Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕابەری تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و لیستی تیرۆریستان…

ڕابەری تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و لیستی تیرۆریستان…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

وەزارەتی مالی دەوڵەت ئەمریکا، ٦/١١/٢٠١٨ بڕی ١٢ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد، بۆ کەسانێک کە شوێن و جێگەی سێ کەس لە سەرکردەکانی پەکەکە ئاشکرا بکەن..

ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا، بۆ ئەو سێ سەرکردەیە و ناساندنیان وەکو سێ تیرۆریستی ناو رێکخراوێکی تیرۆریستی، نە تازەیەو نە جێگای سەرسوڕمان.

دەوڵەتی ئەمریکا کە مێژوویەکە سەرکردایەتی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی دەکات و لەهەر زەمان و سەردەمێکدا، هەر لایەن و حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی تا دەگاتە کەسایەتییە بەرجەستەکانی حزب و رێکخراوەکان، ئەگەر بەشێک نەبووبن لە پشت و پەنا یان هەڵسوڕاو لەچوارچیوەی سیاسەتی ئەمریکادا، خراونەتە لیستی تیرۆرەوە دۆسیەی تیرۆریست بوونیان بۆ کراوەتەوە. هەروەها هەر حزب و رێکخراوێک لە دژی سیاسەت و نەخشە یان بەرووی هەنگاوەکانی ئەمریکادا وەستابێتەوە، دوبارە مەلەفی تیرۆریستی بۆ ئامادەکراوە. لەوانەش واوەتر هەر حزب و رێکخراو گروپ تا دەگاتە کەسایەتیەکیش ئەگەر کەوتبێتە بەرامبەرکێ لەگەڵ دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەهەر گۆشەیەکی دنیادا، دوبارە لەلیستی تیرۆردا دانراون. تەنانەت لە مامەڵەی راگرتنی دۆست و دۆزینەوەی هاوپەیمانیەتیدا، تا دەگاتە ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان خۆی و نەیارەکانی لە ئاستی دنیادا، دوبارە دۆسیەی بە تیرۆریست ناساندن و لەبەین بردنیان، پەروەندەیەکی حاشالێنەکراوە..

نیلسۆن ماندیلای رەمزی وەستانەوە بەرووی ئاپارتایدی نەژادیدا لە ئەفریقیا، تا ناوەراستی ساڵانی هەفتاکان، لە لیستی تیرۆریستانی ئەمریکادا بوو، چونکە نەیاری سیاسەتی ئەمریکا بوو… هەر ئەو ئەمریکایە کە ماندیلای لە لیستی تیرۆیستاندا دانابوو، دوای سەرکەوتنی ماندیلا لە دژایەتیکردنی سیاسەتی هەڵاواردنی رەگەزی لە ئەفریقادا، ئەمجارە ماندێلا خەڵاتی ئاشتی نێودەوڵەتی پێ بەخشرا…

ئەم دوو ڕوویەی ئەمریکاو ئەم خەت و نیشان دانە لە حزب و رێکخراوە سیاسیەکان و ڕێبەرانیان، و ناو لێنانیان بە تیرۆرسیت، هەر کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندەکانی ئەمریکاو یان هاوپەیمانە هاوپیشەکانیان، نەهاتنەوە، پوچی و بەرهەمی شکست و ناکامی ئەمریکاو هاوپەیمانیەکانیەتی، لە کایەکی ململانێی سیاسی و پاوانخوازی و دیبلۆماسیدا…

ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەتایبەتیش لە عێراق و سوریادا، توشی ناکامی شکستی ئابڕوبەرانەبووە، لەبەرامبەر بە رەقیبەکانیدا، لەوانەش روسیا… دەوڵەتی تورکیاش لەگەڵ ئەوەدا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی مێژووی ئەمریکایە، لە جەنگی کەنداوەوە تا ئێستا لە فەلەکی سیاسەتی ئەمریکا دورکەوتۆتەوە یان ملکەچی سیاسەتەکانی نەبووەو لەبەرامبەردا، تا رادەیەکی زۆر لە روسیای نەیاری ئەمریکا نزیک بۆتەوە. ئەمە خاڵ و لایەنێکی سەرەکی دووبارە چاوخشاندنەوەی ئەمریکایە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیاو پێگەی داروخاوی لە ناوچەکەدا…

لەڕوانگەی دەوڵەتی تورکیاوە پەکەکە، هەرەشەیەکی هەمیشەیی و هۆکارێکی نائارامی سیاسیەتی، لەوەش واوەتر ئەلگو دەسەڵاتدارێتی پەیەدە لەبەشێکی زۆری سوریادا کە خاڵی تەماسە لەگەڵ کوردستانی تورکیا، هاوخەتی سیاسیان زۆر نزیک لە پەکەکەیە… خەونی دەوڵەتی تورکیاش لە سوریادا، کە سەرەتا ڕوخانی رژیمی ئەسەد بوو، وەدی نەهات و بەداگیرکردنی عەفرینیش هێشتا دەسەڵاتی پەیەدە، ئەمری واقیعە و دەرهاویشتەی ئاڵۆزی و دۆخی سوریای بەهاری عەرەبی!! ساڵی ٢٠١١ یە،… هەموو ئەمانە لەگەڵ ئاڵۆزی و دۆخی ئەزمەگرتووی دەسەڵاتی ئاک پارتی و ئۆردوغان و بەرین بوونەوەی نارەزایەتی سیاسی و جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی تاک رەوانە و بەدژی ئاراستەی ئیسلامیزەکردنی تورکیادا… دۆسیەی بەدەستەوەگرتنی پەکەکە لەگەڵ ئەمریکا دەخاتە ناو مامەڵە و سەودایەکی تایبەتەوە…

بۆ ئەمریکا لەدەست نەدانی تورکیاو ڵغاوگرتنی تا چیتر بەرەو بەرەی روسیای نەیاری نەچێت، هەوڵێکە بۆ مانەوەی و راگرتنی پیگە داروخاو لەرزۆکەکەی لە ناوچەکەدا، بۆیە لەو مامەڵەیەدا پەکەکە و سەرکردەکانی دەبنە مایەی سات و سەودا و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریکا سەرکردەکانی پەکەکە دەخاتە لیستی تیرۆر و خەڵات بۆ دۆزینەوەو ناساندنی شوێنیان، تەرخان دەکات، تا لەو رێگایەوە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیادا بازسازی بکاتەوە.

دیارە تەماحی تورکیا، لەوە واوەترە لە ئەمریکاو دەیەوێت پەیەدە و سەرکردەکانی، وەکو پەکەکە سەرکردەکانی تەماشابکات و بیان خاتە لیستی تیرۆرەوە تا لەو رێگایەوە هەم بتوانێت پشتیوانی جارجار و نا سەقامگیر و لەرزۆکی!! ئەمریکا لە پەیەدە ببرێت و هەمیش دەستی ئاوەڵا بێت، بۆ هێرشکردنە سەر دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبەری لەو بەشەی سوریا کە لەژێر هەژموونی و قەڵەمرەویی پەیەدەدایە.

ئەو پلان و مامەڵەیەی دەوڵەتی تورکیاو ئەمریکا، وەکو دوو دەوڵەتی پێگە لاواز لە دۆخی سوریا و تەنانەت ناوچەکەدا، یەکێک لە سەرچاوەی بە تیرۆریست ناساندنی سەرکردەکانی پەکەکەن. بێدەنگی وڵاتانی ئەوروپاش لەو مامەڵەیەو خەت و نیشاندانە دڵخوازانە بەرژەوندی خوازانەیەی ئەمریکاو تورکیاش، هێندەی لە ژێرەو نیشانەی نیگەرانی بێت، زیاتر لەوەو بە ئاشکرا مل دانەواندن و تەئیدکردنی ئەو تیرۆریزمە دەوڵەتی و نێودەوڵەتیەی ئەمریکایە.

لەو نێوەدا، جاریکی تر درۆی سەرانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد دەردەکەوێت، کە ئەمریکاو غەرب بە دۆستی کورد دەناسێنن و رەوایەتی دەبەخشن بۆ خۆشخزمەتیان بە سیاسەت و نەخشەکانیان.  ئەم هەنگاوەی ئەمریکاو بێدەنگیەی ئەوروپا، نیشانی دایەوە ئەمریکاو غەرب لە هیچ کاتێکدا ئامادەنین بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورری و پاوانخوازیەکەیان، بکەنە قوربانی پشتیوانی لە هیچ بزوتنەوەو خواستێکی رەواو ئینسانی یان چارەسەری کێشەیەکی عادلانەی ئینسانی.

هەروەها ناونانی حزب و ڕیکخراوە سیاسیەکان و سەرکردەکانیان بە تیرۆریست، بەو هۆیەوە کە لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا نین یان نەیاری هاوپەیمانەکانی ئەمریکان… ترساندن و هەرەشە کردنە لە هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی و سەرکردەکانیان کە دژی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بێت… یان لەفەلەکی سیاسەت پاراستنی و بەرژەوەندیەکانیان نەبێت.

هەر حزب و لایەن و ڕیکخراوەیەکی سیاسی یان ئینسانی و جەماوەری و ئازادیخواز و مەدەنی، ئەگەر ئیدانەو هاوکات دژی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا نەبێت و نەکات، بەدانانی رابەرانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و خەڵات بەخشین بۆ دۆزینەوەیان، بەواتانی چوونە پشتی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی و پشتیوانییە لە تیرۆر و رفاندنی نەیاران و هەڵسوراوانی سیاسی…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

About hkkk

Check Also

نامەی ناڕەزایەتی گەورەترین سەندیکای بەریتانیا …

بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسان و هەموو دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان کلیل لێرەدا بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *