Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشم ئه‌وێن و ئه‌وانه‌شی كه‌ هێشتا ئاشنایان نیم له‌ كوردستان…

نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشم ئه‌وێن و ئه‌وانه‌شی كه‌ هێشتا ئاشنایان نیم له‌ كوردستان…

ئه‌حمه‌د عه‌لی

به‌ داخه‌وه‌ ناتوانم هه‌مووتان به‌سه‌ركه‌مه‌وه‌ وقسه‌كانی دڵمتان بۆ بكه‌م، بۆیه‌ بۆم گرنگ بوو لێره‌وه‌ ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ بنێرم.

من له‌ دووره‌وه‌ بارودۆخی سه‌ختی ئێوه‌ له‌ كوردستان ئه‌بینم، لێره‌وه‌ كه‌ هه‌زاران كیلۆمه‌تر لێتانه‌وه‌ دوورم هاواروناڵه‌كانتان به‌ ده‌ستی برسێتی، بێكاری، سه‌ختی ژیانی ئابووری و سته‌م و نادادپه‌روه‌ریه‌وه‌، ئه‌بیستم، جاره‌های جار ئاگرێك ڕۆحم ئه‌سوتێنێ و نامكوژێت، به‌ دۆخێكی یه‌كجار وێرانا له‌ سایه‌ی حزبی كوردیا تێئه‌په‌ڕن، بێباكی حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌رێم بڕستی لێبڕیوون، بێده‌ربه‌ستی حاكمانێكی زاڵم و تاڵانچی هیچ ئاینده‌یه‌كی بۆتان نه‌هێشتۆته‌وه‌، ئه‌وان كه‌ خوێن و ئێستا و داهاتووی ئێوه‌یان تاڵانكردووه‌، باكیان به‌وه‌ نییه‌ له‌ كوێدا ئه‌ژین و ئه‌مرن، چۆن مناڵه‌كانتان گه‌وره‌ ئه‌بێ و ئاره‌زووكانیان چین، به‌ چی ئه‌ژین و دایكان و باوكانی به‌ ساڵاچوو چۆن دواین ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیان به‌ڕێ ئه‌كه‌ن، چیتر بۆ ئه‌وان كه‌ ساڵه‌هایه‌ له‌ سه‌ر گۆشت و ژیان و داهاتووی ئێوه‌ ئه‌ژین، مانایه‌كی نییه‌.

ئه‌وان ژیانیان به‌ جۆرێك هه‌ڕاج كردووه‌ كه‌ به‌شێك له‌ ئێوه‌ش ئیتر بۆی گرنگ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، گرنگ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ چۆن بژین و كه‌ی بمرن، به‌ڵام ئێوه‌ كه‌ بۆ ئه‌وان ناوێك نین، بۆ ئێمه‌ و نه‌وه‌كانی داهاتووی خۆتان پێویستن.

ئێستا كه‌ په‌تای كۆرۆنا و مه‌رگ سایه‌ی كردووه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا خۆتان بپارێزن و بمێننه‌وه‌، مانه‌وه‌ له‌ مردن باشتره‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ بێباكه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستانی ئه‌كات هاندانه‌ بۆ خۆكوژی، ناچاركردنی خه‌ڵك له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ سفره‌یه‌كی خاڵیه‌وه‌ مه‌جبوركردنی خه‌ڵكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ده‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی توشی ئه‌م په‌تایه‌ ببن و له‌ناوبچن.

ڕۆژگارێك ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌ترسیه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئاسمانی ئه‌م جیهانه‌وه‌ دێت و ئه‌چێ، ئه‌گه‌ر سایه‌ بكات به‌سه‌ر كوردستاندا كاره‌ساتێك ڕووئه‌دات كه‌ هه‌رگیز له‌ مێژووی ئه‌و جوغرافیایه‌دا ڕووینه‌دابێ، ئه‌و كاته‌ ئه‌وان هیچیان نیه‌ له‌ ده‌ستیده‌ن و ئه‌ڕۆن، ئه‌وه‌ی جێئه‌مێنێ ئێوه‌ن، به‌ڵام ئه‌م جه‌لاد و تاڵانچیانه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكی لایانبا پێش ئه‌وه‌ی هه‌رچیه‌ك ڕووبدات، خۆتان له‌م مه‌رگه‌ حه‌تمیه‌ی كۆرۆنا به‌ دووربگرن، یه‌كتری بپارێزن و ئاگاتان له‌ خۆتان بێت، دۆخی كوردستان به‌ره‌و كاره‌سات مل ئه‌نێت، كاره‌ساتێك كه‌ ته‌نیا ئێوه‌مانانن تیایا زه‌ره‌رمه‌ند ئه‌بن.

من تكاتان لێئه‌كه‌م له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ ئێستا چی ڕووئه‌دات، تێبگه‌ن چی به‌ڕێوه‌یه‌، به‌شێكی خه‌ڵك له‌وپه‌ڕی ناهۆشیاریه‌وه‌ باوه‌ڕ به‌م ڕاستیه‌ ناهێنن، به‌شێكیان له‌وپه‌ڕی ئاگاییه‌وه‌ حاشای لێئه‌كه‌ن و به‌شێكیشیان به‌ پلان و له‌ ژێر په‌رده‌ی دژایه‌تیكردنی حزبه‌ كوردیه‌كان، هانی خه‌ڵكی بۆ ئه‌م مه‌رگه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ ئه‌ده‌ن. ئێستا پێویسته‌ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ چۆن ئه‌م ڕۆژگاره‌ تێپه‌ڕێنن، بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ چۆن ئه‌م مافه‌ خوراوه‌تان وه‌رگرنه‌وه‌، به‌ڵام پێش هه‌موو شت پێویسته‌ ئێوه‌ خۆتان زیندوو و سه‌لامه‌ت بن. تكایه‌ ئاگاتان له‌ خۆتان بێت ، خۆشم ئه‌وێن.

06.06.2020

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٧٧ی ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *