Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 وەڵامێک بە مەسرور بارزانی کە خوپیشاندەرانی زیندانی ناوبرد بە سیخور و نۆکەر و ئاژاوەگێڕ …

وەڵامێک بە مەسرور بارزانی کە خوپیشاندەرانی زیندانی ناوبرد بە سیخور و نۆکەر و ئاژاوەگێڕ …

کامتان سیخوڕو ئاژاوەگێڕن؟ …

وەڵامێک بە مەسرور بارزانی کە خوپیشاندەرانی زیندانی ناوبرد بە سیخور و نۆکەر و ئاژاوەگێڕ 

سەردار عەبدوڵا حەمە …

زۆربەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت چاودێرانی سیاسی ئاگاداری کۆنگرە ڕۆژنامە نووسییەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی!! ئێستای هەرێمی کوردستان بوون،  سەبارەت بە رووداوی دەستگیرکردن وزیندانی کردنی دەیان کەسی رۆژنامەنووس وچالاکوانی سیاسی و مەدەنی بەرهەڵستکار لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە ناوچەکانی هەولێر و بادینان زیاتر لە حەوت مانگە بێ ئەوەی تۆمەتەکانیان دیار بێ لە زیندان نراون، تەنها لەبەر ئەوەی داوای مووچە و قووت و مافی خەڵک دەکەن .

لە کۆنگرەکەدا مەسرور بارزانی ئەوانەی تۆمەتبار کرد بە سیخوڕ و پیاوی بێگانە و ئاژاوەگێر و تێکدەر (مخرب) و بکوژ و  وە وتی ئەوانە نە ڕۆژنامەنووسن و نە چالاکوانی سیاسی و مەدەنین !

لێرەدا پرسیار ئەوەیە دەبێ ئەمانە سیخوری کامە وڵات و داگیرکەر بن مەسرور بۆچی نیشانی نەدا؟ ئەمە لایەنێکی ناڕاستگۆیانەی قسەکانی بوون، پێشتر کاتێ ڕۆژنامەنووسێکی وەک سەردەشت عوسمانیان تۆمەت بار کرد بە تیرۆرسیتی سەر بەداعش و وتیان هەرداعش خۆی تیرۆری کردووە لەبەرئەوەی وازی لێ یان هێنابوو بێ ئەوەی داعش بەرپرسیاریەتی ئەو کارە تیرۆستییە رابگەیەنێ، چونکە داعش هیچ کارێکی تیرۆریستی ئەنجام نەداوە نەیووتبێ من کردوومە.  هەمیشە بەرپرسیارەتی لە کارە تیرۆریستیەکانی نیشان داوە. درۆی لەو جۆرە بۆ کەسێکیی هۆشیارو بە ئاگا دیار بوو هەر لە سەرەتاکەیەوە. مەسرور ئەگەر ناوی هەر وڵاتێک بێنێ کە ئەمانە سیخۆڕیان بۆ کردوون،  ئەوا  دەرئەکەوێ کە خۆیان و دەسەڵاتەکەیان درۆو دەکەن و لە بەرچاوی ئەو وڵاتانە متمانە لە دەست ئەدەن و دۆستایەتیان لەگەڵیان لە دەست ئەدەن و مێژووش  نیشانی داوە هەر خۆیان سیخوڕو نۆکەری ئەو وڵاتانە بوون .

ئەگەر ئەم کەسانە سیخوری هەر وڵاتێ بن و بەڵگەیان هەیە لەم بارەوە هیچ پێویست ناکا حەوت مانگ لە زینداندا بن بێ دادگاییکردن  و وەرگرتنی سزاکەیان، ئەمەش دژی ستانداردە جیهانیەکانی مافی مرۆڤە کە نابێ لە ٢٤ سەعات زیاتر هیچ کەس لە زینداندا بێت بەبێ ڕانەگەیاندنی ئەو تۆمەتەی لەسەریەتی بەبەڵگەوە. هەر مانەوەی ئەم کەسانە لەو ماوە درێژەدا لە زینداندا نیشانی ئەدا ئەوە درۆیەکی گەورەو شاخدارە کە ئەوان سیخوڕ و تێکدەر و پیاوی وڵاتانی تربن، چونکە ئەگەر سەلمێنرابا دەبوو ئێستا حوکم درابان .

لە هیچ دادگایەکی جیهانیدا ئەوە ڕووی نەداوە حەوت مانگ سیخۆرەکان لە زینداندا بن بێ دادگاییکردن ئەمە ئاشکرای دەکات ئەو کەسانە نە سیخوڕن و نە بەکرێ گیراوی هیچ وڵاتێکن. بەڵکو بۆ زاڵکردنی ترس و تۆقاندن ئەم رەفتارە دژی ئازادییە ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی ناوچەی هەولێر و بادینان کۆنتڕۆڵ بکرێ  هیچ کەس نەوێرێ و زاتی ئەوە نەکا بچووکترین ناڕەزایەتی ئەنجام بدات .

لە ڕاستیدا کەسی بە ئاگاو بەویژدان نییە لە کوردستان سیخۆڕیەکانی ئێستای ئەم حیزبەی بارزانی بۆ تورکیاو ئەردۆغان نەزانێ، کەسی بە ئاگا نییە نەزانێ ئەمانە پێشلەشکریان بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە کردووە. بەڵگەکان زۆرن لەم بارەوە لە ساڵي ١٩٩٦ مەسعودی باوکی مەسرور بەڕۆژنامە نوسێکی بیانی وت سەدام حسین دوژمنی کورد نییە، وە پێشلەشکریان بۆ سوپا ئەنفالچییەکەی بەعس کرد لە ٣١ ی ئابدا. ئەوە هەر ئەوان بوون پێش لەشکریان بۆ خومەینی کرد بۆ لێدانی کۆمەڵە و دیموکراتی ئێران پێشتریش بۆ شای ئێران، ئەوە هەر  ئەوانن ئێستا سیخوری  و پێشلەشکری سوپای فاشیستی تورکیا ئەکەن بۆ داگیرکردنی کوردستان بە ناوی لێدان لە پەکەکەوە.

نە پارتی و نەیەکێتی یەک رۆژ نەبووە سیخوڕی بۆ وڵاتانی کۆنەپەرستی دەوروبەر نەکەن و کەسانی چالاکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانە بە کوشت نەدەن بە دەستی ئیتلاعات و میتی ئەو وڵاتانە یا تەسلیمیان نەکەنەوە بەو وڵاتانە .

لە مەسرور بارزانی دەپرسم ئەوانەی کە ئێوە دەستگیرتان کردوون بە ناوی سیخوڕو نۆکەری بێگانە کام یەک لەو کردەوانەی هاوشێوەی ئێوەیان ئەنجام داوە دژ بە خەلکی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانە؟ حەتمەن وەڵامێکت نییە لەو بارەوە.

مافی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و مانگرتن مافێکی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکە هەر حیزب و دەسەڵاتێک ئەم مافە پشێل بکات دەچێتە ناو لیستی ڕەشی ئەو حکومەت و دەسەڵاتانەوە کە بەسەرکوتگەری ئاشکرا ناسراون. بۆ نموونە ئێران، تورکیا، عێراقی سەردەمی بەعس و ئێستا وسوریا وسعودیە وکۆریای باکور ….هتد.

سەرۆکەکانی ئەم حکومەتانە هەمیشە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە لێ یان کراوە بۆ چالاکوانی خۆپێشاندانەکان دەکوژن و ئەشکەنجەیان دەکەن و لە زیندانیان دەکەن؟  وەڵامەکەیان هەر ئەوە بووە کە مەسرور داویەتەوە کە گوایا ئەمانە چالاکوان نین و سیخوڕو ئاژاوە گێڕو نۆکەری بێگانەن، هەروەک سەدام حسین بە مەسرور حیزبەکەی باوکی وباپیری دەووت جیب العمیل و نۆکەری ئەمەریکاو ئیسرائل و ئێران و وەپێی دەوتن مخرب و ئاژاوەگێڕو جاسوسی بێگانە.

لە سەردەمی بەعس هەر کەسێکی پارتی و یەکێتی و ئیسلامی و شوعی و کۆمۆنیست دەسگیر کرابێ وئیعدام کرابێ هەر ئەو درۆیەی بۆ کراوە  کە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی دەیکا بۆ  ئەم کەسانە . 

هەروەک چۆن سەرۆکی ڕۆژنامەنوسان لە سلێمانی وتی لە ناو ئەو دەستگیراوانەدا هەیە لەسەر ئۆبجی و پۆست وکۆمێنتی ناو سۆشیال میدیا دەسگیر کراوە.  ئاخر ئەمە ئەوپەڕی سەرکوتە کە لە هیچ یەکێ لەوڵاتانی جیهان کەسێک لەسەر ئەوانە  دەستگیر ناکرێ، تەنها لەو وڵاتانە  نەبێ کە لە ژێر چەپۆکی حوکمی سەرکوت و ئیستبدادی ئاشکرادان.

کەوایە ئێستا دەتوانین ئەوە بڵێین کە درۆکانی مەسرور بارزانی بە تۆمەت بارکردنی چالاکوان و خۆپێشاندەرانی ناوچەی هەولێر و بادینان وەک درۆکانی سەرکردەی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانە  وە ناوی دەچێتە لیستی ڕەشی ئەو سەرکردانەوە .

 پارتی و سەرکردەکانی پروپاگەندەی  زۆر دەکەن کە لە ناوچەی هەولێر و  بادینان ئازادی خۆپیشاندان هەیە بەڵام هیچ راستیەک لەم پروپاگەندەیە نابینرێ، ڕێگا بە کام خۆپیشاندان دراوە تا ئێستا کە لەدژی دەسەڵات بێت و خەڵکی تێدا سەرکوت نەکرابێ و هەلسوڕاوەکانی بە ناوی ئاژاوەگێڕ دەسگیر نەکرابێ؟  نییە و نەبووە .

ئەم دەسەڵاتەی مەسرور بارزانی سەرۆکیەتی لە خراپترین دەسەڵاتەکانی تا ئێستای هەرێمی کوردستان بووە بە چەند بەڵگەی وەک خراپ بوونی باری ئەمنی خەلکی کوردستان و پێشێلکردنی زیاتری ئازادی سیاسی و بیروراو و خۆپیشاندان و مانگرتن وکۆبوونەوە و خراپتر بوونی بارودۆخ وگوزەرانی خەڵکی کوردستان و نەدانی مووچە و لێبڕینی مووچەو زیاتر بوونی دزی و ڕاوورووت و بە قاچاخ فرۆشتنی نەوت و کۆنترۆڵکردنی بازرگانی لە خاڵە سنوریەکان لە لایەن بەرپرسانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار. 

لەسەر ڕۆشنایی ئەو لێکۆڵینەوەی سەرەوە دەکرێ بگەینە ئەو راستیە کە ئەوانەی دەسگیرکراون لە بادینان نەسیخوڕی وڵاتانی ترن نە ئاژاوە گێڕن، بەڵکو کەسانی ئازادیخوازن و داوای ئارامی و ئاسایش و ئازادی و مووچە دەکەن و دژی دزی وتاڵانچیەکانی دەسەڵاتن بەپێچەوانەشەوە ئەوە دەسەڵاتە میلیشیایەکەی  مەسرور بارزانیە سیخوری وڵاتانی ترن و لایەنگری نائارام کردنی ژیانی خەڵک و برسیکردنی خەڵکی کوردستانن وە دژی ئازادی سیاسی و بیرواڕاو خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبوونەوەن.

About hkkk

Check Also

ئاکامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی پەتای کۆڕۆنا بۆسەر ژنان …

مریەم عبدوالرحمن …  ساڵی ٢٠٢٠ بەگشتی ساڵێکی سەخت بوو بۆ مرۆڤایەتی. چۆنیەتی ژیانی ناوماڵ و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *