Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی و یه‌ك په‌یام!

ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی و یه‌ك په‌یام!

       سه‌باره‌ت به‌ مه‌رگی تاڵه‌بانی

     جه‌مال موحسین:

  له‌ ڕاستیدا هیچ پێم خۆش نییه‌ كه‌ له‌ كاتی مه‌رگی كه‌سێكدا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ بكه‌م. به‌ڵام هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ڕاستیه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كان له‌لایه‌ك و زیندووكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی قوڕبه‌سه‌ردا كردن له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ ڕاستی ناچاری كردم ڕێك له‌م كاته‌دا منیش بێمه‌ گۆ. ئێوه‌ش كه‌مێك حه‌وسه‌ڵه‌تان بێ.

مه‌رگی جه‌لال تاڵه‌بانی زۆر كه‌سی هێنایه‌ قسه‌ بۆ پیاهه‌ڵدان. من لێره‌دا كارم به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌ك به‌ یه‌كی لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و پرسه‌نامانه‌ نییه‌.

با سه‌رنج ته‌نها له‌ سێ نمونه‌ی هه‌ڵوێستگیریه‌كان له‌ تازێ باربوونه‌كان بده‌ین و له‌ پێشدا له‌ پرسه‌نامه‌ی قاسمی سوله‌یمانی (سه‌رله‌شكری سوپای پاسداران)ه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین. ئه‌و ئه‌ڵێ: ’’ئهنجوومهنی نوێنهران و حكوومهتی ئێستای عێراق كهتابلۆیێكهلهبهشداریی ههموو ئیتنیك و مهزهبه‌ جیاوازهكانی عێراق، نموونهیێكی زهق لهحیكمهتی ئهو پیاوهمهزنهو ئهو پێشمهرگهماندوونهناسهپیشان دهدات كهبهژیری و یارمهتیی دیكهی سهركردهكانی عێراق، بهباشی داڕێژران و پێكهێنران….. تاڵهبانیی مهزن لهستراتیژیی خۆیدا جیهانی ئیسلامی بهپهناگهو وڵاتانی دراوسێ، بهتاییبهت كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بهقووڵاییی ئهم ستراتیژییهدادهنا و ئهم دوو ڕهههندهی لهههموو قهیران و ململانێكاندا بههێڵی سوور دادهنا و لادانی تێدا نهبوو و ههمیشهپارێزگاریی لێ دهكرد‘‘.

ئه‌وه‌ی دووه‌میان په‌یامی برایم عه‌لیزاده‌ یاخود كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ (ی تازه‌) یه‌. حزبی ناوبراو له‌ په‌یامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: ’’دۆست و پشتیوانی دێرینی كۆمه‌ڵه‌ و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران…. هه‌موو ژیانی مام جه‌لال له‌ خزمه‌ت به‌ ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستاندا بووه‌… ‘‘

ئه‌گه‌ر په‌یامی سوله‌یمانی و كۆمه‌ڵه‌ له‌ پاڵ یه‌كدا دابنێین، ئه‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ یان ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ‘بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی ئێران’ یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌ و له‌ یه‌ك به‌ره‌دان، یان یه‌كێك له‌و دوو په‌یامه‌ درۆن. به‌ بروای من سوله‌یمانی ڕاست ئه‌كات و كۆمه‌ڵه‌ درۆ. به‌و به‌ڵگه‌ ساده‌یه‌ی كه‌ دام و ده‌زگاكانی تاڵه‌بانی چاوساغی و هاوكاری ڕژێمی ئیسلامی بوو له‌ تیرۆركردنی سه‌دان ئه‌ندام و هه‌ڵسوڕاوی ئه‌و ‘بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی ئێران’ كه‌ له‌ سلێمانی بوون، ده‌ستی سوپای پاسدارانیان ڕاكێشا بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حزبی دیموكرات له‌ كۆیه‌، ئاسایشی تاڵه‌بانی چوونه‌ سه‌ر كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ به‌ مه‌به‌ستی ملدانیان به‌ گانگسته‌ریزمی موهته‌دی و …. ده‌یان نمونه‌ی تر. ئه‌وه‌نده‌شی به‌و قسه‌یه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ تاڵه‌بانی له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی سته‌ملێكراو بووه‌، دیاره‌ سه‌ید برایم ئه‌یه‌وێ بڵێ‌ ژیانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی  شار و شارۆچكه‌كان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردایه‌تیه‌كه‌ی تاڵه‌بانیدا له‌ هه‌ژاری و برسێتی و نه‌هامه‌تیدا نوقم نه‌بووه‌. خانوه‌ بێتاپۆكان به‌سه‌ر خه‌ڵكی بێخانه‌ولانه‌دا به‌ ده‌ستی چه‌كهه‌ڵگره‌كانی تاڵه‌بانی نه‌ڕوخاوه‌، نوێنه‌رانی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش له‌م چه‌ند ساڵه‌دا زیندانی و سوكایه‌تی و لێدان و بگره‌ تیرۆركردنیان به‌رامبه‌ر نه‌كراوه‌. ئازادیخوازان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تاڵه‌بانی و هاوشێوه‌كانیه‌وه‌ نه‌كوژروان. ٢٦ ساڵه‌ خه‌ڵكی كوردستانی عێراق به‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی تاڵه‌بانیه‌وه‌ نه‌هامه‌تییان نه‌دیوه‌….. ئه‌مه‌ و لیستێكی دورودرێژ كه‌ ئاغای عه‌لیزاده‌ش وه‌ك ڕۆژی ڕووناك بینیویه‌تی و ئه‌یبینێ. له‌ پاڵ په‌یامی هاوخه‌می یان خه‌مباری خۆیدا له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بیه‌وێ كه‌سێتی تاڵه‌بانی وه‌ك شۆرشگێڕ و خه‌مخۆری خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ له‌ قه‌ڵه‌م بدات، ئیتر ناوه‌ڕۆكی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی نیشان ئه‌دات.

هه‌موو ئه‌وانه‌شی ئاغای سوله‌یمانی له‌سه‌ر تاڵه‌بانی وتوویه‌تی تاكه‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ به‌سه‌ بووترێ كه‌ ئه‌و حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوره‌ی عێراق كه‌ تاڵه‌بانی پێكهێنه‌ر و ماوه‌یه‌كیش سه‌رۆك كۆماری بووه‌ ساڵه‌هایه‌ بۆته‌ هۆی كوشتار و ململانێی تائیفی و قه‌ومی و قڵشتی زیاتر دروست كردن له‌ نێوان جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی عێراق و كوردستاندا له‌ ژێر ناوی ناسنامه‌ی ساخته‌ی قه‌ومی و ئاینی و مه‌زهه‌بی و تائیفیدا.

په‌یامی سێیه‌میان، تازێباریه‌كه‌ی فاتحی شێخه‌. ناوبراو له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌ڵێ: ’’په‌ژاره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ ماڵئاوایی مام جه‌لال، دڵمانی زۆر خه‌مبار كرد. هاوخه‌می پڕ به‌ دڵ ئه‌كه‌ین له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هێرۆ خان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان كاك باڤڵ و كاك قوباد. له‌گه‌ڵ دۆسیارانی مام جه‌لال. یادی به‌خێر بێ‘. هه‌رچه‌نده‌ خۆی وا لێكیئه‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌م په‌یامه‌ شه‌خسیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌ و كه‌سانێكیشی ڕاسپاردووه‌ ئه‌مجۆره‌ داكۆكیه‌ی لێ بكه‌ن، به‌ڵام با كه‌مێك وردتر لێی بڕوانین. تاڵه‌بانی به‌ نه‌خشه‌یه‌كی داڕێژراو و به‌ هاوكاری ئێران له‌ ١٤ ی ته‌موزی ٢٠٠٠ دا كۆمۆنیسته‌كان (هاوڕێی دوێنێی فاتحی شێخ) یان له‌ ناوجه‌رگه‌ی شاری سلێمانیدا تیرۆر كرد و له‌ پاداشتی ئه‌م دیاریه‌دا ڕه‌مه‌زانزاده‌ په‌یامی پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشانه‌ی له‌ڕێگه‌ی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموده‌وه‌ گه‌یانده‌ تاڵه‌بانی (به‌ڵگه‌ له‌مباره‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ ڕۆژنامه‌ی كه‌یهاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌). ئه‌و كات فاتحی شێخ هاوخه‌می و هاوپه‌ژاره‌یی خۆی له‌گه‌ڵ كۆمۆنیسته‌كاندا ده‌ربڕی. ئێستاش ماڵئاوایی ’مام په‌ژاره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆی و هاوخه‌مه‌. ئه‌بێ چ پێوانه‌یه‌ك هه‌بێ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی په‌یامی شه‌خسی و سیاسی، له‌ قاڵبی ’سیاسی دا دۆست و هاوخه‌می كۆمۆنیسته‌كان بیت و ڕۆژێكی تر و له‌ قاڵبی ’شه‌خسی یشدا دۆستی بكوژی كۆمۆنیسته‌كان؟! ئێستا یادی كۆمۆنیسته‌كان به‌خێر بێ، یاخود هی بكوژه‌كانیان؟! ئه‌وه‌ی كه‌ تۆ له‌ كام دۆسیارانیت، ئیتر مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسی نییه‌ و پوخت سیاسیه‌. په‌یامی هاودڵی و هاوخه‌مییه‌ له‌گه‌ڵ دۆسیارانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی. به‌بڕوای من په‌یامی كۆمه‌ڵه‌ و فاتحی شێخ په‌یامی هه‌ڵبژاردنێكی سیاسیه‌ و په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ی سه‌رده‌مانێك به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت له‌ژێر چه‌تری كۆمۆنیزمدا بوون.

له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له‌ نێو ئه‌و پیاهه‌ڵدانانه‌ی بۆ تاڵه‌بانی كرا وا پێویسته‌ چه‌ند ڕاستیه‌ك بووترێ. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌‌ كه‌ كه‌سێك به‌ ئاشتیخواز به‌رجه‌سته‌ ئه‌كرێ كه‌ لانی كه‌م ڕابه‌ری لایه‌كی سێ جه‌وله‌ شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ناوخۆیه‌ له‌ شه‌سته‌كان و هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كاندا كه‌ هه‌زاران كه‌سیان تێدا بووه‌ به‌ قوربانی. تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنه‌كان داوای چاره‌نوسی ڕۆڵه‌كانیان ئه‌كه‌ن. هه‌موو جارێكیش تاڵه‌بانی و بارزانی دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و جه‌وله‌ كوشتارگایانه‌ جگه‌ له‌ تاوانكاری هیچی تر نه‌بوون و له‌وباره‌یه‌وه‌ داوای لێبوردنیان له‌ خه‌ڵكیش كردووه‌ به‌ڵام تازه‌ خوێنی به‌هه‌ده‌ر ڕۆیشتووی ئه‌و هه‌زارانه‌ پاك نابێته‌وه‌.

باسی هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك بكرێ نابێ باسی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی ژنان بخرێته‌ پاڵ ئه‌و. له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵات كه‌وتنه‌ كۆشی تاڵه‌بانیه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ژنكوژی و ڕه‌شه‌كوژی ژنان به‌ لێشاوێك ده‌ستی پێكرد كه‌ پێشینه‌ی نه‌بوو. له‌و كاته‌وه‌ تاكو ئێستا ده‌یان هه‌زار ژن كوژراون. هه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر كۆمۆنیسته‌كان بووین كه‌ ده‌نگمان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ڵبڕی و كه‌وتینه‌ خه‌باتی لێبڕاوانه‌ له‌ دژی كوشتنی ژنان. تاڵه‌بانی و حزب و حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ شه‌ڕی كۆمۆنیزم و كۆنه‌په‌رستی ئیسلامیدا، له‌ فه‌توانی تیرۆری ڕێبوار ئه‌حمه‌ددا، له‌ پاڵ ئیسلامیه‌كان ڕاوه‌ستا. دوای ٨ ساڵ له‌ خه‌بات و ململانێی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان له‌گه‌ڵ كۆنه‌په‌رستی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا و له‌ژێر فشاری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا تاڵه‌بانی ملی دا به‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ژنكوشتن. به‌ڵام نه‌ ئاڵوگۆڕی پێكهێنا و نه‌ هیچ ئیجرائاتێكی كرد به‌رامبه‌ر بكوژانی ژنان. له‌وه‌ش واوه‌تر له‌ ساڵی  ٢٠٠٠ دا كه‌ هێرشی چه‌كداری كرده‌ سه‌ر كۆمۆنیسته‌كان سه‌نته‌ری پارێزگاری له‌ ژنانی داخست كه‌ چه‌ندین خانه‌ی ئه‌منی بۆ پاراستنی ژنان هه‌بوو. هه‌ڵسوڕانی ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تانی قه‌ده‌غه‌ كرد. به‌ دوای ئه‌وانه‌شدا هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی له‌و خانانه‌دا ئه‌پارێزران ناچار به‌ هه‌ڵهاتن و سه‌رگه‌ردانی بوون و لێشیان كوژرا. تا ئێستا لێپێچینه‌وه‌ له‌م كرده‌وه‌ تاوانكاریانه‌ كوا؟

مه‌رگی تاڵه‌بانی كرایه‌ ڕووداوێكی سیاسی و ئه‌فسانه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی لێ دروست كرا. شاخێك بۆ گۆڕه‌كه‌ی داگیركرا و مه‌زارگاكه‌ی ئه‌ویش ئیتر ئه‌كرێته‌ دواخانه‌ی شێخ و مشایه‌خان. خه‌ڵكێكی خۆشخه‌یاڵ كراوی به‌رچاولێڵكراوی سته‌مدیده‌ گه‌ر خه‌مباریش بێ ئاساییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بوونی سه‌ركرده‌یه‌كی ناسیۆنالیستی كراوه‌ته‌ قوڕێكی خه‌ست و گیراوه‌ته‌ ژیانی خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌دار و مه‌رگه‌كه‌شی ببێته‌ مایه‌ی بوژانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی قوڕبه‌سه‌ردا كردن و له‌ شاشه‌كانه‌وه‌ پیشان بدرێ خۆی له‌ خۆیدا فرۆشتنی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌یه‌ به‌ خه‌ڵك و ئه‌یه‌وێ تا سه‌ر له‌و ژیانه‌دا بیانهێڵێته‌وه‌.

تاڵهبانی ڕۆژێك لهگهڵ مهلا و ئاخوندهكان و ڕۆژێكیش لهگه‌ڵ ‘چه‌پ’  نانی ئهخوارد بهڵام ناتوانرێ ڕاستیهكانی مێژوو لێڵ بكرێ و بشێوێندرێ. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران و زۆر ڕووداوی تر خۆیان له‌ مێژوودا تۆماركراون.

 

١٢ ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧

About hkkk

Check Also

دوو پارتی  سیاسی لە ئەڵمانیاو کەنەدا پشتیوانی خۆیان  بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان دەردەبڕن …

لەدریژەی کەمپەینی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستادا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لەناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *