Home 6 ئەرشیفی بابەتەکان 6 گفتوگۆ لەگەڵ وەستا مەهدی سەبارەت بە پرسە سەرەکیەکانی چینی کرێکار…

گفتوگۆ لەگەڵ وەستا مەهدی سەبارەت بە پرسە سەرەکیەکانی چینی کرێکار…

لە ژمارە (٣) ی ئۆکتۆبەردا بڵاوبۆتەوە

ئۆکتۆبەر: وەستا مەهدی ئێوە وەکو هەڵسوڕاوێکی کرێکاری و کۆمۆنیست، تەمەنێکە لەناو کرێکارانی کوردستاندا کار دەکەن و هەڵسوڕانی سیاسی و رێکخراوەیی دەکەن. بەبڕوای ئێوە بارودۆخی رێکخراوەیی کرێکاران و خەباتی رۆژانەیان بۆ باشکردنی ژیان و هەلومەرجی کاریان چۆنە؟ هۆکاری چیە کە تائێستاش کرێکارانی کوردستان لە کەمترین شێوازی رێکخستن بەهرەمەندن و زۆر بەکەمی جموجوڵە کرێکاریەکان بەرچاو دەکەون؟ئەو گرفتە فکری و زهنینانە چین کە وادەکات کرێکاران لەو پێگەیەدا دەرنەکەون؟

وەستا مەهدی:سەرەتا سوپاس بۆئێوە کە ئەم فرسەتەتان بۆمن رەخساند. سەبارەت بە بارودۆخی رێکخراوەیی کرێکاران  لەڕاستیدا لە ئاستێکی زۆر خراپدایە. سەرەرای ئەو ژمارە زۆرەی کرێکاران کە لە کارگەو دامەزراوە پشەسازی وخزمەتگوزارانیەکاندا کاردەکەن، شتێك بەناوی رێكخراوەی کرێکاری بەتایبەت لە پرۆژە پیشەسازیەکانی کەرتی تایبەت بەدێ ناکرێ، تەنها یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان نەبێت کە لقەکانی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك هەیەو ئەویش دەورێکی ئەوتۆی نییە و کەمترین دەخاڵەتی هەیە لەسەرکێشەو مەسەلەکانی کرێکاران.

بەڵام کرێکاران ڕۆاژنە بۆ باشکردنی ژیان و هەلومەرجی کاریان لەهەموو شوێن و ناوەندکانی کاردا روبەروبونەوەیان هەیە لەگەڵ خاوەنکاردا. خەباتی رۆژانەی کرێکار شتێك نییە خۆی هەڵیبژێرێت. مشتومڕی کرێکار لەگەڵ خاوەنکار لەسەر زۆری سەعاتی کار و لەسەر کەمی حەقدەست و ناسەلامەتی شوێنی کارە، لەدژی دەرکردن لەسەر کار و نارەزایەتی لەدۆخی کارو ژیانی ئەو نەك لەناو کارو لەشوێنی کارەکەیدا، تەنانەت لەشوێنی ژیان وگوزەرانیشیاندا بەردەوامە، بەڵام هێشتا ئەوجۆرە لەخەبات ناتوانێت زامنی لەنای کەمی مافە یاساییەکانی کرێکاران بێت و تەنانەت زامنی کەمترین نوێنەرایەتی یاسایی بۆکرێکاران دەسەبەرکات. ئەوجۆرە لەخەبات و نارەزایەتی پچرپچرو نارێکخراو هیچکات ناتوانێ بەشێوەیەکی گونجاو لە بەرژەوەندی کرێکاران بگەڕێتەوە.

هەڵبەتە کۆمەڵێك رێگری هەن کە وادەکەن کرێکاران نەتوانن دەست بەرن بۆ دروستکردنی رێکخراوی خەباتکارانەی خۆیان. یەکێك لەو هۆکارانەی کە نەك هەر دەستبردنی کرێکارانی بۆ رێکخراوبوون سەخت کردوە، بەڵکو تەنانەت بەجۆرێك ناچاریش بوون چاو لە هەندێ پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانیان بنوقێنن، ترسە لە بێکارکردن و دەرکردن لەسەر کار. رێژەی بێکاری بەڕادەیەکی زۆر زیادی کردوە. بێکارکردن و هەڕەشەی لەسەر کاردەرکردن هەمیشە وەك چەکێکی بەهێز لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بەرامبەر بەکرێکاران بەکار دەهێنرێت. بۆنمونە کرێکارێکی کارگەی دەرمانسازی پایۆنیر باسی لەوە کرد لە کۆمپانیاکەی ئەوان هەرکەسێ باسی هەرشتێك بکات کە لەبەرژەوەندی کرێکارەکان بێت، نەك رێکخراوبون، یەکسەر دەریدەکەن و کەسی تر دەخەنە شوێنەکەیان. ووتی لە ئیدارەی کۆمپانیا دەیان (سیڤی) هەیە هی کەسانێکە کە شەهادەی زۆرلەوەی ئێمە باڵاتریان هەیە و داوای کار دەکەن و واسیتەشی کردوە تا کارێکی دەست بکەوێ! هەروەها کرێکارێکی کارگەی ئاسن و پۆڵای ماس و کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە کاتێ پرسیارم لێکردن لەسەر گرفتەکانی بەردەم رێکخراوبوونیان، هەمان وەڵامیان دامەوە. هاوکات بەشێك لەو کرێکارانەی کە لەسەر کارن لەرێگای خزمایەتی و مەحسوبیەتەوە دامەزراون  و بەناچاری دەبێ گوێڕایەڵی خاوەنکار بن!

لەلایەکی دیکەوە لاوازیی مەیل و ڕەوتی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی لەناو کرێکارانی کوردستاندا و نەبوونی ڕیزێك لە رابەران وهەڵسوراوانی کرێکاریی هوشیارو کۆمۆنیست کە هیدایەتی کرێکاران بکات لە مەیدان و ناوەندەکانی کاردا یەکێکی دیکەیە لە گرفتە سەرەکیەکانی بەردەم لاوازیی رێکخراوبوونی کرێکاران و دروست نەکردنی رێکخراوە کرێکاریە جەماوەریە خەباتکارەکان. بوونی تەیفێك لەم ڕابەرو هەڵسوڕاوانە دەتوانێ لەروی فکری و سیاسیەوە کرێکاران هوشیار بکاتەوە و جێگاورێگای خۆیان وەك چینێک لە کۆمەڵگادا بناسن. بەڵام سەرباری ئەوەی باسم کرد لە چەند شوێنێک کرێکارانێك جوڵەیەکیان کردوە کە ئومێد دەکەم دەست پێکردنی سەرەتایەکی باش بێت بەرەو رێکخراوبوونی کرێکاران و خەباتی رێکخراوەیی کرێکارانی کوردستان.

بەڵام ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر گرفتە فکری و زهنیەکانی کرێکاران، ئەوە مەسەلەیەکە کە قسەی زۆر هەڵدەگرێ و ڕەنگە بۆچوونی جۆراوجۆر لەوبارەوە لەناو هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هەبێ، بەڵام بە بروای من یەکێك لە گرفتە سەرەکیەکان ئەوەیە کە بۆرژوازی تاڕادەیەك سەرکەوتوو بووە لە دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی کرێکاران بەسەر نەتەوەو مەزهەب و دین و گروپی کۆمەڵایەتی جیاجیادا و کرێکارانیش تاڕادەیەك بەم دابەشکردنە ئالودە بوون. لەسەر بنەمای ئەم وەهمەش لەناو کرێکاراندا دیسانەوە کرێکاران بەسەر ئەحزابی بۆرجوازی قەومی و تایفی  و ئاینی دا دابەش بوون و بەوجۆرەش بێبەش بوون لە رێکخستنی سەربەخۆی سیاسی و جەماوەری چینایەتی خۆیان. بەمجۆرە کرێکاران لەسایەی جۆرێك لە هەژمونی فکری سیاسی بۆرجوازیەوە ئابلۆقەدراون و رێگا دەگرێ لە دەرکەوتنیان وەك هێزێکی رێکخراوو کاریگەر.

ئۆکتۆبەر: بەبڕوای ئێوە مەسەلە سەرەکیەکانی کرێکارانی کوردستان چین؟ لەڕووی کێشەو گرفتەکانی کارو مەیدانەکانی کارکردنەوە، لەڕووی خواست و داواکاریەکانەوە، یاخود ئەو پرسە سەرەکیە چیە کە زهنیەتی کرێکارانی داگیرکردوە و لەوڕێگایەوە دەتوانرێ بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستان هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بنێت!؟

وەستامەهدی:کرێکاران بەشێوەیەکی گستی لەکوردستان لەگەڵ مەسائیلی جۆراوجۆر بەرەوروون. بەشێکی زۆر لەو کرێکارو فەرمانبەرو کارمەندانەی کە مووچەو حەقدەستەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دەدرێ و کار بۆ حکومەت دەکەن، کە دەتوانم بڵێم بەشی هەرەزۆری چینی کرێکاری کوردستان پێکدێنن، کۆمەڵێك مەسائیلی تایبەتیان هەیە. یەكێك لەوانە ئەوەیە کە ساڵانێکە بەهۆکاری جۆراوجۆر حوکومەت دەستدرێژی دەکاتە سەر مافە یاساییەکانیان و بە نایاسایی دەست بەسەر موچەکانیاندا دەگرێ و لێیان دەبڕێ یان مووچەکەیان هەر خۆی لەوە کەمترە کە بەپێی یاسا دیاریکراوە. هاوکاتیش هەرکات حکومەت بیەوێ دەستکاری یاساکان دەکات و رێگایەك دەدۆزێتەوە بۆشەرعیەتدان بە برین و دەستبەسەراگرتنی مووچەکانیان. مەسەلەیەکی تری تایبەت بەم بەشە لە کرێکاران ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆریان دوای چەندین ساڵ خزمەت هێشتا گرێبەسەکانیان کاتیەو نەکراون بە کرێکاری هەمیشەیی. ئەگەریش تەمەنیشیان گەیشتبێتە ماوەی یاسایی خانەنشینی و بیانەوێت خانەنشین بن، ئەوە بڕێك پارەیان پێدەدەن وەك پاداشتی کۆتایی خزمەت و ئیتر هیچ مافێکی دیکەیان نامێنێ و تا کۆتایی تەمەنیان لە هەژاری و بێکاری و برسێتیدا بەسەردەبەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکی زۆری ئەم کرێکارانەی کەرتی حکومی مووچەیەکی ئەوەندە کەم وەردەگرن کە بەشی ژیانێکی مەمرەو مەژیش ناکات. هەروەها نەمانی خزمەتگوزاری گشتی وەك داوودەرمان و مەسکەن وکۆمەڵێك خزمەتگوزاری دیکە کە پێشتر ئەم بەشەی کرێکاران هەیان بوو و ئێستا یان بەتەواوی نەماوە یان بێکەڵک بووە، وایکردووە کە موچەخۆری حکومەت ئەگەر کاتی خانەنشینیشی هاتبێت هەوڵ ئەدا لەسەر کار بمێنێتەوە، چونکە ئەو مووچەی خانەنشینیەی وەریدەگرێ لەوەش کەمترە کا کاتێك لەسەر کارە .

بەشێکی تر لەکرێکاران کە مەزندەکرێن بە٣٢٠هەزار کرێکار و لە دامەزراوەو پرۆژە پیشەسازیەکانی کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، سەرەرای ئەوەی کە مانگانە موچەوەردەگرن، بەڵام کۆمەڵێك مەسائیلی تایبەت بەخۆیان هەیە. یەك لەوانە گرێبەستی کارە کە تائێستا بەشێکی زۆریان چەندین ساڵە کاردەکەن، بەڵام هێشتا گرێبەستەکەیان کاتییەو خاوەنکارەکان پێشێلی یاساورێساکانی تایبەت بەکاروباری کرێکاران دەکەن.ئەوانیش لەبەر کۆمەڵێك هۆکار کە لەوەڵامی پرسیاری یەکەمتاندا ئاماژەم پێکردوە بەناچاری بێدەنگیان هەڵبژاردوە. لەلایەکی دیکەوە، مەسەلەکانی شێوەی کارو پشووی کرێکاران، ناسەلامەتی شوێنی کار، کەمی کرێ، سەعاتکاری تاقەتپروکێن وکەمی خزمەتگوزاری و زۆرشتی تر لەسەروو هەموشیانەوە نەبونی ئازادی رێکخرابون، مەسەلە گرنگەکانی کرێکارانی ئەم بەشەن. خواست و داواکاریەکانیان بەگشتی لەچوارچێوەی تەنزیمکردنی ماوەی کار و زیادکردنی دەرماڵەو خزمەتگوزاری و هەڵگرتنی ئەو ژینگەی کارەدایە کە هاوشێوەی سەربازگەیە ..هتد. کرێکاران لەناو کارگەدا وەکو زیندان وان و لەقاڵب دراون و بۆیان نیە هیچ جموجوڵێکی سیاسی، جەماوەری و کۆبونەوە و چالاکی بکەن و بگرە سەبارەت بە بارودۆخی کارو مافەکانیان قسەوباس لەگەڵ یەکتردا بکەن. هەر جۆرە زانیاریەك سەبارەت بە کارگەو هەلومەرجی کاری کرێکاران بگاتە دەرەوەی کارگە وەکو بردنەدەرەوەی نهێنی کارگە مامەڵە دەکرێ و کرێکاری لەسەر سزا دەدرێ تا ڕادەی لەسەرکار دەرکردن.

بەمجۆرە زۆر سەختە کە کرێکاران لەدەوری خواستەکانیان کۆبنەوەو نوێنەراتیەك بۆخۆیان دەست نیشان بکەن. بەداخەوە ئەم بەشە لەکرێکاران ئەوەی کە زهنیەتی داگیرکردوون تەنها ئەوەیە لەسەر کار دەرنەکرێن! ئیتر بۆمەسائیلەکانی تر جارێ بێدەنگەیان کردووە. بەڵام لەئێستادا باشترین رێگا کۆبوونەوەی گشتی کرێکارانە کە رۆژانە لەکاتی ئیسراحەتی نانخورادنی نیوەرۆ و لەکاتی گەرانەوە بۆماڵەوە کە فەزایەکە خاوەنکار بۆخۆی بۆی رەخساندون و ناتوانێت بەر بەکرێکاران بگرێ، سەبارەت بە پرس و مەسەلەکانیان قسەوباس بکەن و بڕیارو هەنگاوی پیویست هەڵگرن.

ئۆکتۆبەر: لەکاتێکدا چینی کرێکار بەشێكی سەرەکی پێکهاتەی کۆمەڵگای چینایەتی کوردستانەو هەموو تەلاری چەوساندنەوەو هەژاری و نەبوونی و ستەمی سیاسیش لەسەر شانی ئەم چینە بەرزکراوەتەوە، کەچی لەناو جموجوڵە سیاسی و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کوردستاندا توێژە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە بەئاستێك لە خۆڕێکخستن و خواستی خۆیانەوە دەبینرێن، کەچی کرێکاران و چینی کرێکار ئەم هەست بە بوونی ناکرێ! ئایا ئەمە هیچ ڕاستیەکی تێدایە؟ ئەگەر نا ئەی خۆنواندنی چینی کرێکار لەم ناڕەزایەتیانەدا چۆنەو چی وایکردوە کە هەست بە بوونی نەکرێ!؟

وەستامەهدی:بە تەسەوری من وانییە کە چینی کرێکار دەوری نەبێت لە نارەزایەتیە جەماوەریەکاندا. هەموو ئەو گەنجانەی دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان و هەموو ئەو فەرمانبەرو کرێکارو کارمەندو ئەوانەی هیزی بزوێنەری بزوتنەوە کۆمەڵاتیەکانن، توێژو بەشەکانی چینی کرێکارن. بەڵام هەر ئەوکرێکارانەی کە سەنگەری خۆیان نەدۆزیوەتەوەو لەسەنگەری ئەوبەرن، واتە هێزە بۆرجوازیەکانن بەشێوەی جۆراوجۆر رێکیان خستوون بەقازنجی خۆیان،  بەهۆی وەهمێکەوەیە کە بەو هێزە بۆرژوازیانەیان هەیەو بەداخەوە هوشیاری چینایەتی و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی لاوازە لەناویاندا کە وایکردوە کەمتر پەی بە بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە سەربەخۆ و چینایەتیەکانی خۆیان بەرن. ئەمەشە بە ئاسانی ناڕەوێتەوەو کاری بە حەوسەڵەی دەوێ. ئاخرتۆ سەری ئەو هەموو ئیمکاناتە بەک کە بەدەست چینی دەسەڵاتدارەوەیە و چۆن بەکاری دێنێت بۆ چەواشەکردنی کرێکاران. بەڕای من کرێکاران  کاتێك هەست بەبوونی خۆیان دەکەن وەکو چینێک و خاوەنی بەرژەوەندیی جیاواز لە بۆرژوازی کە لەڕووی فکری و سیاسیەوە هوشیاری چینایەتیان گەشەی کردبێت و تاڕادەیەك ڕیزی خۆیان رێکخراو کردبێت و حزبی سیاسی خۆیان دروستکردبێت. تا ئەمە نەبێت مەحاڵە لە حەلقە داخراوەدا کرێکاران دەورو نەخشێکی ئەوتۆیان هەبێت بە قازانجی خۆیان بشکێتەوە .

ئۆکتۆبەر: بەبڕوای ئێوە چی بکرێ تا چینی کرێکاری کوردستان لەهەر دوو ئاستی خەباتی ئابوری و سیاسیدا وەکو چینێکی سەرەکی و خاوەن پرس و پەیامی سیاسی- کۆمەڵایەتی خۆی بنوێنێ!؟ ئەرکی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی چیە لەوبارەوە؟

وەستامەهدی: بۆئەوەی چینی کرێکاری کوردستان وەك هێزێك دەرکەوێت و لەئاستی خەباتی ئابوری و سیاسیشدا هاوسەنگی هێزی خۆی لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی کوردستان وتەواوی بەرەی بۆرجوازی بەهەموو باڵە جۆراوجۆرەکانیەوە نیشان بدات، پێویستە چینی کرێکار وەکو چینێکی سەربەخۆ کە بۆخۆیەتی خۆی نمایش بکات، ئەمەش لەورێگایەوە دەبێت کە یەکەم؛ هوشیاری چینایەتی و کۆمۆنیستی لەناو چینی کرێکاری کوردستاندا گەشە بکات و دەورو جێگای کرێکارانی سۆشیالیست لە خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاریدا زیاتر بەرجەستەو کاریگەر بێت. دەبێ کاریگەری فکری و سیاسی بزوتنەوە و ڕەوتە بۆرژوازیەکان لەناو چینی کرێکاردا بێکاریگەر بکرێ و بکرێتە دەرەوە. پێ بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕەی لەو مەیدانەدا ڕوودەدات، هۆشیاری چینایەتی کرێکار و درک کردنی بە بەرژەوەندی جیاوازی خۆی لەگەڵ بۆرژوازیدا قایمتر و ڕوون و شەفاتر دەبێ. واتە دووەم ؛ زەمانەتی جیابوونەوەی ڕیزی سایسی کرێکار لە بۆرژوازی مسۆگەرتر دەبێت. هەروەها سێهەم، کرێکار بەپێی پێگەی ئابوریەکەی خاوەنی جۆرێك لە ئیمکاناتی رێکخراوبوونە. لە خراپترین هەلومەرجیشدا جۆرێك خۆڕێکخستن هەیە لەناو کرێکاراندا. بەڵام دەبێ ئەم خۆڕێکخستنە گەشەی پێبدرێ و هەوڵ بدرێ کە بەهێزو فراوان بکرێت. بەبڕاوی من بە دەستبەربوونی ئەم سێ فاکتەرە دەتوانرێ چینی کرێکار لەڕووی ئابوری و سیاسەوە پێگەی شایستەی خۆی پەیدا بکات. بەڵام ئەوە ئەرکی ڕابەرانی سۆشیالیستی چینی کرێکار و هەڵسوڕوانی کرێکاری و کۆمۆنیستیە کە دەست بەرن بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکە. هوشیارکردنەوە و دابینکردنی ڕیزی سیاسی سەربەخۆی چینایەتی و رێکخستنی سیاسی و جەماوەری چینی کرێکار بەندە بە پێگەو هەوڵ و تێکۆشانی ڕابەرانی عەمەلی و سۆشیالیستی کرێکاریەوە. بەبڕاوی من جێگاو نەخشی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و رێکخراوە سیاسیە کرێکاریەکان وپێگەو دامەزراوە خەباتکارە کرێکاری و سۆشیالیست و شۆڕشگێرەکان لەم ڕووە پڕبایەخ و گرنگە.

About hkkk

Check Also

وەڵانانی ئەم دەسەڵاتە پێشمەرجی کۆتاییهێنانە بە ستەمکێشی ژنان و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی! …

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانەوە … ٨ ی مارس …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *