Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 کوردایەتی و شۆڕش! …
خەسرەو سایە

کوردایەتی و شۆڕش! …

خەسرەو سایە
کۆمێنتێک لەسەر نوسینێکی هاوڕێ بابە عەلی ..
لەنوسینێکی فەیسبوکدا هاوڕێم بابەعەلی ئەم دەربڕینەی لەسەر شۆڕش نوسیوە:” شۆڕش سەری ھەزارن بێتاوان ئەبڕێ کەچی دواتر بەرازێک ئەبێتە پاڵەوان!” .. دەربڕینەکە لەگەڵ ئەوەدا حوکمێکی گشتی گری بەسەر هەرشۆڕشێکدا داوە، بەڵام ناوەڕۆکی نوسینەکە ڕووی لە “شۆڕش” و ئەزمونی کوردایەتیە بەکارەساتەکانیەوە.. بەتایبەتی کە لەکۆمێنتەکاندا هاوڕێیەک نوسیویەتی: ‘تكايه شۆڕش سەرى هەزاران بێتاوان نابڕێت، بەڵکو شەڕ سەری ھەزاران بێتاوان دەبرێت’، بەڵام بابە عەلی لەوەڵامدا بەڵگە بۆ نوسینەکەی دێنێتەوەو دەنوسێت:
“ئەنفال ھەڵەبجە تێکدانی دێھاتەکان ئاوارەبون و سەرگەردانی ھەزاران خێزان و بێ لەو ھەزارانەی تر کە لەزیندانەکاندا خنکێنران و بێ لەوانەی لەشەڕەکاندا قوربانی بون! ھەموو ئەمانەو دەیان ڕوداوی تر لە شۆڕش دا کورت بۆتەوەو دواتریش ئەنجامەکەی دیارە بەچی دەشکێتەوە!”.. لەم بارەوە ویستم منیش ئەم سەرنجە بنوسم:
سەرەتا لەسەر ئەو غەدرە ناچم کە هاوڕێ بابە عەلی لە “بەراز” کردویەتی.. کاشکای “پاڵەوانەکان”ی ئەمڕۆی بەدەسەڵات گەیشتووی شۆڕشی بزوتنەوەی کوردایەتی، هێندە تاوان و ستەمیان لەهاوڵاتیانی کوردستان بکردایە کە “بەراز لە ئاژەڵانی نێو دارستان” کردویەتی!. بەدوای ئەمەشدا دەڵێم:
هاوڕێی ئازیز.. هەموو ئەو تاوانانەی باسی دەکەیت دروستە کە لە بەناو” شۆڕشدا کورت ” بونەتەوە. بەڵام کام شۆڕش و شۆڕشی کێ؟ ئایا لەڕوانگەی زانستیەوە ئەو جەنگ و دەعوایەی کەپەرچەمی نەتەوەچیتی و کوردایەتی هەڵبڕیوە شۆڕش بووە؟
بەدڵنیایەوە ئەوەی جێگای مەبەستی تۆیە هەرگیز شۆڕش نەبووە و نیە، بەڵکو بەناوی شۆڕشەوە لەزهنی خەڵکدا جێگیرکراوە، ئاخر ئەوەی کەتاقمێک لەمێژوودا لەشێخ و مەلا و خوێندەواری شار، لەسەردەمانێکی ئارامو سایەقەی ساماڵدا، کە نەقەیرانێکی سیاسی و نەقاتوقڕیەک وەک ئەوەی ئێستا هەیە لەئارادایە، بەکڵاو و جامانەو پاتەی ئەدیداس و پوزەوانەو بڕنەوێکەوە دەست بدەنە چەک و بچێتە شاخ (ئەویش بەپشتیوانی دەوڵەتێکی دەرەکی) و تەقە لەڕژێمێک بکەن و دوای چەند ساڵێک و بەکوشتدانی هەزاران گەنج کەخاوەنی ئومیدی ڕزگاری بوون و هەر ئەم تاقمە سواری ئەم ئومیدەی لاوان ببن کە لەدژی ستەمێک سەوز بووە، ڕێگای مفاوەزات و ڕێکەوتن لەسەرو ئیرادەی هەر ئەو خەڵکەوە کەگوایە بۆ ئەوان کەوتونەتە شەڕەوە بگرنەبەرو دوائەوەی کە مفاوەزاتەکەیان سەری نەگرتوو هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆیان لێنەچنیەوە دیسانەوە ڕوبکەنەوە شاخ و دەست بەرنەوە بۆ جەولەیەکی تری شەڕ و بەکوشتدانی هەزاران کەسو خولقینەری دەیان کارەسات.. بەبڕوای من ئەمە نابێت بەشۆڕش!!. ئەمە جەنگو دەعوای جوڵانەوەیەکی دیاریکراوە بەناوی کوردایەتی. ئەمە بزوتنەوەی چەکداری ناسیونالیزمی کوردە، بزوتنەوەی چینەداراکانی کۆمەڵگای کوردستانە، بزوتنەوەیەکە کە بەتەجروبەی چل و پەنجا ساڵەی سەدان جار سەلماندویەتی کەلەگەیشتن بەئامانجە چینایەتیەکانی بۆرژوازی کورد دا کە لەئێستادا لە دەسەڵاتو سیستەمی حکومڕانی هەرێم و ئەزمونەکەیدا بەرجەستەیە، بەسەر لاشەی هەزاران هەزار لەخەڵکی هەژارو گەنجانی دڵپڕ لەهیوای کوردستان و دایکان و باوکانێکدا سەرکەوتووە تا بەم ڕۆژەگەیشتووە و ئێستاش وەک مارەکانی سەرشانی زوحاک خوێن و تەمەن و ئارەقەی نێوچاوانی ئەوان و هەستی هەزارجار مردن و زیندوبوونەوەی ڕوداوەکانی ڕابردووی ژێر چەقۆی بەعسیەکان، هەڵدەمژێ ..
پیرۆزکردنی ئەم جوڵانەوەیە بەناوی شۆڕشەوە، بەهەموو ئەو کارەساتانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناویەتی تەنها بۆ سڕینەوەی جیاوازیە چینایەتیەکان و موقەدەسکردنی بۆرژوازی کوردو ئەزمونی جەنگو دەسەڵاتەکەیەتی، بۆ ئەوەیە کە کوردایەتی و ئامانجە گڵاوەکانی، حکومەت و باوەڕەکانی، بەئەبەدی بکا و لەسەرو کۆمەڵگاوە دابنرێ و ئیتر کارگەرو زەحمەتکێش ئەو هەقەیان نەبێت شۆڕش و ڕاپەڕین لەدژی وەڕێخەن…
لەبەرامبەردا شۆڕش وەک تۆفانێک وایە لەقوڵایی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەدرێژەی یەک ملاملانێ و کێشمەکێشی هەمەلایەنەی چینایەتی و کۆمەڵایەتیدا سەردەردێنێ.
ئەگەر کەسانێک بەم هەموو ئەزمون و کارنامە ئینسانکوژی و کۆنەپەرستیەی بزوتنەوەی کوردایەتی هێشتا ڕازیەو دەیخاتە ڕیزی شۆڕشەوە و بەشۆڕشی دەزانێت ئەوا من لەوەڵامدا دەڵیم: تکایە هەقیقەتی هەر جوڵانەوە و کارنامەکەی بەناویخۆیەوە ناوبنێن.. هەربۆیە ئەمە شۆڕشی ئەوانەو هی هەموو خەڵکی کوردستان نییە، ئەمە شۆڕشی چینە داراکان و ئەو خاوەن کۆمپانیاو حزبە دەسەڵاتدارانەیە کەبەخوین و زەحمەتی خەڵکی کارگەرو زەحمەتکێشی کوردستان، سەرمایە کەڵەکە دەکەن و بازاڕی قازانج دەچەرخێنن..
ئەگەریش دەمانەوێت شۆڕش لەکوردستان سەرزەنشتکەین بەوەی کەکوشتار و ئەنفال و… بەدواوەبووە ئەوا شۆڕشی کوردایەتی و هەموو ئەوحزبانە جێگای سەرزەنشتە، کەخۆیان سەربەم بزوتنەوەیە دەزانن و لەبەری ئەم بزوتنەوەیە دەخۆن. نەک شۆڕش بەشێوەیەکی گشتی.. دوا قسەش دەبێ بڵێم کە کۆمەڵگای کوردستان لەمێژوی خۆیدا هێشتا شۆڕشی چینایەتی کارگەران و جەماوەری زەحمەتکێشی بەخۆیەوە نەدیوە، تابزانین چ حوکمێکی “خوێنڕێژی” دەیگرێتەوە.. شۆڕشی ئەم چینە هێشتا لەسەر ڕێگادایە و داهاتوو پێمان دەڵیت بەچ ڕادەیەک زەبورو زەنگانەیە و چ نیشانەیەک بە”خوێن” دەشکێنێ وکێ دەبێتە پاڵەوانەکەی.

About hkkk

Check Also

پشتیوانی نامەی کراوەی …

پشتیوانی نامەی کراوەی  (کۆمیتەی داکۆکیکار لە مافو ئازادیەکانی/ هەرێمی کوردستان-عێراق) سەبارەت بە  دەستگیرکراوەکانی هەولێر و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *