Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 په‌یامێك بۆ پێشمه‌رگه‌
جەمال موحسن

په‌یامێك بۆ پێشمه‌رگه‌

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌م ئێستا لێت ناوێ!

جه‌مال موحسین

ئه‌زانم تۆش وه‌ك هه‌موومان قه‌له‌قی ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ دایگرتووی. ئه‌زانم كه‌ تۆش ئێستا مورتاح نیت و جگه‌ له‌ دنیایه‌ك به‌رپرسیارێتی كه‌ كراوه‌ به‌ هی تۆ، خه‌می هاوسه‌ر و مناڵ یان دایك و باوك و خوشك و براته‌. ئه‌زانم تۆش له‌ به‌ره‌ی جه‌نگیشه‌وه‌ خه‌و ناچێته‌ چاوت و مێشكت له‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ زۆر شت ناوه‌ستێ. به‌ڵام كه‌مێ له‌گه‌ڵ من، له‌گه‌ڵ ئێمه‌ با پێكه‌وه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌. گوێ بۆ یه‌ك ڕادێرین و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان بده‌ینه‌وه‌. بێگومان ئاگات له‌ ناو شاره‌كان و گه‌ڕه‌كه‌كان و قوتابخانه‌ داخراوه‌كان و نه‌خۆشخانه‌ بێنازه‌كانه‌ هه‌رچه‌نده‌ مۆبایڵه‌كه‌شت یه‌كه‌ی پێویستی تیا نیه‌! ئاگات لێیه‌ خه‌ڵكی توڕه‌ ئه‌یه‌وێ شه‌قامه‌كان بكاته‌ جێی حه‌وانه‌وه‌ی. كه‌ خه‌ڵك توڕه‌ ئه‌بێت، نه‌فره‌ت له‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌كات، خۆپیشاندان ئه‌كات، به‌ تۆ، به‌ڵێ به‌ تۆ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ئه‌كه‌ن. ئه‌ڵێن ئه‌وه‌نده‌ سه‌ده‌ چه‌كدارمان هه‌یه‌! تۆ كه‌ خۆت له‌ له‌شكری برسیه‌كانی چۆن ئه‌بێ بهێڵیت له‌ دژی ئه‌وانه‌ی بۆ كۆتایی هێنان به‌ سیستمی سكهه‌ڵگوشینی كه‌سان و ئه‌حزابێك هاتونه‌ته‌ مه‌یدان و وه‌ك خۆتن، به‌كاربهێنرێیت؟!ئه‌كرێ پارێزگاری عه‌مباری پاره‌كانیانت پێ بكه‌ن و له‌ملاشه‌وه‌ ئه‌و برسیانه‌ی گیرفانیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ئه‌وان هه‌ڵته‌كێندراوه‌ به‌ تۆ سه‌ركوت بكه‌ن؟تۆ حه‌ره‌سی چیت؟ هی سفره‌ی ڕووت و سه‌رپه‌نای به‌ له‌وح گیراو و په‌نجه‌ره‌ی له‌ نایلۆن دروستكراوی خۆت و هاوچاره‌نوسانت یان كۆشك و ته‌لار و ڤیلای خاوه‌ن سه‌رمایه‌كانی كه‌ تۆیان كردۆته‌ پێشمه‌رگه‌ی حزب و حكومه‌ته‌كه‌یان؟ كردویانیته‌ پاسه‌وانی ئاپوره‌ی ته‌نكه‌ره‌ پڕ نه‌وته‌كان كه‌ سه‌ره‌ی ئاودیوكردنیان گرتووه‌ و له‌ملاشه‌وه‌ هاوسه‌ر و دایكی تۆ و هاوچاره‌نوسانت موحتاجی وه‌ره‌قه‌یه‌كی نه‌وتن؟ چاوت بڕیوه‌ته‌ فرمێسكی قه‌تیسماوی مناڵه‌كانی خۆت و هاوسێكانی وه‌ك خۆت كه‌ نه‌ قوتابخانه‌یان بۆ ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌ یاریگا و نه‌ له‌ته‌ نانێكیش ڕه‌وا ئه‌بینن بۆیان یان ڕه‌تڵی سه‌یاره‌ی جامڕه‌شی دوای مناڵه‌ به‌رپرسه‌كان و ڕۆڵه‌ی بنه‌ماڵه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌رزترین قوتابخانه‌ و زانكۆ و جێی ڕابواردن كه‌ به‌ فڕۆكه‌ تایبه‌ته‌كانیان بۆی ئه‌چن؟ ئاگات لێیه‌ ئه‌وه‌ سفره‌ی خاڵی و گیرفانی خاڵی تۆ و هاوشێوه‌كانته‌ خوانی ئه‌وانی ڕازاوه‌تر و حساب بانكیه‌كانی ئه‌وانی لێوانلێوتر كردووه‌؟! هێشتاش به‌ تۆ ئه‌ڵێن كه‌ دان به‌ خۆتا بگریت و ته‌حه‌مولت بێت و دۆخه‌كه‌ ناسكه‌؟ دڵی تۆ و سه‌دان هه‌زاری وه‌ك تۆ و مناڵه‌كانی ئێوه‌ ناسكتره‌ یان دۆخی له‌ ده‌ستنه‌چوونی پاره‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی جه‌نابیان؟! تۆ په‌نجه‌ی سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی چه‌كه‌كه‌ت كه‌ لوله‌كه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر سنگی به‌شمه‌ینه‌تانی ناو شاره‌كه‌ت، ئه‌بێ بله‌رزێ و زاتی جوڵه‌ی كوشتاری هاوده‌ردانی خۆتی نه‌مێنێ. له‌ جێی ئه‌وه‌ لوله‌ نزم كه‌ و وه‌ره‌ ڕیزی بێنه‌وا و بێبه‌شان و له‌گه‌ڵ ئه‌وان و شانبه‌شانی ئه‌وان خۆت یه‌كگرتوو و ڕێكخراو بكه‌ تاكو هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سبه‌ینێی هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌به‌رامبه‌ر پاشماوه‌ی ژاندارمه‌كانی خاوه‌ن كۆشك و سه‌رمایه‌دا بپارێزی. تۆیه‌ك كه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌رامبه‌ر داعشت گرتووه‌ و كه‌چی ده‌سه‌ڵاتداران بوونی فیشه‌ك له‌ مه‌خزه‌نی سه‌ر كڵاشینكۆه‌فه‌تدا كه‌ ئه‌كرێ لوتی دوژمن بشكێنێ به‌ ڕه‌وا نابینن، خه‌م و خه‌یاڵت جگه‌ له‌وه‌ی لای مناڵه‌ ڕه‌ش و ڕووته‌كه‌ته‌ و خه‌می كرێی هۆده‌ و هه‌یوانه‌كه‌ته‌، ئه‌بێ موشته‌ریش بۆ مه‌خزه‌نه‌ زیاده‌كه‌ت په‌یدا بكه‌ی تا به‌ڵكو پاره‌كه‌ی بنێریته‌وه‌ بۆ خاوه‌ن خانوه‌كه‌ت نه‌وه‌ك شروشیتاڵی مناڵه‌كانت فڕێداته‌ سه‌رجاده‌، تۆیه‌ك كه‌ به‌ ناچاری ده‌ستت بردووه‌ بۆ ده‌غیله‌ی مناڵه‌كه‌ت تاكو به‌شی كرێی ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگی دژی داعشت دابین بكه‌یت، تۆیه‌ك كه‌ گیانت له‌سه‌ر ده‌سته‌ كه‌چی كه‌سانێكی تر به‌ هه‌مان ناوی ’’پێشمه‌رگه‌’‘ وه‌ یان پاسه‌وانی باخی فڵانه‌ به‌رپرسن و یان ده‌رگاوانی چێشتخانه‌ی فیساره‌ به‌رپرسن و له‌ بن دیواره‌وه‌ موچه‌ی وه‌ك تۆیان وه‌رگرتووه‌…. تۆیه‌ك، تۆیه‌ك، تۆیه‌ك….. به‌ڵێ پێم بڵێ و وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌ چۆن ئه‌توانی ڕازی بیت و قبوڵی بكه‌یت بكرێیته‌ داشی شه‌تره‌نج و قه‌ڵای سه‌رمایه‌ت پێ بپارێزرێ؟! خه‌ڵك و ئێوه‌ ئه‌توانن خاوه‌نی یه‌ك باوه‌ش بن. گه‌ر تفه‌نگه‌كانتان فێری په‌یامی ویستن و پاراستنی هه‌ژارانی توڕه‌ و بێزار بكه‌ن، دڵنیا بن هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ش له‌ پشتتان ئه‌بن بۆ پشت له‌ ئه‌رزدانی داعش و بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ماڵ و موڵكی هه‌موان له‌ به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی كوردایه‌تیش. ئه‌وان ئه‌وانن و ئێمه‌ش ئێمه‌!

١٩ ی شوباتی ٢٠١٦

About hkkk

Check Also

بەیاننامەی ڕێكخستنی هه‌ولێر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان سەبارەت: …

سەرچاوە و هۆکاری تاوانەکان هاوڵاتی نییە حکومەت و دەسەڵاتدارانە!  ڕووداوەکانی دوو سێ مانگی ڕابردووی ناوشاری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *