Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 په‌ڵه‌یه‌کی شه‌رمه‌زاری که‌ هه‌رگیز پاکنابێته‌وه‌!

په‌ڵه‌یه‌کی شه‌رمه‌زاری که‌ هه‌رگیز پاکنابێته‌وه‌!

(له‌ ساڵیادی په‌لاماری چه‌کداری (ی.ن.ک) به‌ سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌ 14ته‌مموز2000 بۆ سه‌ر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق‌و کوشتنی پێنج کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕدا)

حه‌مه‌غفور:

نۆ 9 ساڵ پێش ئێستا، له‌ 14ته‌مموزی2000داو له‌ سه‌ر گرده‌که‌ی عه‌لی ناجی له‌ شاری سلێمانی، نه‌وشیروان مسته‌فا، که‌ ئه‌وسا جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتی‌و ئه‌مڕۆ سه‌رۆکی کۆمپانیای ووشه‌و لیستی گۆڕانه‌‌و خۆی وه‌ک فریشته‌ی دیموکراسی‌و نه‌رم‌ونیانی‌و یه‌کترقبوڵکردن وه‌ فریادڕه‌سی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵئه‌خات،

هه‌ر له‌م گرده‌وه‌و له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه‌، شه‌خسی خۆی ئه‌ندازیارو سه‌رپه‌رشتیاری مه‌یدانیی جێبه‌جێکردنی تاوانێکی ئێجگار گه‌وره‌و بێوێنه‌‌و دڵته‌زێنی کرد. تاوانی قه‌تڵی عامی ئه‌ندامانی‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق‌ به‌ مه‌به‌ستی قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌ڵسوڕانی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ له‌سه‌ر داوای ڕژێمی ئیسلامی ئێران. ئه‌مه‌ ئه‌سڵی ئه‌و پیلانه‌ بوو که‌ له‌ دژی حیزبی ئێمه‌ خرایه‌ به‌رده‌ستی سه‌رکرادایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فاش جیبه‌جێی کرد. نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ به‌هانه‌گرتن‌و دوای په‌کخستنی ڕێگاچاره‌ی سیاسی‌و ئوسوڵی،‌ جه‌نگێکی نابه‌رامبه‌ری سه‌پاند به‌سه‌ر حیزبداو فه‌رمانی خوڵقانی ئه‌و کاره‌ساته‌ی ده‌رکرد. ئه‌مه‌ په‌ڵه‌یه‌کی نه‌نگ‌و پڕ شه‌رمه‌زاریه‌ به‌ نێو چاوانی یه‌کێتی نیشتمانی‌و شه‌خسی جلال تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌و هه‌رگیز پاکنابێته‌وه‌.

وه‌کو چۆن دوای ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌و گه‌یاندنی وێنه‌و دۆکۆمێنتی چۆنێتی کاره‌ساته‌که‌ به‌ سه‌رانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران‌، ڕۆژنامه‌ی که‌یهانی زمان حاڵی ڕژێمی ئیسلامی ئێران به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی پیرۆزبایی له‌م خۆشخزمه‌تیه‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، دابووی له‌ بنی هه‌مانه‌که‌، ده‌رکه‌وت له‌سه‌ر داوای ڕژێمی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ئێران ئه‌م تاوانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌و ته‌نانه‌ت خودی نه‌وشیروان به‌ وه‌فدی مفاوزی حیزبی ووتبوو که‌ له‌سه‌ر داوای ئێران ئێوه‌ ده‌بێت باره‌گاو بنکه‌تان نه‌مێنێت‌. کاتێک پریزیدنت جلال تاڵه‌بانی بۆ ئاماده‌بوونی له‌ مه‌راسیمی یاده‌وه‌ری مردنی خومه‌ینی خوێنڕێژو دیکتاتۆردا سه‌ردانی‌ تاران ئه‌کات هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، واته‌ له‌ یادی مردنی تاوانکاری نه‌گبه‌تی هێنه‌رو مۆره‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ڕژێمی ئیسلامی‌و دوژمنی گه‌لان‌و خه‌ڵکی سه‌رتاسه‌ری ووڵاتی ئێران‌و ناوچه‌که‌، ئه‌م داوایه‌ی پێ ڕاگه‌یه‌نراوه‌و ئه‌ویش وه‌کو پیشه‌ی خۆی په‌یمانی ملکه‌چی‌و زه‌بونانه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌ی مۆرکردووه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌کو جێگری یه‌که‌می تاڵه‌بانی نه‌خشه‌ی ئه‌نجامدانی دائه‌ڕێژێ‌و دوای ماوه‌یه‌ک له‌ چاوسوورکردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ به‌سه‌ر حیزبی ئێمه‌دا، پاش گه‌مارۆدانی سه‌ربازی‌و بڕینی ئاوو کاره‌باو ته‌له‌فۆنی باره‌گاکانی کۆمیته‌ی ڕابه‌ری‌و مه‌کته‌ب سیاسی‌و باره‌گای ڕادیۆو کۆمیته‌ی سلێمانی، ته‌نانه‌ت ده‌سگیرکردنی هه‌ر که‌سێک له‌ دۆست‌و هه‌وادارانی حیزب که‌ بۆ سه‌ردانی باره‌گاکان بڕۆشتایه‌ یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ نه‌خشه‌و پیلانێکی له‌پێشدا داڕێژراو، زۆر ترسنۆکانه‌ سه‌یاره‌یه‌کی سه‌نته‌ری پارێزگاری ژنانیان خسته‌ بۆسه‌یه‌کی گه‌وره‌وه‌و به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆو له‌نێوجه‌رگه‌ی شاری سلێمانیداو به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌، له‌ ده‌یان لاوه‌ هاوڕێیانی ئێمه‌یان دایه‌ به‌ر هێرش‌و ده‌سڕێژی چه‌که‌کانیان‌و پێنج کۆمۆنیستی شۆڕشگێر، پێنج ئینسانی شه‌ریف که‌ ژیانیان نابووه‌ پێناو ئازادی‌و یه‌کسانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌‌، خۆیان خستبووه‌ پێناو ڕزگاری بێبه‌شان‌و به‌خته‌وه‌ری‌و سه‌رفرازی خه‌ڵکی کوردستان، زۆر وه‌حشیانه‌ خه‌ڵتانی خوێن کران‌. وه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا شوێنی تاوانه‌که‌یان پاککرده‌وه‌و ته‌رمی هاوڕێیانیان ده‌ست به‌سه‌ردا گرت‌و زه‌بونانه‌ شه‌و کردنیانن به‌ژێر گڵه‌وه‌و ڕێگاشیان نه‌دا به‌ که‌س‌و کاری قوربانیان بچنه‌ سه‌ر گۆڕه‌کانیشیان!

هاورێيانى ئێمه‌يان بۆچی كوشت؟ چه‌ند مانگ پێش ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه پڕ شه‌رمه‌زاریه‌‌‌، دادگای حکومه‌تی عه‌شیره‌یی-‌ لۆمپنیه‌که‌ی نه‌وشیروان‌و تاڵه‌بانی “شکاتنامه”‌یه‌کیان له‌ دژی حيزبى كومونيستى كرێكاريى عێراق دابووه‌ ده‌ره‌وه‌، که‌ به‌خه‌تى ره‌ش له‌سه‌ر سپى نووسيبويان، تاوانى ئيمه‌ ئه‌وه‌ بوو‌ كه‌ بانگه‌شه‌مان بۆ يه‌كسانيى ژن‌و پياو ئه‌كرد، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر تيروريزمى ئيسلامى‌‌و عه‌شيره‌تى‌دا به‌رگری له‌ ژنان‌و مافی یه‌کسانیان ئه‌كه‌ين له‌گه‌ڵ پیاوان، كه‌ بانگه‌وازى خه‌لك ئه‌كه‌ين بێن‌و پشتیوانی له‌ حيزبی خۆیان بکه‌ن، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ره‌وته‌ كونه‌په‌رسته‌ ئيسلاميه‌كاندا ڕاوه‌ستاوين‌و له‌دژى به‌ئيسلامى كردنى كومه‌لگاى كوردستان‌و زالكردنى موته‌كه‌ى ره‌شى دين به‌سه‌ر ژيانى مليونه‌ها خه‌لكدا خه‌بات ده‌كه‌ين، كه‌ خوازيارى راگه‌ياندنى جيابوونه‌وه‌ى كوردستانى عيراق‌و كوتايى هينان به‌ بێمافى‌‌و بێناسنامه‌يى‌‌و بێئاينده‌ييه‌كين كه‌ هاوشيوه‌كانى تاڵه‌بانى هه‌ژده‌ ساڵه‌ له‌سه‌ر داواى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا‌و ده‌وله‌ته‌ كونه‌په‌رسته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌سه‌ر خه‌لكى كوردستانى عيراقياندا سه‌پاندووه‌. تاوانی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو بانگه‌وازی خه‌ڵکمان ده‌کرد بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی یاساو کۆتایی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی‌. تاوانى ئيمه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ جه‌نابى تاله‌بانى‌‌و تايه‌فه‌كه‌ى پاره‌و پول‌‌و تفه‌نگ‌و مه‌ئموريه‌تێكيان له‌ ئه‌ملاوئه‌ولاوه‌ وه‌رگرتووه‌و ده‌بێ به‌ خوێنڕشتن حه‌ڵالی بکه‌ن! تاوانى ئيمه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خه‌لكى كوردستان به‌شايسته‌ى ژیانێکی له‌مه‌ باشتر ئه‌زانين، تاوانى ئيمه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ بووينه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ڕاوورووت‌و فه‌رمانڕه‌وايى كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك عه‌شيره‌ت‌و میلیی گه‌را له‌ كوردستاندا‌و ده‌مانه‌وێ خه‌لك خۆى ده‌سه‌لاتدار بێت‌و چاره‌نووسى خۆى به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت. پیلانی کوشتنی هاوڕێیانی ئێمه‌یان بۆیه‌ برده‌ پێش، هه‌تا ئه‌م ئاراسته‌یه‌، هه‌تا ئه‌م خواست‌و مه‌یل‌و ئامانجه‌ پیرۆزانه‌‌ بێخاوه‌ن بمێننه‌وه‌و ئه‌وان ده‌ستیان واڵابێت بۆ ملهوڕی‌و خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵی کوردستاندا.

یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، باڵێکی گه‌وره‌ی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تیه‌، که‌ شان به‌ شانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سه‌رتاپای ڕابردوویان مێژوویه‌کی ڕه‌ش‌و تاریکی تۆمار کردووه‌، که‌ مایه‌ی کاره‌سات‌و نه‌هامه‌تی‌و ماڵوێرانی یه‌ک له‌ دوای یه‌ک بووه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان. چاوگێڕانێکی خێرا به‌سه‌ر ڕابردووی ئه‌م دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ئێستادا، نیشانی ئه‌دات که‌ تا چه‌ند ئه‌م حیزبانه‌و جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تیش ئامانجیان جیاوازو نامۆو دوور بووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌و خواست‌و ئامانجی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی کوردستانه‌وه‌. ده‌ری ئه‌خات که‌ چۆن ئه‌م حیزبانه‌ هه‌میشه‌ به‌ شوێن به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی خۆیانه‌وه‌ بوون‌و له‌ پێناوی ده‌سه‌ڵات‌و سه‌پاندنی سایه‌ی ڕه‌شی خۆیاندا به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، سڵیان له‌ هیچ جۆره‌ کارو ڕه‌فتارو سیاسه‌تێکی هه‌لپه‌رستانه‌و ده‌ست تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ دوژمنانی خه‌ڵک‌و مرۆڤایه‌تیدا نه‌کردۆته‌وه‌.

دیار ترین شه‌هامه‌ت‌و سه‌روه‌ری ئه‌م حیزبانه‌ بریتین له‌؛ شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی‌و پارتی له‌ هه‌کاری ساڵی 977، خولقاندنی کاره‌ساتی قه‌ڕناقاو پشتئاشان به‌ پاڵپشتی ڕژێمی به‌عس‌و به‌ سه‌رکردایه‌تی جلال تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا، نیسانی 983، پێشله‌شکری کردن‌و چاوساغی کردن بۆ سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران ساڵی 987، به‌ مه‌به‌ستی ته‌قاندنه‌وه‌ی بیره‌ نه‌وتیه‌کانی باباگوڕگوڕ له‌ شاری که‌رکوک، که‌ تراژیدیای کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نفالی به‌شوێن خۆیدا هێنا، به‌شداری کردن له‌ پیلانی داگیرکردنی حه‌وزی شاره‌زوورو ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لایه‌ن جمهوری ئیسلامی ئێرانه‌وه، به‌هاری 988‌، که‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌ساتی هێرۆشیماو ناکازاکی به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا هێنایه‌وه‌و هاوڵاتیانی سڤیلی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان بوونه‌ تاقیگای چه‌کی جۆراوجۆری شیمیایی ڕژێمی فاشیستی به‌عسی، شه‌ڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یه‌کێتی به‌رهه‌می یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان نه‌ک له‌ شاخ، به‌ڵکو له‌ ناو جه‌رگه‌ی شاره‌کانی کوردستان‌و به‌سه‌ر ژیان‌و ماڵ‌و حاڵی هاوڵاتیانی کوردستاندا تۆپ‌و خومپاره‌و هێزی میلیشیاییان به‌ره‌وڕووی یه‌کتر کرده‌وه‌، ئایاری 994، که‌ زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار قوربانی لێکه‌وته‌وه‌ سه‌ره‌رای ئاواره‌یی‌و ماڵوێرانی‌و کاره‌سات‌و کێبه‌رکێی ناوچه‌گه‌ری‌و سۆرانی‌و بادینانی، ڕاکێشانی ده‌ستی هێزه‌کانی سوپای پاسداران‌و ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ ناوچه‌ی کۆیه‌و ته‌ق‌ته‌ق، له‌ درێژه‌ی دوژمنکاری نێوان هه‌ردوو حیزبی ناسیونال- عه‌شیره‌یی ده‌سه‌لاتداردا، پارتی له‌ 31ئابی 996دا به‌ ئاشکرا ده‌ستی ڕژێمی هارو دڕنده‌ی به‌عسی ڕاکێشایه‌وه‌ سه‌ر کوردستان بۆ ده‌رپه‌راندنی یه‌کێتی له‌ شاری هه‌ولێر، هێزی زرێپۆش‌و تایبه‌تی‌ حکومه‌تی سه‌دام به‌ پاڵپشتی هێلیکۆپته‌رو ده‌بابه‌و تۆپه‌ دوورهاوێژه‌کانی کوردستانیان له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێکدا کرده‌ مه‌یدانی جه‌نگێکی کۆنه‌په‌رستانه‌. دوایین په‌ڕه‌ی کارنامه‌ی تاوانکاری ئه‌م مێژووه‌ تاریکه‌ش‌، کوشتنی دڕندانه‌ی کۆمۆنیسته‌ کرێکاریه‌کان‌و قه‌د‌ه‌غه‌کردنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو.

 

ئه‌م دواییه‌ش پاش مۆرکردنی ڕیکه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان، به‌ مه‌به‌ستی دابینکردنی باڵاده‌ستی‌و ملهوڕی سیاسی‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان به‌سه‌ر کوردستاندا، پێکه‌وه‌و له‌پێناو دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات‌و داهات‌و سه‌رچاوه‌ی ئابووری وولاتدا، چوونه‌ته‌ به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌شه‌وه‌ له‌ دژی خه‌ڵکی کوردستان‌و بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری‌و خه‌باتی ڕه‌وای دژی گه‌نده‌ڵی‌و خه‌بات بۆ مافه‌ سه‌ره‌تایی‌و ئینسانیه‌کانیانی هاوڵاتیان. ئه‌م دوو حیزبه‌و ده‌سه‌ڵات‌و حکومه‌تیان له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌فره‌ت‌و بێزاری خه‌ڵکی کوردستان دانیشتوون‌و له‌هه‌ر کاتێک زیاتر ترسی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون. درووست له‌م ئان‌و ساته‌دایه‌ سه‌رده‌سته‌ی ئینسانکوژانی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی، یانی نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌م گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنه‌ی پارله‌مانی کوردستاندا، به‌نیازه‌ زه‌فه‌ر له‌ خه‌ڵکی بێنێ‌و به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک بانگه‌شه‌و دروشمی بریقه‌دارو هه‌رزانبه‌ها، ده‌نگی ناڕازی خه‌ڵکی کوردستان بپچڕێ‌و سوار شه‌پۆلی توڕه‌یی‌و نه‌فره‌تی سه‌رتاسه‌ری جه‌ماوه‌ر ببێت‌و بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، دوای ئه‌وه‌ی ئامانج‌و سیاسه‌ته‌کانی له‌ ناو یه‌کێتیدا مایه‌پووج ده‌رچوو.

یاده‌وه‌ری نۆهه‌مین ساڵی تاوانی کوشتاری پێنج کۆمۆنیستی کرێکاری به‌ده‌ستی چه‌کداره‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی‌و به‌سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا، هوشدارییه‌که‌ بۆ جه‌ماوه‌رو خه‌ڵکی کوردستان، که‌ نابێت ڕێگا بده‌ن ڕه‌خنه‌و توڕه‌یی‌و بێزارییان له‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی‌و پارتی به‌رچاویان بگرێ‌و فریوی بانگه‌شه‌و په‌یامه‌ هه‌رزان به‌هاکانی لیستی نه‌وشیروان مسته‌فا بخۆن. که‌سێک که‌ مێژووی تائێستای به‌ زمانی چه‌ک‌و زه‌بری فیشه‌ک چنرابێ، له‌کوێ ئه‌چێ به‌ عه‌قڵدا ببێته‌ نێلسۆن ماندیللاو فریادڕه‌سی ویست‌و ئاواته‌کانی خه‌ڵکی. مێژووی تائێستای نه‌وشیروان مسته‌فا ڕووناکی تیا نیه‌، ئه‌م موعجیزه‌یه‌ له‌ کام سیحری سیاسه‌تدا قابیلی ته‌حقیق بوونه‌! خه‌ڵک ده‌بێ ده‌رس له‌ مێژوو فێر ببن‌و هه‌ڵه‌کانی پێشوو دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌. بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ پارتی‌و یه‌کێتی، نابێت ببنه‌‌ زه‌خیره‌و به‌رده‌بازی به‌ مه‌رام گه‌شتنی باڵێکی تازه‌ جیابۆوه‌ی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ سه‌رۆکایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ تاقیکراوه‌وته‌وه‌و کارنامه‌ی دژه‌ خه‌ڵکی‌و نامۆ به‌ خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ری به‌ سه‌دان شێواز نیشان داوه‌. خه‌ڵکی کوردستان پێویسته‌ بیر له‌ هێنانه‌ مه‌یدانی ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆو سه‌ربه‌خۆی خۆیان بکه‌نه‌وه‌و خۆیان چاره‌نووسی خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن. هیچ سه‌رکرده‌و باڵێکی کوردایه‌تی هه‌ر کات هێزی په‌یدا کرد ڕێگانادات خه‌ڵک ده‌خاڵه‌ت له‌ سیاسه‌ت‌و له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت‌و له‌ چاره‌نووسی خۆیاندا بکه‌ن. ئه‌وه‌ی ئێستا فریوکاری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌و دوای ته‌واوبوونی کایه‌که‌ میکانیزمێک نیه‌ بۆ ته‌حقیق بوونی دروشم‌و بانگه‌شه‌و به‌ڵینه‌کان.

سڵاو له‌ یادی پاکی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که‌ له‌ پێناو به‌رگری له‌ بێبه‌شان‌و بۆ ئازادی‌و یه‌کسانی‌و سۆشیالیزم له‌ شه‌قامه‌کانی شاری سلێمانیدا شه‌ڵاڵی خوێن کران!

شه‌رمه‌زاری‌و نه‌فره‌ت بۆ بڕیارده‌ران‌و جێبه‌جێکه‌رانی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌!

بژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری!

9ته‌مووز2009

About hkkk

Check Also

دووڕوویی سەرانی یەکێتی له ‌رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیدا! …

دەشتی جەمال دوێنی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی لەدژی ژنان، سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوسەرۆكانی لەنمایشێکی ڕیاکاری و گاڵتەجاڕانەدا کەوتنە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *