Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 موچە لە نێوان دەسەڵاتی بەغداو هەرێمدا …

موچە لە نێوان دەسەڵاتی بەغداو هەرێمدا …

عەبدوڵا مەحـمود

یەکێک لەو کێشانەی بەردەوام یەخەگیری کرێکاران ومامۆستایان و کارمەندانی کەرتی گشتییە، پرسی موچەیە. موچەی کەم، پاشەکەوتی موچە، دواکەوتنی موچە، لێبرینی موچە… هەلومەرجێکی سەختی بۆ ژیان و گوزەرانی سەرجەم موچەخۆران پێکهێناوە.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، نەک بەرپرسیایەتی ئەم هەلومەرجە سەختەی ژیان و گوزەرانی موچەخواران، ناگرێتە ئەستۆ، بەڵکو هەمیشە بە پاساوی جۆراوجۆر، رەوایەتی بە بێ موچەیی و دواکەوتن و بڕینی موچە دەدات. ماوەیەک بە پاساوی جەنگی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بوونی ئاوارەی زۆر لە هەرێم…. خۆیان لە دابینکردنی موچە دەدزیەوە. لە ئێستاشدا بە پاساوی پابەند نەبوونی دەسەڵاتی بەغدا بە شایستە داراییەکانی هەرێم موچە دوادەخەن و بە ئارەزووی خۆیان لێی دەقرتێنن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی لێدوان و بەدواداچوونی هەموو شارەزایەکی بواری ئابوری، داهاتی هەرێمی کوردستان لە فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ و باج و داهاتی دەروازە سنورییەکان، بە زیادەوە بەشی موچەی موچەخۆران دەکات، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی هەرێم شانی خۆی لەدابینکردنی موچە دەدزنەوەو هاوکاتیش، سەرچاوەو بڕی داهاتەکان، لە داهاتی نەوتەوە بۆ خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆ و باج … دەشارنەوەو ئامادەنین ڕای بگەیەنن کە داهات چەندە و چۆن سەرف دەکرێت. بەمەش نیشانی دەدەن کە بەپێی بەرنامەیەکی سیستماتیک تاڵانی داهاتی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن.

لەوانەش واوەتر، ئۆباڵی نەبوونی موچەو دواخستنی دەخەنە ئەستۆی دەسەڵاتی بەغدا، ئەوە لە کاتێکدایە، موچە خۆرانی کوردستان، لە هەرێمدا کاردەکەن و لەژێر سایەی دەسەڵاتی هەرێمدان، و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمیش بەرپرسە لە دابینکردنی موچەی موچەخۆران و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و وەڵامدانەوە بە کێشەو گیروگرفتەکانی هاوڵاتیان.دەسەڵاتی هەرێم وا مامەڵەی موچە خۆرانی هەرێم دەکەن وەکو ئەوەی موچەخۆرانی هەرێم لەبەسرەو بەغداو زیقار بەکورتی لە ناوەراست و خواروی عێراق…. خەریکی کارکردن بن، بۆیەش دەبێ بەغدا بەرپرسیاریەتی موچە بگرێتە ئەستۆ… هیشتا لەوە تێناگەن و لەراستیدا نایانەوێ تێبگەن…. کریکار و کارمەند لەهەر جغرافیایەک کار بکەن دەبێ لەو جێگایەش موچەو ماف و ئیمتیازەتەکانیان پی بدرێت.

بەستنەوەی قوتی خەڵکی کوردستان بەوەی ئەگەر لە بەغداوە موچە هات، موچە دابەش دەکەن و ئەگەریش گرژی و ململانێی نیوان هەولێر لەگەڵ بەغدا بەرەوە سەرچوو، موچە نادرێت، بودەڵەیی و نابەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی هەرێم دەخاتە ڕوو. زیاتر لەوەش دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، لە جێگای بەرپرسیاری کۆمەڵگە، بە کردەوە دەکاتە گێرانی رۆڵی دەڵاڵ و سندوقداری. خۆ ئەگەر بەغدا بتوانێت خۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات، ئەم سندوق دارییەش بۆ دەسەڵاتی ئەحزبی سیاسی کورد نامێنێتەوە.

ئەوەی کەوای کردووە دەسەلاتی سیاسی هەرێم ئاوا مامەڵەی موچەخۆرانی هەرێم بکات… هۆکارێکی ئەوەیە کە بەرپرسانی دەسەڵاتی هەرێم، خۆیان و خیزان و کەس و کاریان لە دنیایەکی رازاوەی پڕ نیعمەت و تەسەلی فیرعەونیدا دەژین و ئاگایان لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نییە و نازانن  کرێ خانوو، بەریوەچوونی رۆژانەو خۆراک و پۆشاک و داخوازی مناڵ و داو دەرمان و دابینکردنی پیداویستی خوێندن و پارەی ئاو کارەبا ومولیدە… چییە.

هەر کاتیکیش هەر ئەو موچەخۆرانە و خەڵکی برسی، بۆ بەرگری لە ژیان و مانەوەیان، بۆ موچەکانیان، دینە سەرجادەو داوای مافە زۆر سادەکەی خۆیان دەکەن، تۆمەتی دەستی دەرەکی لە پشتیان بۆ دادەتاشن، هیزی چەکدار و بەڵتەجیەکانی دەسەڵات بەردەدەنە گیانیان، لەبەرامبەریاندا هەرەشە، رفاندن، سەرکوت و زیندنی کردنیان دەگرنە بەر.

تا ئەو جێگایەی دەگەڕیتەوە بۆ رادەست کردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم یان بەشە داهات و بودجەی خەڵکی کوردستان لە داهاتی گشتی عێراق، بە دەسەڵاتی هەرێم، تەنها سازانی نێوان باڵەکانی بۆرژوازییە لە ئاستی عیرقدا، نەک بۆ وەڵامدانەوە بە کیشەی موچەخۆران و ویستەکانی هاوڵاتیانی هەرێم… لەو مامەڵەیەشدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەدوای دزینی ئەو موچەو داهاتەوەیە کە لەلایەن بەغداوە وەکو پشکی کوردستان رادەستی حزبەکانی بۆرژوازی کورد دەکرێت.

بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان بەگشتی و نارەزایەتی موچەخۆرانی هەرێم لەدەسەڵاتی بۆژوازی کورد، پێویستە بە رۆشنی و لە ڕێگای نوێنەرانی خەڵکی کوردستان و موچەخۆرانەوە، بە دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی عێراق بگەیەنرێت. ئەگەر بریارە داهات و موچە لە بەغداوە بۆ هەرێم بێت، دەبێ رادەستی نوینەران و ئەنجومەنێکی بێ لایەنی ژێر چاودێری جەماوەری بکرێت و هیچی تر ڕیگە نەدرێت و داهات و موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەسلیمی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بکرێت. ئەم دەسەڵاتە لە روانگەی هەموو خەڵکی بێبەشی کوردستانەوە، دەسەڵاتێکی دزو تاڵانچییەو دەبێ بڕوات. وە بۆ چارەسەری کیشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە موچەوە تا دەگاتە پرسەکانی تری وەکو ناوچە کیشەلەسەرەکان، کەرکوک، سەرژمیری، سنور، یاساوی نەوت و غاز… تا چۆنیەتی پەیوەندی هەرێم بە بەغداوە، پیویستە لەلایەن نوینەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانەوە لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا، بەڕیوەبچیت و بە ڕێگاچارەی کارساز بگات.

پیویستە بەکاری ریکخراو و نەخشەمەندانە و گوشاری فراوانی جەماوەری دەسەڵاتی بەغدا ناچار بکرێت، مامەلە لەگەڵ نوینەرانی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ رابەرانی بزوتنەوە نارەزایەتییەکان، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بکات، لە پەیوەند بەسەرجەم کیشەو پرسەکانی نیوان هەرێم و بەغدادا.

تا ئەو کاتەش کە خودی خەڵکی کوردستان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆیان، چارەنووسی سیاسی هەرێم و بەرێوەبردنی نەگرنە دەستی خۆیان، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، دەست لە تاڵانی و دزی  و لوشدانی قوتی خەڵکی کوردستان و موچەخۆران هەڵناگرێت و دەست لە درۆی خۆ شەتەک دانەوەش بە پرسی سیاسی کوردستان بەرنادات. هەمیشە کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستان وەکو کارتیک هەم لەبەرامبەر بە بەغدا و هەم لەبەرامبەر بە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستاندا، بەدەستەوە دەگرێت…

تێبینی: بابەتێکە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨٢  وەرگیراوە

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *