وله‌ سه‌رچاوه‌ وبه‌رنامه‌ی ئه‌سڵی خۆیان لا ده‌ده‌ن بۆ ئیسلامه‌كانیش هه‌مان لادان دووركه‌وتنەوە‌ له‌ به‌رنامه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئه سڵیان ڕووی داوه‌ وبه‌رده‌وامیش ڕوو ده‌دات هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وته‌كانی مرۆڤه‌ له‌ بواری مافه‌كان و یا به‌ هۆكاری پێشكه‌وتنی  ته‌كنه‌لۆجیاو شارستانیه‌ته‌. ئه‌گه‌ر  هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك خۆی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ناو ببات یا هه‌ر حیزب وگروپێك یا هه‌ركه ‌سێك باسی په‌رله‌مان بكات وباسی ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی ژن و یه‌كسانی ژن وپیاو  جیابوونه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت،  سه‌رنه‌بڕین مرۆڤ بكات، ئه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ی ئیسلام لایداوه‌و به‌رنامه‌ی ڕه‌وتێكی تر ده‌بات به‌ڕێوه،‌ چونكه‌ به‌رنامه‌ ئه‌‌سڵیه‌كه‌ دژی ئه‌مانه‌یه ‌بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ده‌وڵه‌تێك به‌ ئیسلامی بناسین  ده‌بێ بزانین چه‌نده‌ به‌رنامه‌ی ئیسلام ده‌بات به‌ڕێوه‌، بۆ نمونه‌ خه‌لافه‌تەكانی ئیسلام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ده‌وڵه‌تی عوسمانی وتاسعودیه‌ وئێران و داعش به‌رنامه‌ی ئیسلامیان به‌ڕێوه‌ بردوه‌. له‌ به‌رنامه‌ی ئیسلامدا و له‌ قورئان وحه‌دیسه‌كان وته‌فسیره‌كاندا ده‌توانین ئه‌وه‌ په‌یدا بكه‌ین ئیسلام باس له‌ كوشت وكوشتار ده‌كا باس له‌ دیل كوشتن وسه‌ربڕینی دیل ده‌كا، باس له‌ ده‌ستبڕین و تاڵان بڕۆ ده‌كات، به‌ڵام له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا ناتوانین یه‌ك وشه‌ په‌یدا بكه‌ین كه‌ باس له‌ كوشتن و ئازاردانی مرۆڤ بكات. ته‌نانه‌ت سزای تاوانباریش ناكرێ له‌ سێداره‌دان بێ، سزای سێداره‌ یا ئیعدام كه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ی ئیسلامدا ڕێگه‌ پێدراوه‌ كه‌چی له‌ ماركسیزمدا قه‌ده‌غه‌یه‌‌. له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا ته‌نها مرۆڤ پیرۆزه‌. هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌های مرۆڤ بۆ خۆی بگێڕیته‌وه‌ و ژیانێكی مرۆڤانه‌ی بۆ دابین بكرێ وهه‌موو یه‌كسان بن، به‌ڵام له‌ به‌رنامه‌ی ئیسلامدا مرۆڤ هیچ نییه‌ و خوداو پێغه‌مبه‌ر خاوه‌ن به‌هان ومرۆڤ له‌ پێناو ئه‌واندا ده‌بێ قوربانی بێ و ژیان بۆ مرۆڤ گرنگ نییه،‌ به‌ڵام له‌ ماركسیزمدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه‌. ژیان ده‌بێ بۆ مرۆڤ بێت به‌ بێ جیاوازی له‌ ڕه‌گه‌زی نێرو مێدا، ژن له‌ ئیسلامدا ته‌نها بۆ غه‌ریزه‌ی پیاوه‌ وچوار دانه‌یان ده‌كرێ بۆ پیاوێك بێ له‌زه‌تی جنسیان لێ وه‌رگرێ و به‌ نیو مرۆڤ حساب ده‌كرێ، ته‌نانه‌ت له‌ ڕیزی كه‌رو سه‌گدایه‌، كه‌چی له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا ژن مرۆڤه‌ ومافی ته‌واوی مرۆڤی ده‌بێ هه‌بێت .

منداڵ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه‌ به‌ ئایدۆلۆژیای ئیسلام مێشكی پڕ ده‌كرێت وكچ كور منداڵ مامه‌ڵه‌‌ی جیاوازی له‌‌گه‌ڵ ده‌كرێت وتوندوتیژیان له‌ به‌رانبه‌ردا به‌ كاردێ. له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا پێچه‌وانه‌یه‌ وئایدۆلۆژیا نابێ فێری منداڵ بكرێ تا خۆی ده‌گاته‌ ١٨ ساڵ هه‌ر باوه‌ڕێك هه‌ڵبژێرێ.  مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ كچ و كوڕ وه‌ك یه‌ك ده‌بێت هه‌ر له‌منداڵیه‌ وه.

به‌ گشتی ماركسیزم وئیسلام نه‌ك دوو ڕووی پاره‌یه‌ك نین، به‌ڵكو دووهێڵی ته‌ریبن هه‌رگیز ناگه‌ن به‌یه‌كتر، ئیسلام ده‌یه‌وێ مرۆڤ لنگه‌ وقوچ بكاته‌وه‌ ماركسیزم ده‌یه‌وێت ڕاستی بكاته‌وه‌، ئیسلام ده‌یه‌وێ مرۆڤ نامۆ و كۆیله‌ بكات، ماركسیزم ده‌یه‌وێت‌ ڕزگاری بكات، ئازاد بێت خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆی بێت.

ئه‌ی ده‌بێ بۆچی ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ به‌م جۆره‌ له‌ ماركسیزم گه‌یشتبن كه‌ ده‌ڵێن وه‌ك ئیسلامه‌؟ هۆی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مانه‌ توێژێكی كورت بینن. چونكه‌ مه‌وقعیه‌تیان له‌ كۆمه‌ڵگەی سه‌رمایه‌داریدا وورده ‌بۆرژوازیه‌ و مانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ به‌رژوه‌ندیانه‌ بۆیه‌ ده‌بێ دژایه‌تی ماركسیزم بكه‌ن، چونكه‌ ماركسیزم ده‌یه‌وێ لانه‌كه‌یان لێ تێك بداو به‌رژەوه‌ندیان ده‌خاته‌ته‌ لێژیه‌وه.

ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ خۆیان به‌ مولحید ده‌زانن ودژایه‌تی ماركسیزم ده‌كه‌ن بزانن یا نا ده‌كەو‌نه‌ سه‌نگه‌ری بورژوازی و ئیسلامه‌وه،‌ چونكه‌ ماركسیزم دەیه‌وێ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه‌ ئه‌نجام بدات و ئه‌و واقعه‌  ماددیه‌ بگۆڕێ كه‌ مرۆڤ مانایه‌كی نییه‌ تێیداو پێناسه‌ی مرۆڤ بوونی نییه‌ تێیدا و دونیای پێچه‌وانه‌ بگوڕێ به‌ دونیایه‌كه‌ی باشتر، به‌ڵام ئه‌م ڕۆشنبرانه‌ به‌رهه‌ڵستكاری ده‌كه‌ن ڕێگا به‌م  گوڕانكارییه‌ ناده‌ن، كه‌واته‌ ئه‌وان ده‌كه‌ونه‌ هه‌مان ڕیزی بورژوازی وئایینه‌وه‌ بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌نجامدا هه‌وڵه‌كه‌یان دچێته‌ گیرفانی  بۆرژوازی و ئیسلامه‌وه.‌‌

25-2-2019

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

About hkkk

Check Also

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەشمەینەت ڕەوایە! …

جارێکیتر ناوەندی شاری سلێمانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەخۆوەگرت. جەماوەرێک کە لەتاو هەژاری و بێکاری و بێموچەیی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *