Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 پێکهێنانی “هاوپەیمانی هیوای کوردستانی” …

پێکهێنانی “هاوپەیمانی هیوای کوردستانی” …

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف دەربارەی :

پێکهێنانی “هاوپەیمانی هیوای کوردستانی”

  ئۆکتۆبەر:  لە چەند رۆژی ڕابردوودا، (١٥) ئەندام پەرلەمانی سەر بە حزبەکانی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، ئایندەو چەند کەسێکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانیەتیەکیان ڕاگەیاند بەناوی (هاوپەیمانی هیوای کوردستانی). دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتیش بچنە ناو ئەو هاوپەیمانیەوە. تێگەیشتنی سەرەتایی لەم هاوپەیمانیەتیە ئەوەیە کە جۆرێك لە بلۆکبەندی بێت بەرامبەر بە پارتی. ئێوە چۆن لەم بلۆك دروستکردنە تێدەگەن و چ ئامانجێکی سیاسی ئەم هاوپەیمانیەتیە کۆدەکاتەوە؟  عوسمانی حاجی مارف: پێویستە بەرلەوەی باس لەسەر هەر بلۆکبەندی و هاوپەیمانیەتیەک لەناو پەرلەمانی عێراقدا بکرێت، یان جێگاوڕێگاو مەوقعیەتی ئەو بلۆکبەندی و هاوپەیمانیەتیە دیاری بکرێت، دەبێت  پێگەو دەورو مەوقعیەتی خودی پەرلەمانی عێراق دەست نیشان بکرێت لەناو هاوکێشەی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی و لە نێوان حیزب و هێزە سیاسیەکان و چینە باڵادەستەکانی قازانجخۆری کەڵەکەی سەرمایەدا. بەمانایەک کاتێک ئاماژە بەوە ئەدەین کە لە هەلومەرجی سیاسی و دەسەڵاتی بۆرجوازی لە عێراق و کوردستاندا هیزە میلیشیاکان زاڵن و پێگەی ئەو هیزە میلیشیاییانە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق دیاری دەکەن و لەهەمانکاتدا عێراقیان لەسەر بنەمای نفوزی چەکداری تائیفی و نەتەوەپەرستی هەر هێزو لایەنێک و لەناوچەیەکی دیاریکراودا، ئیتر مانایەک لە پێگەو جێگایەک بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران نامێنێتەوە.

  لەلایەکی ترەوە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە حزبەکانیان لە نمونەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو… لەناو هاوکێشەی سیاسی عێراق و کوردستاندا جگە لە خزمەتکردن و پاشکۆیی بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی هێزە میلیشیا سەرەکیەکان ڕۆڵ و کارو کاریگەریەکی تریان نیەو هیچیان پێ ناکرێت، هەڵبەت ئاشکریە کە بەو ئەنجامە دەگەین یەکەم خودی پەرلەمان کە بۆخۆی پوچ وکارتۆنیەو تەنها ڕاگرتنی مامەڵەی هاوسەنگی هێزەکانە لە چوارچێوەی ناجێگیری و گێژاویکی سیاسیدا.

  واتە پەرلەمان و ئەندامەکانی پەرلەمان جگە لەوەی هیچ دەورو دەسەڵاتێکیان لە نەخشی  سیاسی عێراقدا نیە و نابێت، لە هەمانکاتدا ئەندام پەرلەمانەکان بۆ خۆیان تەنها ژێردەستەی کێشمەکێش و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسیەکانن، بۆیە ڕاگەیاندنی هەر بلۆکبەندی و هاوپەیمانیەتێک هەر لەسەرەتاوە ناوهێنانی هاوپەیمانیەکەیان پوچەڵەو نیشانەی ئەوپەڕی بێ ئاسۆیی و سەرگەردانیە، بەتایبەتی لە ئێستادا لە پەیوەندی نیوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمدا گەمەی سیاسی و ڕیککەوتنی سیاسی نێوان هیزە سیاسیەکان لە عێراق و کوردستاندا لە گرێ کوێرەی قەیرانێکی قوڵ و لە چارەنوسێکی نادیاردایە. لەهەمانکاتدا دەسەڵاتی سیاسی بۆرجوازی کورد و نوێنەرە سیاسیەکانی لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا هیچ کات یەکدەست و یەکگرتو نەبوەو هیچ کاتیش ناتوانێ لەسایەی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی دوو بنەماڵەو دووهێزی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا یەک دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت پێک بهێنرێت، بەهەمان ڕەوتی  ئەم دیاردانەو بونی هێزە میلیشیاکان ئیمکانی نیە عێراق و کوردستانێکی ئاسودە و ئازاد دابمەزرێنرێت.

  بۆیە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کەبە حساب نوێنەری کوردن لە پەرلەمانی عێراقدا هیچ کات و بەهیج جۆرێک بەدروست کردنی هەر جۆرو شیوازێکی بلۆک بەندی وهاوپەیمانیەک نەک ناتوانن وەڵام بە هیچ کێشەیەک بدەنەوە، بەڵکو نیشانەی ئەو پەڕی گاڵتەجاریە و ئیهانە کردنە بە ژیان و چارەنوسی خەڵکی کوردستان.

ئۆکتۆبەر: ئایا پێتانوانیە کە ئەم هەوڵە جۆرێك لە خۆجووتکردن بێت لەگەڵ ئەو ڕەوتە بۆ گرێدانەوەی هەرێم بە حکومەتی ناوەندەوە کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە دەستی پێکردوە و ئامانجی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هێزە سیاسیەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستی عەرەبی بێت تا بەشی زیاتریان پێ ببڕێ لە دەسەڵات و داهاتی عێراقدا؟

  عوسمانی حاجی مارف: لەکاتێکدا لە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی حیزبەکانی کوردایەتی لە کوردستان و حیزبە تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەییەکان لە عێراقدا هێمای پارچەپارچەکردنی عێراق و گەندەڵی و جەردەیی و تاڵانی بن، وە خۆبەستنەوەی هەر لایەنێکیان  بە بەرژەوەندی  نەخشە و سیاسەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکەوە ڕون و ئاشکرا بێت، لە هەمان کاتدا بەگشتی لە پرۆسەی پارچەپارچە بونی دەسەڵاتی سیاسیدا بەهیچ جۆرێک فرسەتیان بۆ دەرچون لە گێژاوی نائارامی سیاسی نە‌هیشتوەتەوە، ئیتر چۆن دەکرێت زەرەیەک ئومێد بە کەسان و کۆمەڵێک ببەسترێت کە هەوڵ بدەن لەناو پەرلەمان و لەڕێگەی پەرلەمانێکی کارتۆنی و گاڵتەجاریەوە ئاڵوگۆڕێک بەدەست بهێنن کە بۆ خۆیان بەشێکن لە خولقاندنی پرۆسەی پارچە پارچەکردن و کاول کردنی عێراق.

  بەجیا لەوەی ئەم هەوڵانە بەهیچ ئاکامێک ناگات لەدوایشدا ئیمکانی ئەوە هەیە ئەو کەسانەی لە ناو پەرلەمان گەر سەربەخۆ ئەو کارە بکەن لە حیزبەکانیان دەربکرێن، هەروەها مایەی خولقاندنی زیاتر سەرگەردانی و گێژاوکی بەربڵاون، لەلایەکی ترەوە ئەو ئاراستەیەش هیچ بەدور نیە کە ئەم بلۆک بەندیە نەخش و دەوری لایەنێک بێت بۆ گۆڕینی هاوسەنکی هێز بە مانای لاوازکردنی هێزو نفوزی بەرزانی و پارتی لە پەیوەند بە ئایندەی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا، چونکە ئەم هەوڵەو ئەم کێشەیەی ململانێی نێوان هەردوو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەمیشە بەشێکە لە بۆگەناوی مێژووی ژیانی سیاسی و شەڕی ناوخۆی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا و هەرجارە بە جۆرێک خۆیمان نیشان ئەدات، کە کۆتاییەکەی دیار نیە بەرەو کوێیان دەبات، کە جگە لە ماڵوێرانی و کارەسات و نەهامەتی و سەرگەردانی  بۆ خەڵکی کوردستان ئاکامێکی تری نەبووەو نابێت، هەربۆیە تەنها چارە کۆتایی هینانە بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و تەواوی ئاسۆو نفوزێک کە بزوتنەوەی کوردایەتی بانگەوازی بۆدەکات، هەر هەوڵێک بۆ هەر ڕێکەوتن و پلانگێڕیەک لە نێوانیاندا بۆ توندکردنەوەی ئەو ئاڕاستەیەی هەوڵ ئەدات هاوسەنگی هێزە میلیشکان ئاڵوگۆر پێ بکات، بەڕای من تاوانێکی گەورەیە لە بەرامبەر ئایندەو ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا دەکرێت.

ئۆکتۆبەر: ئەم هاوپەیمانیەتیە باس لەوە دەکەن کە هەوڵی ئەوان بۆ دابینکردنی موچەیە بۆ کارمەندان و خەڵکی کوردستان لەگەڵ مادەی ١٤٠ و پێشمەرگەو گەنمی جوتیاران…. تاد. بە مانایەکی دیکە هەموو ئامانجی ئەوان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانە کە تائیستا حزبەکانی دەسەڵات نەیانتوانیوە بەجێگایەکی بگەیەنن، لەبەرئەوەی ئەوان تەنها بە شوێن بەرژەوەندی خۆیانەوە بوون نەك خەڵك. بەبڕوای ئێوە تا چ ڕادەیەك راستی لەم قسەو بانگەشەیەدا هەیە؟ ئایا دەکرێ لەم رێگایەوە کارێک بە قازانجی خەڵکی کوردستان بکرێ؟ ئەگەر نا ئەی خەڵك چۆن مامەڵەی ئەم هاوپەیمانیەتیە بکات؟ ئایا ئەمە کەمپینێکی هەڵبژاردن و خۆڵکردنە چاوی خەلك نیە؟

 عوسمانی حاجی مارف: بە بۆچونی من پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت ئەم هەوڵ و تەقەلایەی ئەم کەسانە لەناو پەرلەماندا پێوەی خەریکن، جا هەر نیازو مەبەست و ئامانجێکیان هەبێت، بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بێت یان تا ئەو ئاستەی چەندە جدی و بە پەرۆش بن بۆ بەرژەوەندی خەڵک، بەڵام ناو پەرلەمانی عێراق ئەو مەیدان و جێگایە نیە و هیچ کات ئەو جێگایە نابێت کە موچەی کارمەندان و بەرژەوندی و ژیان و گوزەرانی خەڵک و هەتا کێشە سیاسیەکانی خودی نێوان لایەنەکانیش تیایدا یەکلایی بێتەوە، پێکهاتەی پەرلەمانی عێراق بۆ خۆی بەشێکە لەو پێکهاتانەی کە زیاتر ناجێگیری و گێژاوی سیاسی بە عێراق بە خشیوە، چونکە تەنها شوێنی مامەڵەی گەندەڵی و گەمەی سیاسی نێوان ئەوهێزە ئیسلامی و تائیفیانەیە لەپاراستنی هاوسەنگی ‌هێزو نفوزیان، کە قۆرخی سەروەت و سامانی عێراق و دەسەڵاتی سیاسیان کردووە، بۆیە هەر جۆرە نیەت و هەوڵێک لە ژێر ناوی بلۆکی کوردیدا نە دەخوێندرێتەوە و نە هیچ ئعتبارێکی هەیە، هەروەها نەک هیچ نادات بەدەستەوە  یان سودو قازانجێک بۆ خەڵک بەدیناهێنێت بەڵکو گاڵتەجاڕی و بێسەروبەری  لەهەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستاندا درێژ دەکاتەوە.

  لەمانەش نەرێنی تر ئەوەیە کە ئەو هێزو لایەن و کەسایەتیانەی تەنها لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی کوردایەتیدا و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد گەمەی سیاسی دەکەن، ناتوانن و نایانەوێت لە حکومەتی بەغداد داببڕێن، ئەمەش ئەو ڕێگا تەسک و تاریکەیە کە تەنها ئومێدی هێزە میلیشیاکانی بۆرجوازی کوردەو هەمیشە بە جیا لە تاڵانی و جەردەیی و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت، لە هەمان کاتدا چاوەڕاونی دەرگای ڕەحمەتی حکومەتی عێراقن تا هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکانیان وەک پاشکۆیەک بە ئایندەی نادیاری عێراقەوە ڕاگرن، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو نەداری کوردستان تەنها بە کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتەو پێکهێنانی ئایندەیەک کە دابینی تەواوی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بکات لە دەسەڵاتی سیاسیدا، دەتوانن لەم بەڵایانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی و تائفی ڕزگاریان بێت و ئاسودەو ئارام و ئازاد بژین.

About hkkk

Check Also

٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان گرنگی و کورتەیەکی مێژوویی …

نوری بەشیر: ٨ی مارس چ رۆژێکە؟   ٨ی مارس رۆژی هاتنەمەیدانی نێونەتەوەیی ژنان و پیاوانی کرێکار …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *