Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 هێنانی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی بێ شکۆ کردنی خەڵکی کوردستانە

هێنانی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی بێ شکۆ کردنی خەڵکی کوردستانە

دەشتی جەمال

dashtyjamal@gmail.com

ئەوەی وەک خاڵێکی ڕوون وئاشکرا، لە پاشخانی سیاسی  وڕوخساری ناسراوی کەسایەتیەکی وەک “ئەدهەم بارزانی” لەمیژووی خەڵکی کوردستاندا، خۆی دەردەخات، دەرکەوتنی ڕەمزێکە بۆ کۆنەپەرستی و پەلاماردان وتیرۆرو فتوای ئازادیخوازان وهەر کەسو لایەنێکی نەیار کەپێچەوانە بەدەستەی فەرمانڕاوە وبنەماڵەی بارزانی بدوێ و هەڵوێست وەربگرێ.  “ئەدهەم بارزانی” لەو کاتەوەی کەوەک ڕێبەری “حزبووڵای شۆرشگێر” دەرکەوت و تا گەیشتنی بە پۆستی ئەندام پەرلەمان وئێستاش وەک سەرکردەیەکی پارتی کە بەرپرسیارێتی ناوچەی سلێمانی پێسپێردراوە، کارنامەیەکی کۆنەپەرستی ودژی ئینسانی و ئازادیخوازی تێپەڕکردووە کە پڕە لەهەڕەشەو دانی فتواو هاندان بۆ تیرۆرو کوشتن لە کوردستاندا، مێژویەکی ئاواش ڕاستەوخۆ دژایەتی هەیە لەگەڵ مافە مەدەنی وئازادیەکانی خەڵکی کوردستان   و ئەمەش هیچ شک وگومانێک ناهێڵیتەوە سەبارەت بەوەی کە ئەم کارەکتەرە، نەک هەر شایەنی ئەوە نییە لەسەر سەری خەڵکی شاری سلێمانیەوە وەک “بەرپرسێک” دابنرێ، بەڵكو دەبێ بدرێ بە داگاو لەسەر فەتوای کوشتن و کردەوەکانی بە سزای خۆی بگەیەندرێ و هاوکات لەجومگەکانی سیاسەت دوربخرێتەوە.  بەڵام بۆ حزبێکی وەک پارتی کەچنگی لەداهات و قوتی هاوڵاتیان گیرکردووەو بەزۆری چەک و باوەڕی کۆنەپەرستانەی ئاینیو قەومی خۆی داسەپەندووە بەسەر موقەدەراتی خەڵکی کوردستاندا، هیچ شتێک لەوە سانا ترنییە کەڕەمزێکی وەک ئەدهەم بارزانی وەک داوەڵێک بەسەر کۆمەڵگاوە ڕاگرێ.

ئەدهەم بارزانی ڕابەری حزبوڵای شۆرشگێری کورد لە ١١ ئۆکتۆبەری  ١٩٩٥ فەتوای کوشتنی بۆ” رێبوار ئەحمەد ” رابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق دەرکرد و بۆ ئەنجامدانی ئەو حوکمە بڕی ٢٠٠ هەزار دیناری عێراقی ئەوکاتەتی وەک پاداشتێک بۆ ئینسان کوژیەکەی تەرخانکرد. ئەم کارەشی تەنها لەبەر نوسنێکدابوو کەئەوکات ڕێبوار ئەحمەد لەسەر بەرگری لەمافەکانی ژنان لەڕۆژنامەی بۆ پێشەوەدا، بڵاوی کردەوە . ئەدهەم بارزانی لە ئاگاداریەکدا کە ئەوکات ئاڕاستەی گشت ئەندامان وپیشمەرگەی ولایەنگرانی حزبوڵای شۆرشگێری کوردی کردووە ئاوا دەڵێت:

ئەوەی کە ئەمەوێت بنوسم و پێتان رابگەیەنم، ئەوەیە کە بەداخەوە ئەمرۆ لە کوردستانی ئیسلام و کورددا، دەستەیەکی بێخەبەر لە باوەرو و ئیمان و تیکوشان و جیهادی ئەم گەلە قارەمانە لە نوسینکدا کە لە رۆژنامەی “بۆ پێشەوە-راگەیاندن”بۆ پاشکەوتنی ژمارە ٢٢ بەرواری ٢٧/٩/١٩٩٥بلاوکرایەوە بە شێوەیەک سوکایەتی بە ئیسلام و پیغمبەری و ریبەرمان محمدی کوری عبدوللە(د.خ)ئەکات کەوا پی دەچێت رویەکانی سلیمان ورشدی سپی بکات. بەبهانەی بەرگری کردن لە مافەکانی ژنان وخۆشکان.

لیرەدا نامەویت وەلامی ئەوان بدەمەوە چونکە ئەمانە ئەهلی حیوار نین وهەر حیوارێک لە گەل ئەمانە بەجایز نازانم. ئەوەی لەسەر منە و گشت ئیوەی بەریزە ئەرکە ئەمەیە کە بی درەنگ نوسەری ئەم مقالەیە دەست نیشان بکریت و بەزووترین کات وەک مفسد فی الارض رەفتاری لەگەل بکرێت. ئیمە وەک حزب اللە شۆرشگیری کورد تەواوی توانای خۆمان بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزە بەکار ئەبەین”

هەرلەم بارەیەوە بەشی فارسی ڕادیۆی ئیسرائیل، لە کاتژمێر ١٨ی رۆژی٢٢/١٠/١٩٩٥هەمان ئەم ڕاگەیاندنەی بڵاوکردەوە وهەروەها  لەوتارێکی یەکێک لەرۆژنامەکانی جمهوری ئیسلامی ئیراندا بەهەمان شێوە ئاماژەی بەو فتوایەی سەرەوەی ئەدهەم بارزانی ودانی خەڵاتی ٢٠٠هەزار دیناری عێراقی بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەم فەتوایە کردووە.

ئەگەر ئەم فەتوایە لە هەرکۆمەڵگایەکدا کە یەک زەڕە مافوحورمەتی ئینسانی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پارێزراوبێ وئازادی بەیانو ڕەخنەی بۆ هاوڵاتیان بەڕەسمی ناسیبێت، ئەوا دەبوو دەمودەست ئەدهەم بارزانی پەلکێشی بەردەم دادگا بکرایە ولێپیچینەوەی لەگەڵدا ئەنجام بدرایە. بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە پێشیانەوە پارتی ویەکیتی وەک ئەحزابی دژی ئازادیو کۆنەپەرست، نەک هەر پێچەوانەن بەسەرەتاییترین پرەنسیپی ئازادیو مافو حورمەتی ئینسانی خەڵکی کوردستان بەڵکو وەک سیاسەتێکی سەرەکیان لەڕاستای پاراستنی دەسەڵاتیان پشتگیری و لایەنگریان بۆ ئەم جۆرە هەڕەشەو کوشتن وفتوادانەی کۆنەپەرستان لەدژی ئازادیخوازان دەربرێوەو هێچ کاتێکیش لەگوڵ پاکتریان پێ نەوتوون. بگرە بە پێدانی پۆستو بەرزکردنەوەی پلەوپایەیان خەڵاتیانکردون ودام ودەزگای زەبەلاحیان خستۆتە ئیختیاری ئەم تاوانکارانەوە. تەنانەت پارە وپوڵی زۆریان پێداون وکردویانن بەئەندام پەرلەمان. هەروەک چۆن موستەشارو ئەنفالچێکانیان لە پۆستی باڵادا ڕاگرتوە ئاواش لەکێشمەکیشی ناوخۆی ئەحزاب وبونی ئەم گروپ وکەسە تاوانکارو دژی ئازادیانە ڕێزێکی بەرینیان لێگرتون، لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی ومانەوە لەدەسەڵات  وداسەپاندنی خورافەو کۆنەپەرستیو دواکەوتوی وهێشتنەوەی دەسەڵاتی خێڵکەی… ژیانی خەڵکی کوردستانیان پێ لەقاڵبداوە.

پارتی بە دانانی ئەدهەم بارزانی بە پەرپرسی حزبەکەی لەکۆمەڵگایەکی شاری ومەدەنی کوردستاندا کە خەڵکەکەی تینوی ئازادی وخۆشگوزەرانی وکۆمەڵگایەکی سکولار وخۆشگوزەرانن ئیهانەتە بە شکۆی ئازادی ومافەکانی خەڵکی کوردستان …ئێمە وخەڵکی کوردستان هەمیشە داواکار بووین ئەو تاقموکەسانەی تاونبارن پێویستە لەسەر تاوانەکانیان لە هەڕەشەو هاندان بۆ تیرۆرو تەوهین وبێئحترامیکردن بە مافەکانی ئینسان و پێشلکردنی ئازادی و مافە فەردی ومەدەنیەکانی بە پێی یاسا لێپێچینەوەو سزای تاوانکەکانی خۆیان وەربگرن نەک پاداشتو بەرپرسیارێتی ژیان وداهاتووی کۆمەڵگایان پی بسپێرن …وادیارە پارتی هێشتا بەنەفەسی رووداوەکانی ١٧شوبات مامەڵە بە تاوانباران و بکوژان دەکات وحساباتی هەڵە بەخۆیان ومافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن وئەوە لەبیر خۆیان دەبەنەوە  کە ئاستی ژیان‌و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان بەرادەیەکی ترسناك بردوە کە تەواوی قورسایی قەیرانی وبنبەستی خۆیان لەسەر خەڵکدا شکاندۆتەوەو وئێستاش لە پیلانەکانی دەوڵەتان وهێزە ئیمپریالیستەکان بەشدارن و باکیان بەوە نیە کە خەڵک بۆناو شەڕو کارەساتی یەك لەدوای یەك ڕابکێشن… لەپال ئەو هەموو بەڵاو موسیبەتو دابڕ دابڕکردنی کوردستان وشانخاڵیکردن لە موچەو دابینکردنی ژیان وگوزەران ومافەکانی خەڵکدا له‌مەیداندان، دانانی رووخساری ناسراوی کەسایەتیەکی وەک “ئەدهەم بارزانی” دژبە ئازادی دژ بە مافەکانی ژنان ومناڵان وفەتواچی.. ئاماژەیەکی ترسناک وخراپ بۆ دەسەڵاتدارێتی پارتی بەرجەستە دەکات.

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *