Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 نمایشی سەرپۆش نیشاندان مایەپوچی ئیسلامی سیاسی و یەکگرتووی ئیسلامییە! …

نمایشی سەرپۆش نیشاندان مایەپوچی ئیسلامی سیاسی و یەکگرتووی ئیسلامییە! …

عەبدوڵا مەحمود …

لەم ڕۆژەدا یەکگرتووی ئیسلامی، مەراسیمی سەرپۆش نیشاندانی ١٣٥٧!! ژنی لە هەڵەبجە، نمایش کرد… دیارە ئەو ژمارەیە لە ژنانی سەرپۆش نمایشکراو، بەرامبەرە بە مێژووی شۆڕشی ئێران کەدەکاتە ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی بەرامبەر بەساڵی ١٩٧٨ کە ئاخوندەکانی بەدەسەڵات گەیاند و حجابیش یەکێک لە روکنەکانی داسەپاندنی حکومەتی سێدارەو سەنگسار بوو. هەروەها ئەم حجاب کردنە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی سەربازی ئەردۆغانی ئیخوانی بۆ سەر چیای گارە لە پارێزگای دهۆک وەکو سەرەتاو ئامادەکاریەک بۆ هێرش بۆسەر شەنگال… لێرەش لە هەڵەبجە سەبازە بێ چەکەکانی ئەردۆغان شانۆیی باڵاپۆشیان، پێشکەش کرد… تا چالاکیەکانیان لەگەڵ ئەردۆغان هاوئاهەنگ بکەن. هاوکات بەر لە ڕۆژی ڤالانتاینە کە بە ملیۆنەها لە لاوی ژن و پیاو لەرێگای گوڵ بەخشینەوە، پەیامی عیشق بۆ یەکتری بەیان دەکەن و ڕۆژی خۆشەویستیان نوێ رادەگرن،  کە ناکۆکە بە نەریتی ئیسلامی کە عیشق و خۆشەویستی، بەلادان لە ڕیگای خودا و ئیسلام دەزانن و سزای هەردوو دنیای بەدواوەیە. زیاتر لەوانەش بەر لە هەشتی مارس ئەم نمایشەیان کرد، کە رەمزی “نا” وتنە، بە ئاپارتایدی رەگەزی و هاواری حەقخوازنەی ژنانە بۆ دەستراگەیشتن بە مافەکانیان و ئازادییە پایماڵ کراوەکانیان. هەموو ئەمانە نیشان دەدەن ئەو نمایشەی یەکگرتووی سوکایەتیەکی ئاشکرایە بە کۆمەڵگە و بەتایبەتیش بە ژنان و ماف و ئازادیەکانیان. 

دیارە حجاب نەریتێکی ئیسلامی سیاسی ئیخوانییە و دوور نزیک پەیوەندی بە جل و بەرگی ئاسایی و هەڵبژاردنی ئازادانەی تاکەکانەوە نییە، ئەوانەی حجابی ئیسلامی بە هەڵبژاردنی ئازادانەی جل وبەرگ وێنا دەکەن، لەو خێڵەن کە دەیانەوێت لەپاڵ سەرپۆش کردنی ژناندا، مێشک و بیرکردنەوەیان، دابپۆشن.

خودی مەراسیم سازکردن بۆ حجاب پۆشەکان، نیشانەی نائاسایی بوونی حجابە بە کۆمەڵگە و جل و بەرگی باوی ئاسایی، کە هیچ کات مەراسیم بۆ نیشاندانی پێویست نەبووە. خۆ ئەگەر بریار بێت بێ حجاب و جل و بەرگ پۆشە ئاساییەکانی کۆمەڵگە مەراسیمێک بکەن، یان کۆببنەوە، ئەوا بە ملیۆنان لە ژنانن و هیچ هۆڵ و گۆرەپانێک نایانگرێت… کە ئەمە دۆخی واقعی کۆمەڵگەیە، نەک  حجابی هەزار ژنێکی قوربانی دەستی هەژاری و فریوکاری دەستی ئیسلامیەکان.

هەڵەبجە، لە دوای کیمیابارانی دەستی سەدام حسێن و بەعسی رەمزی کوشتار و خاوەن حەملەی ئیمانی لە دژی ژنان، تا دەگات بە ئەمڕۆ لەدوو لاوە کراوەتە کراوەتە ئامانجی دوو رەوتی سیاسی… لەلایەکەوە دەسەڵاتی سیاسی دزو تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی و لەلایەکی تریشەوە رەوت گەلی ئیسلامی و لەوانەش کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی.

ئەوەی کە لەم مەراسیمەشدا نیشاندرا، نەک مایەی سەرکەوتن و پێشرەوی ئیسلامی سیاسی و یەکگرتوو نییە، بەڵکو بەڵگەی ئاشکرای مایەپوچ بوونە… دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ و بە هەڵڕشتنی پارەو ئیمتیازات و بە پشتیوانی وڵاتانی چنگ بەخوێن و قەسابی ئازادی، بە هاوکاری دەسەڵاتی سیاسی، بەکەڵک وەرگرتن لە هەژاری و برسیکردن و بێ موچەیی، کۆکردنەوەی هەزار ژنێکی قوربانی و سەرپۆش کردنە سەریان، هیچ سەرکەوتن نییە… ئەوانەی ئەمە وەکو پێشرەوی ئیسلامی سیاسی تەماشا دەکەن، قوربانی دیدیکی بەرتەسک و روکەش یان روانگە حجاب کراون.

یەکگرتووی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی بەگشتی وەکو رەوتێک روو لە شکست و پاشەکشەیە، شکستی داعش گورزیکی کەمەر شکێنی لە ئیسلامی سیاسی وەشاند و هێندەی تر هێزە ئیسلامیەکانی لە کۆمەڵگە مەدەنییەکاندا، توشی ئەژنۆ شکان کرد. یەکگرتوو ئەمڕۆ چ لە شەقام و چ لە کایەی بەناو هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا، هێزیكی حاشیەیی و شانسی هیزگرتن و زەمینەی گەورەبوونی نییە، بۆ داپۆشینی ئەم واقعییەتە، دەیەوێت بەمەراسیمی هەزار ژنی سەرپۆشکراو، سەرپۆش بدات بە پێگەی روو لەشکست و بی ئایندەیەکەیدا.

چ یەکگرتوو و کۆمەڵ و ڕیزی وردو درشتی کۆنەپەرستی ئیسلامی، بە حجابکردنی ژنان و سەرداپۆشینیان دەیانەوێت، بەر بەشەهوەت و هەوەسی هەڵچووی خۆیان بگرن و کە بەو هەموو نیعمەتەی خودا و قورعانەکەیان پێێ بەخشیون، تیر نابن، بۆیە ژنان حجاب دەکەن. جیا لەوەش حجاب کردنی ژنان، کۆیلەکردنیانە بە ریساکانی ئیسلام و بێدەنگ راگرتنیانە لە بەرامبەر بە هەر بێمافیەک کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

بەرەی ئازادیخواز و مۆدیرنی کۆمەڵگە بەگشتی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بەم جۆرە لە نمایش و شانۆیی یەکگرتووی ئیسلامی پاشەکشەی پێ ناکرێت… بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان کە هەر ئێستا سەرگەرمی ئامادەکاری بۆ ٨ مارس رۆژی جیهانی ژنانن، پێویستە پەیامی وەستانەوە بەرووی توندوتیژی ئیسلامی بۆسەر ژنان و ماف و ئازادیەکانیان، بەدەستەوە بگرن و کارنامەی ئیسلامی سیاسی و رەوتەکانیان، لە مێژووی دێرینەوە بۆ میژووی هاوچەرخ و ئێستا، نیشانی کۆمەڵگە بدەنەوە، کە خاوەنی چ تاوانکاریەکی زەبەڵاح بەدژی مرۆڤایەتی و بەتایبەتیش بەدژی ژنان و ماف و ئازادییەکانیانن.

 دیارە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستی پشت بەستوو بە دین و دواکەوتووییە، دین ئامرازێکی هیشتنەوەی دەسەڵاتی چینایەتی و ملهورییەکانیەتی، خۆی هۆکارێکی سەرەکییە کە بواری داوە تا رەوتە ئیسلامیەکان، مانۆر بکەن و ژەهر برێژن، مافە سەرەتایییەکانی تاک و ئازادییەکان پیشێل بکەن و لەزۆر حالەتیشدا ئەرکی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتی جێ بەجێ بکەن.

About hkkk

Check Also

ئاکامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی پەتای کۆڕۆنا بۆسەر ژنان …

مریەم عبدوالرحمن …  ساڵی ٢٠٢٠ بەگشتی ساڵێکی سەخت بوو بۆ مرۆڤایەتی. چۆنیەتی ژیانی ناوماڵ و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *